دیكتاتۆرەكان ترسنۆكن....
Saturday, 12/09/2009, 12:00
(2)
لەمەپێش باسى بارى دەروونى شڵەژاوى دیكتاتۆرەكانمان كرد و ئاماژەمان بە بارى نائارام و ناسەقامگیریان دا كە لە ئاكامى ترسنۆكییان لە خودى خۆیان و دەسەڵاتەكەیان دووچارى ئەبن , پێویستە ئەوەش بگووترێت یەكێك لە فاكتەرە دەروونییە كاراكان كە پاڵ بە دیكتاتۆرەكانەوە ئەنێت هەمیشە لە دڵەڕاوكێى بەردەوامدا بن , بیركردنەوەیە لە ڕابردووى خۆیان و ئاووڕدانەوەیە لە شكست و تێكشكانە كۆمەڵایەتییەكانیان كە بەمەش ((هەست بە خودكەمیى)) لە ناخیان دا چەكەرە ئەكات .
سەرۆك (دیكتاتۆر) , ڕابردووى , لە دۆخى هەنووكەیى و داهاتووى خۆى زیاتر لەبەر چاوە , پەڵەیەك ئەگەر بچووكیش بێت لە ژیانى كۆمەڵایەتى خۆیدا ئەبێتە مایەى دروست بوونى گرێى دەروونى بۆى , و وائەزانێت هەموو كەس پێى ئەزانێت , بۆیە لەم پێودانگەوە زۆربەى كاتەكانى بیركردنەوەى خۆى لە جیاتى بەڕێوەبردنى ووڵات بۆ ئەوە تەرخان ئەكات كە گرێى ((هەست بە خودكەمیى)) یەكەى لەناو ببات , نیگەرانییەكانى دیكتاتۆر لەوەدایە چۆن كارێك بكات ئەو هەستەى بشارێتەوە ؟ ! بۆیە بیر لەوە ئەكاتەوە تۆڵە لە كۆمەڵگا بكاتەوە چونكە كۆمەڵگا لە كەسایەتى ئە كەسانەدا چڕ ئەكاتەوە كە لە ڕابردوودا بوونەتە هۆى شكستى كۆمەڵایەتى بۆى , بۆیە پەنا ئەباتە بەر داپاچینى برادەرە نزیكە كۆنەكانى چ ئەوانەى بە سۆنگەیانەوە دووچارى ئەو بارە ناهەموارەیان كردووە یان ئەوانەى هەست ئەكات كە لەو تێكشكانە پەنهانەى ئاگادارن , ئەمە ئەبێت بە سەرەتاى هەنگاوى كوشت و بڕەكانى .
لێرە بە دواوە هۆگریى خوێن ڕشتن ئەبێتە ئاكاری ڕۆژانەى , كە لە هەنگاوى یەكەمى دا سەركەوتنى بە دەست هێنا وا تێ ئەگات ئەمە باشترین دەروازەى تۆڵە سەندنە وەیە لە هەموو تاكەكانى كۆمەڵگا و زەمینەى بۆ ئەڕەخسێنێت بیر لە چاودێریى كردنى هەموو كایەكانى ژیانى هاووڵاتییان بكاتەوە , بۆ ئەمەش پەنا ئەباتە بەر دروست كردنى دەزگا سەركوتكەرە سیخوڕییەكانى و ئەو دەزگایانەش لە چنگى كەسە هەرە نزیك و دڵسۆزەكانى خێزان و بنەماڵە كۆ ئەكاتەوە , پیشەى هەمیشەیى ئەمانەش لە قڕ كردنى ناحەزانى سەرۆك دا جەم ئەبێت بەوانەشەوە ناحەز نین و گومانى ناحەزییان لێ ئەكرێت , گیرۆدە بوونى كۆمەڵگا بەو دەزگا سەركوتكەرانەوە ئەبێتە هۆى سەرهەڵدانى كۆمەڵگایەكى ناتەندروست كە بە جۆرێك پەروەردە ئەكرێن پێشبڕكێى پیاهەڵدان و چەپڵە جێگە بە داهێنان و ئەفراندن لێژ بكات .
بێگومان گەییشتنى زانیاریی ناڕاستى دەزگا سیخوڕییەكان بە سەرۆك و چەپڵەو پیاهەڵدانى ڕۆژانەى زۆرینەى تاكەكانى كۆمەڵگا بە كار و كردەوە ناشاییستەكانى واى لێ ئەكات خۆى لێ ببێت بە خوداوەند , لەم پێناوەشدا گشت سەروەت و سامانى ووڵات بۆ بەرز نیشان دانى كەسایەتى داڕماوى خۆى خەرج ئەكات و دەیان كەناڵى ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرى بۆ جوان نواندنى ئیشە بێزراوەكانى تەرخان ئەكات بۆ بە پیرۆز كردنیان تەر , و هەموو جووڵە و ووتە و خوێن ڕێژییەكانى بۆ ئەكەن بە ئەفسانە و تەنانەت كەسە یەكەم و هەرە نزیكەكانیشى نەوێرن تەنها یەك كردەى خراپى خۆى بۆ بگێڕنەوە , هیچ قسە و كردەوەیەكى قابیل بە ڕەخنە نابن چونكە ڕەخنە لێگرتنى مۆمى ژیانى كەسى گەیەنەر ئەكوژێنێتەوە , بۆیە سەرۆكى (خێزان بنەماڵە دەوڵەت و كۆمار) لە خۆى بایى ئەبێت و خۆى لەوەش بە مەزن تر ئەزانێت و هەست ئەكات سیفەتى خوداوەندى لەمدا كۆبۆتەوە , سەرۆكەكان (پەرلەمان حكومەت دادوەرى) و سەرۆكى دەزگا ئەمنى ئیستیخباراتى و موخابەراتى و سوپاییەكان كە گرنگ و تایبەتمەندترن لە سێ دەزگا یاساییەكەى بەڕێوەبردنى ووڵات , لە خوانى خۆیدا كۆ ئەكاتەوە تا ڕووبەڕوو پێیدا هەڵبدەن و ئەمیش بەخششى خۆى بە سەریاندا ئەبەشێنێتەوە , گەلێك جار بە دەستدرێژى بەدڕەووشتییش لە گەڵ خۆیان و ئەندامانى خانەوادەكانیاندا ئەنجام ئەدات بۆ ئەوەى بیر لە هەڵگەڕانەوەیان نەكەنەوە لە بەرامبەر سەرۆكە خوداوەندەكەیان .
بەمانە سەرۆك خۆى لێ ئەگۆڕێت , كە خۆى لێ گۆڕا كاروكردەوەكانیشى ئەگۆرَێت , لە ئاكانى گۆڕانكارى لە كاروكردەوەیدا تووشى نەخۆشى ((خودمەزنیى)) ئەبێت .
(3 )
لە ترسى دێوەزمەى ((هەست بە خودكەمیى)) سەرۆك , لە سایەى سیستمە دیكتاتۆریەكەیدا نەهامەتى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و فەرهەنگیى و لادان لە بەها ئەخلاقى و نەریتە مرۆییەكان تەواوى كۆمەڵگا دائەوەشێنێ و لە باتى بەرهەمە پیشەسازى و كشتیارییەكان , پیشەسازى سەربازى و بەرهەمهێنانى مارشاڵ و ژەنەڕاڵ و فەرخە دیكتاتۆر برەوى ئەبێ كە دەرەنجامى سیاسەتى كوشت و بڕ دەرهەق بەگەل دێنە بوون , و لە هەموو قوژبنێكدا تا بە نێو خودى خێزانەكان و نێوان دوو كەس ڕا ئەگات سیخوڕى و جاسوسى وەكو پیشە بۆ پەیدا كردنى بژێوى و مسۆگەر كردنى ژیانى تاكەكانى لێ دێت , و هەموو شتەكان ئەگەڕێنەوە بۆ ناوەند و ناوەندیش بریتیە لە خودى تاكە كەسى سەرۆك (دیكتاتۆر) , و بڕیارە چارەنوسسازەكانیش بە پێى میزاجى ئەو دەر ئەكرێن و بەم شێوەیە سەرۆك لە قاوغى خۆى دەرئەچێت و ئەبێت بەوەى كە خۆى باوەڕ بەخۆى نەكات .
لێرەوە خولیاى مەزنیى ئەكەوێتە كەڵكەڵەى سەرۆكى خۆ بە خوداوەندزان و ڤایرۆسى نەخۆشى (خودمەزنیى) سەرى تێ ئەنێت , كەرنەڤاڵ و فیستیڤاڵ و ئاهەنگى گەورە و كۆبوونەوەى بێبۆنە ساز ئەدرێت , لە هەموو ئەو قەڕەباڵغییانەدا شیعرو ئەدەب و هەنەر و هزر و ئایدیاكان تەنها لە پیاهەڵدان و بە شان و باهوو گووتنى سەرۆكى خوداوەند دا ئەگیرسێنەوە و بە (منحە مكرمە مكافئە هدیە و شتى تر) خاوەنەكانیان پاداشت ئەكرێن , و ئەوانیش بە پاداشت گڕ ئەگرن و میدالیا و ملوانكە و بەریەخە بە سەرۆكەكەیاندا هەڵئەواسن ئەمەو جگە لە بۆنە سەربازییەكاندا هەر جارەى بە هۆیەكەوە (وسام و شارە) و تەواوى پلە و ملەى سەربازى بۆ دائەدوورن و وەكو سەرۆكێكى فەرماندە چاوى لێ ئەكرێت .
سەرۆك لەم قۆناغەدا تەواوى شتەكانى تایبەتمەندێتى پێ ئەدرێت (خواردن خواردنەوە خۆشۆرین خۆگۆڕین - توڕەبوون - پێكەنین قسەكردن - سەردان و - - - - - هتد) , و نابێت كەس لاسایى بكاتەوە لە هیچ كامێك لە خەسڵەتە تایبەتییەكانى لە غەیرى كوشت و بڕ بەولاوە : -
خواردن : نایاب ترین بۆ ئەوە و لەسەر كەتەلۆك و بە دواتەرز لە لایەن چێشتلێنەرى پسپۆڕى تایبەتەوە بۆى ئامادە ئەكرێت .
خواردنەوە : بە بەرهەمى ووڵاتەكەى تاسوقى ناشكێت بۆیە پێویستە گرانترینیان لە ووڵاتانى دنیاوە بۆ پەیدا بكرێت .
خۆشۆرین : باشتر وایە بڵێین (شۆرین) چونكە دەستەكانى خۆى بەر جەستەى خۆى ناكەوێت بە پاكەمەنییە دەگمەنەكان و لە گەرماوى تابەتیدا ئەشۆرێت .
توڕە بوون و پێكەنین و قسەكانى ئەگەر بێ هۆ و بێ سەروبەریش بن بە موعجیزەى ئیلاهى دائەنرێن .
سەردان : لێرەدا ئەگاتە پۆپەى (خودمەزنیى) لە كاتێكدا سەدان ئۆتۆمۆبیلى دوا مودێلى پڕ لە چەكدار پاش و پێشى ئەتەنن و دەستكراوەن لە هەر كردارێكى دژە گەلیى بە بیانووى پاراستنى گیانى سەرۆك ئەنجامى بدەن , ڕِێگەوبانەكان بۆ گشت كلۆم ئەدرێن و تایبەت ئەبن بە گوزەر كردنى سەرۆك و لەشكرى پارێزگارییەكەیەوە , كە لە هەر شوێنێكیشدا بگیرسێتەوە تەو جێگەیە بە تەواوى ژیانى تێدا ئەوەستێ , و ئەو سەردانەش ئەكرێت بە ڕۆژى مێژوویى چونكە ئەستەمە جارێكى تر ڕێى تێ بكەویًتەوە , لەبەر گەمارۆدانى سەرۆك بە ترس - جموجۆَڵ و سەردانەكانى بۆ شوێنان لە ژمارەى پەنجەى دەستەكان تێناپەڕن و تەواوى ژیانى لە مەراسیمى پێشوازى لە كۆشكەكانى خۆیدا بەسەر ئەبات و متمانەى بەكەس نامێنێ بۆیە ناوێرێت ئەوەندە لە تەلارەكانى خۆى دوور بكەوێتەوە .
خوداوەندى مەزن لە ژوور و داڵانەكانى خۆیەوە بڕیار و فەرمان دەرئەكات بە بێ هیچ بەرنانە و پلان و تێفكرینێك , ئەمەش وا ئەكات پەیوەندییە ئابورى و كۆمەڵایەتییەكان تووشى قەیران بن , ئیتر تەنگژەكان تادێن كەڵەكە ئەبن و سەرۆك و سیستمە خوێنمژەكەى بە كڵۆڵى جگە لە ڕێگە چارەى قەتڵوعام داڵدەیەك شك نابەن بۆ دەربازبوون , گەلێك جار ڕێگەى هەڵەتر هەڵئەبژێرن تا بتوانن زاڵ بن بەسەر ناڕەزایەتییەكانى ناوخۆ بۆیە پەنا وەبەر هەڵگیرساندنى جەنگ و داگیركارى دەور و دراوسێ و دروست كردنى قەیرانى گەورەتر ئەبەن , بەم هۆیەوە كێرڤى خوداوەند ڕوو لە دابەزین ئەكات و تا دێت دۆخەكەى لێ ئاڵۆزتر ئەبێت و بە لە ناوچوونى یەكجارەكى خودى سەرۆكى ئەوحەد كۆتایى بەو سیستمە دێت كە ئەویش بە یەكێك لەم چارەنووسە پەردەى دوا نماییشى ژیانى دیكتاتۆرە بكوژەكان دائەدرێتەوە :-
1 - یان لە ترسى ڕقى پڕ لە تۆڵەى جەماوەر هەڵدێت و عەرشى زەعامەتەكەى جێ ئەهێڵێت و پەنا وەبەر ووڵاتێك ئەبات داڵدەى بدەن و لە تاراوگە بە نەخۆشییەوە سەر ئەنێتەوە .
2 یان لە لایەن دادگاى نێودەوڵەتى و ئینتەرپۆلەوە دووچارى لێپرسینەوەى تاوانە دژە مرۆییەكانى ئەبێتەوە .
3 یان ئەكەوێتە بەر سزاى گەل و كۆتایى بە ژیانى پڕ لە تاوانی دێت .
بەم جۆرە كۆتایى بە تراژیدیاى گەل دێت و سەردەمێكى نوێى دواى لە گۆڕنانى دیكتاتۆریەت دەست پێ ئەكات , گرنگى ڕووداوەكان لەوەدایە ئەبێت ئەو ڕابردووە ناشرینە ببێتە پەند بۆ گەل و لێوەى هوشیار ببنەوە تا دووبارە نەبێتەوە بەسەریاندا , بە تایبەتى ئێمەى گەلى كوردى ستەمدیدە زامەكانى سەردەمى دیكتاتۆریەتمان هێشتا نەك ساڕێژ نەبووە بەڵكو قەتماغەكەشى تەڕە , دیاردەكانى حوكمڕانى لەمەڕ خۆمان مژدەبەخش نین و مەترسى ئەو ڕەوتە بەرۆكى بەرنەداوین و پاشماوەى دیكتاتۆریەت هێشتا زیندووە و ئەگەر بواربڕەخسێت چەكەرە ئەكاتەوە , زۆرجار ناهوشیارى كۆمەڵگا یارمەتیدەرە بۆ زەمینەسازى سەرهەڵدانى دیكتاتۆریەت كە ئەمە مەترسیدارترین زەنگێكە ڕۆژانە لە گوێماندا ئەزرنگێتەوە , ناهوشیاریش لە ئاستى خوێندەوارى ونەخوێندەواریدا نابینمەوە بەقەد ئەوەى هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنبیران و مامۆستایان و ئەندازیاران و پزیشكان و قوتایان و لاوان - - - توێژەكانى ترى كۆمەڵگا كە پێگەى ڕۆشنبیرییان هەیە ببن بە دەسكەلاو تواناكانیان لە خزمەتى سەرۆك و حیزبەكەیدا هەڕاج بكەن .
07701309524
[email protected] 07701309524
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست