کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(١٣)

Monday, 18/11/2024, 20:15


تورک و دامەزراندنی نواتی ئیمپراتوریەتی عوسمانی

عوسمان بن ئەرتوغلو، دوای مردنی سلێمان شای باوکی، بوو بە سەڕۆکی هۆزی قای کە تورک بوون و دانیشتووی ئاسیای ناوەڕاست بوون. مەغولەکان لە مێژوودا لەنێوان ساڵانی ١٢١٩-١٢٥٦ چەند هێڕشێکیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بۆسەر دەوڵەتی خەوارزمی کرد بوو. لە ساڵی ١٢٢١ هۆزی قای ئاسیای ناوەڕاست بەجێدەهێڵن و لە دەوروبەری حەڵەب نیشتەجێ دەبن، دواتر لە ساڵی ١٢٣٠ز دەگەڕێنەوە ئەنادۆل و لە ئەرزنجان دادەمەزرێن.  سەڕۆکی ئەم هۆزە دامەزرێنەری نواتی ئیمپراتوریەتی تورک واتە عوسمانی بووە.
سەڕۆکی هۆزی قای عوسمان کە موسڵمان دەبێت، مامی کە ئەویش موسڵمان دەبێت، بۆ بوون بە سەڕۆکی هۆزی قای، دژی عوسمان لەگەڵ بێزەنتیەکان دەست تێکەڵاو دەکات،  چەند جەنگێک لەنێوانیادا ڕوودەدات، لە هەردووک لادا بەهەزاران موسڵمان دەکوژرێن، لە ئەنجامدا عوسمان مامی خۆی دەکوژێت، بۆ ئەوەی خۆی سەڕۆکی هۆز بێت. واتە عوسمان لە یەکەم هەنگاودا، یەکەم مەترسی لەبەردەمی خۆی لادەبات کە کوشتنی مامیتی، کە بە مەترسی دەیبینێت لەسەر کورسی دەسەڵاتی، کە ئەو کات تەنیا سەڕۆکایەتی کردنی هۆزێک بووە. 
عوسمان بن ئەرتوغلو لە ناکۆکیی نێوان دەوڵەتی سلجوقی و بێزەنتی لەلایەک، لەلایەکی دی لە ناکۆکیی نێوان  سوڵتانی سلجوقی و خەوارزمی سوودمەند دەبێت. ئامانجەکانی لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیی خێڵەکی دەردەچێت، ئەو خەونی دەسەڵاتی لە سەڕۆک هۆزێک دەبێت بە خەونی بوون بە سەڕۆکی دەوڵەت و ئیمپراتوریەت،  بۆیە لەسەر پەتەکان یاری دەکات، لە یەکەم هەنگاودا بۆ بەرژەوەندیی خۆی و هۆزەکەی، دەچنە پاڵ سوڵتانی سەڵجوقی دژی دەوڵەتی خەوارزمی. 
  لە جەنگدا کە سلجوقیەکان سەرکەوتن بەدەست دەهێنن، ئەوجا سەڕۆکی هۆزی قای دەیەوێت جێگە و پێگەی خۆی قایم بکات، بۆیە داوای ئەرز دەکات لەنێو سنووری دەسەڵاتی سەڵجوقیەکان بۆ نیشتەجێ بوون. سوڵتان لە ناوچەی سوغوت نیشتەجێیان دەکات، کە ئەو کات لەسەر سنووری بێزەنتیەکان دەبێت. بێ گومان سوڵتان بە خوێندنەوەی بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتی سەلجوقی، ئەو شوێنە جوگرافیایەی بۆ دەستنیشان کردوون تا لێ نیشتەجێ بوون، ئەو بۆی گرنگ بووە بۆ پاراستنی ئەو سنوورە لە بێزەنتیەکان، ئەو هۆزە چەکدارە لەوێ نیشتەجێ بکات، دواتر لە جەنگی لەگەڵ بێزەنتیەکان ئەو هۆزە ڕۆلی سەرەکییان هەبووە لەسەرکەوتنی سوڵتان.
عوسمان لەگەڵ بێزەنتیەکان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، چەند جارێک سەرناکەوێت، بەڵام دواتر لە جەنگدا سەردەکەوێت، چەند ناوچەیەکی ژێر دەستی بێزەنتیەکان داگیر دەکات، بەو جۆرە سوڵتان بڕیار دەدا کە ئەو ناوچانەی کە عوسمان و هۆزەکەی ڕزگاریان کردووە، عوسمان حاکمی بێت.
 لە ساڵی ١٣٠٠ز مەغول دووبارە هێڕش دەکەن و سوڵتانی سەلجوقی دەکوژن، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان دابەش دەبن بەسەر چەند هەرێمێک، لەو کاتەدا عوسمان دەوڵەتی عوسمانی سەربەخۆ جاڕدەدا و شاری بەنیشەهر دەکات بە پایەتەخت، سوپایەکی فەرمی ڕێکدەخات و جەنگی دژ بە مەغۆلەکان و سەلیبیەکان و بێزەنتیەکان دەکات، لەگەڵ هەر سەرکەوتنێک سنووری جوگرافیای فرەوانتر دەکات، ئەم دەوڵەتە دواتر دەبێت بە بیناغەی دامەزراندنی ئیمپراتوریەتی عوسمانی، خۆشی یەکەم سوڵتانی عوسمانی دەبێت لە مێژوودا بە عوسمانی یەکەم ناسراوە، دوای خۆی ئۆرخان غازی کوڕی ناوەنجی عوسمان دێتە دەسەڵات.  برا گەورەکەی ئورخان، بووە لێپرسراوی ڕێکخستنی کاروباری ناوەوەی وڵات.  ئەو هێزێکی چەکدار لە منداڵی بێکەس و هەژار و دەربەدەر دروست دەکات، کە پێ دەگوترا ئینکشاریەکان. 

شەڕی براکوژی لەنێوان موسڵمانان لە ئەنادۆڵدا

ئورخان ئەرکی فرەوان کردنی سنووری وڵاتەکە دەخاتە ئەستۆی خۆی، بۆ ئەو مەبەستە ڕێبەرایەتی هەموو جەنگەکان دەکات، دەستبەسەر ئەزمیر، ئەزنیق، ئیماراتی قورەسین، دەردەنیل، ڕۆژهەڵاتی قوستەنتینیە، نیمچە دورگەی گاریبۆری دەگرێت. دوای مردنی ئورخان، کوڕەکەی مورادی یەکەم، هاتە دەسەڵات، بۆ فەرەوان کردنی سنووری دەسەڵاتی، جگە لە  ئەوروپا جەنگی چەند ئیماراتێکی موسڵمانانی کرد لە ئەنادۆڵ، کە لە ئەنجامدا بە هەزاران موسڵمان لە بەرەکانی جەنگدا یەکدیان قاتوقڕ کرد و ئەوجا توانی سنووری جوگرافیای دەسەڵاتی بگەیەنێتە ئەو ناوچەیە. 
کوشتنی ئەندامانی خێزان لە پێناو دەسەڵاتدا 
سانجی کوڕی ئورخان، هێزێکی چەکداری پێکهێنا دژی سوڵتانی باوکی، لەگەڵ ئەندیرنیکۆس کوڕی ئیمپراتۆری بێزەنتی دوژمنی باوکی پەیوەندیی بەست. سوڵتانی عوسمانی ئورخان، هێزێکی چەکداری ناردە سەر سانجی کوڕی و فەرمانی کوشتنی دا. دوای کوژرانی ئورخان لە بەرەی جەنگ دژی سربیەکان، بایەزیدی یەکەم هاتە دەسەڵات. 
ئیمارەتی قەرەمانی موسڵمان کە سنووری جوگرافیای لە ناوچەکانی  شاری قەیسریە، نەکیدیای بوو، هەمیشە گرفتیان هەبوو لەگەڵ عوسمانیەکان بۆ بوون بەهێزی یەکەم لە ناوچەکەدا، بۆیە سوڵتان بایەزید هەمیشە ئەوانەی بە مەترسی دەزانی لەسەر دەسەڵاتی خۆی. عەلائەدینی ئەمیری قەرەمان، لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی بە گفتوگۆ سازش لەگەڵێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی کرد، بۆ بایەزیدی سوڵتانی عوسمانی، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی کە سوڵتانی عوسمانی واز لە تەماحی خۆی بهێنی کە مەبەستی بوو ئەو ئیمارەتە ٢٥٠ساڵیە خاپوور بکات و هەموو ئیمارەتەکە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و خێروبێری ئەو ئیماراتە بخاتە نێو خەزێنەی دەوڵەتی عوسمانی. بۆ ئەو مەبەستە دوای هەڵگیرسانی چەند جەنگێک لەنێوانیاندا، سوڵتان عوسمانی هێزێکی بێشوماری ئامادە کردوو هەڵیکوتایە سەریان. بە سەدان هەزاران موسڵمانیان بە یەکدی بە کوشتن دا. ئەمیر عەلائەدین و کوڕەکانی بەدیل گرت و دواتر کوشتیانی. بەم جۆرە بەتەواوی دەستی بەسەر ئیمارەتی قارمان گرت و ناوچەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی سنووری عوسمانیەکان. لە ئاکامدا لەجەنگی سوڵتان دژ بە مەغولەکان، دوای خستنی بەغداد لەلایەن تەیمور لەنگ، سوڵتان بایەزید، لە بەرەکانی جەنگدا لەنێو سوپای خۆیدا واتە سوپای موسڵمانان خیانەتی لێکراو بەدیل گیرا و مرد.
محەمەد کوڕی بایەزید هاتە شوێنی باوکی. سوڵتان محەمەد لەگەڵ برایەکانی کەوتە بەربەرەکانێ بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات. سوڵتان لە ئەدەرنا عیسای برای کوشت، هێزێکی چەکداری هەناردە سەر براکەی دی کە ناوی سولەیمان بوو، دوای بەکوشتندانی سەدان هەزار موسڵمان بەدەستی یەکدی، محەمەد سولەیمانی برای کوشت. موسای برای سوڵتان محمەد، بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات لەگەڵ بێزەنتیەکان دەستی تێکەڵاو کرد دژی برای خۆی. سوڵتان، موسای براشی کوشت بۆ ئەوەی تەنیا خۆی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دابنێشێت بەبێ بوونی ڕکابەر. 
دوای مردنی سوڵتان، مورادی کوڕی لە شوێنی خۆی دانا. موراد بۆ مانەوەی لە دەسەڵات موستەفای برای کوشت. دوای مردنی سوڵتان، محەمەد فاتحی کوڕی هاتە دەسەڵات کە سنووری جوگرافیای دەسەڵاتی گەلێک فرەوان بوو لە قۆناغی ئەودا شاری ئەستانبول کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان. سوڵتان بۆ مسۆگەر کردنی کورسی دەسەڵات تا مانەوەی لە ژیان،  یاسای کوشتنی برا و خوشکی سوڵتانەکانی بەدەستی سوڵتانی حاکم حەلال کرد. ئەو کات ئورخانی برای پەنابەر بوو لای بێزەنتیەکان دژی برای لە جموجوڵ بوو، بە پشتیوانی بێزنتیەکان، ئەو ناکۆکیە یازدە ساڵی خایاند، بە هەزاران موسڵمان یەکدیان کوشت، تا دواتر بە کوشتنی ئورخان و سەرکەوتنی سوڵتان محەمەد کۆتایی هات. 
دوای مردنی سوڵتان، بایەزیدی دووەم هاتە دەسەڵات، جیم برای بایەزید بوو لێ هەڵگەڕایەوە، لە ترسان ڕای کرد بوو، ببوو بە پەنابەر لە فاتیکان.  بەڵام بایەزید مەترسی لە گەڕانەوەی هەبوو، بۆیە لە ڕێگەی سیخورەکانی ژەهر خواردی کرد و کوشتی. سەلیمی یەکەم، کە  کوڕی سوڵتان بایەزید بوو لێ هەڵگەڕایەوە و سوپای ئینکیشاری لەپشت بوو، هەڕەشەی کوشتنی لە باوکی کرد و داوای لێ کرد، کورسی دەسەڵات بەجێبهێڵێت واتە کودەتای کرد.
 سەلیمی یەکەم لە ساڵی ١٤٧٠ز لە شاری ئەماسیا لە دایک بووە، لە ساڵی ١٥١٢ هاتە دەسەڵات، لەیەکەم هەنگاویدا، دوو برای خۆی کوشت بەناوەکانی ئەحمەد و قورقود، بۆ ئەوەی کەس نەمێنێت دووبەرەکیی لەگەڵ بکات لەسەر دەسەڵات. سەلیمی یەکەم  دوای کوشتنی براکانی،  فەرمانی کوشتنی بۆ چوار کوڕە برایەکانی دەرکرد، بەناوی مەحمود، سولەیمان، ئورخان و موسا. هەڤەدە کەسی لە خیزانەکەی خۆی کوشت تا دەگات بە باپیرەی، باوکی دایکی.
سەلیمی یەکەم هەر بە کوشتنی ئەندامانی خێزانەکەی نەوەستا، بەڵکو بیری لەوە کردەوە، کە دوو دەوڵەتی موسڵمان هەیە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتوریەتی عوسمانی نین، کە مەمالیکەکان بوون لە میسر، سەفەویەکان بوون لە ئیران، کە هەر دووک دەوڵەت موسڵمانی شیعە بوون.
 سەلیمی یەکەم، بۆ دژایەتی کردنی سەفەویەکان، بڕیاری دەرکرد پێش هێڕش کردنە سەر سەفەویەکان، شیعەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی قەتلوعام بکات، لە ئەنادۆڵ بە هەزاران خەڵکی مەدەنی شیعەکان تا دەگات بە ژن و منداڵی شیعە موسڵمانەکانی کوشت. ١٥١٤ جەنگی چاڵیدیران لەنێوان عوسمانەیەکان و سەفەویەکان هەڵگیرسا، لە مەیدانی جەنگدا بە هەزاران موسڵمان یەکدیان کوشت لەسەر کورسی دەسەڵات .
سوڵتان سەلیمی یەکەم، سوپایەکی بێ هەژماری ئامادە کرد، هێرشی کردە سەر میسر، بە هەزاران هەزار موسڵمانی لە بەرەکانی جەنگ و لە شارەکان دوای سەرکەوتن کوشت. ئەو میسری تاڵان کرد، تا دەگات بە ڕایەخی نێو مزگەتەکانی وەک مزگەوتی سەیدە نفیسە، سەیدە زینەب و جامیعە ئەزهەری دزی. هەرچی هەبوو بە باری حوشتر ڕەوانی ئەستەنبوڵی کرد. سوپای عوسمانی دەستدرێژیان کردە سەر ژن و منداڵی موسڵمانانی میسر. قەتلوعامی سەلیمی یەکەم لە مێژووی میسردا تۆمار کراوە، بۆیە شەقامێک هەبوو بە ناوی سەلیمی یەکەم، لە قاهیرە لە گەڕەکی زەیتون لە میسر، لەو ساڵانەی دوایدا حکومەتی میسری بڕیاری دەرکرد، بە گۆڕینی ناوی شەقامەکە. ئەوان گوتیان، نابێت شەقامێک بەناوی کابرایەک بێت، کە میسری وێران و تاڵان کردووە و دەستی سوورە بەخوێنی میسریەکان. لە مێژوودا هاتووە کە سوڵتان سەلیمی یەکەم، بەدەستی دکتورەکەی خۆی ژەهر خوارد کراوە، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن، نەخۆشیەکی کوشندەی گرتووە و مردووە.
سوڵتان سلێمانی قانونی دوای مردنی باوکی سەلیمی یەکەم، هاتە دەسەڵات. وەزیری یەکەمی دەوڵەتی عوسمانی ئیبراهیم باشا، فەڵە بوو لە منداڵی بە دیل گیرا بوو، لە کۆشکی سوڵتان پەروەردە کرابوو، جێگە متمانەی سلێمانی قانونی بوو، کابرایەکی لێهاتووی زیرەک بوو لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئیمپراتۆریەت، ڕۆشەنبیرێکی بەتوانا بوو، خاوەن کاریزما بوو، ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە سەرکەوتنەکانی سوڵتان سلێمان، نزیکترین هاورێ و دەستەڕاستی سوڵتان بوو، بۆیە سوڵتان سلێمان مەترسی ئەوەی لێ نیشتبوو، کە یاخی بێت لێ و کودەتای بەسەردا بکات، لەبەرئەوە لە ساڵی ١٥٣٦دا فەرمانی خنکاندنی بۆ دەرکرد. 
سوڵتانی عوسمانیەکان لە پێناوی دەسەڵاتدا لەنێو خێزانی خۆیاندا یەکدیان کوشتووە. ١٥٥٢ سوڵتان سلێمان نیگەران بوو، لەوەی کە موستەفای کوڕی پێگەی لەنێو سوپای ئینکیشاریدا بەهێزە، لەنێو خەڵکدا بەتایبەتی لەناوچەی ماسیا پێگەی جەماوەریی بەهێز بوو. سوڵتان سلێمان لێ نیگەران بوو کە لێی یاخی بێت و کورسی دەسەڵاتی لێ بستێنێت، بۆیە تومەتباری کرد، بەوەی کە لەگەڵ شای سەفەویەکان دژی باوکی دەستی تێکەڵاو کردووە، لە ساڵی ١٥٥٢دا فەرمانی خنکاندنی بۆ دەرکرد. 
خێزانی یەکەمی سوڵتان سلێمان، دەستی هەبوو لە ژەهرخوارد کردنی ئەمیر محەمەدی کوڕی سلێمانی قانونی کوڕی سوڵتانە هورەم، بۆ پاراستنی ئەو پۆزشنە بۆ کوڕەکەی خۆی. سوڵتان سلێمان، بایەزیدی کوڕی بە سێ منداڵەوە خنکاند، لەبەرئەوەی لێ یاخی ببوو لەسەر دەسەڵات وەرگرتن. سوڵتان سلێمان لەبەر هەمان هۆ فەرمانی خنکاندنی مێردی خوشکەکەی دا. دوای مردنی سوڵتان،  سەلیمی دووەم کوڕی سلێمان بوو بە سوڵتان.
 دوای ئەوە کوڕی سوڵتان سەلیم،  مورادی سێەم پێش ئەوەی  لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشێت، پێنج لە خوشک و براکانی کوشت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەبن بە کۆسپ لەپێش دانیشتنی لەسەر کورسی دەسەڵات. دوای مردنی مورادی سێەم، هەمان ڕۆژ و پێش ناشتنی تەرمی باوکی، محەمەدی سێەم کوڕی سوڵتان موراد بە پەلە فەرمانی دا بە خنکاندنی نۆزدە لە برا و بیستوشەش خوشک لە خێزانەکەی خۆی، هەندێکیان تەمەنیان تەنیا چەند مانگێک بوو، هەروها فەرمانی دا بە کوشتنی ژنەکانی باوکی بەتایبەتی ئەوانەی دوو گیان بوون، ئەو تاوانە مەزنە تەنیا لە پێناو لابردنی کۆسپ بوو لەسەر کورسی دەسەڵات لە داهاتوودا، ئینجا دوای ئەو فەرمانە، سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی محەمەدی سێەم لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشت.
لەسەر ئاستی جەماورەدا، کێشەی ناوەخۆ لەسەر دەسەڵات لە قۆناغی محەمەدی سێیەمدا هەبوو، دوو شۆڕش سەریان هەڵدا، کە هێزی چەکداریان هەبوو لە سوڵتان و حکومی عوسمانی یاخی بوون. کە لە مێژوودا بە  شۆڕشی خەیالە و فەرارین ناسراون، کە لە ئەنجامی ئەو ناکۆکییە سەدان موسڵمان یەکدیان کوشت، تا لەگەڵ سوڵتان گەیشتنە ڕێککەوتن و دواتر سوڵتان توانی هەموو لایەنگرانیان سەرکوت بکات و سەڕۆککەیان بکوژێت.  سوڵتان لە ساڵی ١٥٦٦ز لە دایک بووە لە ساڵی ١٦٠٣ز مرد، دوای خۆی ئەحمەدی یەکەم کوڕی سوڵتان جێگەی گرتەوە کە لە ساڵی ١٥٩٠ز لە دایک بووە لە ساڵی ١٦١٧ مردووە. لە قۆناغی دەسەڵاتی ئەو سوڵتانەدا، بزوتنەوەیەکی کوردی بە سەرۆکایەتی پۆلاد لە حەڵەب دژی سوڵتان سەرهەڵدەدا، بەڵام دواتر خامۆش دەبێتەوە و سەرۆکەکەی ملکەچی سوڵتان دەبێت. 
دوای مردنی سوڵتان، مستەفای برای لەسەر کورسی دەسەڵات دادەنیشێت. دواتر ناکۆکیی لەنێوان ئەندامانی خێزانەکەیان سەرهەڵدەدا بۆ بوون بە سوڵتان. فەرمان دەدرێت دوور بخرێتەوە و لە قەسرێک بەتەنیا ژیان بەسەر ببات تا مردنی لە ساڵی ١٦٣٩ز. عوسمانی دووەم هاتە دەسەڵات ١٦١٧-١٦٢٢ کودەتای بەسەردا کرا لەلایەن سەدر ئەلئەعزەم و وەزیرەکانی نێو دەوڵەتی عوسمانی. مورادی چوارەم هاتە دەسەڵات لەنێوان ساڵانی ١٦٢٢-١٦٤٠. دوای ئەو ئیبراهیمی یەکەم هاتە دەسەڵات لە ساڵی ١٦٤٠دا خنکاندیان تا لەهەمان ساڵدا سوڵتان محەمەدی چوارەم هاتە دەسەڵات. سوڵتان سلێمانی دووەم، سوڵتان ١٦٨٧-١٦٩١ز. سوڵتان ئەحمەدی دووەم ١٦٩١-١٦٩٥. سوڵتان موستەفای دووەم ١٦٩٥-١٧٠٣ ز لەنیوەخۆدا کودەتای بەسەردا کرا. دواتر هەموو سوڵتانەکانی کە هاتونەتە دەسەڵات، تەمنیان کورت بووە و بەهۆی نەخۆشی ژێرپەنجە و بەربوونی خوێن لە مێشک مردوون، تا قۆناغی سوڵتان سەلیمی سێەم کە لە نێوان ساڵانی ١٧٨٩-١٨٠٧دا سوڵتان بووە، بەدەستی لایەنگرانی برای مەستەفای چوارەم کوژراوە، دوای ئەوە سوڵتان موستەفای چوارەم هاتە دەسەڵات تا ١٨٠٨، ئەویش بەدەستی بزوتنەوەیەکی یاخی لەنێوە خۆدا کوژرا. سوڵتان ئەلعەزیز یەکەم لە نێوان ساڵانی ١٨٦١-١٨٧٦ حوکمی کردووە و تێرۆر کراوە، سوڵتانەکانی دوای ئەوان زۆربەیان بە نەخۆشی سیل مردوون. 

سەرچاوەی زێتر

احمد بن یوسف القرمانی. اخبار الدول و اثار الاول فی التاریخ، الدکتور احمد حطیط
بدائع الزهور فی وقائع الدهور، محمد بن احمد بن ایاس الحنفی المصر


ئەو بابەتە درێژەی دەبێت

تێبینی: ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی (فتوحاتی عەرەبی) درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە