کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی (١٢)

Friday, 01/11/2024, 0:38


هۆلاکۆ دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی عەباسی لە بەغداد، چاوی لەوە بوو کە هەموو وڵاتانی موسڵمان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. لەهەموویان گرنگتر بۆ ئەو دوای عیراق شام و میسر بوو. کە ئەو کات مەمەلیکە موسڵمانەکان ١٠ ساڵ بوو دەوڵەتی ئەیوبی موسڵمانیان ڕووخاند بوو و لە دەسەڵاتدا بوون. مەمالیک لەسەرەتادا کۆیلە بوون و دیلی جەنگ بوون. سوڵتانەکانی ئەو کات بەتایبەتی ئەیوبیەکان، بڕیاریان دابوو لە منداڵیەوە ڕاهێنانیان پێ بکەن، لە زۆرانبازێ و شمشێر و ڕەمح وەشاندن و تیر هاوێـژشتن، بۆ ئەوەی بۆ داهاتوو بەکاریان بهێنن، بەڵام ئەوەیان لەبەرچاو نەگرت بوو کە ئەو منداڵانە گیانی تۆڵەسەندنەوەیان لا دروست ببوو.
مەمەلیکەکان دیلی جەنگ بوون، هەریەکەیان خەڵکی وڵاتێک بوو، واتە هیچ ڕەگێکی خێزانیان نەبوو لە ناوچەکە، تا خاوەن کەسوکار و عەشیرەت بن، پێگەی کۆمەڵایەتیان بەهێز بێت، بۆیە سوڵتانەکانی دەوڵەتی ئەیوبیەکان، لەسەرەتادا ئەوەندە بە مەترسیان نەدەزانی لەسەر پێگەی خۆیان و بەهەندیان وەرنەدەگرتن هەر بەچاوی کۆیلە دەیانبینین.
 لە ئەنجامی ناتەبایی و ناکۆکیی لەنێو بنەماڵەی ئەیوبیەکاندا، بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات، هەلیان بۆ مەمەلیکەکان ڕەخساند، کە لەنێو سوپای ئەیوبیەکاندا مەشقیان پێ بکرێت، فێرە بەهرەی جەنگ، وەشاندنی شمشێر، تیر و ڕمح هاویشتن بن، لە کۆتایدا یەکەیەکی سەربازیان لەنێو سوپادا بۆ دروست کردن. ئەوانیش لەگەڵ کاتدا کنەیان لە دەوڵەتی ئیسلامی ئەیوبیەکان کرد و ڕووخاندیان. مەمالیکەکان بەهێزی شمشێر و هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی لەنێو موسڵماناندا، بەکوشتندانی سەدان هەزار موسڵمان بەدەستی یەکدی، ئەوجا لە ساڵی ١٢٥٠ز لە میسر لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشتن. 
مەمەلیکەکان لەسەر دەسەڵات لەنێو خۆدا ناکۆکییان هەبوو. چەند بزوتنەوەیەکی یاخی لەسەر ئاستی دەسەڵاتدا لەنێویاندا سەریهەڵدابوو، کە لە ئەنجامدا زۆرانێکیان ڕایانکردبوو بۆ وڵاتانی دراوسێ.  بەڵام مەترسی هۆلاکۆ و ئەزموونی کاول کردنی بەغداد، کاردانەوەی هەبوو لەسەر یەکگرتنەوەی مەمەلیکەکان، بەتایبەتیش کاتێک کە هۆلاکۆ نامەی هەڕەشەی بۆ سولتان قتز نارد، بۆیە سوڵتان بڕیاری لێبووردنی گشتی بۆ هەموو ئەو مەمەلیکانە دەرکرد، کە بەشداریی هەر بزوتنەوەیەک بوون دژی دەسەڵاتی حوکمڕانی و بەڵینی دا، کە ئەو شوێنی سوڵتان عەلی بین ئەزیدی ئیبەکی بەشێوەیەکی کاتی گرتووە،  لە دەسەڵاتدا دەبێت تا ڕووبەڕووی مەترسی تەتەرەکان دەبێت و لەنێویان دەبات، دوای ئەوە مەمەلیکەکان ئازادن، لەوەی کە کێ هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دابنێشێت، بەڵام هەنووکە پێویستیمان بە یەکگرتن و جیهادە دژی تەتەر، سوڵتان عەلی بین ئەزیدی ئیبەک، توانای هەڵگرتنی ئەو لیپرسراوەتیەی نییە.  سوڵتان قتز سوپایەکی پڕ چەکداری بە سەرۆکایەتی بێبەرس ئامادە کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای مەغولەکان، لە جەنگی عەین جالوتدا سوپای مەغولەکانیان شکاند.  
 مەمەلیکەکان لەژێر دروشمی ژیاندنەوەی دەوڵەتی موسڵمانی عەباسی، سنووری دەسەڵاتیان فرەوان کرد، لە ساڵی ١٢٥٠- ١٥٧١ حوکمڕانیان کرد. بە درێژایی قەڵەمڕەویان سوڵتانەکان ڕووبەڕووی ناتەبەیی ناوەخۆ هاتوون بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات. سەرسەخترین دوژمنی نێوەخۆی کۆمەڵگەی موسڵمانان ئەو کات، دوژمنایەتی خەلیفە موسڵمانە عوسمانیەکان بوو بۆ مەمەلیکەکان. هەردووک لا بەخوێنی تاسەی سەری یەکدی تینوو بوون.

جەنگی مەرجی دابق شەڕی براکوژی

کۆتا سوڵتانی مەمەلیکەکان سوڵتان تومانبای بوو، کە سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانیەکان چەند جارێک هەڵیکوتایە سەر وڵاتەکە، لە جەنگی مەرەجی دابق لە حەڵەب سوپای هەردووک لا ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، یەکێک لە ڕێبەرانی سوپای مەمالیک کە ناوی خار بێک بوو، ژێربەژێر دەستی لەگەڵ عوسمانیەکان تێکەڵ کرد بوو، پێش ئەوەی بچێت بۆ جەنگ، خەزێنەی دەوڵەتی تاڵان کرد بوو، ٥٠ حوشتری بارکرد لە تاڵانی و ناردی بۆ خەلیفەی موسڵمانان لە ئەستەنبول. ئەو هەر بەوە نەوەستا بەڵکو لە مەیدانی جەنگدا خیانەتی کرد و بوو بە لایەنی سوپای عوسمانیەکان دژی سوپای مەمالیک و بە دەنگی بەرز ڕایگەیاند، کە سوڵتان مردوە، بەمجۆرە ورەی سوپاکەی مەمالیکی ڕووخاند و سەریلێشیواندن، ئەوجا عوسمانیەکان تۆپبارانی سوپای مەمەلیکەکانیان کرد، بە هەزاران موسڵمان یەکدیان قەتل و عام کرد تا عوسمانیەکان کۆنتڕۆڵی شاری حەڵەب و شامیان کرد.

جەنگی غەزە شەڕی براکوژی

لە غەزە سوپای موسڵمانانی میسری و سوپای موسڵمانانی تورک کەوتنە بەرامبەر یەکدی، بە هەزاران موسڵمان یەکدیان کوشت، تا عوسمانیەکان غەزەیان داگیرکرد. سوڵتان سەلیمی یەکەم نامەی نارد بۆ سوڵتان تۆمانبای، داوای لێ کرد، خۆی ڕادەست بکات بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە. جەنگی ئەلریدانیە لەنێوان سوپای هەردوو لادا ڕوویدا، بەهەزاران موسڵمان یەکدیان کوشت تا عوسمانیەکان سەرکەوتن، لەو جەنگەشدا غەزالی خیانەتی لە سوڵتانی مەمەلیک کرد و پێشوەخت هەموو زانیاریەکی بۆ سوڵتانی عوسمانی ناردبوو.  
عوسمانیەکان چوونە نێو شاری قاهیرە، تا سێ ڕۆژ قەتلوعامی خەڵکیان کرد و دەستدرێژیان کردە سەر ژن و منداڵ و پەککەوتە، ئەو شارەیان تاڵان کرد هەرچی دزیان ناردیان بۆ ئەستەنبول. سوڵتان سەلیم لە مزگەوتی قاهیرە خوتبەی دا. سوڵتان تۆمانبای دەستی کرد بەشەڕی پارتیزانی لەنێو شاری قاهیرە. عوسمانیەکان بەنێو شاردا بەربوون لە ماوەی چوار ڕۆژدا، دە هەزار کەسیان کوشت.  لە ئەنجامدا تۆمانبای خۆی حەشاردا، بەڵام شێخ حەسەن کە مەمالیک بوو خیانەتی لێ کرد و شوێنەکەی بۆ عوسمانیەکان ئاشکرا کرد. تومانبایان دەستگیر کرد،  بەدیلی لە ساڵی ١٥١٧دا، لەبەردەم دەرگەی زویلە، بەبەرچاوی خەڵک قورئانێکی لەدەست بوو، لە سێدارە درا.
سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانیەکان هەر بەوە نەوەستا، بەڵکو وڵاتی شام و حیجازی کۆنتڕۆڵ کرد و ناردی بەدوای کۆتا خەلیفەی عەباسیەکان محەمەد ئەلمتەوەکل، کە لە شاری قاهیرە نیشتەجێ بوو، لەژێر فشاردا سازشی لە خەلافەت پێ کرد بۆ سوڵتان سەلیمی یەکەم، بەم جۆرە خەلافەتی ئیسلام درا بە ئیمپراتوریەتی عوسمانی کە لە ساڵی ١٢٩٩ ز بەردەوام بوو هەتا ساڵی ١٩٢١ز. 
ناکۆکی نێوان مەمالیکەکان و سوڵتانە عوسمانیەکان بەردەوام بوو، لەنێو جومگە سەرەکیانی حوکمڕانیدا ململانێ قوڵ هەبوو بەدرێژایی دەسەڵاتی عوسمانیەکان لە میسر. دەسەڵاتی حوکمڕانی لەسەر سێ ستون داڕێژرا بوو، یەکەم (ئەلوالی- ئەلدیوان- ئەلممالیک)، ئەوانەی لەم سێ ستونەدا کاریان دەکرد، نانیان لە خوێنی یەکدی دەکوشی، هەمیشە ناتەبا بوون، هاڤرکێیان بوو بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵات بەهەمان شێوەی وەزیرەکانی عەباسی. 
ئەلوالی سێ ساڵ لە دەسەڵاتدا دەمایەوە، بەرزترین پۆزشن بوو کە وەکیلی سوڵتانی عوسمانیەکان بوو لە قاهیرە، ڕاستەوخۆ فەرمان و بڕیارەکانی سوڵتانی جێبەجێ دەکرد، سەڕۆکی سوپا بوو، لێپرسراو بوو لە کۆکردنەوەی جەزیە لە میسر و ناردنی بۆ خەزێنەی دەوڵەت لە ئوستانبول. ئەلدیوان لە گەورە پیاوانی نێو سوپا، مەلا زاناکان و فەرمانبەری مەرتەبە بەرز پێکهاتبوو، یارمەتی والیان دەدا لە بەڕێوەبردنی وڵات، دەسەڵاتی ئەوەیان هەبوو بەرەنگاری فەرمانەکانی سوڵتان بن ئەگەر پێیان وابا کە لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە، لە هەمووی گرنگتر دەیان توانی بەگەلەکۆمەکێ داوای لابردنی والی بکەن. مەمالیکەکان کاروباری ناوچەیی میسریان پێ سپێردرابوو.  
کاتێک کە عەلی بیک بوو بە شێخ ئەلبەلد، کە بەرزترین پۆزشنی سیاسی بوو لە ستونی مەمالیکەکان، هەروها ئەو پێشوەخت پێگەی جەماوەری بەهێزی هەبوو، بۆیە هاوکات لەگەڵ شیخ زاهیر عومەر لە فەلستین دەستیان تێکەڵ کرد دژی والی سوڵتانی عوسمانیەکان لە ساڵی ١٦٧٩ لە میسر دەریانپەڕاندن، هەروها سوپایەکیان ڕێکخست بە ڕێبەرایەتی ئەبو زەهەب، کە دژی سوڵتانی عوسمانی بجەنگێت بەڵام ئەبو زەهەب، خیانەتی لێ کردن و لێیان هەڵگەڕایەوە، سوڵتانی عوسمانیەکان بەپارە  کڕی و کردی بە پاڵپشتی خۆی. لە ساڵی ١٧٧٣دا عەلی والی میسریان لەنێوبرد و میسر گەڕایەوە ژێر چەپۆکی عوسمانیەکان، لە ساڵی ١٧٧٥دا ئەبو زەهەب کرا بە والی میسر.  دەسەڵاتی عوسمانیەکان لە میسر مانەوە تا هێڕشی فرەنسیەکان لە ساڵی( ١٧٩٨-١٨٠١) دوای ئەوە دەسەڵاتی عوسمانیەکان لە ساڵی ١٨٠٥دا دووبارە گەڕایەوە بۆ میسر.
سەری مەمالیکەکان لە دەرگەی مزگەوتی الحوسینیەی قاهیرە جان لیون وێنەی کێشاوە ١٨٦٦
کۆمەڵکوژی مەمالیکە موسڵمانەکان لەلایەن محەمەد عەلی باشای موسڵمان
دەسەڵاتدارانی عوسمانی هەمیشە ڕقی ئەستووریان لە مەمالیکەکان هەبووە و مەترسی یاخی بوونیان لێ دەکردن، لەگەڵ ئەوەی هاوئاینی خۆیان بوون بەڵام هەمیشە پلانی تۆکمەیان بۆیان داناوە بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیان بکەن. لە ساڵی ١٨١١ز محمەد عەلی باشا لە میسر بەبۆنەی دەستبەکار بوونی کوڕی وەرگرتنی پۆزشنی باڵا لە سوپای میسری، بانگەوازی ئاهەنگێکی گەورەی کرد لە قەڵا، بانگهێشتی زۆربەی کەسایەتیە ناسراوەکانی مەمالیکەکانی کرد، ئەوانەی لە حکومەتدا فەرمانبەری مەزن بوون، یان لە ریزی سوپادا پۆزشنیان هەبوو یان خاوەن پێگەی جەماوەری بوون، یان کەسایەتی ناسراوی مەمالیکەکان بوون. زۆربەی ئەوەی بانگهێشت کرا بوو هات بۆ بەشداری لە ئاهەنگەکە. دوای گەیشتنی مەمالیکەکان، دەرکەوت کە ئەوە پیلانە، بە فەرمانی محەمەد عەلی باشا سوپا دەرگەی قەڵایان داخست، دەوراو پشتی گرتن و هەموویانیان دا بەر دەسترێژ و بەکۆمەڵ کوشتیانن، ئەوەی ڕزگاری بوایە و بەردەسترێژی گوللە نەکەوتابا، بە شمشێر سەریان دەپەڕاند. ئەم ڕووداوە بۆ سێ ڕۆژ دۆخی میسری شڵەژاند، سەربازی عوسمانی بە ماڵی مەمالیکەکان وەربوون و هەزارانیان لێ قەتلوعام کردن، ماڵیان تاڵان کرد و دەستدرێژیان کردە سەر ژن و منداڵیان. 

سەرچاوەی زێتر

حسين كفافي، محمد علي.. رؤية لحادثة القلعة 
صلاح عیسا، ڕیجال مەرجی دابق 

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت


تێبینی:

ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی (فتوحاتی عەرەبی) درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە