دەردى كوردبوون هۆكارەكەى خودى خۆمانین
Monday, 09/04/2012, 12:00
ئەو تاوانبارە كێ یە واى لەزۆرینەى تاكەكانى كورد كرد نەفرەت لەبوون و ناسنامەى كوردبوونى خۆى بكات؟ ئەوە كێ یە واى لەگەلێكى تێكۆشەرو ئازادیخوازى وەكو كورد كرد زۆرینەى بێ ئیرادەو تێكشكاو ، رووخاو بێت؟ ئەوە كێ بوو گەلێكى لەبەرەنگارى و جەنگاوەرى مافەڕەواكانیەوە هێنایە سەرخۆ بەدەستەوەدان و خەمساردى؟ ئەوە كێ بوو میلەتێكى خۆڕاگرو بەخشندەى هێنایە سەر خۆپەرستى و بێ هودەیى و مایە پووچى و هیچگەرایى؟ ئەوە كێ بوو چ تاوانبارێَكە رۆڵەكانى لەوپەڕى گیانفیدایى و پێشمەرگایەتى و خۆبەخت كردن و یارى كردن لەسەر پەتى مەرگەوە هێنایە سەر ئەوەى زۆربەى زۆرى بڵێ: "كوردى چى؟ كوردستانى چى؟ هەرچوارپارچەكەى بەدڵۆپێك خوێنى من رزگار بێت ئامادە نیم بیبەخشم پێى!!" ئەوە چ نەگریسێكە
واى لە گــــــــــەلى كورد كردووە بڵێ: كورد بوونى چى؟ كەى باوى ئەو قســـانە ماوە؟ بۆ ناچى بەلاى ژیانى تایبەتى خۆتەوە !!
لە چ دادگایەكى گەلیدا ، سكاڵانامەیەكى یاسایى لەسەر ئەم تاوانبارە تۆمار بكەین ؟!! ئەرێ لە چ قانون و دەستورێكدا بۆ ئەو مادانە بگەڕێن و ، ئەم تاوانكارە ، ئەم خیانەتكارەى پێ دادگایى بكەین؟!! چۆن بتوانین ئەم گەل فرۆشە لە دادگایەكى دادگەرى و شۆڕشگێڕانەدا بەسزاى گەل و شۆڕشى گەلێكى بگەیەنین؟ گەلێك كەخاوەنى 2ملیۆن شەهیدە ، خاوەنى گەورەترین جینۆسایدو ئەنفال و كیمیاوى بارانكراوە!! چۆن تۆڵەى تاوانێكى لێ بكەینەوە؟ كە چارەنووسى میلەتێك دەخاتە سەرمێزى قومارى سیاسیەوە!!! خوێنى شەهیدان ئەگۆڕێتەوە بەلۆچى گەڵایەك و كەپى مۆنیكایەك و ژوانى سۆزانیەك و كارتێكى مۆبایل و .. .!!
من گریانم بۆخۆم دێ كە خاوەنى مـــــــــــــــیلەتێكم ئەوە رەووشى ژیانیەتى!!
من گریانم بۆ میلەتێك دێ وەكو هەتیو بێ ناز!! بۆ بەیانى هیچ جەژنێك و كەسێك نى یە دەستى ڕێزو سۆزى بۆ بەرێ!! تەنها میلەتێك كە ژیانى لە نێچیرێك دەچێ و هەرچى دڕندەى دونیایە تێى ووروكاوە!! داڵ و قەلەڕەشكەو واشە نەماوە بەئاسمانیدا نەسوڕێتەوە ، هەرچى مارو مێروو مارمێلكەو شێرو پڵنگو كەمتیارو گورگ نەماوە لەگەڵ نەهەنگو ماسى قرشو تیمساحو بەكتریاو میكرۆبدا نەبووبێتە خانەخوێ و گەنەو مشەخۆر بەسەر لاشەى ئەو نێچیرەى ناوى كوردو كوردستانە!!!
گەلێك و نیشتمانێك هەزاران ساڵە بچووك بچووك دەكرێتەوە ، وەكو قوماشى بازە چۆتەوە یەك و ، میلەتەكەى پەرتەوازەو ماندوو شپرزە دەكرێ ، ناسنامەو رەگەزەكەى دەگۆڕن و كەمدەكرێنەوە . پاش چەند سەدەیەك
خەبات و تێكۆشان ، پاش دەریایەك خوێن و فرمێسك و ئاوەرەیى و رەنج و ماندووبوون ، هەزارەها گوندمان سووتا و ژێرخانى ئابوریمان تێك درا ، هەزاران زیندانى سیاسى و منداڵى هەتیو ، هەزاران بێوەژن ، هەزاران كچوژنى ئەتككراو و بەكەنیزە و جاریەو كۆیلەى حەرامسەراكانى شێخەكانى خلیج و شەوانەى كافتریاكانى سۆزانیخانەكانى میسرو لوبنان و .. هتد كراین!!! ئەوانە پڕ كرابوون لەكچانى كوردە ئەنفال كراوەكان!!! دواى ئەو هەموو دیمەنە لە تابلۆى شۆڕش و تێكۆشان ئەنجام و بەرەنجامەكەیمان بەڕەنجێكى خەسار بوو دەچێ ، خەرمانەكەمان سووتاو ..!!! رێسەكەمان بووەوە بەخورى .
گەلۆ برادەرینە هاوارە هاوار ، سەرەتایى ئاش بەتاڵ و خۆبەدەستەوەدانێكى ئاشتى یانەیە بەئاڵاى سپى یەوە ، لەبەردەم دوژمنە نامەردەكانماندا ئەمڕۆكە دەیبینینو..بەڵام رانەگەیەندراوە!!
لەبیرمە كاتێك تەمەنم 10ساڵان بوو دواى ئەوەى هەروەكو ئێستا كەڕووداوەكان دووبارە دەبنەوە ، پاش ئەوەى 4ساڵ تێپەڕ بوو بەسەر بەیانى (11)ى ئازاردا لەسەر شارى كەركوك شۆڕشى ئەیلول بە (130)هەزار چەكدارو پێشمەرگەوە فووى بە بووقى ئاشبەتاڵدا كرد . لەو دەمەى دا لەدۆڵە رووتەو دەوروبەرى زەرگەتەو كانى سپیكەو كانى گۆران و زۆر شوێنى تر پێشمەرگەكانى ئەودەمەم (ئەیلول) دەبینى ئەتووت خۆڵ و دۆكراوە بەسەریاندا و لولەى تفەنگە(سمینۆف ، كڵاشینكۆف ، بڕنەوى برینگ، رەشاشى دیمترۆف و ..)ەكانیان هەموو سەرەو خوار دانرابوون كەنیشانەى خۆبەدەستەوەدان بوو..لێرەو لەوێ
لەخەفەتى خۆبەدەستەوەدان و راكردن ، لە هەڵچنینى تفەنگەكانى دەستى پێشمەرگە كەوەك چیلكەدار لە حامیەو سەرا و پۆلیسخانەكاندا لەسەر یەك هەڵێنجرابوو ، لەداخا هەزاران پێشمەرگە نیشتیمانیان بەجێهێشتو رووەو هەندەران بەڕێ كەووتن ، وەهەندێك لەپێشمەرگەى تر خوازیارى ئەوڕۆژە رەشە نەبوون و بڕیارى خۆكوشتنیاندا و دەیان ووت:"مردن باشترە لەخۆبەدەستەوەدان و راكرد و .." ئیدى لەو دەمەیدا خەڵكى بەگشتى و بەتایبەتى گوندنشینەكان زیاتر لە زەرەرمەندان بوون . گوندنشینەكانیش سەردەمانێك چاوەڕێى رۆژى نادیارى كۆچى زۆرەملێ بوون .. .
گەلۆ برادەرینە دواى ئەم چەند ساڵە بەگشتى و بەتایبەتى ئەم (5)ساڵەى بەناو پرۆسەى ئازادى عێراق كە گەلى كورد بەشێكى سەرەكى دواى بەناو هێزى هاوپەیمانەكان بوو ، رۆڵى هەبوو لەدروست كردنەوەى حكومەتى نوێى عێراق ، ئەو عێراقەى ئەمڕۆ داگیرمان دەكاتەوە..كە بەساویلكەیى ئێمە دروست
كرایەوە!! كەچى ئەوەتا پاش (5)ساڵ مێژوو دووبارە وەك مێژوو لەبەرگێكى هاوشێوەدا دووبارە بووەوە ، بۆ سەرى دەیان جارەى گەلى كورد قۆناغى ئاشبەتاڵ دەستى پێكردەوە . بەڵام ئەمجارەیان ئاشبەتاڵى سپى ، ئاوكرانە ژێرو بەڕە لەژێر دەرهێنان!! سەركردایەتى كورد ئەمجارە هێندەى خەمى پارەو سامانەكەیان خەمى گەلى كوردیان نى یە! نایانەوێ ئەو گوزەراندنەیان لێ تێك بچێ و .. . ئەوەتا پەیوەندى نێوان حكومەتى مەركەزى و حكومەتى هەرێم چى بەسەرهاتووە؟ لە هەزارویەك خاڵدا گرفت و تەنگەژەو قەیران هەیە ، لەسەر مادەى 140و دەسەڵاتى هەرێم و بەهێزكردنەوەى حكومەتى ناوەندى و پڕچەك كردنەوەى سوپاو ، بەچەكى مۆدێرن و تانكو زریپۆشى ئەمریكى وكڕینى 50فڕۆكەى F.16 و هتد.. بەمیلیشیا كردنى هێزى پێشمەرگەو شۆڕشگێڕترین هێزى عێراق بۆتە هێزى میلیشیاو حكومەتى هەرێم بەگوشار لەشارى كەركوك و خانەقى و مەخموورو دوزخورماتوو شەنگارو .. ووردە ووردە دەردەكەن .
ئەوەى حكومەتى مالكى ویستى تاكڕەوىو شمولیەت بوو كۆنترۆڵكردنەوەى هەموو عێراق.لە لایەكى ترەوە سەرەڕاى ئەوەى بارى ئابوورى حكومەتى هەرێم 17%و حكومەتى ناوەندى 83% یە ، كەچى فیدراڵیەكەى حكومەتى عێراقى و حكومەتى هەرێم زۆر جیاوازە رێك لە فیدراڵى پارێزگاكان دەچێ نەك فیدراڵى (2)حكومەت . واتا ئەوەى لە (11)ى ئازارى (1970)دا دەستكەوت ئەمڕۆ لێمان سەندرایەوە . هەروەها حكومەتى ناوەندى بۆ سەرگرتنى ئەم پیلانەشى ئەیەوێ بەخزمەتگوزارى و پارەو مووچە خەڵكى كوردستان بەرەو هاوڵاتى دەرەجە دوو پەلكێش بكاتە ناو ئەو عێراقەوە . زۆر كەس لەشارەكانى كوردستاندا كەوتۆتە ناو ئەم پیلانە داڕێژراوەوە كە نیشانەى سەرەكى بۆ لاوازكردنى حكومەتى هەرێمە . لەولاشەوە هەردوو حزبى دەسەڵات (یەكێتى و پارتى) خۆشیان ماڵى كوردیان وێران كردووە لەبەرامبەر ئەم پیلانەدا ، واتا تاوانبارى یەكەم خۆمانین كەنەمانتوانیوە ببین بەهێزو ئیدارەیەك كە حسابمان بۆ بكرێت ، كەدوژمن نەوێرێت بەنهێنیش بیر لەوەها پیلانێك بكاتەوە نەك بەئاشكرا ..
بێ گومان كۆمەڵگەى كوردى یەكێكە لەو كۆمەڵگایانەى كەكاروانى ژیانى بەهەزار دەردى سەرى و سەختى و كۆسپ و گرێدا هێناوە تائێستا ، نكۆڵى ناكرێ كە هەردوو هۆكارى سەرەكى رۆڵى گێڕاوە لە ژیانى ئەم میلەتەدا ، ئەویش: هۆكارى ناوەكى و هۆكارى دەرەكى بووە . واتە ئێمە نابێ هەر تەنها داگیركەران و دوژمنە دەرەكیەكان بەهۆكارى بارى دژوارى ژیانى هەمەلایەنەى گەلى كورد بزانین ، خۆمان گەورەترین هۆكارى دواخستن و كەوتنى كوردبووین لەمێژەوە تا ئەمڕۆكە.! چەند پیلانى
دەرەكى و فشارى سیاسیمان لێ كراوە خۆمان هێندە یەكگرتوو و خاوەن بڕیار نەبوویین تا حیساب لەسەر هێزو سەنگى سیاسیمان بكرێ ، كورد عاتیفى و سۆزداریانە كەزوڵم و ستەمى لێكرابێ هەڵچوونێكى كردووە و دوایى كپ و خاوبۆتەوە ، هەروەها بۆ دیاردەى ناپاكى و خیانەتى كورد لەخۆى هەر پێویست بەبەڵگە هێنانەوە ناكات ، هەر لە مادەكانەوە تا ئەمڕۆ بەناكۆكى و ناپاكى ناوخۆوە گەلى كورد كەوتووە!! هەمیشە كورد بەشێكى هاوكارى داگیركەرو دوژمنەكانى بووە بۆ سەر بەشەكەى ترى [سەرۆك خێڵەكانى كورد لەكۆنەوە زۆربەیان كارى خیانەتكردن لەشۆڕشگێڕانى ئازادى گەل پیشەیان بووە ، یەزدان شێرو ، نوراللەبەگ و ، مەلاى خەتێ و مشیرى حمەسلێمان و لەسەردەمى بەعسیشدا (3/4)ى كورد جاش و ئیستخبارات بوو ئەوانەشى بەحساب شۆڕشگێڕ بوون كەوتبوونە ناو شاخەكان و وائێستا دەركەوتووە بەشێكیان [فایلدارن]واتە كورد خوانەیبڕێ دەوڵمەندە لەمیرابۆو فایلدارو جاش و ناپاكان .
راستە كێشەو دۆزى سیاسى گەلى كورد قورس و گرانە لەنێوان چوار بەرداشى ناسیۆنالیزمى عروبەى شۆڤێنى و تۆرانیەت و مەزهەبگەرایى ئیسلامى سیاسى شیعە نەتەوەپەرستى فارس ، بەڵام لەگەڵ ئەو راستیەشدا هۆكارى هەموو نەگبەتیەكانى وەكو:
1ـ لاوازى هەڵوێستى سیاسى كورد لەبەغداو هەموو ئەو دەستدرێژیانەى كەدەكرێتە سەر كورد لەخانقى و كەركوك و موسڵ و دیالە و شێخان و شەنگارو خورماتوو.. .
2ـ هۆكارى گەندەڵى و لەبەرددانى ئابورى و بودجەى كوردستان تەخشان و پەخشان كردنى .
3ـ كۆتبوونى پڕۆسەى دیمۆكراسى ئەو ئەزمونەى كەكەس لەڕووى نایە باسى بكات كەمافى هاووڵاتى بوونمان نى یە.
4ـ بەمیلیشیاكردنى پێشمەرگەى كوردستان و بێ بەهاكردنى ووشەى پیرۆزى پێشمەرگە .
5ـ زیندووكردنەوەى كۆنەپەرستى خێڵەكى و بەهێزكردنەوەى دیوەخانى خێڵ و سەرۆك خێڵەكان لەجیاتى قانون و دادگاى سەربەخۆو ئازاد .
6ـ دروست بوون و بەهێزكردنى ترسى ئەڵتەرناتیڤى رەش و تاریكى ئیسلامى سیاسى و پاشەكشێى سكۆلاریزم و مۆدێرنیزم و مەدەنیەت و ماف و ئازادی یەكان .
7ـ نەبوونى خزمەتگوزارى پێویست
وەكو خوێندن و پەروەردەو تەندروستى و ئاووكارەباو.. .
8ـ ئەنفالى ژنانى كوردستان و كوشتارى بەكۆمەڵیان سوتان و تەڵاقو.. .
9ـ ناوزڕاندنى كێشەى رەواى سیاسى گەلى كورد بەهۆى شەڕى ناوخۆیان و بەناحەقڕژانى خوێنى چەند هەزار پێشمەرگەو نەبوونى هۆشیارییەكى گشتى نەتەوەیى و نیشتمانى .
10ـ داشسوارى مالكى و باڵادەست بوونەوەى حكومەتى ناوەندى لەبەغداو پەراوێزخستنى كورد لەپەیماننامەى ئەمریكا_عێراق ، فشارخستنە سەر مافەكانى كورد لەهەموو لایەكەوە .
11ـ چارەسەرنەكردنى كێشەى سنوورى هەرێم و مادەى 140و شارى كەركوك كەهەمووى ململانێى حیزبى بەو دەردەى برد .
12ـ گرێبەستیە نەوتیەكان و سنوورى دەسەڵاتى هەرێم و زۆر بابەتى ترى وەكو ئاسایشى نەتەوەیى و.. .
13ـ تیرۆر سەرچاوەكەى هەژاریى یە ، هەژارى لەكوردستاندا سەرچاوەكەى سیستەمەكەى ئەوانەو هەمووى لەئەستۆى ئەو دوو حیزبەیە كەئەداى سیاسیان باش نەبووە .
ـــ رەنگە بپرسین بۆ ئەم نووسینەم ناونا ڤایرۆسى ناوخۆى كورد؟!
هەموو دەزانین كاتێ كۆمپیوتەر ڤایرۆساوى دەبێت زۆر گران كارى پێ دەكرێ و هەندێ جار قفڵ دەبێ بەرنامەكانى تێك دەدات ، ئیتر ئەگەر یەكێك شارەزاى نەبێت یەكسەر هاردو كەیسەكەى بێ كەڵك دەبێت و دەبێ توڕى بدات . كوردیش [ڤایرۆس]ى خیانەت لێى داوە دەبێ هاكارەكانى لەناوببرێ و داتا بكرێتەوە ئەوەش بە مرۆڤە جوامێرەكانى كورد دەكرێت ، جاكێن ئەوانە نازانین گەلى كورد لەم بەشەى كوردستان هەر (20)ساڵ نىیە كەگرفتارى دەستى پارتى و یەكێتى بووین لەسەرەتاى (40)ەكانەوە كورد گرفتارى ئەو دوو بنەماڵەیەیە..ئەو كاتانەى كە هاوسەنگى هێزیان نەبووە ، ئەو كاتانەش لەناو شاخەكانى كوردستاندا لەجیاتى شەڕى داگیركەر بكەن شەڕى خۆبەخۆیان كردووە . واتە كورد (50)ساڵە نیوسەدەیە بەدەست كێشمەكێشى و ململانێ_ى دەسەڵاتى بارزانى و تاڵەبانى یەوە ئەناڵێنێ! ئێمە چەند باجى ستەم و زۆردارى حكومەتە یەك لەدوایەكەكانى: (پاشایى ، جمهورى و كەریم قاسم و قەومى عربى و عبدلڕەحمان عارف و ئینجا بەعسی)ەكانمان داوە سەدهێندە كۆڵەوارى ناكۆكى و خیانەتى ناوەكى خۆمانین . یەكێتى و پارتى بەخۆیان دەڵێن: (دیموكرات و سۆشیال دیموكرات)و باسى كۆمەڵگەى مەدەنى و مافى مرۆڤ و عەدالەتى كۆمەڵایەتى دەكەن ، بەڵام لەواقیعدا كۆمەڵگەى كوردییان نووقمى سەرگەردانى و ماڵوێرانى كردووە لەناو گەندەڵى و دووڕوویى و تاوانكاریدا ، هۆكارێكى تر رۆشنبیران و نوسەرانى قەڵەمفرۆش و دەربارەو بێ هەڵوێستە لەكوردستان كەكاریگەرییان بۆسەر بڕیارى سیاسى نى یە .. .
ـــ نازانم ئەمە چۆن دیموكراسى یەكە حیزب جێگاى هەموو دەسەڵاتەكانى گرتۆتەوە؟ لەبوارى ئابورى و بازرگانى و ئیدارى و راگەیاندن و سوپاو دادگاو..هتد . هەموو بەدەستى ناوەندى حیزبەوەیە ، ئەمە فڕى بەسەر دێمۆكراسىیەوە نیە . سیستەمى دیمۆكراتى واتا جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان و هەروەها تا ئەم ساتەش بارزانى و تاڵەبانى كاریزمان ، هەموو دەسەڵاتەكانیان لەخۆیاندا كۆكردۆتەوە كەئەمەش لەگەڵ ئەم چەرخەدا ناگونجێ و ئیرادەو بڕیارى میللەتى كوردیان كۆتوبەند كردووە (گەورەترین بەڵگە بۆ ئەوەى بیسەلمێنین پارتى یەكێتى دیمۆكراتى نین ئەم دوو حیزبە ناتوانن ئەنجامى هەڵبژاردنێكى پاك و بێ تەزویر پەسند بكەن و بەلیستى جیاواز دابەزن ، وە هەركامێكیان دەرچوون پیرۆزبایى لەویتریان بكات ، كەئەمە بەهاى راستەقینەى سیستەمى دیمۆكراسىیە) . دواى 2سەعات لەدەرچوونى ئەنجامى هەڵبژاردن لوولەى تفەنگەكانیان بەرامبەر یەكتر دەكەنە كار یان گەورەترین مەهزەلەى مێژوویى لاى كوردە دەسەڵاتى "فیفتى بە فیفتى" هەر نەبووە لەدونیادا حیزبى حاكم ئەبێ هەبێ هیندە سورەكانى ئەمریكاو خێڵى زۆلۆى ئەفریقا مەدەنى تر بوون لەمانەى لاى ئێمە. گەلى كورد نازانێ رووبكاتە كامیان بۆ داخوازیەكانیان یا لەهەموو درائیرەو دامەزراوە فەرمەیەكاندا وێنەى دووسەرۆك بەتەنیشت یەكەوە هەڵواسراوە . ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كە كورد یەكترى قبوڵ نیە و دەڵێن: یان دەبێ هەردووكمان سەرۆك بین یان هیچمان كەچى خەڵكیش بەئاژاوەگێرَ دەزانن!!
ــ ئێمە كۆمەڵگەیەكین رەنگە لەم سەرزەمینەدا وێنەمان نەبێ لەبێ سەرەوبەرەیى و بەرەڵایى و سەرگەردانى و ماڵوێرانى ، ئەوەى پێى بووترێت رێكخستن و تەنزیمى ژیان نیمانە ، ووڵات و میللەت لەناو فەوزاو بێ ساحەبیدا دەژى..دەسەڵاتى كوردى بەڕاگەیاندن و بڵندگۆى میدیا پاوەنكراوەكانى خۆیانەوە مێشك و گوێیان خنیوین بەدروشمى بریقەدار حكومەتى هەرێمى كوردستان ، سەربەخۆیى ، كۆمەڵگەى مەدەنى ، مافەكانى ژنان و مناڵان و گەنجان ، سیستەمى دیمۆكراسى و فیدراڵى ، مافەكانى مرۆڤ . بەڵام لەسەر ئەرزى واقیع هیچ نابینى شەووڕۆژ باسى دەوڵەتى قانون و دەسەڵات و سەروەرى دادگاو یاسا دەكات بەڵام لەجیاتى ئەم دەزگا گرنگەى كۆمەڵگەى مەدەنى دەزگاى خێڵ كارى پێ دەكرێ دیوەخانى سەرۆك خێڵێك زۆرتر بایەخى هەیە لە دەسەڵاتى دادگاو قانون خەڵكى بۆ چارەسەرى كێشەكانیان و خۆپاراستن لەدەستدرێژى لەجیاتى بگەڕێنەوە بۆ دادگا پاڵ بەخێڵ و دیوەخانى سەرۆك خێڵەوە ئەدەن بۆ چارەسەرى كێشەكانیان كەواتە كوردستان سەروەرى خێڵ نەك سەروەرى قانون و دادگا .
دەسەڵاتى كوردى لە نێوان سیاسەت و بازرگانیدا تیاماوە ئەمڕۆ هەردوو حیزبى حاكم لەكوردستان سەریان لەخۆشیان و میللەتیش تێك داوە گەل بێ ئومێدە لە هەلومەرجو زەمینەیەكى سیاسى خراپ كە ئەو دوو حیزبە بۆ بەرژەوەندى خۆیان دروستیان كردووە حیزبى كوردى دەسەڵات و پارەشى ئەوێ واتە بەسەرهاتى خورمشەكە لەیەككاتدا مەكتەبى سیاسى و كۆمیتەى ناوەندى حیزبە كوردیەكان بەتایبەت پارتى و یەكێتى لەحیزبى سیاسى یەوە گۆڕاون بۆ كۆمپانیاى بازرگانى و سارمایە بەگەڕخستن بۆ دەوڵەمەندكردنى خۆیان ئەوان ئەوەیان لەبیرچۆتەوە كە حیزب و ئیدارە واتە رێكخستنى ژیان و بەڕێوەبردن نەك سەرگەردانى و ماڵوێرانى یا لەدواى راپەڕینەوە كوردستان تا ئەم كاتە ئۆردوگایى دەژیى تەنها دەسەڵاتیان بەسەر كوردى هەژاروداماودا دەڕوات لەدەرەوە كەس بەڕەسمى نەیناسیون . حكومەتى هەرێم تەنها لەسەر tvیەكانى حیزب وجودى هەیە!
لەماوەى (17) ساڵى دەسەڵات و ئیدارەى كوردیدا بۆ هیچ شتێك گوێ لەداخوازى خەڵك نەگیراوە نەك تۆپەڵێ لۆكە بەڵكو مس و كەپیان لەگوێى كردووە بۆ ئەوەى خۆیان چى بەباش ئەزانن بۆ بەرژەوەندى خۆیان ئەوە دەكەن یەكێتى و پارتى بۆ بەڕێوەبردنى كۆمەڵگەى كوردى لەم بەشەدا بێ بەرنامەو پڕۆژەیەى و تەنها بەڕێكەوتن و بەڵێننامەى بازرگانى رەفتاریان كردووە تائێستا ئەبێ چ نموونەیەك لەدەسەڵات بێ لەچ خشتەو لیستێكدا ئەم دەسەڵاتە دادەنرێت هەموو رێكەوتنێكیان لەسەر هەڵبژاردنى ساڵى (92) دەكەن پارتى ئەڵێ 51% و یەكێتى لە 49% لەسەر ئەم رێژەیە هەرچى كورسى دەسەڵات و پارەو باج و سەرمایە و بازاڕ و بازرگانى و پڕۆژەكانى ترى كۆمەڵگە دابەش دەكەن لەنێوان خۆیاندا وەكو سواڵ و خێریش هەندێ شتى لاوەكى ئەدەن بەحیزبە پاشكۆكانى خۆیان ئەو حیزبانەى هەرچى ماناى ئۆپۆزسیۆن بێ تیایانا نیە و هەم خۆیان و هەم یەكێتى و پارتى وایان لێ كردوون هیچ كاریگەریان نەبێ و دوو قسەبكەن راستى یەكان باس بكەن یەكسەر شاڕەگى خوێنیان (پارە) دەبڕن لێیان ئەوانیش چونكە ئۆپۆزسیۆنى راستى نین بێ دەنگى هەڵدەبژێرن . تاكە یەك شت شانازى پێوە بكرێ ئازادى رۆژنامەگەریى_یە كە ئەویش لەناو فەوزاز گوێ لێنەگرتن و حساب بۆنەكردندا هیچ بەهایەكى واى نى_یە تروسكایى بخاتە ناو دڵى خەڵك وایان لەخەڵك كردووە هەرنەخوێننەوە چونكە بەكەم بایەخ كراوە لاى خەڵك ئەزانن دەسەڵات گوێ ناگرێ لەڕەخنە باكى نىیە تەنها ئاسنى سارد كوتینەو یا تەنها لەسكى خۆدانەلێپێچینەوە نیە و لەسەر راستى و ناڕاستى رەخنە ئەگەر راستە چاك بكرێ ئەگەر هەڵەیە نوسەرەكەى دادگایى بكرێ و كۆمەڵگە نوقمى مایەپوچى كراوە دڵسۆزى و كوردایەتى بۆتە ساویلكەیى . سوكایەتى و گاڵتەجاڕى لەسایەى ئەم دوو حیزبەدا .
1ـ دەسەڵاتى كوردى حیزبى ئێكسپایەر ، هەموو دەزانین ئەو فۆڕمەى كەحیزبى كوردى لێپێكهاتووە كارى لەسەر دەكات هەڕەمى و قوچەكىیە كەبۆ ئەمڕۆ دەست نادات و یاناتوانن جەماوەر بەشدارى پێ بكەن لەژیانى سیاسیدا بیرۆكراتى و كاریزما و دۆگمایى كۆڵەكە سەرەكیەكانى حیزبى كوردى_یە سەرەڕاى رەخنە قبوڵ نەكردن و گەندەڵى و (R R)ى بێ سنوور . حیزبى كوردى پیر و تەمەنى فەرهەنگى رەفتارو كاروكردەوەیان بەسەرچوو ئەم سەردەم و قۆناغە نوێ_یە پێویستى بەفۆڕمێكى نوێى سیاسەت كردنە .
2ـ دەسەڵاتى كوردى و نەبوونى ئەڵتەرناتیڤ ، بێ گومان ئیرادەو حكومەت و حیزبى كوردى جۆرێك لە بەڕێوەبردنى كردۆتە دیسپلینى خۆى كە ئۆپۆزسیۆن و كەسایەتى و رۆشنبیریى لە دەرەوەى خۆى قبوڵ نیە بەهەموو رێگاكان هەوڵى داوە رێژەیەكى زۆریان بكاتە پاشكۆو دەربارو كڕیونى بە پارەو زەوى و ئیمتیازاتى پلەوپایە بۆیە لە كوردستان هەست بە ئاسۆى تروسكایى بەدیل و ئەڵتەرناتیڤ ناكرێ ، ئەڵتەرناتیڤەكانى دەسەڵاتى كوردى هەموى لەخۆى بێ ئاسۆترن ناتوانن جێگاى ئومێدو دڵدانەوەى خەڵكى كوردبن . لەم پەڕى چەپ تا ئەو پەڕى راست .ئەوەى لە دەرەوەى هەردوو پارتى دەسەڵاتدارن هێستا جەماوەرى كورددڵنیا نییە.
3ـ دەسەڵاتى كوردى و مێگەلیزمێ لە جەماوەر ، بێ گومان ئەوە زۆر راستە كە میللەتى گێل و نەفام و جاهیل دیكتاتۆرو كاریزما دروست دەكات كەهەر خەریكى چەپڵەلێدان و كڕنۆش بردنن دەنگى ناڕەزایى و هاوارى داخوازى ناتوانێ رێك بخات بەشێوەى هێزێكى رێكخراوى چڕوپڕو خاوەن هێز ، بەداخەوە دەسەڵاتى كوردى مرۆڤى كوردى نەك هەر كردووە بەئامێر بەڵكو كردوویەتى بەدەعەجان و قلۆنچەیەك كە وێنەى نیە لەهیچ شوێنێ دەروون و كەسێتى شكاو و دۆڕاودا . مرۆڤى دیل و گرگنى بەرهەمهێناوە ئەم دەسەڵاتە .
كۆمەڵێ رێكخراوى پیشەیى و جەماوەرى هەیە لە كوردستان هیچى گوزارشت لەچین و توێژەكان ناكات كەبۆى دامەزراوە مامۆستایان و كرێكاران و خوێندكاران و ژنان و فەرمانبەران و پزیشكان و ئەندازیاران و...هەمووى پاشكۆى حیزبن و دەربڕى هەست و ماف و داخوازییەكانى ئەو توێژە كۆمەڵایەتیە نین و هەرگیز ئەم رێكخراوو دامەزراوانە ناتوانێ رێكخراوى NGOبزانى و ئومێدى كۆمەڵگەى مەدەنیان لێ ناكرێ لەداهاتوودا
دەسەڵاتى كوردى و نەبوونى شكۆى ناسنامەو كەسێتى نەتەوەیەك نەبوونى هەڵوێستى دڵخۆش كەرو بڕیاردانانى بۆ چارەنووسى میللەتێكى ستەم دیدەى بریندارو دڵپڕئازار كوابڕیارى حوكمەتى هەرێم لەئاست حوكمەتى مالكى لە ئاست ئەمەریكادائەوان هەموو شتێك بەسەر كوردا ئەسەپێنن بەڵام كورد جێبەجێكەرى خواستەكانى ئەوانە و هیچى تر دەسەڵاتى كوردو گڵۆبا لیزى سیستەمى سەرمایەو بازاڕ حوكمەتى هەرێم هیچ پێگەیەكى واى نیە لەم سیستەمەداو لە داتاكانى دا چونكە درەنگ وەخت كەوتووە واووتمان تاساڵى [1991] داگیر كەران و دوژمنان ڕێگربوون ئەى 17ساڵە حوكمەتى هەرێم و پارتى و یەكێتى نەیتوانیوە سامان و ئابوورى كوردستان بەتەكنە لۆژى بكات كەئەمڕۆ ئەم بوارە گرنگەى ژیان بڕیارى سیاسەت بۆ دروست دەكات بەڵام وادیارە لەم بوارەشدا یابێخەموو نادڵسۆزین یائەمەریكا نایەوێت لەوبوارەدا پێش بكەوین ئێوە سەرنج بدەن كورد چەندە كۆڵەدارو ماڵوێرانە بەگوێرەى ئامارێك لەماوەى مانگێكدا 8ملوێن $ (عملە الێعبە) پارە لە كوردستان دەڕواتە دەرەوە بۆ ئێران و ووڵاتانى دراوسێ بۆ تەڕەو سەوزە كەكوردستانى ئێمە دەكرێ لەماوەیەكى كورتدا بەو بودجەیەى كەلە ژێر دەستى حوكمەتى هەرێمە بەرو بوومى كشتوكاڵى و ئاژەڵدارى بنێرێتە دەرەوە بەڵام بەداخەوە بۆ دەسكێ كەوەرو كەرەوز دەبەیەك دۆو تەماتەو خەیار پشت بەهاوردەى ئێران وتوركیا دەبەستین كەدوژمنى كوردن ، كوردستان چۆن زامدار نیە تائێستا سایلۆى تیانیە بۆ دابینكردنى خۆراك لەشارێكى وەكو سلێمانى یەك سایلۆ هەیە ئەویش كارى پێناكرێت ئاى بۆخۆمان ڕۆ ئەوەى پێى بووترێت پەیمانێكى كۆمەڵایەتى هاوبەش و خەمى هاوبەشى كۆمەڵگا یەكى هاوكارو تەواوكەرى یەكتر بوونى نیە دەسەڵاتى كوردى شانازى بەبارى ئاسایشەوە دەكات ئەویش تەنها بەداموو دەزگاكانى ئاسایش نەكراوە گەلى كورد خۆى چاكە واتە (75%) بۆ چاكى میللەتى كورد دەگەڕێتەوە كەدژایەتییان لەگەڵ كۆنە پەرستى و ڕێكخراوى ئیسلامى سیاسى داهەیە كەدەزانرێ بەكرێگیراوى توركیا و ئێران و ووڵاتانى عەرەبین میللەتى كورد خۆى خۆزگەو خەونى مۆدیرنیزم و سكولاریزمى هەیە ودژى دواكەوتویى و كۆنە پەرستییە دژى ئاژاوە گێڕییە بەڵكو كورد هەمیشە ویستویەتى بەئارامى و ئاشتى پێكەوە لەگەڵ گەلانى ناوچەكە بژى . كورد پڕ بەدڵ خۆزگەو ئارەزوویىیەتى كەسنوورى سوورى نێوان نەتەوەو ئاینەكان كاڵ بێتەوە...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست