کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كار وا بڕوات یەكێتى لە سنوورى سلێمانى شاربەدەر دەكرێت

Sunday, 21/02/2010, 12:00



ئەگەر خوێنەرى بەڕێز هاوڕا بێت لە گەڵ ئەم بۆچوونەدا یان نا من بۆ خۆم وا دەبینم لە هیچ وڵاتێك گەشەكردن ممكن نییە ئەگەر وڵات ئارامى وسەقامگیرى و یەكتر قەبوڵكردنى تێدا نەبێت، هەر كەس و حزبێكیش ئەمڕۆ لە دەسەڵاتە ئەگەر سبەی لە دەسەڵات نەما پێویستە ڕێزى لێ بگیرێت و وەك و هەر هاوڵاتییەكى دیكە ژیانى دابین بكرێت و كەرامەتى پارێزراو بێت، ئەو كەسانەش كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ماندووبونیان بۆ ئەم ملەتە بینیوە پێویست دەكات لە هەر جێگایەكدا بن ژیان و كەرامەتیان پارێزارو بێت، هەر كەسێك ئەمڕۆ تەماشاى ڕاى گشتى لە ناوچەكانى یەكێتى بكات بە ئاسانى دەبینێت زۆرێنە لە گەڵ ئۆپۆزسیۆنە بە تایبەت لیستى گۆڕان، تەنانەت هێزە چەكدارەكانیش زۆربەیان لە گەڵ گۆڕانن، حەقیقەتێك هەیە كە دەبێت یەكێتى بیزانێت، كە ئەگەر ئەو چەكدارو ملیشیاتى هەیە وا ئەزانێت دەتوانێت بەر لە ڕاى خەڵكى بگرێت ئەوە بەهەڵەدا چووە، ئەو حزبە تۆپ و تەیارەى نییە، ئەوەى هەبێ و نەبێ كلاشنیكۆف و ئاربیجییە كە لە هەموو ماڵێكى كوردستاندا ئەو جۆرە چەكە هەیە، ئەگەر مەسەلەكە پەنا بردن بێت بۆ چەك ئەوە یەكێتى پێش هەموو كەسێكى تر زەرەمەند دەبێت، هەرچەندە ئێمە دووپاتى دەكەینەوە خوێنى هەر تاكێكى كورد بە جیاوازى بیروڕاوە لە هەموو شتێكى دیكە لامان گرنگترە، ئەگەر سیاسەتێك لەم وڵاتەدا بكرێت دەبێت بۆ خۆشگوزەرانى و سەربەرزى و ئازادى تاكى كورد بكرێت نەك بۆ كوشتنى و ڕسواكردنى. بۆیە هیوادارین لە یەكێتى و پارتى واز لە زمانى بەكارهێنانى هێز بێنن، ئەوەى ئەمڕۆ ڕوو دەدات دەئەنجامى هەڵەى خۆیانە كە هەردەم زۆرینە دەكەنە قوربانى كەمینەو نازانن بە سیاسەتى خۆیاندا بچنەوە، لە سەرەتاى ڕاپەرینەوە سەرچۆپى كەوتە دەست تاڵەبانى و برادەرەكانى ئەوانیش بەرەو زبڵخانەیان ڕاكێشا، چەند نمونەیەك لەو بێ سەروبەرییەى ئەو دوو حزبە دەخەینە ڕوو هەرچەندە كاتیان بەدەستەوە نەماوە بە تایبەت یەكێتى، با بزانن بۆ خەڵك قەبوڵیان ناكات:
ــ گوێ لە زۆرینەى خەڵك ناگرن، بەڵام بۆ كەمینەیەكى دیارى دوو گوێچكەیان دەبێتە دە؟
ـ پلانیان نییە بۆ كارەكانیان، تەنانەت پاش كابینەكەى د. بەرهەم بەرێوەبەرى فەرمانگە هەیە لە یەك مانگدا كورى و ژنى و برای دامەزراندووە. كە ئەمە لە دەوڵەتە پێشكەوتوەكاندا دەچێتە چوارچێوەى ئیستغلالى نفوزەوە كە سزاى لەسەرە.
ـ هێزە چەكدارەكانیان لە جاشایەتى جاران دەچێت، هەر بەرپرسێكى سەربازى باوكى و براى و ئامۆزاى و...... هەمووى وەك و موچەخۆر لە دەورى خۆى خر كردووە.
ـ بڕیار دەردەكەن كەس جێبەجێى ناكات، بۆ نموونە لەو ماوەیەدا بڕیار دەرچو بۆ بەكارنەهێنانى سەیارەى دەوڵەت پاش دەوام، كەچى هەر بەپرسێك وەرەقەیەكى بۆ خۆى كردووەو جرت و فرتێتى بە سەیارەى دەوڵەت.
ـ بیرى عەدالەتى كۆمەڵایەتى بە تەواوى بوونى بۆ نییە لاى دەسەڵاتى كوردى، ئەندام پەڕلەمانێك هەشت ملیۆن دینار وەردەگرێت كە ئەوەندەو نیوێكى موچەى سەرۆكى چینە كەچى پێرەژنێك دواى هەزار هاوردەو بردە مانگى سى هەزار دینارى پێ دەدەن، دادوەرێك موچەكەى پێنج ملیۆن دینارە مانگانە ، یاریدەدەرە دادوەرییەكەى چوار سەد هەزار دینار مانگانە .
ـ لەكاتێكدا داهاتى سەرەكى ئەم وڵاتە پارەى نەوتەو كەس پشتى پێوە نەئێشاوە هەیە تەراتێن بەسەر ئەو داهاتەوە دەكات، كرێكارى واش هەیە دە ڕۆژ نەخۆش بێت منداڵەكانى لەبرسا دەمرن.
لە كۆتاییشدا داوا لە ئۆپۆزسیۆن و جەماوەرى ناڕازى دەكەم بە هەڵە وەڵامى هەڵەى دەسەڵات نەدەنەوە كێ دەیەوێت گرەوەكە بباتەوە كارى چاك بكات، بەرەكەى دەدورێتەوە، ئەو سیاسەتەى دەسەڵات چەند ساڵە گرتوویەتییە بەر و كارى بۆ كردووە كە بێ گومان تەنها بۆ مانەوەى خۆیان بووە ئەوەتا فەشەلى هێنا، دەبێت ئۆپۆزسیۆن ئەو بەرنامەیە پەیڕەو بكات كە لەقازامجى گەلە، هەر ئەوەش گرەو دەباتەوە.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە