کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(١٠)

Friday, 27/09/2024, 20:21


قۆناغی دەسەڵاتی سیاسی فاتمیەکان دوو قۆناغ بووە، یەکیان دەسەڵاتی تەواو لە دەستی خەلیفە بووە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا وەزارەتیان پێکهێناوە و دەسەڵاتی سیاسی بەسەر وەزیرەکاندا دابەش بووە. لە ئەنجامدا کاری کردۆتە سەر، یەکێتی فیکر و جۆری بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی، هەوڵدانی وەزیرەکان بۆ کوشتنی یەکدی، بۆ بوون بە وەزیری یەکەم و گەیشتن بە دەسەڵات. 
لە قۆناغی دەسەڵاتی ئەلمونستەنسر بیلادا، جگە لە شڵەژانی دۆخی سیاسی، دۆخی ئابووریش بەرەو خراپ دەچێت، بەجۆرێک کە برسیەتی سەرتاپای میسر دەگرێتەوە. لاواز بوونی دۆخی ئابووریی هەمیشە لاواز بوونی دۆخی سیاسیشی بە دواوە دێت، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو وڵاتان لە سەرتاپای دنیادا ڕوودەدات، کە هێزی نەرم بەقەد هێز و سوپا و دەسەڵاتی سیاسی، کارێگەری هەیە لە بەرەو هەڵدێر بردنی دەسەڵات و ڕووخانی حوکمڕانی دەوڵەت.
 لە خراپ بوونی دۆخی ئابوورییدا، یەکەم شت کە خەلیفە لەدەستی دا، خوتبە دان بوو لە هەردوو شاری مەککە و مەدینە، گەڕانەوەی خوتبەدان بۆ خەلیفەی عەباسی. ئەو وڵاتانەی لەژێر هەژموونی خەلیفە بوون و هێزی ئۆپۆزسیۆنیان هەبوو، ڕێبەرەکانیان ئەو هەلەیان قۆزتەوە بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات، سەربەخۆیان ڕاگەیاند وەک شام، سور، مەغرب، تەرابلوس، حەڵەب و بەیتی مەقدس و رەملە.  خەلیفە بۆ ڕزگار کردنی کورسی دەسەڵات لە ڕووخان، پەنا بۆ بەدرەدین جەمالی سەڕۆکی سوپا دەبات. بەدرەدین دەتوانێت وڵاتەکە و کورسی دەسەڵات لە ڕووخان ڕزگار بکات، بێ گومان ئەمەش باجەکەی بۆ خەلیفە مەزن دەبێت، لەبەرئەوەی هەر کەسێک کە بتوانێت بەهێزی شمشێر کورسی دەسەڵات بپارێزێت، ناهێڵێت یەکی دی لەسەری دابنیشێت، بەم جۆرە بەدرەدین جەمالی، گشت دەسەڵاتێکی دەوڵەت و حوکمڕانی، دەکەوێتە ژێر دەست و خەلیفە دەبێت بە سفری دوای فاریزە.

شەڕی براکوژی ئەلبابین

ناکۆکی نێوان خەلیفە و وەزیرەکان لەسەر دەسەڵات، بۆتە هۆی ئەوەی کە هەموویان دژی ئەویدی هەوڵبدەن لەگەڵ دەوڵەتەکانی هاوسێ و دژەکانی یەکدی ڕێککەون. ئەلئەمیر عبدوڵا یوسف بن حافیز، ناسراو بە بیلعازد بیدین ئەڵا، کە کۆتا خەلیفەی فاتمیەکان بوو، لە قۆناغی حوکمڕانی ئەودا ڕکابەری کەوتە نێو وەزیرەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، بەتایبەتی لەنێوان شاوەر و سوپا سالار کە ناوی درغام بوو. بۆ ئەو مەبەستە هەردووکیان هەوڵیاندا، پەنا بۆ دەوڵەتی هاوسێ ببەن بۆ دژایەتی کردنی یەکدی، واتە دەوڵەتانی هاوسێ تا دەگات بە خاچپەرستەکان کە موسڵمان نەبوون. ئەمە هاوشێوەی هەمان ئەزموونە، کاتێک کە ینک و پدک بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان پەنا بۆ سوپای ئیران و تورکیا و عیراق دەبەن، ئەوەی ئەو کات ڕوویداوە سیاسەت بووە، ملشکاندنی یەکدی بووە بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات، وەک ئەمڕۆ کە لە دنیادا ڕوودەدات. 
دەوڵەتی زەنگی کە سەلجوقیەکان دەستیان هەبوو لە دامەزراندنی،  لە باکووری شام و عیراق بە تایبەتی شاری موسڵ نەخشەی جیوگرافیای سیاسیان بوو. پایەتەختیان حەڵەب بوو، دواتر پایەتەخت گوازرایەوە بۆ دیمەشق، لە ساڵی ١١٥١ز شاری موسڵ بوو بە پایەتەخت. ئەمانە دەسەڵاتیان هەبوو و سەر بە دەوڵەتی عەباسی بوون، کە ئەوکات عەباسیەکان دوژمنی سەرسەختی فاتیمەکان بوون، لەگەڵ ئەوەشدا شاوەر پەیوەندیی لەگەڵ بەستن بۆ دژایەتی کردنی دورغام. 
شاوەر پەیمانی دا بە سوڵتان نوردین زنگ، کە ئەگەر دەرغام لەنێوبەرێت، ئەوا ئەو سێ بەشی داهاتی میسری دەداتێ. نورەدین زەنگی کە تورک بووە، چاوی تەنیا لە بەشێک لە داهاتی میسر نەبووە، بەڵکو ویستویەتی ئەو هەلە بقۆزتەوە، سوود وەربگرێت بۆ فرەوان کردنی دەوڵەتی زەنگی، فرەوان کردنی دەسەڵاتی و سەپاندنی هەژموونی بەسەر میسردا، بۆیە لە قۆناغی یەکەم بۆ سەرکەوتنی ستراتیژیەتی دووری، ئەو تاکتیکە بەکاردەهێنێت و بە پێشنیارەکەی شاوەر ڕازی دەبێت. هێزێکی مەزنی پێکهاتوو لە هەزاران شمشێردار، بە ڕێبەرایەتی شێرکۆ و کوڕی براکەی، کە سەڵاحەدینی ئەیوبی دەبێت، دەنێرێت بۆ میسر، شەڕی ناوەخۆ دەست پێ دەکات، بە هەزاران موسڵمان یەکدی دەکوژن، لە ئەنجامدا شێرکۆ سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، شاوەر دووبارە دەبێتەوە بە وەزیری دەوڵەتی فاتیمی. 

دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبیە، سەڵاحەدین و شەڕی براکوژی

شاوەر کە هاتە دەسەڵات، لە بەڵێنەکەی پاشگەزبۆیەوە، داوای لە نوردین زەنگ کرد کە هێزەکەی میسر بەجێبهێڵن بەڵام ئەو ڕەتی کردوە. شاوەر بۆ پاراستنی کورسی دەسەڵات، لەگەڵ سوپای فەرنجی واتە خاچپەرستەکان ڕێککەوتن، هێزی موسڵمانی سەر بە شاوەر و سوپای فەرەنجی لەیەک سەنگەردا هێڕشیان کردە سەر هێزەکەی شێرکۆ و سەڵاحەدینی ئەیوبی، لە ناوچەی ئەلبابین شەڕی براکوژی گەرم بوو، کە بە هەزاران موسڵمان یەکدیان قەتلوعام کرد، لە ئاکامدا شێرکۆ سەرکەوت و بەبێ بەرەنگاری چووە نێو شاری ئەسکەندەریە و سەڵاحەدینی ئەیوبی کرا بە والی ئەو شارە. 
سەلیبیەکان دەرکیان بە لاواز بوونی دەوڵەتی فاتیمی کرد، بۆیە هێرشیان کردە سەر میسر. دووبارە شاوەر داوای لە سوڵتان نوردین زەنگی کرد کە یارمەتیان بدات، لەبری ئەوەدا ئەویش پابەند دەبێت بە بەڵێنی پێشووی. دیسان سوڵتان فەرمانی دا، کە سوپا بە ڕێبەرایەتی شێرکۆ و سەڵاحەدینی ئەیوبی کە مام و برازا بوون، لە پاڵ هێزەکەی شاوەر دژی سەلیبیەکان بجەنگن. ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە، کە سوپای شێرکۆ زۆربەی شمشێرداری کورد دەبن، لە ئاکامدا ئەوان سەرکەوتن و توانیان قاهیرە بپارێزن، ئیتر خەلیفە هەموو کاروباری وڵاتی ڕادەستی شێرکۆ کرد، بوو بە وەزیری یەکەم، بەڵام دوای دوو مانگ شێرکۆ مرد. خەلیفە بڕیاری دا کە سەڵاحەدینی ئەیوبی شوێنی بگرێتەوە لە ساڵی 11٧١ ز، واتە ئەو وەزیر بوو و ڕێبەری سوپای زەنگیەکانیش بوو لە میسر. بێ گومان ئەو کات خەلیفە پێی وابوو، کە سەڵاحەدین تەمەنی لە ناوەڕاستی بیستەکان دەبێت و خاوەن ئەزموونی بەڕێوەبردنی دەسەڵات نابێت، کە دواتر خەلیفە دەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکات، بەڵام ڕووداوەکان دەریدەخەن، کە هەڵسەنگاندنی خەلیفە بۆ ئەو گەنجە ئازایە، هەڵە دەبێت. 
نەخشەی جوگرافیای دەوڵەتی ئەیوبیە
کاتێک کە سەڵاحەدین هاتە دەسەڵات لە میسر، ستراتیژیەتی سوڵتان نورەدینی زەنگی ئەوە بوو، کە سەڵاحەدین دەوڵەتی فاتیمی بروخێنێت، ببێت بە بەشێک لە دەوڵەتی زەنگی و  بیبەستێتەوە بە دەوڵەتی عەباسی کە ئەو کات دەوڵەتی عەباسی گەلێک دەوڵەت و ویلایەی لێ جیا ببووەوە. هەمیشە مێژوو پێمان دەڵێت، ئەوەی توانیبێتی پارێزگاری لە کورسی دەسەڵات بکات، مەحاڵە بۆ کەسی بەجێهێشتبێت. سەڵاحەدین کە توانی کۆنتڕۆڵی میسر بکات، جەنگی گەورەترین سوپا و هێزی  خاچپەرستەکان و بێزەنتیەکان بکات و سەربکەوێت، هەروها دەوڵەتی فاتیمی بڕوخێنێت، کە دوو سەدە حوکمیان کردبوو، لە نێوەخۆش ڕووبەڕووی پاشماوەی فاتیمیەکان ببتەوە، قودس ئازاد بکات، کە ئەو کات ٩٠ ساڵ بوو لەژێر دەستی خاچپەرستەکان بوو، ئەمە هەمووی هێمای ئەوە بووە کە مەحاڵە ئەو کەسایەتیە بەهێزە و خاوەن کاریزمایە کورسی دەسەڵات بەجێبهێڵێت، بۆیە لەگەڵ نوردین زەنگی کێشە کەوتە نێوانیان، گەیشتە ئاستێک سوڵتان نورەدەین بڕیاریدا، کە سوپا بنێرێتە گژ سەلاحەدین لە میسر، بەڵام سەلاحەدین توانی بەگفتگۆ سوڵتان دڵنیا بکاتەوە، کە ئەو هەرگیز مەبەستی یاخی بوون نییە لە دەسەڵاتی سوڵتان.  دوای مردنی سوڵتان نورەدین، ئەوجا سوپای ئەیوبیەکان لەگەڵ سوپای زەنگی ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، شەڕی براکوژی لەنێوانیاندا ڕوویدا، بەهەزاران موسڵمان یەکدیان کوشت و لە ئاکامدا سەڵاحەدین سەرکەوت.  پاش مردنی نورەدین زەنگی، سەڵاحەدین لە میسرەوە سنووری جوگرافیای دەوڵەتی ئەیبوبیەی فرەوان کرد و شام و حەڵەبی خستە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەیوبیە و دەوڵەتی زنگی ڕووخاند، ڕووی لە موسڵ کرد تا ساڵی ١٢٦١ز. 
بەدڵنیایەوە ئەو کات سەڵاحەدینی ئەیوبی بۆ میللەتی کورد، دەیتوانی  نواتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دابنێت، لەژێر دروشمی ئاینیدا، وەک ئەوەی ڕێبەرانی عەرەب و فارس و تورک لە مێژوودا کردوویانە، بەڵام نەیکردوە، هەروها دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت، کە بەگوێرەی خوێندنەوەی مێژوو بێت، سەڵاحەدین ئەیبوبیش هەوڵی داوە لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشێت، بۆیە لە هێزی دەوڵەتی عەباسی و زەنگی و سەلجوقی یاخی بووە کە گشتیان دەوڵەتی موسڵمان بوون، واتە مەسەلەکە ئاین نەبووە ئەوەندەی شەڕی دەسەڵات بووە.  بەهەرحاڵ دوای مردنی خەلیفەی فاتیمەیەکان، سەڵاحەدین ئەیوبی لە میسر دەستبەرداری دەسەڵات نەبوو، دەوڵەتی فاتیمی ڕووخاند، دوای مردنی سوڵتان نورەدین زەنگی، سەڵاحەدین دەوڵەتی زەنگیشی ڕووخاند و دەوڵەتی ئەیوبیەی دامەزراند و لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشت.

سەرچاوەی زێتر:

الدولە الفاطمیە، دکتور جمال
احمد مختار، التاریخ العباسی و الفاطمی
جمال بدوی، الفاطمیە دولە التفارح و التباریح

تێبینی:

ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی (فتوحاتی عەرەب) درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە