کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەیاننامەى ناڕەزایەتیی دادگاكانى گەرمیان، بانێك و دوو هەوا

Sunday, 13/02/2011, 12:00


ماوەى 10 مانگە هاورێی رۆژنامەنووسمان، كاوە گەرمیانى، سكاڵایەكى یاسایی تۆماركردووە، بەو هۆیەى لەلایەن گۆڤارێكەوە تەشهیری پێكراوەو نووسراوى شارەوانى كەلارى لە دژ تەزویر كراوە، كەچى تائێستا تۆمەتبارەكە دواى چەندین جار ئاگادار كردنەوە نەهاتۆتە بەردەم دادگا.
ئەم رووداوە سادەیە، پەلكێشمان دەكات بۆ كۆمەڵێك پرسیار لەبارەى سەروەریی یاساو تواناو قودرەتى دادگا و دەسەڵاتى دادوەریی ئێمە بەتایبەت لە دەڤەرى گەرمیان بۆ چەسپاندنى عەدالەت و بەدیهێنانى یاسا. لەكاتێكدا لەسەر سكاڵاى بەرپرسێك لە خانەقی، سەرنووسەرى گۆڤارێك لە سلێمانى بە كون فەیەكونێك دەستگیر دەكرێت، كەچى 10 مانگە ئەو سكاڵایەى رۆژنامەنووسى سەربەخۆ- كاوە گەرمیانی، هەر لێشی ناپرسرێتەوە.
ئێمە دەمانەوێت لەم رووداوەوە، چەنجە بخەینە سەر ئەو رەوشەى كە دەسەڵاتى دادوەری لە ناوچەكەماندا هەیەتى، ئاگادارین و بیستومانەو بەدواداچوونمان بۆ كردووە، كە لەناو دادگاكانى گەرمیان دا مافی مرۆڤ چەند زەلیل و پێشێلكراوە. چەند شەرمە كە دادوەر "هەندێك دادوەر" وەكو ئاغا خۆی بنوێنێت و هاوڵاتیش وەكو كۆیلە، ئەوەتا هاوڵاتى لە ترسی تووڕەیی دادوەر، خۆی پیس دەكات! چەند ناعەدالەتییە، رۆژنامەنووسێك بەهۆی سكاڵاى بەرپرسانەوە زوو بە زوو دەستگیر دەكرێت، بەڵام كەس ئاوڕ لە هاوارى رۆژنامەنووسێكى سەربەخۆ و بێپشت و پەنا ناداتەوە.
لەم ماوەیەى دوایی دا، ژمارەیەكى بەرچاو فەرمانگەى دادوەریی لە سنوورەكەدا كرانەوە، ئەمە ئومێدێكى بەئێمە بەخشیی كە دەسەڵاتى دادوەریی بەهۆی بەرفراوانبوونى بازنەى دەسەڵاتیەوە، بتوانێت بە كارى خۆی هەڵسێت و عەدالەت دابین و بەدیی بێنێت، كەچى سەرمان لەوە سوڕماوە ئەم دەسەڵاتە گەورەیە، نەتوانێت تۆمەتبارێك دەستگیر بكات، ئیتر چاوەڕێی چ هەنگاوێگی لێبكرێت بە ئاراستەى چەسپاندنى یاسا؟!
ئێمە وەكو ئەم ژمارە رۆژنامەنووسە، داواكارین لە دەسەڵاتى دادوەریی كوردستان، بە دواداچوون بۆ ئەم پرسە بكات و چیی دی بێ موبالاتانە لێی نەڕوانێت، هاوكاتیش لەو كێشەو پێشێلكارییانە بكۆڵێتەوە كە لە دادگاكانى گەرمیاندا روویانداوەو لە ماوەى رابردوودا لەرێگەى رۆژنامەو كەناڵەكانى راگەیاندنەوە وروژێنراون.

بە ئیمزاى: جەزا محەمەد، بێستون ژاڵەیى، ئارام ئیكرام، دڵشاد ئەنوەر، محەمەد حسێن، فەریق حەمە ساڵەح، پەیمان ئەمین، ئازاد عوسمان، محەمەد عەلی وەلی، ئاوارە جاف، گەرمیان حەمەى پوور، دلێر عەبدولرەحمان، كەمال محەمەد، شیرین ئەمین، شوان جەلال، بیلال سەعید، شێركۆ ئەحمەد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە