ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(٨)
Monday, 02/09/2024, 20:47
قورئان و بۆچوونی جیا لەنێو خەلیفەکان و موسڵمانان
لە مێژووی دنیای ئیسلامدا هاتووە، کە جیاوازی فیکری بەتایبەتی بۆچوونی جیا لەسەر مەسەلەی قورئاندا، پرسیاری دروست کردووە، کە ئایا قورئان، کتێبێکی ئاسمانییە یان نا؟ واتە لەنێو موسڵماناندا لەسەر هەردوو ئاستدا، جەماوەر و دەسەڵاتدا ئەو بابەتە جێگە پرسیار بووە، بەڵام لە قۆناغی دەسەڵاتی عەباسیەکاندا، ئەو بابەتە زێتر زەق کراوە، واتە ئەو مەسەلەیە تەنیا لە دنیای عەولەمەی ئەمڕۆدا نەبووتە بابەتی مشتومڕ لەسەر کردن، بەڵکو لەسەر ئاستی خەلیفە و دەسەڵاتی ئیسلام و کۆمەڵگەی موسڵماناندا، لە مێژوودا هەمیشە قورئان جێگە پرسیار بووە، کە ئایا قورئان کتێبێکە لە ئاسماندا هاتۆتە خوارەوە یان نووسراوی دەستی مرۆڤە؟
لە قۆناغی عەباسیەکاندا زۆر گرنگی بە کتێب و خوێندنەوە و ڕۆشەنبیری دراوە. ئەو کات بەغداد بە شاری زانست و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و ئەدەب ناسراوە. لەو کاتەدا هەڵگێرانی کتێب بە زمانی دی بۆ زمانی عەرەبی لە گەشەسەندن بووە، لەو قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا بە سەدان کتێبی زانستی و فەلسەفی بەتایبەتی کتێبی فەیلەسوفە یۆنانیەکان، کتێبی ئاینی و کلتووریی وڵاتان و نەتەوەکان دی دنیا وەرگێردراوەتە بۆ زمانی عەرەبی، واتە بزوتنەوەیەکی فیکری لەو قۆناغەدا هەبووە بۆیە قورئان لەو قۆناغەدا زێتر و بە ڕاشکاوانەتر کەوتۆتە ژێر پرسیار.
خەلیفە مەئمون کوڕی هاڕونە ڕەشید، یەکێک بوو لەو خەلیفانەی کە گوتی، قورئان لە ئاسماندا نەهاتۆتە خوارەوە، بەڵکو بەدەستی مرۆڤ نووسراوە. ئەو بیرکردنەوەی خۆی نەشاردەوە، داوای لە فەقی و مەلا و پیاوانی ئاینی کرد، کە دەبێت ئەو بابەتە بەجەماوەر بکرێت، لە مزگەوت، لەنێو فەقێیەکان و قوتابیان و و نووسەران و ڕۆشەنبیران و خەڵکدا، ئەو کات ببێت بە بابەتی قسە لەسەر کردن و لێکۆڵینەوە، هەردوو لای ناکۆک لەسەر ئەو بابەتە بیسەلمێنن کە کامیان ڕاستە. ئەم بابەتە مقۆمقۆی زۆری لەنێو گەلانی موسڵمان دروست کرد، واتە کاری کردە سەر یەکێتی فیکری لەسەر ئاستی جەماوەر و دەسەڵات، کە کێشەی زۆری دروست کرد، زۆرێک لە موسڵمانان لەسەر ئەو بابەتەش یەکدیان قاتوقڕ کرد.
خەلیفە مەئمون لە دەسەڵاتدا بوو، ترسی لەکەس نەبوو، بۆیە بە ڕاشکاوانە جاڕیدا کە قورئان بەدەستی مرۆڤ نووسراوە و لە ئاسماندا نەهاتۆتە خوارەوە، لەبەرئەوە ئەو بیرۆکەیەی خەلیفە کە قورئان نووسراوەتەوە، هەموو وەزیرەکان و ئەوانەی لە جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتدا بوونە بڕوایان پێ هێناوە و لەنێو گەلانی موسڵماندا بانگەشەیان بۆ کردووە و پشتیوانیان لە بۆچوونی خەلیفە مەئمون و موعتەسەم کردووە. لە ئاست جەماوەریشدا ئەو بۆچوونە لایەنگری هەبووە. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی خەلیفە دەسەڵاتیشی بەکارهێناوە بۆ دژایەتی کردنی ئەوانەی کە دژی بیرۆکەی ئەوە بوونە، کە قورئان نووسراوە و لە ئاسمان نەهاتۆتە خوارەوە کە ئەو کات لە حزبێکدا کۆ ببنەوە ناویان ئەلموعتەزلە بوو. دوای مردنی خەلیفە مەئمون، خەلیفە موعتەسەم کە برای ئەو بوو هاتە دەسەڵات دوای ئەویش کوڕی، کە هەمان بۆچوونیان هەبوو، کە قورئان لە ئاسمان نەهاتۆتە خوارەوە بەڵکو دەستکردی مرۆڤە. ئیمام ئەحمەد حەمبەل، ئەو کات یەکێک بوو لە پیاوە ئاینیە ناسراوەکانی سونە، چەند پەرتوکێکی نووسیوە ناسراوترینیان کتێبی (ئەلمەسنەد) بوو، کە پشتیوانی لەو بەرەیە دەکرد کە پێیان وابوو، قورئان کتێبێکی پیرۆزە و لە ئاسماندا هاتۆتە خوارەوە، بۆیە بە فەرمانی خەلیفە موعتەسەم کە هەشتەم خەلیفەی عەباسی بوو واتە لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی عەباسیەکاندا لە ساڵی ٨٥٥ز ئیمام ئەحمەد حەمبەلیان لە گۆڕەپانێکدا لەنێو خەڵکدا بە جەڵدە لێدان ئەشکەنجەیان دەدا و دواتر زیندانی کرا.
خەلیفە عەباسیەکان کاتێک کە دەهاتنە دەسەڵات، ئەوجا بۆچوونی خۆیان جاڕ دەدا. هەمیشە مەزهەبی ئاینی دەوڵەت لەژێر کاردانەوەی بڕوای خەلیفە بوو، وەک هەنووکە کە یەکێک لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دادەنیشێت، حزبەکەی دەبێتە حزبی زۆرینە، بۆ نمونە، حزبی بەعس کە سەدام لە دەسەڵاتدا بوو، زۆربەی خەڵکی لەگەڵدا بوو. پارتی ئێستا لە هەولێر و دهۆک زۆرینەیە. یەکێتی لە سلێمانی، واتە ئەو کاتیش زۆرینەی گەل وەک ئێستا ئینتیهازی و بەرژەوەندیپەرست بوون، هەر خەلیفەیەک لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشتبا، ئەوا زۆرینەی گەل بە چەپڵەڕێزانە پێشوازیان لێ دەکرد. لە سەرەتادا دەوڵەتی عەباسی مەزهەبی عەلەوی بوو، دواتر مەئمون و موعتەسەم و واسق، بڕوایان بە مەزهەبی ئەلمعتەزلە بوو. خەلیفە متەوەکل مەزهەبی شافعی بوو، خەلیفە ئەلمتەوەکل سونی بوو، حکومەتاکانی دیش لەژێر هەژموونی بڕوای مەزهەبی خەلیفەکانی دی بوون.
ئەلمتەوەکل عەلە ئەڵا دەیەم خەلیفەی عەباسی و بیستۆنۆیەم خەلیفەی ئیسلام کە دوای خەلیفە واسیقی برای هاتە دەسەڵات، بە پێچەوانەی ڕێبازی مەئمون و موعتەسەم بوو، بەگیانی سونەچیاتی حوکمڕانی دەکرد و دەیگوت، قورئان کتێبێکی پیرۆزە و لە ئاسمانەوە نێردراوە. لەژێر دەسەڵاتی ئەودا فەرمانی کوشتنی دەرکرد بۆ سەدان کەس لە موعتەزلەکان و عەلەویەکان و هەڵگری شیعە مەزهەبەکان، بەسەدانی دیکەی خستە زیندانەوە و ئەشکەنجە دران، بە سەدان فەڵە و جوی ئەو دەڤەرەی قاتوقڕ کرد. ئیبن ئەلسکیتی مامۆستای منداڵەکانی بوو، تەنیا لەبەرئەوەی گوتی، حەسەن و حوسێنم لە منداڵەکانی تۆ زێتر لا ئەزیزە، خەلیفە فەرمانی بە سەربازە تورکەکان دا، بە پێیان لەسەر زگی هەڵپەرن تا دەمرێت، دواتر زمانی ببڕن و بە دیاری بینێرن بۆ کوڕەکەی.
خەلیفە ڕقێکی ئەستوری دژی شیعەکان و عەلەویەکان هەبوو، بۆیە فەرمانی دا، قەبری حەسەن و حوسێن وێران بکرێت و بکرێتە بە کێڵگە، قەدەغەی کرد کە هیچ شیعەیەک نەچێت بۆ زیارەتی نەجەف و کەربەلا. ئیمام هادی ئەو کات ئیمامی شیعەکان بوو، نیەت سافی خۆی بۆ خەلیفە نیشاندا، بەوەی کە ڕەتی کردوە سیاسەت بکات و هێزی ئۆپۆزسیۆنی شیعە دژی خەلیفە هان بدات و ڕێک بخات، بەڵام خەلیفە بۆ دڵنەوای خۆی، فەرمانی دا کە ئیمام هادی لە سامەرادا دەست بەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت چاودێری جوڵە و هات و چووی بکرێت. ئەم ئەزموونە کتومت وەک دەستبەسەر کردنی خومەینی بوو لە عیراق پێش ئەوەی بچێتە فرەنسا، هەروها ئیمام وەک مەرجەعیەت هەمان ئەزمونی ئەمڕۆیە لە عیراق کە سیستانی ئەو دەورەی هەیە. بەهەرحاڵ خەلیفە هەموو ئەو کارانەی بە پشتیوانی تورکەکانی نێو دەسەڵات ئەنجام دا، بەڵام هەندێک لە ڕێبەرانی سەربازی تورک لەنێو سوپای عەباسی ناویان بوغا و وەسیف بوو لەژێرەوە لەگەڵ ئەلمونتەسر بیلای کوڕی متەوەکل ڕێککەوتن و خەلیفەیان تیرۆر کرد و کوڕەکەی هاتە دەسەڵات، دوای شەش مانگ تورکەکان ئەلمونتەسر بیلایان ژەهر خوارد کرد و کوشتیان.
هەژموونی تورک لە دەوڵەتی عەباسی، کوشتن و چاودەرکردنی خەلیفە موسڵمانەکان بە دەستی تورکە موسڵمانەکان
قۆناغی حوکمی خەلیفە ئەمین بە قۆناغی زێرینی عەرەبەکان بوو هەژموونیان لەنێو دامودەزگە حکومیەکاندا زاڵ بوو و لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا بوون. بە سەربڕینی ئەمین و هاتنی مەئمون بۆ دەسەڵات، هاوکێشەکە گۆڕا و شکۆی عەرەب وەک جاران نەما، فارسەکان توانیان هەژموونی خۆیان لەنێو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا بسەپێنن، تا ئەو ڕادەیەی کە هێشتا مەئمون لە دەسەڵاتدا بوو، کە موعتەسەم بیلا هەستی بە مەترسی ئەو دیاردەیە کرد بوو، کە فارسەکان دەسەڵاتیان زۆر بوو لەنێو حکومەتدا بەتایبەتی لەنێو دیوان و سوپادا.
کوشتنی خەلیفە ئەمین بە دەست و هاوکاری فارسان، خەلیفە ئەلموعتەسەم بیلای نیگەران کردبوو، متمانەی بە فارسەکان نەبوو، لەلایەکی دی دایکی تورک بوو کە کاردانەوەی هەبوو لە جۆری پەروەردەکردنی، کە مەیلی بە لای تورکەکاندا بچێت بۆ پشتیوانی کردن لێی، زێتر متمانە بە ئەوان بدات. لە لایەکی دی لە قۆناغی دەسەڵاتی ئەلموعتەسەم بیلادا، لەسەر پۆزشنی نێو سوپا و پۆستی حکومی، ناتەبایی لەنێو حکومەتدا لەنێوان عەرەب و فارسەکاندا سەریهەڵدا بوو، بۆیە خەلیفە تورکێکی زۆری لە ناوەڕاستی ئاسیاوە هێنایە نێو دیوان، ١٥کەسی لێیان کرد بە ڕێبەر لەنێو سوپادا. بۆ ئەو مەبەستە خەلیفە موعتەسەم لەنێو تورکاندا سەربازی هەڵبژارد، کامەی پیاوکوژ و دز و جەردە بوو، یان توانای جەنگ و کوشتن و بڕینی هەبوو لە دەوری خۆی کۆی کردوە و لەنێو سوپادا دایمەزراندن و بوون بە سەرباز، بۆ ئەوەی بتوانێت بەکاریان بهێنێت، بۆ یەک لای کردنەوەی دەنگی ناڕەزای نێوەخۆ، چاوترساندنی میللەت و هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئەو کات، کە بەسەدان هەزار موسڵمان بەدەستی یەکدی کوژران.
لەژێر حوکمڕانی خەلیفە موعتەسەم، بەغداد پڕ بوو لە میلیشیای شمشێر بەدەستی تورک، کە مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکدا ئێجگار خراپ بوو، کۆنتڕۆڵی بازاریان کرد بوو، دەستدرێژیان دەکردە سەر خەڵک و مافیان دەخواردن، ئەم نمونەیە کتومت وەک پاکتاو کردنی نەژادی شاری عەفرینی ئەمرۆیە، کە ئەردوغان لەنێو تورک و عەرەباندا، بە هەزاران میلیشیای دروست کردووە و لە عەفرین نیشەجێی کردوون، کە دەستدرێژیان دەکردە سەر خەڵک، لە ئاکامدا بووە هۆی کۆچ کردنی هەزاران کورد لەو شارە.
ڕێبەری تورکەکان لەژێر ئاڵای عەباسیەکاندا ئەو کات، بە پلانێکی تۆکمە، هەوڵیاندا پۆل پۆل تورک بخزێنە نێو ئاینی ئیسلام و هێزی میلیشیای شمشێرداری مەزنیان لێ پێک بهێنن، تا وەک ئامرازێک بەکاریان بهێنن بۆ ترس و تۆقاندن. لە ئەنجامی جۆری هەڵسوکەوتی تورکەکان خەڵکی بەغداد هەرەسانیان لێ هەستا بوو، هەوڵیان دەدا دەنگیان بگاتە خەلیفە، بۆیە خەلیفە بڕیاری دا بیناغەی شاری، سورە مەن ڕەئە (سامرا) دابمەزرێنێت و بیکا بە پایەتەخت و بنکە و بارەگەی تورکەکان. لە ئەنجامدا چەند ڕێبەرێکی سەربازیی تورک توانیان پێگە لەنێو سوپای عەباسیەکاندا بەهێز بکەن، وەک ئەفشین و بوغای گەورە و بوغای بچووک و وەسیفی تورکی، هەروها لەگەڵ کاتدا تورکەکان تونیان لەنێو جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتدا پێگەی خۆیان توند بکەن.
ئەلموعتەسەم بیلا سوودی لەو هێزە وەرگرت، بە ڕێبەرایەتی ئەفشین کە ڕێبەرەکی تورک بوو لەنێو سوپادا، هێزی ئۆپۆزسیۆنی خورامی کە دژی خەلیفە لە جموجۆڵدا بوون سەرەکوت کرد و ٢٥٠ هەزار موسڵمان یەکدیان کوشت. بەم هەنگاوە تورکەکان ناوبانگیان دەرکرد، کە پارێزگاری لە خەلیفە و دەوڵەتی موسڵمان دەکەن و پێگەیان لەنێو میللەتدا بەهێز بوو و هەوادارێکی زۆریان پەیدا کرد.
ڕێبەرانی سەربازیی و سیاسیی تورک، مرغیان لە وەرگرتنی دەسەڵات خۆش کردبوو، شکۆیان پەیدا کرد بوو، خەلیفەیان دەکوشت و خەلیفەیەکی دیان لە شوێنی دادەنا بۆ ئەوەی جڵەوی حوکمڕانی لەژێر پەردەوە لە دەستی خۆیان بێت، وەزیریان دەستنیشان دەکرد، ئەگەر بە دڵیان نەبا دەریاندەپەڕاند و دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرت، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ ئەلمونتەسر بیلای کوڕی متەوەکل بیلا ڕێککەوتن و خەلیفە متوەکل بیلایان کوشت، لە جێگەی ئەو ئەلمونتەسر بیلایان دانا کە سەر بە خۆیان بوو. ئەو خەلیفەیە تەنیا دیکور و بێ دەسەڵات بوو، تورکەکان هەمەکارە بوون و حوکمڕانی دەوڵەتەکەیان دەکرد. لە زەمانی قەڵەمڕەوی موعتەز بیلا، ڕۆڵی تورکەکان بەرەو زێتر چوو بۆیە خەلیفە نیگەران بوو و دژیان کاری دەکرد، گەیشتە ئاستێک کە ئیتر هەر خەلیفەک ئەوان بە دڵیان نەبا دەیانکوشت، لە ئەنجامدا خەلیفە موعتەز بیلایان کوشت. دەستنیشان کردنی پۆزشنی خەلیفە کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکەکان، ئەم ئەزموونە هەمان ئەزموونی ئەمڕۆی عیراقە، کە ئیران هەر کەسێکی بوێت دەسنیشانی دەکات بۆ سەڕۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و هەموو پۆزشنە هەستیارەکانی جومگە سەرەکیەکانی نێو حوکمڕانی عیراق لەژێر کۆنتڕۆڵی تارانە.
ڕێبەری تورکەکان لەنێو تورکەکاندا هەوڵیاندا زۆربەی خەڵک بێنە نێو ئیسلام، بۆ ئەوەی بتوانن لەشکرێکی مەزنی تورکییان لێ پێکبهێنن بۆ دەستەکەوتە نیشتمانی و نەتەوەیەکانیان لەژێر دروشمی ئاینی ئیسلامدا و لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عەباسی و خەلیفە بێ دەسەڵاتەکاندا. تورکەکان هەوڵیاندا ببن بە سەرباز لەنێو سوپادا، هەوڵیان دەدا زمانی عەرەبی فێر ببن بەڵام لە مێژوودا هاتووە، کە هەمیشە ئارەزوویان نەبووە قسەی پێ بکەن و هەوڵیانداوە بە زمانی خۆیان قسە بکەن بۆ ئەوەی شکۆی زمانی تورکیی نەشکێت. دەسەڵاتدارانی تورکەکان لەنێو حکومەتی عەباسیەکاندا چەند خەلیفەیەکی دیان تیرۆر کرد وەک، خەلیفە ئەلموستەعین بیلا سەریان بڕی. خەلیفە موعتەزی بیلا، نەیتوانی موچەی سەربازی سوپا دابین بکات، بۆیە لەنێو سوپادا سەربازی تورک و مەغربی و فەرغانی ڕێککەوتن، هەڵیان کوتایە سەر خەلیفە، پێیان گوت، تۆ چۆن خەلیفەیەکی، کە ناتوانیت موچەمان بۆ دابین بکەی، داوایان لێ کرد واز لە کورسی دەسەڵات بهێنێت و دواتر بە ئەشکەنجە کوشتیان. ئەمە هەمان ئەزمونی هەرێمە، کە هەنوکە ناتوانێت موچە دابین بکات، تەنیا جیاوازی لەو ئەزمونەی ئەو کات لەگەڵ ئێستا ئەوەیە، کە کەس نییە بەرامبەریان بگرێت بڵێت کش مەلیک. ئەلموهتەدی بیلا لەنێو قەدەوە بە شمشێر کردیان بە دوو کەرت. ئەلموقتەدر بیلا عەیب نەبێت گونیان گوشی تا مرد. ئەلموستەجید بیلا لە حەمامێکی گەرمدا دەرگەیان لێ داخست تا مرد. خەلیفە ئیبراهیم موقتەفی بیلا، خەلیفە موحەمەد قاهری بیلا، خەلیفە ئیبراهیم موقتە بیلایان نەکوشت، بەڵام ڕیسوایان کردن بە زیندووی چاویان دەرهێنان. بە کورتی بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات، ئەوەندەی خەلیفەی موسڵمانان بەدەستی فارس و عەرەب و تورکیی موسڵمان کوژراون، ئەوەندە بەدەستی ڕێبەرانی ئاینی دی وەک فەڵە و جو نەکوژراون.
سەرچاوەی زێتر:
نفوذ الاتراك في الخلافة العباسية عبدالعزیز محمد
السنە، الدکتور معمد بن سعدیا بن ساڵم القحطانی
جلد الأمام أحمد بن حنبل وقتل امام الشيعة وحطم الروم في معركة عمورية | هل هو قديسٌ أم ابليس؟
نهايات مآساوية لأقوى خلفاء بني العباس بشكل لا يُصدق !!
تێبینی:
ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.
ئەو بابەتە درێژەی دەبێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست