کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەردووكمان پیاوكوژ و هەردووكمان مەلەفدارین

Thursday, 10/09/2009, 12:00


خائین جاسوس جاش سیخوڕ مەلەفدار بەكرێگیراو و زۆر دەستەواژەى زەوەندى تر هەن باس كردنیان تێكەڵ بە چركەكانى ژیانمان بووە و مەحاڵە بێ بیستنى ئەوانە نە ڕۆژمان پێ بكرێتەوە و نە شەویشمان پێ بچێتە سەر بە تایبەتى لە دۆخى سیاسى دواى مردنى بەها شۆڕشگێڕى یەكان بە دواوە , لەو كاتەوەى نێچیر و ڕاوچى لەسەر خوانێك بە بێویستى پێویستى چاوەڕوانكراوى هیچ لایەكیان لە لایەن سەركردە نەكردەكانەوە كۆكرانەوە ! كێ لەگەڵ بكوژێكى بازرگان بە خوێنى جگەر گۆشەكەى كۆى ئەكاتەوە ئەگەر بەوە سڕ نەكرێت (بەرژەوەندى نیشتمان) وا ئەخوازێت ! لێ بە لامانەوە ئاسایى بوو چونكە قسەى سەركردەكانمان لێ ببون بە ئایەتى قورئان و نەمانزانى ئەو سەركردە قوربانانە لە ئاستى قوربانیەكانى ئێمە قسەكانیان (قوڕ) ئانە , هەموو هەنگاوێكیان بۆ دەست بەسەردا گرتنى ئانە و نانە , بۆ زەوتكردنى سامانە , بۆ سووك كردنى نیشتمانپەروەرى و نیشتمانە !

ئێستا ترسم لێ نیشتووە تۆ بڵێى لەم بارە لارەى ئێمەدا كە خائین جاسوس جاش سیخوڕ مەلەفدار بەكرێگیراو و زۆر لە هاوسەچەشنەكانیان كە خاوەن حكومەت و دەسەڵاتن سەنگەر لە ئێمە نەگرن و ئەوانیش داواى دادگایى ئێمە نەكەن ؟ ! چونكە ئێمەش مەلەفمان هەیە و خەڵكمان كوشتووە , ئەوان بە فەرمانى ئاغا بەعسییەكانیان و ئێمەش بە فەرمانى سەركردەكانمان , ئەوان نۆتى شوجاعەیان ئەدرایێ ئێمە تەنها لە بڵنگۆى ئێستگەكانەوە ئەمانیان كرد بە باڵندە و ئاژەڵى گۆشت خۆر (شێر پڵنگ هەڵو و باز) !

ئێمەى شێر و هەڵۆ و ئەوانى چەقەڵ و داڵاش , ئەوان ئەهاتن بمانكوژن , ئێمەش بۆ ئەوەى نەكوژرێین ئەمانكوشتن , ئەوان دزەیان ئەكرد بۆ ئەوەى پێشمەرگەیەكى ئازامان شەهید بكەن , ئێمەش ئەچووینە ناو شارەكانەوە تا خائینێكى خوێڕى بە سزاى گەل بگەیەنین , ئەم هەموو كوشتن و یەكتر كوشتن و كۆست خستنە ئەگەر چى لە ڕواڵەتا جیاواز بن بەڵام لە ناوەڕۆكا چوون یەكن و لە بەردەم یاساشدا یەكسانن , جا توخوا ناهەقمە ترسم لێ بنیشێت خۆم و هاوسەنگەرەكانم بەر لەوەى ئەوان پەت بكرێن ئێمە پەلكێشى دادگا بكرێین ؟ ! خۆ هەردوولاشمان هەر مەلەفدارین , و مەلەفەكانیشمان هەر مەلەفەو لەیەك سەرچاوەوە داڕێژراوە , بەعسییەكان كەسمانیان نەبواردووە و بۆ هەموومانیان كردۆتەوە , تەنها و تەنها ڕەنگەكانیان جیاوازە , ئێمە كە بە شێر و هەڵۆ ناو ئەبراین مەلەفەكەمان مەلەفى نێچیر بوو , مەلەفى چەقەڵ و داڵاشەكان مەلەفى ڕاوچییان بوو , هى ئێمە سپى و هى ئەوانیش ڕەنگەكەى ڕەش بوو , بچووكترین مەلەف هی من بوو كە تێیدا نووسرابوو : المجرم الهارب الشیوعى العمیل التحق بالمخربین الخونە شارك فی العملیات المعادیە للحزب والپورە ومتهم ب - - - - - , هەموو ئەم زانیارییانەش لە سەرچاوەى تایبەت بەخۆیان و (مقرب من المجرم) بە دەستیان هێنابوو ! نامەوێ بچمە قوڵایى باسەكانەوە , ئەوەى مەبەستمە و زۆریش جێگەى نیگەرانیمە ئەوەیە ئێمە و مانانیش بدەنە دادگا , جا بۆیە ئەم نامە پێشوەختە ئاراستەى سەركردە و بنكردە و نەكردەكان ئەكەم :

بەڕێزان : سڵاوى خەبات و تێكۆشانى بەسەر چوو , لە كاتێكدا ئەم نامەیەتان ئاراستە ئەكەم ئەژنۆم لە دادگاكانتان شكاوە , ئەوەى من ئاگاداربم تا ئێستا چەند جارێك دادگا سەرقاڵە بۆ پیاوكوژ و مەلەفدار , بە پێى ئەو مەلەفانەى لەبەر دەستى ئێوەى هەمیشە شۆڕشگێڕن , و لە وێرانكردنى دەزگا داپڵۆسێنەرەكانى بەعسەوە وەدەستتان هێناوە , ئێمەى شوراكانى دوێنێتان تاوانبار و پیاوكوژین بە گوێرەى مەلەفەكان , نەك شوراكانى ئێستاتان كە لە چەندین جێى ناو ئەو مەلەفانەدا (نۆتى شوجاعە مەكرەمە مەنحە شوكر و تەقدیر) ى تێدایە و ئێستا ئێوەش تەخسیرتان بۆیان نەكردووە , بە سۆنگەى ڕاوەدوونان و كوشتن و دیل كردنى ئێمە ى (مخرب متمرد غوغائى و عمیل) ە وە لە ڕوانگەى ئەو یاسایانەى ئەوان دایانڕشتووە و لاى جەنابتانیش هەر نەگۆڕاوە و كارى پێ ئەكرێت , تكا م وایە بمانبەخشن و لە ژێر باڵى میهرەبانى خۆتان لە دەستى ڕاوچییەكانى دەور و بەرتان بمانپارێزن - - - بۆ پێشەوە بەرەو خەباتى نوێتان .



07701309524 [email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە