کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ رای گشتی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه

Tuesday, 09/08/2011, 12:00


بۆ رای گشتی كوردستان
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌:
(د.په‌ریهان قوبلای، د.جه‌عفه‌ر عه‌لی، د.زانا ره‌ئوف و د.شاهۆ سه‌عید)

بابه‌ت: ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌مان له‌ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مانی كوردستان

بۆ رای گشتی كوردستانی راده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌مڕۆ 9/8/2011 ئێمه وه‌ك چوار ئه‌ندام په‌رله‌مان -له‌ فراكسیۆنی گۆڕان- ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆمان له‌ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مانی كوردستان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرد‌. ئه‌ڵبه‌ت پابه‌ندبوونێكی ئه‌خلاقی ده‌مانبه‌ستێته‌وه‌ به‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ 25/7/2009دا متمانه‌یان به‌ لیسته‌كه‌مان "لیستی گۆڕان" به‌خشی، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌ر شانمانه‌ هۆكارو شێوازی ئیستقاله‌مان له‌ په‌رله‌مان به‌م چوار خاڵه‌ روونبكه‌ینه‌وه‌:
1. ئیستقاله‌مان له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵوێستێكی ناڕه‌زاییه ده‌رهه‌ق به‌و سیستمه‌ حزبییه‌ شمولیه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ سایه‌یدا په‌رله‌مان و حكومه‌ت بوونه‌ته‌ پاشكۆی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدارو هه‌موو رۆڵێكی ته‌شریعی و ره‌قابی راسته‌قینه‌ له‌ په‌رله‌مان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ له‌ یه‌كه‌مین رۆژی سوێندخواردنمانه‌وه هه‌ستمان به‌م دۆخه‌ سه‌پێنراوه‌ی سه‌ر په‌رله‌مان كردووه‌، به‌رده‌وام له‌ڕێی وتووێژو گوشاری په‌رله‌مانییه‌وه‌ هه‌وڵمان داوه‌ ئه‌و رۆڵه‌ زه‌وتكراوه‌ی په‌رله‌مان بگێڕینه‌وه‌، كه‌چی گوشار له‌ دوای گوشار‌ گه‌مارۆی ده‌سه‌ڵات و نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵات بۆ ‌سه‌ر ئۆپۆزیسیۆن توندتر بووه‌، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك مافی قسه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی قسه‌كانمان سانسۆركراوه‌، كارنامه‌ی كۆبونه‌وه‌كان به‌پێی ئه‌جێندای ده‌سه‌ڵات و به‌ئاقاری له‌قاڵبدانی چالاكیه‌كانمان داڕێژراوه‌. واته‌ نه‌ك ته‌نها مافی ته‌شریع و ره‌قابه‌ی سه‌ر حكومه‌ت به‌حوكمی دیكتاتۆریه‌تی زۆرینه‌ پاوانكراوه‌، به‌ڵكو مافی تۆماركردنی هه‌ڵوێست و لێدوان و نوێنه‌رایه‌تیكردنی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكیش له‌ناو په‌رله‌ماندا، ‌گه‌ر به‌دڵێ ده‌سه‌ڵاتداران نه‌بووبێت، سانسۆركراوه‌.
2. له‌ رووداوه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه‌، كه‌ ناڕه‌زایی خه‌ڵك له‌ شه‌قامدا ته‌قییه‌وه‌و تارمایی خۆپیشاندان هه‌موو كوردستانی ته‌نییه‌وه‌، تا نۆزده‌ی نیسان كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌زه‌بری هێز ئیرهابی خه‌ڵكی كوردستانیان كردو خۆپیشانده‌رانیان سه‌ركوتكرد.. بڕگه‌یه‌كی مێژوویی راچڵه‌كێنه‌رو جومگه‌یه‌كی پڕمانا بوو بۆ ئێمه‌، له‌و رۆژه‌دا ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ هاته‌دی كه‌ ڕێگرتن له‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی ناڕه‌زایی خه‌ڵك له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌بێته‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایی له‌ شوێنی تردا‌، بۆیه‌ ئێمه‌ كاتێ به‌شداریی خۆپیشاندانه‌كانمان كرد هه‌مان په‌یاممان دووپاتكردووه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رایه‌تیكردنی ناڕه‌زایی خه‌ڵك له‌ده‌ست بدا ئه‌وه‌ شه‌قام ده‌بێته‌ په‌رله‌مانی راسته‌قینه‌ی گه‌ل". به‌ئێستاشه‌وه‌ كه‌ شه‌قامی سه‌ركوتكراوی كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بێده‌نگكراوه‌، ئێمه‌ هه‌مان بڕوامان هه‌یه‌ كه‌ گه‌مارۆدان و ڕێگرتن له‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی ناڕه‌زایی خه‌ڵك له‌ناو په‌رله‌مان و له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیدا پاشهاتی مه‌ترسیدارتری لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌جۆرێك ناڕه‌زایی خه‌ڵك به‌ شێوازی چاوه‌ڕوان نه‌كراو له‌ شوێنی تره‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا.
3. پاش زنجیره‌ تاوانی كوشتنی هاوڵاتیان و سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران له‌ حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ تا نۆزده‌ی نیسان، كه‌ دۆكیۆمێنت و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن ده‌زگا ئه‌منییه‌ حزبی و حكومیه‌كانی هه‌رێم تێوه‌گلاون له‌و كوشتارو داپڵۆسینه‌دا، په‌رله‌مانی كوردستان نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و به‌رپرسانی حكومه‌ت بكاو متمانه‌یان لێوه‌رگرێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ دیمه‌نێكدا، كه‌ هه‌ستمان به‌ ئیهانه‌یه‌كی گه‌وره‌ كرد بۆ سه‌ر گیان و خوێن و كه‌رامه‌تی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مان به‌‌چه‌پڵه‌ڕێزان متمانه‌ی به‌خشییه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌ ئه‌منییه‌كان... ئێمه‌ ئه‌وكات ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌مان لا دروستبوو كه‌ په‌رله‌مانی كوردستانیش تێوه‌گلاوه‌ له‌ ئیهانه‌كردنی كه‌رامه‌تی هاوڵاتیان و به‌سووك ته‌ماشاكردنی گیانیان.. بۆیه‌ هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا دووجار بڕیارماندا ئیستقاله له‌ په‌رله‌مان بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ردوو جاره‌كه‌ له‌سه‌ر داوای به‌ڕێز سه‌رپه‌رشتیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاره‌كه‌مان راگرت، دواتریش ده‌رفه‌تێكمان دایه‌ وتووێژی پێنج قۆڵی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات كه‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی بكوژانی 17ی شوبات بوو‌، به‌ڵام نایشارینه‌وه‌ كه‌ ئاسۆی هیچ ده‌ره‌‌نجامێكی باشمان بۆ ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ به‌دی نه‌كرد، بۆیه‌ بڕیارماندا سێیه‌م هه‌ڵوێستمان كۆتا هه‌ڵوێستمان بێت به‌ ئیستقاله‌ له‌ په‌رله‌مان.
4. ئێمه‌ به‌م هه‌ڵوێسته‌ ده‌نگده‌رانی لیستی گۆڕان و هاوڵاتیانی كوردستان به‌گشتی دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ سه‌ر هه‌مان ڕێبازی گۆڕانخوازی، ئێستاش كه‌ ده‌ست له‌ كارده‌كێشینه‌وه‌ پابه‌ند ده‌بین به‌ هه‌مان به‌رنامه‌ی سیاسی لیستی گۆڕانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌و بڕگه‌یه‌دا كه‌ رازی نابین وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان خانه‌نشین بكرێین و به‌ موچه‌ی مانگانه‌ی شه‌ش ملیۆن دیناره‌وه‌ ببینه‌ په‌رله‌مانتاری خانه‌نشینكراو، ئێمه‌ له‌ ته‌مه‌نێكداین ده‌مانه‌وێ خزمه‌تی زیاتر له‌و وه‌زیفه‌یه‌دا بكه‌ین كه‌ پێش ئه‌ندامێتیمان له‌ په‌رله‌مان هه‌مانبووه‌ (هه‌روه‌ك چۆن له‌ نامه‌ی ئیستقاله‌كردنمان كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان كردووه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێست‌ كردووه‌ كه‌ نامانه‌وێت وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان خانه‌نشین بكرێین). له‌ په‌یوه‌ندیشماندا به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران گوزارشت له‌ داواكانی خه‌ڵك و ئه‌و ئامانجه‌ بكا كه‌ له‌پێناویدا دامه‌زراوه‌ ئێمه‌ به‌شانازییه‌وه‌ به‌شێكین له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌‌.
له‌ كۆتاییدا ئومێدی پاپه‌ندبوون به‌ به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م هاوكارانمان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌گشتی ده‌خوازین.

د.په‌ریهان قوبلای
د.جه‌عفه‌ر عه‌لی
د.زانا ره‌ئوف
د.شاهۆ سه‌عید
9/8/2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە