کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


مه‌لا كرێكار په‌یامێك ئاراسته‌ی سه‌رمایه‌داره‌كانی كوردستان ده‌كات : ناشێت زه‌كات بدرێته‌ حكومه‌تی هه‌رێم .

Sunday, 05/09/2010, 12:00


ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مامۆستا كرێكاره‌ كه‌ ره‌وانه‌ی ئیسلام په‌یك كراوه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ ، ئیسلام په‌یكیش بۆ پاراستنی پره‌نسیه‌كانی ڕۆژنامه‌وانی وه‌ك خۆی به‌ بی ده‌ستكاری بلاوی ده‌كاته‌وه‌ : -

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله رب العالمين والسلاه‌ والسلام على رسوله الامين محمد وعلى ێله وسحبه أجمعين
روون كردنه‌وه‌ی ژماره‌ (25)

ناشێت زه‌كات بدرێته‌ حكومه‌تی هه‌رێم

ده‌سته‌ی زانایانی كوردستان كه‌ واجیهه‌یه‌كی كۆنی پارتی و دوو واجیهه‌ی ئێستای پارتی و یه‌كێتیه‌ (كه‌ دوو حزبی عه‌له‌مانین) فه‌توایه‌كیان ده‌ركردووه‌ بۆ گه‌یاندنی زه‌كاتی موسوڵمانان به‌ حكومه‌تی هه‌رێم.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌تواو داواكارییه‌ ره‌فتارێكی نا شه‌رعیه‌، پێویستی كرد هه‌ڵوێسته‌یه‌كی له‌ به‌رامبه‌ردا بكرێت و روون كردنه‌وه‌یه‌كی شه‌رعیی له‌سه‌ر ده‌ركه‌ین: یه‌كه‌م: هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵماناندا به‌ بێ به‌یعه‌ت شه‌رعییه‌ت وه‌رناگرێت.. به‌یعه‌تیش له‌سه‌ر سێ روكنه‌:
ڕ ـ سیستمی ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌كه‌ ئیسلامی بێت.
ب ـ فه‌رمانرِه‌وا په‌یمانی ئاشكرا به‌ میلله‌ت بدات كه‌ شه‌ریعه‌تی خوا ده‌چه‌سپێنێت.
ج ـ فه‌رمانرِه‌وا به‌ هه‌ڵبژاردنی میلله‌ته‌كه‌ هاتبێته‌ سه‌ر حوكم ..
ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی كوردستانیش ئه‌و سێ روكنه‌یان تێدا نیه‌و دوو حزبی عه‌له‌مانین و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ سیاسه‌تی شه‌رعیی ئیسلامیه‌وه‌ نیه‌..
دووه‌م : كۆرِای شه‌رعناسانی ئوممه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداری سیاسی دادپه‌روه‌ری ئیسلامی بۆی هه‌یه‌ زه‌كاتی موسوڵمانان كۆبكاته‌وه‌و بیگه‌ێنێته‌وه‌ به‌ موسته‌حه‌ققانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جێمتمانه‌ نه‌بوو، له‌وه‌دا ده‌ستپاك نه‌بوو كه‌ به‌یتولمال ده‌پارێزێت، له‌وه‌شدا دادوویست نه‌بوو كه‌ مافی موسته‌حه‌ققان ده‌گه‌ێنێت، نابێت زه‌كات و سه‌رفتره‌و عوشرو واریداتی تری پێ بدرێت، چونكه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌هه‌ده‌ر دانی ماف و سامان..
ئیمامی ئیبنو ته‌یمیه‌ ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت له‌ (مجموع الفتاوى 25/41 مه‌سه‌له‌ی ژماره‌ 688) دا ده‌فه‌رموێت: (پرسیار ده‌رباره‌ی زه‌كاتی عوشرو غه‌یری ئه‌و، كه‌ سوڵتان وه‌ری ده‌گرێت و پاشان به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌شی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆی حه‌ز ده‌كات و نایداته‌وه‌ به‌ هه‌ژارو نه‌داران.. ئایا ئه‌مه‌ زه‌كاته‌كه‌ له‌سه‌ر بده‌ره‌كانی لا ده‌دات یان نا؟ له‌ وه‌ڵامدا فه‌رمووی: ئه‌و عوشرو زه‌كاتی ئاژه‌ڵ و بازرگانیه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری موسوڵمانان وه‌ری ده‌گرن، زه‌كاته‌كه‌ له‌سه‌ر خاوه‌نی لا ده‌بات به‌ مه‌رجێك فه‌رمانرِه‌وای موسوڵمانان بۆ خۆی دادپه‌روه‌ر بێت و زه‌كاته‌كه‌ له‌ بواره‌ شه‌رعیه‌كاندا سه‌رف بكاته‌وه‌.. ئه‌مما ئه‌گه‌ر سته‌مكاربوو، ئه‌گه‌ر زه‌كاته‌كه‌ له‌ بواره‌ شه‌رعیه‌كاندا سه‌رف نه‌كاته‌وه‌، نابێت زه‌كاته‌كه‌ی بدرێتێ، هه‌ر كه‌سه‌ زه‌كاتی خۆی بۆ خۆی بگه‌ێنێته‌وه‌ موسته‌حه‌ققانی .... ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ سته‌میان له‌ دوو لا كردووه‌: له‌ موسته‌حه‌ققانی زه‌كاته‌كه‌، كه‌ ده‌بوو وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاری هه‌تیو بوونایه‌ به‌رامبه‌ریان، هه‌م سته‌میان له‌ له‌ وه‌قف كردووه‌ كه‌ ده‌بوو سامانه‌ كۆكراوه‌كه‌ بپارێزن، نه‌ك به‌ هه‌ده‌ری بده‌ن..) .. ته‌واو..
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌وه‌تای دروست بووه‌ جارێك نه‌بیستراوه‌ زه‌كاتی كۆكردبێته‌وه‌و گه‌یاندبێتی به‌ موسته‌حه‌ققانی، كه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌ڵێ: زه‌كاتی كۆكراوه‌ی ساڵانه‌یان له‌ بیست ملیۆن دۆلار به‌ره‌وژوورتر بووه‌ ! ئه‌گه‌ر نازانرێت حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌مه‌ی چۆن سه‌رف كردووه‌، بۆچی زه‌كات و سه‌رفتره‌ی بدرێتێ؟
به‌ڵێ متمانه‌ به‌ كه‌سایه‌تی وه‌زیری به‌رِێزی ئێستای ئه‌وقاف هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی نیه‌، كه‌ به‌شێكه‌ له‌ گه‌ندڵستانی عه‌له‌مانیه‌تی كوردایه‌تی.. بۆیه‌ به‌ لامانه‌وه‌ ده‌شێت زه‌كات و سه‌رفتره‌ی موسوڵمانان بدرێت به‌ جه‌نابی وه‌زیر له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت و ره‌سمیاتی، ئه‌ویش به‌ سیفه‌تی كه‌سایه‌تی به‌رِێزی خۆی و كه‌سایه‌تی حزبی خۆی، كه‌ ده‌توانێت وه‌ری بگرێت و به‌سه‌ر موسته‌حه‌ققانیدا دابه‌شی بكاته‌وه‌
.. سێیه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌توا له‌ نه‌زانراوه‌وه‌ وه‌رناگیرێت، ده‌بوو ئه‌و فه‌توایه‌ ناوی كه‌سێكی له‌سه‌ر بوایه‌ تا بزانین كێیه‌و پله‌ی زانستی و جێمتمانه‌یی چه‌نده‌؟
چواره‌م: ئه‌م رووتاندنه‌وه‌و ماشینه‌وه‌ ره‌سمیه‌ نه‌خشه‌یه‌كی به‌سه‌رچوو (ئێسكپایه‌ر)ی سه‌لیبیه‌ نوێیه‌كانی ده‌وری جۆرج بۆشی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا بوون بۆ ئه‌وه‌ی زه‌كات و خێری موسوڵمانان نه‌گاته‌ خانه‌واده‌ی موجاهیدان و زیندانیان و به‌رهه‌ڵستكارانی سیاسه‌تی ئیستیعماریی نوێیان.. بۆیه‌ پێویسته‌ بوه‌ستێنرێت نه‌ك بشه‌رعێنرێت و پیاده‌بكرێت..
بۆیه‌ داوام له‌ یه‌كێتی زانایان ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌ ره‌شورِووته‌كه‌دا بن نه‌ك ببنه‌ ده‌زگایه‌كی (شه‌رعه‌نه‌)ی ده‌سه‌ڵاتێكی مێلیشیایی، كه‌ هێشتا زیندانه‌ حزبیه‌ لاكۆڵانه‌كانیان ده‌یان حافزقورئانیان تێدایه‌.. نه‌بنه‌ جابی سوحت و له‌ته‌ نانی فرِێدراوی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش له‌ خانه‌واده‌ی زیندانه‌ سیاسیه‌كان و خریجه‌ بێ كارو كارمه‌نده‌ ده‌ركراوه‌كان نه‌گرنه‌وه‌..
داواشم له‌ هه‌موو چینه‌كانی میلله‌ت به‌ تایبه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندو ده‌ست رۆیشتووه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زه‌كاتی خۆیان ته‌سلیم به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسه‌تی كوردایه‌تی نه‌كه‌ن و خۆیان له‌ رێی خۆیانه‌وه‌ یان له‌ رێی خه‌ڵكانی تری پیاوچاكه‌وه‌ بیگه‌ێننه‌ داماوو لێقه‌وماوو هه‌ژاران ..
وسلى الله على سيدنا محمد وعلى ێله وسحبه وسلم تسليما

كرێكار
20 ره‌مه‌زانی 1431
به‌رامبه‌ر 30 ئابی 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە