سەراى ئازادیى هى كەس نەبوو، بەڵام هى هەموو كەسێكیش بوو
Tuesday, 20/11/2012, 12:00
كاروان ئیبراهیم
وەڵامێكى زور كورت بۆ چاوپێكەوتنەكەى (مستەفاى حەسەنە گەورە) ئەندامى دەستەى نووسەرانى كوردستانپۆست .
شەوى یەك شەممە ڕێكەوتى (11/11/2012) كەناڵى ئاسمانى (ئێن ئاڕتى) لەبەرنامەى (بەڕاشكاوى) چاوپێكەوتنێكى لەگەڵ بەڕێز (مستەفاى حەسەنە گەورە) ئەندامى دەستەى نووسەرانى سایتى كوردستانپۆست سازدابوو , دیارە لەم بەرنامەیەدا وێڕاى دەست خۆشى بۆ بەڕێزیان, باس و خواسێكى تێرو تەسەل سەبارەت بە سایتەكەو تێڕوانینى هەردوو دەسەڵاتى سیاسى و هەندێك پرسى دیكە هاتە ئارا , ئەمە لە كاتێكدا (مستەفاى حەسەنە گەورە) بەقەد ناونیشانى بەرنامەكە بەڕاشكاوانە وەڵامى پرسیارەكانى دایەوە , كە ئەمە بۆ خۆى جێگەى ئومێدە بۆ فەزاى سیاسى و ڕۆشنبیرى , لەكاتێكدا هەوڵدانى ئەم هاوڕێیانە بۆ هاتنەوەیان بۆ كوردستان تەنانەت ئەگەر بە سەردانشبێت زۆر زۆر سنوورداركراوە !
من وەك (كاروان أبراهیم) لە زۆر شوێن وبۆنەدا أسرارم كردووە لەسەر أجابیاتى (كوردستانپۆست) كە زۆر جار بە سایتێكى بوێر و ئازاو لەخۆبووردو ناوم بردوون , پێشم وایە لەماوەى حكوومڕانى دەسەڵاتى كورد لە دواى ڕاپەڕین تەنها سەرچاوەیەكى أعلامى ڕەخنەیى بووە كە پێى ناوە بە جەرگى خۆیاو دەستى بردووە بۆ زۆر مەسائیلى حەساس و ورد , هەروەها هەردوو دەسەڵاتى سیاسى مەحكووم كردووە بە (جەلادو دیكتاتۆرو تیرۆرست ونادیموكراس ودز) كە من بۆ خۆم كارێكى لەم جۆرە بە أفتخار دەبینم ,ئەمە جگە لەوەى (10) ساڵ تێئەپەڕێت بەسەر كاركردنى تەمەنى سایتەكەتاندا ,لەكاتێكدا لە دەورانى پێشوترو ئێستەشدا دونیایەك بەرزو نزمى و تەنگ وچەڵَەمەتان بینیوە ,بەڵام باكتان لەمە نەبووە چونكە وەزیفەى ئەساسیتان ڕسواكردنى بەرپرس و بەڕێوبەرە گەندەڵ وڕۆشنبیرە دەبڵ مۆڕاڵەكان بووە , تەنانەت لە سەر مستەواى بەرزترین كۆبوونەوەى (یەكێتى وپارتى) حساب بۆ سەرچاوەى هەواڵ وبابەت وئەو زانیارییانە كراوە كە دەگات بە سایتەكەتان .چونكە لاى ئەوان بێمەڵامە نییە كە ژمارەى خوێنەرانى هەندێك بابەتتان گەشتۆتە (80 بۆ 90) هەزار خوێنەر ,بۆ نموونە نوسینەكانى شەهیدى ئازادى (سەردەشت عوسمان) نووسینى واى هەیە گەشتۆتە (150000) سەدو پەنجا هەزار خوێنەر .
كەواتا ئەمە ناسنامەیەكى ئەرێى ئەم سایتەیە ,بەڵام ئەمە بەجێى خۆى ,من لێرەدا بە گونجاوى دەزانم سەرجێكى كورتى خۆم هەم بۆ زۆربەى زۆرى خەڵكى كوردستان هەم بۆ ئەو كەسانە كە ڕەنگە یەك سەعات هاتبێتنە (سەراى ئازادى) هەم بۆ بەڕێز كاك (مستەفاى حەسەنە گەورە) بخەمەڕوو .
پێم سەیرە كاك (مستەفاى حەسەنە گەورە) لە چاوپێكەوتنەكەدا دەبێژێت كە برادەرانى مەنەسەكە نەیـــان هێشتووە وتارەكەى كوردستـــان پۆست لەو مینبــەرەوە بخوێنرێتەوە !
پرسیار / ئایا ئێوە كێتان نارد ئەو وتارە بخوێنێتەوە ؟ ئایا ئەوە كێبوو كەنەى هێشت بیخوێنێتەوە ؟ ئەگەر دەزانن كێیە تكا دەكەم ناو بهێنن ,بۆ ئەوەى لە داهاتوودا كەسگەلێك نەكەوێتە بەر ڕەخنەى بەتاڵ ,ئایا ئەو بەڕێزەى ویستى وتارى سایتەكەتان بخوێنێتەوە بۆ نەى توانى أسرار لەسەر خوێندنەوەى بكات ؟ بۆ نەى توانى بەزۆرش بێت بێتە سەر مەنەسەكە ؟ ئەمە لەكاتێكدا مایك ومەنەێ قۆرخ نەكرابوو بۆ دەستەو تاقمێكى تایبەت ... بۆ مێژوو ئەو مەنەێە مینبەرى شەقامى كوردى بوو ,پاشان ئەبوایە ئەو هاوڕێیەتان هاوشانى (كرێكارو شاعیرو نووسەرو نانەواو مامۆستاو ژن و مندڵ .... هتد) سوور بوایە لەسەر خوێندنەوەى وتارەكەتان ,لەكاتێكدا ڕۆژانە أزدحام دەبەسترا بۆ خوێندنەوەى وتار وشیعرو بابەت ,دیارە ئەو هاوڕێیەتان بەڕێبوارى هاتوە ,ئەگەر نا بۆ بە ئاسانى دەكشێتەوە ,بینیمان و بیستمان خەڵكێكى زۆر زۆر لە ئەوروپاگەڕانەوە بۆ بەشداریكردنیان لە (سەراى ئازادى ... هتد) بۆ نموونە (بەختیار على مەریوانى وریا قانع _ ئاراس فتاح) ئەوانەش كە تواناى گەڕانەوەیان نەبوو بە پەیام بەشدارییان كرد بۆ نموونە (ئاسۆ جەبار بەهجەت یەحیا دكتۆر جمال نەبەز ... هت) , ڕۆژانە گەنجێكى زۆر لە هەڵەبجەو سەیدێادق وشارباژێڕو ڕانییە و چەمچەماڵ و كۆیەو تەقتەق و تەنانەت هەولێرەوە دەهاتن بۆ وتار خوێندنەوە , پاشان مەنەێ هى هیچ گروپ وبزووتنەوەیەكى سیاسى نەبوو تا نەهێڵرێت (كوردستانپۆست) وتار بخوێنێتەوە .
بەڕێز كاك (مستەفا) ماوەى (62) ڕۆژ خوێندنەوەى وتارو بابەت و هوتاف كێشان خۆى لە خۆیدا ئەوە دەگەیەنێت كە (62) توێژى جیاواز خۆیان بە خاوەنى سەراى ئازادى دانا ,ئەوانەى بەشداربوون لە سەراى ئازادى هەر لە (شانۆكار- موزیكزان وێنەكێش- شاعیر- گۆرانیبێژ-كەناس- كرێكار- كوڕ و كچى خوێندكار- ژنان و پیاوان- منداڵان- مامۆستا - بنەماڵەى هەندێك لە شاعیرەكان بۆ نموونە (بنەماڵەى قانع-بنەماڵەى موفتى پێنجوێنى) كەسایەتى _ بێ نان و برسى) ئەمانە دەلیلن بەوەى هیچ كەسێ ڕێگرى لێنەكراوە ,حورمەتى لەڕادەبەدەرم هەیە بۆ سایتەكەتان مەگەر ئەوانەى ویستبێتیان بە شان وباڵى (یەكێتى و پارتى) یدا هەڵبدەن . بۆ مێژوو ئەوە دەڵێم كە شانازییە بۆ خۆم وهاوڕێكانم كە نەمانهێشتووە هەندێك كەس بێن وەك بوقى دەسەڵات سەراى ئازادى بشێوێنن , شانازییە پێش چوونى هەركەسێك بۆ سەر مەنەێ وتارو بابەتەكان سەیر كراوە بۆ ئەوە نەك ڕستەیەكى زبر یاخود كفرێك (كفر بە مەعنا دینییەكەى) بڵێت و ببێتە هۆى تێكچوونى شیرازە , ئەگەرچى بەداخەوە ئەوەندەى ئاگاداربم دوو حاڵەتى وا تێپەڕى.
لە كۆتایدا ئەوەندە ئەڵێم كە (سەراى ئازادى) چالاكى هەمیشەیى بە خۆوە بینى ,هەتا دەهات جەخت لەسەر داواكارییەكان زیاتر دەبوو ,تا ڕادەیەكى باشیش سروشت و چۆنێتى ناڕازیبوونەكانیش شێوەى مەدەنى خۆى وەردەگرت ,ئەوەى جێگەى مشت ومڕى هەموو كەس بوو ئەوە بوو كە (شەقام قسەى خۆى هەبوو) بۆ مێژووش هەرسێ حزبى ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵى گەورەو جدى خۆیان گێڕا ,بەڵام عەجەب ئەم هەموو توێژە وتارو بابەت وشیعریان خوێندەوە و ڕێگرى لەكەس نەكرا ...ئەبێت سەبەب چیبێت ڕێگرى لە هاوڕێكەى ئێوە كرا بۆ خوێندنەوەى وتارەكەى كوردستانپۆست لە كاتێكدا من گومانم هەیە كە وابێت ... وەك لە سەرەتادا وتم بەقەد بوێرى ولەخۆبووردوییتان ئەوندە سەریح بن ناو بهێنن ,تاكوو ڕوونبێتەوە چونكە بەڕێزتان لە شاشەى كەناڵێكى فڤائى (ئێن ئاڕ تى) ڕاتان گەیاند كە ئەو كەسانەى مەنەێەكەیان بەڕێوە بردووە ڕێگرییان لە وتارەكەى ئێمە كردووە .
كاروان ئیبراهیم
شاعیر و ڕۆژنامەنووس
ئەندامى پێشووى ئەنجوومەنى كاتى سەراى ئازادیی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست