خەڵکینە بارزانی بێ موچەی کردوون
Wednesday, 17/09/2014, 12:00
حەییە عەلا سەڵات.. خەڵکینە بارزانی بێ موچەی کردوون
بڵاوکردنەوەی نەفامی و جەهل لە شوێنی ڕۆشنفکریی و تێگەشتندا سیاسەتی ئەوەڵ و ئەخیری حیزبە سیاسیەکانی کورد بووە بە درێژایی بوونیان لەسەر گۆڕەپانی تەراتێن و ڕاوڕاوێن لەگەڵ خەڵکی داماوی کوردا، هەر ڕۆژەو بیانویەك و هەر ڕۆژەو بەڵایەکیان بۆ دروست دەکەن، هۆکەشی هێندی ئەگەڕێتەوە بۆ ناپاکی سەران و بە نو سیاسەتوانانی کورد، هێندەش ئەگەڕیتەوە بۆ نا هۆشیاریی میللەت و قبوڵکردنی هەموو بەزم و باوەکانی یەکێتی و پارتی لە سەرەتای دروستبوونیانەوە تا دۆخی نەخوازراوی حازری.
وەسفی پەندێکی کوردی زۆر گونجاوە بۆ ئەم رەفتارانەی ئەو دوو حیزبە شکستخواردووە لەگەڵ خەڵکی مەدەنیدا جێبەجێی دەکەن، کە دەڵێت (ئەوەی تۆش دەخۆم، ئەوەی خۆشم بۆ خۆم) جا ئەوان نەك نایانەوێتە تەنیا بازرگانی بەسەر بەنزینەوە بکەن، نەك نایانەوێت مافی ڕەوای کارمەندان نەدەن، تا ئەوپەڕی پلە ڕەزیلیی دەنوێنن بۆ دەرەوەی خۆیان (وەك ئەوەی لەسەر زگی میللەت نەبووبنە فەرمانڕەوا) تا ئەوپەڕی سنووریش درێخی ناکەن بۆ تەخشان و پەخشانکردنی پارەی خەڵک بۆ کاسەلێسەکانیان و بە ڕادەیەك بڕی ٩ ملیۆن دینار موچەی مانگانەی بن دیوارێك بێت، خەڵکی ڕەنجدەریش نەك دینارێك داهاتی لە حوکمەتەوە نەبێت بەڵکو پارەی کرێی خانووی نەبێت بیدات.
بە کورتی حەز دەکەم ئەو راستییە ڕوون بکەمەوە کە لای زۆرمان ونە یان خۆمانی لێ گێژ دەکەین، ئەویش ئەوەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بارزانی نەوتی کوردستان بە هێڵی بۆری دەگەیەنێتە بەندەری جیهان و ئەوەی تا ئێستا باسکراوە (١٥) کەشتینەوت بەریی لێبار کراوە کە کۆی داهاتەکەی دەگاتە ٥ر١ملیار دۆلار، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو پارەیەش بە ڕۆژی ڕووناک دیارنامێنێت و لەسەر مێزی بازرگانەکانی سیاسەت دابەش دەکرێت، لەو لاشەوە داوا لە حوکمەتی تایەفەگەریی مالیکی و عەبادی دەکەن کە بەشە بودجەی کوردستان بنێرن تا موچەی فەرمانبەرانی کوردستانی لێ بدەن، ئاوها ئەو بێ مۆڕاڵانە بازرگانی بەسەر پارووی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، کەچی کەسیش نقەی لێوە نایەت، ئەڵێی میللەتێکی مردوومان هەیە، یان هێندە نا هوشیاریین ئەم راستییە ئاشکرایە نازانین.
ئەم باسە یادی ئەو وتەیەی پۆڵ بلیمەرم دەخاتەوە کە لە یاداشتەکانیدا نووسیویەتی کاتێك لە دوای پرۆسەی ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا هەردوو سەرۆکی یەکێتی و پارتی جەلال و مەسعود چوون بۆ لای بریمەر لە بەغدا، پۆڵ بریمەر ترسی ئەوەی لێ نیشتبوو باشە ئەگەر ئێستا داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەن چییان وەڵام بداتەوە؟.. بەڵام زۆری پێنەچوو وتوێژی نێوانیان دەەستی پێکرد، داوای ئەوەیان لێکرد هیچ پارەیەك لە کوردستاندا نیەو داوای یارمەتی لە ئەمریکا دەکەن، لەم کاتەدا پۆڵ بریمەریش شادمان بوو کە هەر ئەم داوایەیان هەبوو، بۆیە هەر زوو بە کۆپتەر ٥ ملیار دۆلاری بۆ ناردن.
کەواتە با ئەو ڕاستیە بزانین کە ئەمانە نەك شایستەی پێشڕەوایەتی خەڵک نین، بەڵکو دزو تاوانبارو مافیای نێو دەوڵەتیین پێویستە تۆڵەیان لێبکرێتەوەو دادگایی بکرێن، پێویستە خەڵک چی تر هەڵنەخەڵەتێت بە ناوی (بارودۆخی حەساس)ەوەو بێدەنگ نەبن، بەڵکو لێیان قبوڵ نەکەن و هەموو لایەك بزانن ئەمانە ئێکسپایەر بوون و گەر بێدەنگیی زیاتر بنوێنرێت ئەوا لێمان دەبنە دیکتاتۆرێکی وەك بینۆشێ و چاوچیسکۆ، ماوەی ٢٤ ساڵی ئەزموونی ڕەش و تاڵی فەرمانڕەوایی قەرەقۆشی ئەمانە لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایەو ئیتر ئەی خەڵکی هەژارو بێبەشی کوردستان چاوەڕوانی چ دادپەروەرییەك دەکەن؟ پەرلەمان و دەستەی نەزاهەو هەڵبژاردن و تاد .. هەمووی ناوی کارتۆنین و لەسەر زەمینی واقیع بوونیان نییە، تەنیا کورستان بە حەزی بارزانی و هێرۆ بەڕێوە دەڕوات، وەك ئەوەی میللەتێکی زیندوو لەسەر ئەو پارچە زەویە بوونیان نەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست