کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆمۆنیستەكان ڕاستیەكان دەڵێن, دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە یەك بنەماڵەن لەوەڵام بە نوسینێكی سەباح علی قارەمان

Tuesday, 20/09/2011, 12:00


 لایەنگران وسەرانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی لەكوردستاندا بەتایبەت بزوتنەوەی گۆران لەسەرەتای پەیدابونیانەوە لە 2009 وە بەهەر شێوازێك بێت هەردەم لەهەوڵی ئەوەدا بوونە كە نارەزایەتی و توڕەیی و بێزاری رادەبەدری خەڵكی شۆرشگێری كوردستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی میلیشیایی وگەندەڵی یەكێتی و پارتی دا بۆ مەرام و نیازە سیاسیەكانی خۆیان بەكار بێنن و وەكو كارتێكی سیاسی بەئامانجی فشارهێنان بۆ سەر دەسەڵات بەدەستەوە بیگرن ,بارۆمەتری پشیتگیری و پشتكردنی ئەمانە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵكی كوردستان هەمیشە لە هەڵبەزودابەزدایە ,هەندێك سات كە بەرژەوەندی سیاسیان وادەخوازێ كە هەڵوێستی توند وتۆكمە دەربرن ,هەرقل ئاسا, بەگژ دەسەڵاتدا دەچنەوە ,هەندێ جاری دیكەش كە بەرژوەندیان وادەخوازێ دیبلۆماسی بەخەرج بدەن ,دەبنەوە بە براخاسەكەی جاران وهات وچۆو دانیشتنە سێ وچوار و پێنج قۆڵیەكان و چای خواردنەوەو پێكەنین وێنەگرتنی بەركامیرای تەلەفزیۆنەكان لەگەڵ دەسەڵاتدا دەستپێدەكاتەوە و دەڵێ ی نەبایان دیوەو نەباران و مێش میوانیان نی یە ,ئەمانە چونكە لەبنەرەتەوە سەر بەهەمان رەوت وبزوتنەوە كۆنەپەرست و بۆرجوازی یە كوردیەن كەئێستا بەزەبری چەك وداگیركردنی پارووی دەمی خەڵكەوە ,حوكمرانی دەكەن ,وە ئەمانە چونكە پێشووتر شەریكە بەشبوون لە تاڵانی و بەهەدەردانی سەروەت وسامانی ئەم مەملەكەتە لەگەلأ یەكێتی وپارتی ,بۆیە هەرگیز دەست بۆكارێك نابەن كە مەترسی كۆتایهێنان بەدەسەڵاتەكەی یەكێتی و پارتی لێبكەوێتەوە و ئاكامەكانی بەقازانجی خەڵكی شۆرشگێری كوردستان بشكێتەوە,لای هەموو خەڵكی كوردستان ئاشكرایە كەزۆربەی بەرپرس وسەرۆكەكانی ئێستای ئۆپۆزیسۆن پێشووتر پاریزگارو جێگری سكرتێرو وەزیرو بەرێوبەری ئاسایش و پلە بەرزی ناو هپَزی پیشمەرگەو..خاوەنی چەندین پلەی جۆراوجۆری حكومی وحزبی بوون لەدەسەڵاتدا ومێژوویەكی دیاریان هەیە لەسەركوت وئازاردانی خەڵكی ئازادیخواز لەكوردستاندا ,هەربۆیە بەبروای من ئەم راستیانە كافیە بۆ ئەوەی لەوهەقیقەتە دڵنیابین كە ئێمەی كۆمۆنیستەكان هەمیشە دووپاتی دەكەینەوەو دەڵێین ,دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن لەكوردستاندا سەر بەیەك بنەماڵەو یەك خانەوادەن ,ئەمانە لەوانەیە هەندێجار رەنگەكانیان جیاوازبێت ,هەندێجار بەشێوە لەیەكتر نەچن ,بەڵام لە ناوەرۆكدا یەك ماهیەت وخەسڵتی دژە ئازادی ودژە دادپەروەریان هەیە ,ئۆپۆزسیۆنبوون ,ئەمانە داناماڵێ لەو ماهیەت وناوەرۆكە دژە ئینسانی یە ,ئۆپۆزسیۆنچێتی ئەمانە بۆ كورسی زیاتر و وەزارەتی زیاتر وپلەوپایەی بەرزتر وسەرمایەو قازانج و قۆرخكاری زیاتری بازارو تەماحی دەسەڵاتە ئابوریەكانە ,لەچوارچێوەی ئەم سیاسەتی تێكەڵكردنەی لە نێوان خواستە رەواكانی خەڵكی كوردستان ومەرامە سیاسیەكانی ئۆپۆزسیۆن ,سەباح علی قارەمان بابەتێكی لەژیرناوی (بۆچی كۆمەنیستەكان لەم كاتەدا سكاڵایان لەسەر نەوشیروان مستەفا وهاورێیەكانی تۆماركردوە ؟) لە ماڵپەری كوردستان پۆست دا لەبەرواری 17.09.2011 دا بڵاوكردۆتەوە و بەرۆشنی نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر بڵاوبونەوەی هەواڵی تۆماركردنی سكڵایەك دەربریوە كە لەلایەن حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان پَیشكەشكراوە لەبەرامبەر سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 2000كە تومەتی كوشتنی پێنج ئەندامی ئەو حزبەیان (ئەوسا لەحزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق بوون) لە شاری سلێمانیدا لەسەرە ,هاوكات حزبی كۆمونیستی كرێكاری هۆكاری تۆماركردنی ئەم سكاڵایەی لەم كاتەدا بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە كە هەردوو بەرەی دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن لەم قۆناغەی ئێستادا زۆر باس لە زەرورەتی سەروەری یاساو سەربەخۆی دادگاكان دەكەن ,سەباح علی قارەمان بەهەمان سیاسەتی نادروستی ئۆپۆزسیۆنەوە, دەیەوێ كەیسی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی 17 ی شوباتی ئەمسال تێكەڵ بە ئەجنداو سیاسەتە كۆنەپەرستانەكەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی بكات وهەوڵبدات لەم رێگایەوە هەقیقەت پەردەپۆش بكات وبەهەرجۆرێك بێت بیشێوێنێ و لەنێو بابەتەكەیدا بەمجۆرە باس لەو سكاڵایە دەكات{ تەوقیتێكی سكاڵا تۆماركردنەكەیی كۆمونیستەكان,بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە یەكێتی وپارتی نایانەوێت تاوانبارانی 17 شوبات دەستگیربكرێت, بۆئەوەش ئەو كارە دەكەن ولەرێگای حزبی كۆمونیست سكاڵا لەسەر نەوشیروان مستەفا وهاورێیەكانی تۆماردەكەن ولەهەمان كاتیشدا بۆئەوەی گومان لەلای خەڵك دروست نەبێت كەبەفیتی دەسەڵات ئەمەیان كردووە ,هاتوون سكاڵایان لەسەر چەند بەرپرسی یەكێتیش تۆماركردوە} لەراستیدا بەچاو خشانێكی سادە بەكەیسى تاوانەكانی یەكێتی و پارتی دژ بە موخالیفنی سیاسیان و هاتوهاوارەكانی سەرانی ئۆپۆزسیۆن سەبارە(بە سەروەری یاساو سەربەخۆی دادگاكان) بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم هەوڵەى سەباح علی قارەمان بۆبێبەریكردنی سەركردەكانی ئەوسای یەكێتی لە 2000 دا وئێستای گۆران ,كارێكی نامەنیتیقیەو سرینەوەی ئاشكرای رووداوێكی هەقیقیە ,نەوشیروان مستەفا لەوساڵەدا جێگری یەكەمی جەلال تاڵەبانی بووەو خۆی سەرپەرشتیاری هەموو كارەكانی یەكێتی كردوە چونكە جەلال تاڵەبانی لەو كاتەدا لەدەرەوەی ووڵات بووە ,ئەمە وەك فاكتێكی مێژوویی لە ئەرشیفی یەكێتی دا هەیە ,لەهەمانكاتدا لێرەدا دەپرسین ,ئاخۆ كەیسی تاوانبارانی رووداوەكانی 17 ی شوبات چی پەیوەندبی بە ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە ؟ ئەگەر دەسەڵات نیازی راستەقینەی گرتنی تاوانبارانی 17 شوباتی هەیە ,سكاڵایەك بۆ بەری پێدەگرێت ؟ ئەمە تێكەڵوپێكەڵیەكی ئاشكرای راستیەكانە ,هەروەها دەپرسین ئەم خۆگێلكردنەتان چی لە بەرامبەر قسەكانی پێشووتان سەبارەت بەسەرۆكی هەرێم و(سنوردادان بۆ دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم) وخۆشخەیالی ئێستاتان بەدەسەڵات وسەرۆكی هەرێم چی كە گوایە بەراستی بەشوێن گرتن ودادگایكردنی تاوانبارانەوەیەو زۆر بەپەرۆشن بۆ ئەم بریارانە كە بەئاشكرا بازیداوە بەسەر هەموویاساو دەزگاكانی پۆلیس ودادگاكاندا ؟ كێ دەستی ئۆپۆزسیۆنی گرتووە كە بچێتە مەیدان و رروبەروی دەسەڵات ببێتەوەو سووربێت لەسەر گرتنی تاوانباران ؟ پاشان ئەگەر ئۆپۆزیسۆن ئەوەندە پەرۆشی عەدالەت ویاسایە بۆچی لە رووبەروبونەی سكاڵایەك ئەوەندە شپرزە دەبێت ؟ ئایا جێبەجێكردنی یاسا دەبێت بەتەوقیت ومەزاجی تومەتباران بێت ؟ خۆ بریار بوو ئەوان شەفاف بن وشەفافیەت ئامانجیان بێت ؟ خۆ دەبوایە گۆران بەر لەدەسەلات زۆر بەسادەیی ئامادەیی خۆی دەربرایە بۆ هەر لێپێچینەوەیەك نەوەكو تومەت ببەخشێتەوەو وەكو دەسەڵات قەوانە سواوەكە لەرێگەی ووتە بێژەكەیانەوە لێبداتەوەو بڵێت (دەستێكیان لەپشتە وهاندراون) . هەر لەدرێژەی بابەتەكەدا سەباح قارەمان نوسیوەتی و دەڵێ { ئەم گەمەو یارییە دۆراوەی دەسەڵات كە لەرێگای داردەستەكەیانەوە ئەنجامی دەدات ,بۆ ئەوەیە وەكو كارتیچكی فشار دەمی راگەیاندنەكانی سەر بە بزوتنەوەی گۆران دابخن و چیتر نەتوانن باسی دادگاییكردنی تاوانبارانی كەیسی 17 شوبات بكەن وئۆپۆزسیۆن ناچار بكرێت پاشەكشە لەوخاڵە بكەن وكە دادگاییكردنی تاوانبارانی دوای رووداوەكانی 17 شوباتە}پێدەچێ سەباح قارەمان لەلای وابێت خەڵكی كوردستان دوچاری نەخۆشی لەبیرچونەوە بون و ئاگایان لە سیاسەت وكردەوەكانی ئۆپۆزسیۆن وپاشەكشەكانی نەمابێت ,بەتایبەت لەدەستپێكردنی دانیشتنەكانیان لەگەل دەسەڵاتداو لەچەند مانگی رابوردوا, وازهێنانی ئاشكرا وروونی ئۆپۆزیسیۆن لە چەندین پرۆژەی جۆراروجۆرو پیشتگوێ خستنی پاكێجەكان ومەرجە پێشوەختەكان لەنمونەی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت وگرتن ودادگایكردنی تاوانبارانی 17 ی شوبات ئەمرۆ وەك رۆژی رووناك دیارە ,دەنا بۆچی ئەو هەموو دانیشتنانەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتدا بەبێ مەرج بەرێوەچوون ؟ لەلایەكی ترەوە ئۆپۆزسیۆن بەكام روەوە دەیەوێ خۆی بكات بەخاوەنی قوربانیانی 17خۆپیشاندانەكانی شوبات ,لەكاتێكدا رابوردوی ئەم ئۆپۆزسیۆنە قورسە بەچەندین كەیسی ومەلەفی سەركوت وراونانی خەڵك لەخۆپیشاندانەكان ونارەزایەتی یە جەماوەریەكان لە شارو شارۆچكەكانی كوردستاندا ؟ لە نێو بابەتەكەی سەباح قارەماندا چەندین مەسەلەی ناكۆك ودژ بەیەك هەن و هەر دێرەكان خۆیان وەڵام بە نەرێنی یەكتر دەدەنەوە ,لەلایەك دەڵێ تاوانبارنی شەری ناوخۆ دەبێ دادگایی بكرێن ولەم لاشەوە داكۆكی لە بەشێك لەسەران وسەرپەرشتیارانی شەری ناوخۆ دەكات ,هەر لەو چوارچێوەیەدا ,تومەتێكی زۆر بێبنەماو دور لەڕاستیەوەی خستۆتە پالأ حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كە گوایە بەشداری شەری ناوخۆی كردوە ,خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان لەمێژووی سیاسی ئەم كۆمەڵگایەدا ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە ئەم حزبە چەند بەشەهامەت وجورئەتەوە رووبەروی سیاسەتی جەنگ وماڵوێرانكاری ئەحزابی قەومی وئیسلامی بوەتەوە ,هەمیشە لەخەباتدا بووە بۆ بەرگرتن لێیان .هەروەكو پێشووتر ئاماژەمان پێكرد حزبی كۆمونیستی كرێكاری كوردستان ئەم سكاڵایەی بۆیە پیَِشكەش كردوە چونكە هەردوولایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەم دۆخەی ئێستادا باس لە زەرورەتی سەروەری یاسا وسەربەخۆی دادگاكان دەكەن و وەكو فەزلێك دەیفرۆشنەوە بەخەڵكی كوردستان ,ئەگەر ئەمانە سادیقانە خۆیان بەخاوەنی ئەم پەیامە دەزانن وبەراستی دەیانەوێ دەست بۆئەم كارەبەرن ,ئەوە با بچن لێكۆڵینەوە لەو كەیسە بكەن وئەگەر نا باشترە واز لە تومەت بەخیشنەوەو بەلارێدابردنی ڕاستیەكان بهێنن ,چونكە ئەم كردەوانە هەمیشە ئاكامەكەی مایە پووچی یە.دادگاییكردنی تاوانبارانی 17ی شوبات وسەرجەم تاوانبارانی سەركوتگەر وبكوژانی خەڵكی ئازادیخواز ,ئەركی بزوتنەوەی شۆرشگێری جەماوەری كوردستانە ,حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستانیش لەریزی پێشەوەی ئەم بزوتنەوەیەدایە.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە