کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زیندانییانى سیاسى لە نێو بەرداشى حكومەتى هەرێمى كوردستاندا

Saturday, 29/08/2009, 12:00


پێویست بەوە ناكات بچمە نێو باسێكەوە كە باس هەڵنەگرێت ! ئەوەش كێشەى بەشخوراوترین توێژى سیاسى كۆمەڵگاى كوردییە كە خۆیشم یەكێكم لە وان , لەوانەیە ئەگەر منیش وەكو بەرپرسى خواپێداوى ئێستا گەرما و سەرمام نەدیبایە بە هەمان شێوە غەمم لە تەواوى خەڵكى بەشمەینەت بخواردایە , ئەگەر لە برسانا و لەبەر بێ بەرگى تەواوى كورد ڕەق هەڵبهاتایە , مێش میوانم نەبوو شەرتە گوێشم پێ نەدایە ! بە تایبەتى ئەوانەى دوو فاقانە هەم شۆڕشگێڕ بوون و هەم جاسوسیش , هەم بەعسیى عەرەبى بوون و هەم بەعسیى كوردییش , هەم دز بوون و هەم خاوەن ماڵ , هەم كاڵەگ خۆر بوون و هەم بێستان ڕنیش .

زیندانییانى سیاسى كوردستان , كە خۆیشم یە كێكم لەوان و لە بەرامبەر قارەمانێتى هەندێكیان بە بەژنى زراڤیان ناگەم , ئێستا بوون بە كەسانەى عەوەجەى سكرتێرە خانمى چاوكاڵ بن , لە ناوەختا دەمەتەقێى مەسئولێكى پێست پەمەیى لەگەڵ مەدامێكى چاو و برۆ ڕەشى عەرەبى خواروو تێك بدەن , یان لە ڕێگەى خالە خولە سوورەكانەوە مواجەهەى ئەندام سەركردایەتى حیزبێك بەدەست بێنن - - - یان و یان ئەبێت لە پێناوى دابین كردنى جگەر گۆشەكانیان خۆپیشاندان , ڕێپێوان و مانگرتن ئەنجام بدەن و لەو ئاكامەشدا ڕاپێچى زیندان بكرێن ! ! ! لە جیاتى ئەمنە سوورەكە ببنە میوانى ئاساییشە زەرد و سەوزەكە , ئەوسا مقاوەمەت و بەرخودان دەست مایەمان بوو ئێستا ڕقى پەنگ خواردوو لە دزو بوودەڵە , ئەوسا ئەویسترا كەسایەتى مەعنەویمان وورد و خاش كەن ئێستا كەسایەتى مادى , مادى و مەعنەویش دوو ڕووى دراوێكن , جەللادەكانیشى هەمان جەللادن و لە ژێر چەند ناوێكن , بەڵام ئێمە هەر ئەوانەین كە سەرى بەرزمان دانانەوێین بۆ هیچ كەسێ , هەر سەرى بەرزیشمانە ناهێڵێ دەم ببەین بۆ هیچ دەسێ .

بیست مانگى ڕەبەقە , زیندانییانى سیاسى لە سەرتاپاى عێراقدا , هەر یەكەو مانگانە پێنج سەد هەزار دینار مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە , وەلێ تەنها زیندانییانى سیاسى كوردستان , بەڵام بەدەر لەو ناوچانەى لە ژێر ڕكێفى حكومەتى هەرێمى كوردستان نین , لەو بڕیارە كە بە ماددەى 4 ناسراوە بۆ خەرج كردنى مووچە بۆ زیندانییانى سیاسى لە هەر سێ پارێزگاكە (هەولێر , سلێمانى و دهۆك) كە خاك و ئاو و بازاڕ و گشت كایەكانى ژیانى تێدا زەوت كراوە , دەست درێژى كراوەتە سەر بژێوى زیندانییانى سیاسى و قووت و پارووى دەمى مناڵە چاو گەشەكانیان , و تا ئێستا حكومەتى خۆماڵى كوردستان خۆى لێ كردوون بە كەڕەى شەربەت و نە بایان دیوە و نە باران و بەرزەگى بانان كە وتوونەتە سەر نیعمەتى ئیلاهى زیندانییان , نەك مووچە تەنانەت هەست بە بوونى زیندانى سیاسى كوردستانیش ناكەن چ جاى دابین كردنى مافەكانیان ! چەندین ملیار دینارى زیندانییانى هەرێمەكەمانیان بە تاڵان بردووە , ئەگینا بۆچى ؟

1 بە چاك و بە خراپ متەق ناكەن ؟

2 ئەگەر پارەكەیان نەخواردووە بۆ ڕوون كردنەوە نادەن ؟ !

3 ئەگەر پارەكە خوراوە كێ لێى بەرپرسە ؟ !

جا ئەگەر 10000 زیندانى سیاسى هەبن لە كوردستاندا و هەر یەكە و مانگى 500000دیناریان بۆ ماوەى بیست مانگ خورابێت , مەگەر هەر ژمێریارى بەرپرسەكان لەم دەسكەوت و خێر و بەرەكەتەى ئاغاكانیان سەر دەركەن و بزانن چەند ئەكات , چونكە حاسیبەش لە ئاستى لێكدانەوەى ئەم گوژمە پارە بێ ئارەقە وەدەست هێنراوە كڵۆڵە و ئەستەمە سەر دەر بكات ؟ !

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە