کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تۆمار كردنى لاپەڕەیەك بۆ مێژوو و یادەوەرییەكى ڕۆژانى سەختى خەبات بۆ نەوەكان و سكاڵایەك بۆ كۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەكان.. شەڕى نێو شار و زەبرى

Wednesday, 02/09/2009, 12:00


ئێمەى لاوى شاریى هەرگیز ڕۆژ و شەوى وا نەدیو بە دووى یەكا سەرمان خستبووە یەك و هەوراز و نشێو , چیاو دۆڵ و ڕچە ڕێ و كێڵگەكانى مینمان خستبووە ژێر باڵى قۆناغی گەشتێكى نادیارى هات و نەهاتەوە , نسرمى سەرمایەكى گوێ تەزێن ڕوومەتەكانمانى سڕ كردبوو , فیكە فیكى جارجارەى نێوانمان بۆ ووریا كردنەوەى یەكتر لە هەندێ جێگادا تێكەڵ بە مرخە مرخى بەراز و لوورەى چەقەڵ و ڕێوى و دەنگى نەشازى كونە پەپوو ئەبوو , كت و مت گۆرانى مەرگ خۆى بە ناخ و دەروونمان ئاشنا ئەكرد گفەى بایەكە و شنە شنى جووڵەى دار و درەخت و خوڕەى ئاوى چەم و خشە خشى شەڕواڵەكانمان بۆ ئەو بەستەیەى قۆناغەكەمان بووبوون بە مۆسیقایەكى مەرگهێن , تەقەى ناكاوى كوێرانەى ئێشكچییانى مۆڵگاكانى دوژمن كە لەترسانا بۆ حەوانەوەى دەروونى خۆیان دەستیان بە پەلەپیتكەدا ئەنا لە ناو شیوەكانا چەند هێند دەنگى ئەدایەوە و سەدایەكى ئارامى بەخشى بە بەرامبەرەكەمان ئەگەیاند , و لەگەڵ ئەو بەستە و مۆسیقایەى بە هەنگاوەكانمانەوە لوولمان دابوو تێهەڵكێش ئەبوو , ناوناوەش لە كاتى هەڵدانى تەڵقە تەنوورەى ڕەبایەكان دۆخەكەى ئەشڵەژا و بە تۆبزى بە زەوى دا ڕایئەكشاندین تا لە چاوى دوژمن خۆمان بشارینەوە .

بوڵێڵە ى نەدابوو , شار چەشنى گۆڕستان كەوتبووە ژێر باڵى ماتییەكى بێوێنەوە , كپ و خامۆش چرپەیەك دڕ بە بێدەنگییەكەى نادات , هەرسێكمان بە پاڵ یەكترەوە دانیشتین و هەر چاوێكمان كردبوو بە چوار و گشت هەست و نەستمان لە گلێنەكانمان دا خڕ كردبووەوە , ئەو ناوەمان تەنى دواى ئەوەى هیچمان بەدى نەكرد و دڵنیا بووینەوە ئینجا یەك یەك بە خۆدانەواندنەوە چووینە ئەوبەرى شەقامەكە و لە پەناى یەكەم ماڵى پەڕى شاردا دووبارە كۆ بووینەوە , كۆڵانە و كۆڵان بە ووریاییەوە بە دواى یەكدا بەهەمان شێوازى هاتنە ناو شارەوە قۆناغى مەترسیدارتر لە پێشوو ترمان دەست پێ كرد , بە خۆدانەواندن و نەرمە ڕاكردن و فیكە و بە چەك بەدەستەوە گرتنەوە بەردەوام بووین لە سەفەرە خوێناوییەكەمان .

كات : ئەو دێوەزمەیە بوو زۆرانى مان و نەمانى لەگەڵا ئەگرتین , تەنها بەگورجیى خۆمان دەروەستى ئەهاتین , بۆیە تا ئەهات ووریاتر و توند و تۆڵترجووڵەمان وەبەر خۆمان ئەنا , هاوڕێ (س) لە هەردووكمان شارەزاتر بوو بۆیە لێرە بە دواوە چاوساغیمان بەو سپارد , منیش بە دووى ئەودا و شەهید (سیڤەر) یش بە دواى مندا , ئەمجارەیان جیا لە جاران چەكەكانمان هەر بە دەستمانەوە و بەكۆمەكۆم و ووریایى زۆر زیاترەوە جادە نزیكەكانى جێ مەبەستمان لە دواى خۆمانەوە جێئەهێشت تا گەییشتینە شوێنى دیارى كراو , شەهید (سیڤەر) بۆ چاودێرى لە سەر كۆڵانەكە وەستا , منیش دانەویمەوە و هاوڕى (س) بە ئەدیداسەكەیەوە لەسەر شانم جێى بۆ پێڵاوەكانى خۆش كرد و بە پڕتاو بە دیوارەكەدا هەڵشاخاو خۆى هەڵدایە ئەو دیوە و لە دیوى ناوەوەى حەوشەكەوە دەرگاى لێ كردینەوە , من هێشتا دەرگاكەم لەسەر خۆمان دانەخستبووەوە هاوڕێ (س) بە ئەسپایى شوشەى جامخانەكەى دایە بەر زەبرى ڕەقینەى پەنجە ى دەستە سەرما بردەڵەكانى .

نەیهێشت غەڵبە غەڵبى خانەخوێیە میوان درەنگ وەختەكەمان زیاد بكات خۆى پێیان ناساند و هێمنى كردنەوە .ئەوانیش كە هاوڕێ (س) یان ناسییەوە بە دڵنیاییەوە دەرگاكەیان كردەوە , ئافرەتەكان بە لەسەرخۆیى بە نوكە پەنجەیان ڕوومەتیان ئەڕنییەوە , دۆست و هاوڕێ نەترسەكەشمان بێ ترس بەدەم بەخێرهێنانى گەرمەوە بە پیجامە خەتخەتە وەكو شەڕواڵ دووراوەكەیەوە بردمانییە ژوورێكى ڕاخراوەوە , جگە لە مناڵەكان گەورەكان كە هەموویان بێدار بووبوونەوە لە دەورەمان ئاڵان و هێندە بە تاسوقەوە بە خێر هاتنیان ئەكردین شەرممان بە خۆمان ئەهات .

شەكەتى و ماندوێتى لە خەوێكى بێ ئامانەوە پێچابوومانیەوە , چەند جارێك هاتبووە دیار سەرمان بۆ قاوەڵتى خواردن دڵى نەهاتبوو هەڵمان سێنێ و لەو خەوە خۆشەمان بكات ,پاش درەنگە خەوێكى چەند سەعاتى كە بە ئاگا هاتم تەماشام كرد لاى سۆپاكەوە بە دیارمانەوە دانیشتووە , تاقمە پیاڵە و تەدارەكى قاوەڵتیش لەولایەوە , هاوڕێیانم هەڵساند و قاوەڵتى دەمە و نیوەڕۆى بەناو بەیانیمان خوارد .

دواى نان خواردن و كەمێك دەمەتەقێ و پلان دانان من لەگەڵ هاوڕێى خانەخوێدا بە كراس و شەڕواڵێكى ئەوەوە لە ماڵ وەدەر كەوتین و بەرەو سەنتەرى شار بە ڕێ كەوتین بە مەبەستى دەست نیشان كردنى شوێنى لە بار و گونجاو بۆ بە ئەنجام گەیاندنى چالاكییە دیارى كراوەكەمان .

كە شەو داهات بە پێشڕەویى خانەخوێوە لە ماڵەوە دەرچووین , لە پێشدا ئەو دەرچووە دەرەوە و لەو شوێنەى بڕیارمان لێ دابوو چاوەڕێى ئەكردین , ئێمەش بە ڕێپاكى و ڕێنمایى ئافرەتەكان چووینە دەرەوە , چەكەكانمان بە شانەوە ئاسایى بە دەم قسە كردنەوە هاوشانى یەك بە كۆڵانەكانا پیاسە ئاسا گەییشتینە لاى خانە خوێكەمان لەو جێگەیەى كە چاوەڕێى ئەكردین , لەگەڵ ئەوەى بێ كۆمە كۆم و بێ ڕاكە ڕاك و بێ چەك بەدەستەوە گرتن ئەڕۆییشتین بەڵام ترپەى دڵ و پەشۆكاوى وترسمان زۆر زیاتربوو لە پێشوو تر , نیاز و مەراممان بە سزا گەیاندنى (ڕەئیسى مونەزەمەى بەعس) ى شارەكە بوو بەرامبەر بە ڕەفتارى پڕتاوانى نامرۆڤانەى ڕۆژانەى دەرهەق بە ڕۆڵەكانى گەلەكەمان , كە بە پێى ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەییشتبوو لەبەر جەردى ساڵانەى خۆیان تا درەنگانى شەو لە بارەگاكەى خۆى ئەمێنێتەوە , ئێمەش ئەمانویست ئەم هەلە بقۆزینەوە و دەستى خۆمانى لێ بوەشێنین , وێڕاى ترس و دڵە ڕاوكێمان لە ناخەوە شایى لۆغانی خەیاڵیى سەركەوتن هەموو شتێكى لە بیر بردبووینەوە بە تایبەتى بە لەناو بردنى ناحەزێكى سەرسەختى دانیشتوانى شارەكە , بە وجۆرە بە دەست لە قاییشى تفەنگ زامن ترازاوى گیر كردووەوە ڕێمان ئەكرد و هەوڵمان ئەدا سەرنجى ڕێبواران بە لاى خۆماندا ڕانەكێشین بۆیە خۆمان بە دوور گرتبوو لە هەڵس و كەوتى نائاسایى و بێ منەتانە جاش ئاسا , هەتا جارجارە تووشى چەكدارەكانى ڕژێمیش ئەهاتین بە سڵاو لەیەك كردنەوە جێمان ئەهێشتن تا گەییشتینە جێ مەبەست .

بەم شێوەیە ئەركەكەمان لە گرەوە نابوو , ووجاغێكى گۆشت برژاندن و تانكییەكى بچكۆلانەى ئاوى زنجیر تێوە ئاڵاوى بەستراو بە دارێكەوە نێوان سووچى دیوارى سەر كۆڵانەكەو شەقامەكەى پێكەوە گرێ دابوو و ڕێگەى هاموشۆى شۆستەكەى بۆ ڕێبواران نەهێشتبووەوە , دواى سووسەیەكى كەم و دابەش بوون و دەست نیشان كردنى جێگاكانمان خانەخوێیە بوێرەكەمان بە ماچ كردن و هیواى سەركەوتن خواستنەوە لێمان جیا بووەوە .

لەگەڵ درەنگ داهاتندا جموجۆڵى ڕێبوارانیش كزتر و كەم تر بەدى ئەكرا , شەهید (سیڤەر) لاى چەپى گرت و منیش لاى ڕاست و لە نزیك ووجاغەكەوە , هاوڕێ (س) یش كەمێك لە پشتى منەوە دەست لەسەر پەلەپیتكە بۆ پێكانى ئامانج دامەزراین , ئێمە كارمان بە كەسەوە نەبوو هەتا ئەو چەكدارانەى بە لامانیشدا یان لە میواندارى ئەهاتنەوە یان بۆ میواندارى لەگەڵ ماڵ و منداڵیاندا بە لامانەوە گوزەریان ئەكرد , لەوە بترازێ هەتا بۆمان بكرایە لە شەوقى لایتى سەیارە خۆمان ئەشاردەوە و لەگەڵ دیوارەكاندا ئەبووین بە گیانێك لە دوو جەستەدا .

كات نزیك و نزیكتر ئەبووەوە و ئێمەش ئامادەباش تر , (10) ى شەو وادەمان بوو , كاتى ژوانى دڵداریمان بوو لەگەڵ خوێن و كوشتن , وەلێ ناچار كرابووین لەو ژوان و جێژوانەدا ڕێژنەى ماچ بە ڕێژنەى گوللە بگۆڕینەوە , كات لاى دا و میوانى خەونەكەمان دیار نەبوو , ئێمەش لە چاوەڕوانیى بێهودەدا خەریك بوو ڕەشبینیمان و ڕەشى شەو زیاتر ئاوێتەى یەكتر ئەكرد , هاڕەو لرمە لرمێكى ناكاو ژێر پێمانى خستە لەرزەوە , لایتى بە شەوقى ڕووناكى سەراپاگیر بە تیژڕۆییەكى لە ڕادەبەدەرەوە ئاراستە بەرەو ئێمە , وامانزانى زرێپۆشە , هەتا لێمان تێنەپەڕى لەبەر ئەوەى هەر ئەوەتا و ناچووینە ناو دیوارەكەوە نەمانزانى ئۆتۆمۆبیلى ئاگر كوژێنەوەیە , چونكە بێ ویقە ویق تەنها گڵۆپەكەى سەرى دڵنیاى كردینەوە , لە دواى تێپەڕ بوونى ئۆتۆمۆبیلەكە هاوڕێ (س) خۆى گەیاندە لام و ووتى :

_ (عەول) گیان كاتەكەمان بەسەرچوو , لەو بڕوایەدا نیم تازە پەیدا بێت شوێنەكە جێ بێڵین و بڕۆین باشترە .

ووتم : هاوڕێ گیان پەلە مەكە جارێ كات ماویەتى تا خۆمیش ئاگادارتان نەكەمەوە باسى ڕۆییشتن مەكەن و لە جێى خۆتان مەجوڵێن .

دەنگى ئەو ئۆتۆمۆبیلە ئەگەر لە دەنگى زرێپۆشیش نەچووبێت لە گوێى ئێمەدا ئاوها ئەبیسترا و لە مێشكمان دا ئەزرینگایەوە , خۆ گەر وابوایە بە دوو كڵاشینكۆف و ژێسێیەكەوە ئەستەم بوو هیچمان پێ بكرایە لە بەرامبەرى بە تایبەتى لە ناو شاردا وەكو ئەوە وابوو دەست بە كونە زەردەواڵەیا بكەین چونكە زۆربەى ستارەى سەربانەكانى ئەو شوێنە لێوان لێو لە چەكدارەمان لێ ئەكرا بەسەنگەر و ئەگەر زیانیشیان پێمان نەگەیاندایە شپرزە و سەغڵەتیان ئەكردین , هەموو ئەوانەمان لە حیسابى خۆماندا دانابوو بەڵام بۆ پێكانى ئامانجی گەورە تر بە لامانەوە ئاسایى بوو , لەو شوێنەدا هەر پێكانى فیشەكى ڕاستەوخۆ بەهەند وەر نەئەگیرا بەڵكو هەستانەوەى فیشەك و گۆڕینى ئاراستەكانیان لە خشانى دیوارەكانیش زۆر مەترسیى لەسەرمان هەبوو .

جارى دووەمیش هاوڕێ (س) هاتەوە بۆ لام و هەمان پەیامى پێم ڕاگەیاندەوە , ئەمجارەیان ترس و نائومێدیم زیادى كردبوو بۆیە نەرمتر و هێمنانە تر وەڵامم دایەوە : كەمێكى تر ئەڕۆین كێ ئەڵێ ئێستا خەریكى بەزم و ڕەزم و خواردنەوە نین ؟ ! بە هاوڕێ (سیڤەر) یش بڵێ بیست دەقەى تر ئەڕۆین , با ببێتە 11 ى ڕێك ئەڕۆین , لەو قسانەدا بووین هاوڕێ (س) قۆڵمى ڕاتەكاند و دامیە لاوە و بە هێواشى ووتى : عەول خواكە ببینە چیمان بۆ هات ؟ ! كۆمەڵێك زەلامى چەك بەدەستەوە گرتوو بەمبەر و ئەوبەرى جادەكەوە بە ئاراستەى ئێمەوە ئەهاتن , سێ چوارێكیان لە ناوەندى جادەكە ڕێیان ئەكرد , هەرچەندە كاتى دیارى كراوى گەڕانەوەى بەرپرسى مونەزەمە زۆرى بەسەردا تێپەڕیبوو بەڵام تروسكە ئومێدێكمان هەر مابوو بە هاتنى ئەمانە ئەویش كوژایەوە , لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارێكى بە پەلەمان دا تا بتوانین خۆمان لە شەڕیان لا بدەین بۆ ئەوەى ڕیسەكەمان لێ نەبێتەوە بە خورى , ئەوەى ئەمانەوێت هەر ئەوە بە ئەنجام بگەیەنین , بڕیارمان دا وێڕاى ئامادەباشیى تەواومان وا خۆمان بشارینەوە نەهێڵین بە دیمان بكەن و هەست بە بوونمان نەكرێ لەوێ دا , ترسێكى ئەوتۆشمان لێ نەكردن لەبەر ئەوەى :-

1 جگە لەوەى پیادە بوون لە چەكى سووك زیاترمان لێ بەدى نەكردن .

2 ژمارەشیان زۆر نەبوون و نزیكەى 4 ئەوەندەى ئێمە ئەبوون .

3 شوێنى ئەوان دیار تر و ئاشكرا تر و بێ بەربەست تر بوو هى ئێمەش پەنا تر و قایم تر بوو .

4 شوێنەكەمان جێگەى گومانى بوونى پێشمەرگەى لێ نەئەكرا و لەو باوەڕەدا نەبوون بۆسەى لێ دانرابێ بۆیە ئەوان بێ مەترسیى و بێ ئامادەباش و بێ دەربەست بوون , ئەمەش فرسەتى باشترى بۆ ئێمە ئەڕەخساند جێدەستى زەبرمان كاریگەر بێت .

5 سەبارەت بە ئێمەش زۆر بە باشى خۆمان ئامادە كردبوو , فیشەك لەبەر كار و دەست لە سەر پەلەپیتكە بەس مابووى گڕى لوولەى تفەنگیان تێ بەر بدەین .

بەم بڕیارەوە دامەزراین , هەتا ئەتوانین بە خۆ بەدوور گرتن لە گێچەڵیان , هەر كەسەو بە ووریایى و ئامادەیى زیاترەوە شوێنى خۆى بگرێتەوە , لە حاڵەتى ئاشكرا بوونیشمان یەكەم جار هاوڕێ (س) وەڵامى قسە بێت یا تەقەیان بداتەوە و سەرپشك بێت , ئێمە لامان ڕوون بوو ئەوان چڵكاوخۆرى دوژمنن و بەرەو لامان دێن , ئەگەر هات و لێمان بەدەنگ هاتن ئێمەش خۆمان وەكو ئەوان بناسێنین , بۆ ئەوەى دڵنیا و غەمسارد و پشت ساردیان بكەینەوە , ئیدیعاى ئەوە بكەین كە ئێمەش وەكو ئەوان لە واجبین .

تا ئەوان لێمان نزیكتر ئەبوونەوە ئێمەش بێ جووڵە تر وەكو جەستەیەكى مردوو هەناسەشمان بە تەواوى نەئەدا , من بە تەنیشت ووجاغى گۆشت برژاندنەكەوە چووبوومە ڕۆخى زیادە دەرچووى كەبابخانەكەوە و وا خۆم پێوە چەسپ كردبوو مەپرسن , لەوبەریشمەوە هاوڕێ (سیڤەر) لە سووچى دەرگاى یەكەمین ماڵى ناو كۆڵانەكە خۆى حەشاردابوو , هاوڕێ (س) چەند هەنگاوێك لە پشتى منەوە چووبووە پێچى دیوارى زیاد دەرچووى ناو كۆڵانەكەوە , جێگەى ئەو لە هى هەردووكمان باشتر و تۆكمە تر بوو , دوو كەس لەوانەى بەرەو كەندەڵانى مەرگ ئەهاتن چوار پێنج هەنگاوێك لە منەوە دوور بوون و لە پەناى تانكییە ئاوە بچووكەكەدا خۆیان مەڵاس دا و بە دزییەوە سەرەتاتكێى ناو كۆڵانەكەیان بوو , چمەز دركیان بە دۆخێكى نائاسایى كردبوو , لەوبەر جادەكەشەوە پێ ئەچوو فەرماندەكەیان بێت , قیت و ڕەپ بەرامبەر كۆڵانەكە وەستاو قیڕاندى :-

كێ یە ئەوە ؟

هاوڕێ (س) هاتە وەڵام : خۆمانین .

بە توڕەییەوە : خۆتان كێن ؟

هاوڕڕێ (س) : جەماعەتى (شێخ - - -) , ناوى سەرەك جاشێكى برد .

چى ئەكەن لێرە ؟

هاوڕێ (س) : واجبین .

لەم نیمچە دەمەقاڵەیەدا چاوم لێ بوو ویستى چەكەكەى بەرز بكاتەوە هاوڕێ (س) دەست پێشخەرى كرد و بوارى نەدا و مەردانە لێى هاتە دەست و دەمودەست پێكاى و منیش لە لاى خۆمەوە ئەو دووانەى بەردەستم دایە بەر ڕێژنەى گوللە و تانكییەكەشم كون كون كرد , هاوڕێ (سیڤەر) یش بوێرانە لە جێى خۆى دەرپەڕى و فیشەك ڕشێنى كردن و ئەو هەلەمان قۆستەوە و چالاكییەكى لە بەرنامە دانەنراومان تۆمار كرد .

شایانى باسە , چالاكییەكى كتوپڕ و تێكچڕژاو و زۆر تێكەڵ و چاوەڕوان نەكراو بوو , هەرچەندە ئامانجى سەرەكى لە دەست داین بەڵام زیانێكى گورچك بڕ و كاریگەر و مەعنەوى بە دوژمن گەیاند و پیاو خراپانى چاوشكێن كرد , هێزەكەى دوژمن بە تەواوى تەفر و تونا كران و تەنها بریندارێكیان بە زیندوێتى گەیەنرایە بەغا ئەویش لە نەخۆشخانەى ئەوێ گیانى دەرچووبوو , لەو شەڕە تێكئاڵۆسكاوەدا لە ئاكامى بەیەكدا چوونى تەقەى زۆر لە یەك نزیكەوە من بریندار كرام , هەر ئەمەش كارەكەى لێ شێواندین و بە پێویستمان زانى زوو تر خۆ دەرباز بكەین و گوێ بە دەسكەوت نەدەین , بە ڕێگاوە بەجامانییەكەى خۆم دەستمیان پێچا و ملى ڕێگەمان گرتە بەر تا بە زووترین كات بگەینە دەرەوەى شار .

لە قەراغى شاریشەوە وەكو هێماى سەركەوتن و دوعا خوازى لە خەڵك چەند فیشەكێكى گڕدارمان بە سەر شارا تەقاند .



تێبینى :- بەرپرسێكى كۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەكان لێم بە ڕقدا چووە و ناسنامەى پێشمەرگە دێرینەكانم پێ ڕەوا نابینێ .

# شەهید (سیڤەر) ساڵى 1987 گەییشتە پلەى سەرپەلیى لە لقى شوان (شەهید بەكر تەلانى) ى حیزبى شیوعى , مخابن لە ڕاپەڕینە مەزنەكەى 1991 ى گەلەكەمان لە گرتنى شارى كەركوكدا شەهید بوو .



[email protected] 07701309524




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە