هەڵبژاردن و خولانەوە لە فەلەکی پارتییدا!
Thursday, 11/04/2024, 18:34
پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو ڕاستییە بخرێتە ڕوو، کە لە پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، تەنیا ئەوە بینراوە، کە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا، نەیتوانیوە هیچ گۆڕانکاریەک لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا بکات. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پێنج خولدا، نەیتوانیوە دەزگەیەکی کارای بێ لایەن پێکبهێنیت، کە خاوەن بڕیاری سەربەخۆ بێت، تا ئێستا هەژموونی هەڵبژاردن تەنیا دەزگەیەکی ئیفلیجی بێ هێزی هێناوەتە کایەی سیاسی هەرێم، لە پارتیش زێتر کەس دەنگی یەکەمی نەهێناوە، ئەگەر بەبیرتان بێتەوە هەتا لە زەمانی ففتی ففتی پارتی ٥٠% و یەکێتی لە ٤٩% هێنا دوای مشتومڕێکی زۆر و کێشمەکێشمە ئەوجا ڕێکەوتن بە جاڕدانی فیفتی فیفتی.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کە بەشداریی ئەو پێنج خولەی پەرلەمانی کوردستانیان کردوە، لە ئاکامدا بەرەو بێ هێزی چوون، بوون بە کۆڵەکەیەک بۆ ڕاگرتنی ئەو دەسەڵاتەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە وەرگرتنی بودجەی حزبی و دەستکەوتی ئابووریی، سەرانی ئەو حزبانە کونجی قەناعەتیان گرتووە و پێگەی جەماوەریان لەدەست داوە، بوون بە ئامرازێک کە شەرعیەتی زێتر بدرێت بە هەڵبژارنەکان و بە حکومەتی هەرێم، کە ینک و پدک دوو هێزی سەرەکیین لە پێکهێنانی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەدا.
ئەمڕۆ سەرقاڵ کردنی خەڵک بە هەڵبژاردن و بەشداریی ئەو هەموو لیستە، هەمان ئەزموونی ڕابردووە دووبارە دەبێتەوە. خەڵک متمانەی نە بەحزبی ئۆپۆزسیۆن و نە بەهەڵبژاردن ماوە، لەبەرئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەزموونێکی پڕ لە شەرمەزاریی و بێ متمانەیی لەنێو گەلانی هەرێمدا خستە ڕوو بۆ هێزی ئۆپۆزسیۆن، تەنیا بوو بەهۆی دەوڵەمەند بوونی کوڕەکانی نەوشێروان مستەفا و هەندێک فەرمانبەری پلە باڵا بۆ هەندێک لە ئەندامەکانیان، نەوەی نوێ بەهەمان شێوە. واتە گەلانی هەرێم چیدی بڕوایان بە دروشمی بریقەدار و قسەی زلی نێو میدیاکان نەماوە، ئەگەر دەنگ بە لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن بدەن ئەوە لەبەرئەوەیە کە هەڵبژاردەی دی نابینن.
ئەوەی پارتی کە خۆی گران دەکات، کە گوایە بەشداریی لە هەڵبژاردن ناکات، بانگەشەیەکی ساختەیە لە میدیاکاندا، سەداسەد ئەو بەشداریی لە هەڵبژاردن دەکات و دەیباتەوە، بۆچی؟
لە وەڵامدا دەبێت ئەوە بگوترێت، کە پارتی چاوەڕێیە کار لەسەر دەنگە ناڕەزاکان و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بکات، بۆ لەت کردنیان. ئاماژەکان پێمان دەڵێن، کە پارتی لەگەڵ سەرانی هەندێک لە لیستە تازەکاندا، بەتایبەتی لەگەڵ مەسرور بارزانی، ژێربەژێر ڕێککەوتنیان هەیە، پارەی بێ شوماریان وەرگرتووە. زۆر بوونی لیست لە هەڵبژاردنەکاندا، لە بەرژەوەندیی پارتییە، زۆربەی لیستە تازەکانی وەکو، لیستی عەلی حەمە ساڵح، لاهور جەنگی، حەمی حاجی مەحمود و نەوەی نوێ و هەندێکی دی، لە پارێزگەی سلێمانی کە چەند لیستێکی تێیدایە، لە دەنگی یەکێتی و گۆڕان کەم دەکەنەوە. لە ئەنجامدا ئەمانیش وەک نەوەی نوێ و گۆڕان، یەک دوو کورسی بەدەست دەهێنن، بودجەیان دەبێت، لە ئاکامدا دەکەونە گیرفان پڕ کردن. ئەم دوو زاتە بەهیچ شێوەیەک لە دەنگی ناوچەکانی پارتی نابەن بە تایبەتی لە بادینان. بانگەشەی هەندێک لە سەڕۆک لیستەکان بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکان، بە فیتی پارتییە، چەندێک لە قەوارەی سیاسی بچووک و بێ هێز، بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن، پێگەی پارتی زێتر بەهێز دەبێت، ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە بێ گومان کە ساختەی زۆری تێیدا دەکرێت، لە ئەنجامی بەشدار بوونی ئەو قەوارە بچووکانەدا زێتر مەشروعیەتی دەبێت.
دەنگۆی ئەوەی نەمانی کۆتا بۆ کەمە نەتەوەکان، ئەگەر ڕووبدات، ئەوەندە کار لە پێگەی پارتی ناکات، چونکە زۆربەی ئەو کەمە نەتەوەی وەک تورکمان، مەسیحیەکان لە ناوچەکانی پارتین، سەرانی ئەو حزبانە بۆ پارستنی بەرژەوەندییان ڕاڕان، هەموویان جاشی پارتین، جا لەژێر ناونیشان بێت یان بێ ناونیشانی حزبی و کەمە نەتەوەیی بێت، ئەو دەنگانە پێش وەخت بە پارە کڕاون، حزبە تورکمانەکان لەژێر هەژموونی تورکیان و بەرژەوەندییان لەگەڵ پارتییە.
لە ئاکامدا دەردەکەوێت، کە بمانەوێت یان نا، پارتی و یەکێتی زۆر یان کەم خاوەن قەوارەی جەماوەرین، لەلایەکی دی بوونی هێزی چەکداری ینک و پدک، لەت بوونی دەنگی ئۆپۆزسیۆن، نەمانی متمانەی خەڵک بەو حزبانە، دەنگی کۆتا، کڕینی لە هەندێک لە سەرۆک لیستەکان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، ساختە کردن، هەمووی ئامرازی دەستی پارتین بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆیە بایکۆت کردن و نەچوون بۆ سندوقی دەنگدان، تەنیا ڕێگەیەکە، کە مەشروعیەت بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە نادات، دەبێت بە ئاوێنەیەک کە ئەمریکا پێگە و جەماوەریی ئەو حزبانەی تێیدا دەبینێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن، ڕازی نەبوون بە ئەنجامەکەی و دۆڵوزورنا لێدان بەوەی کە ساختەکاری و یاری بە ژمارەی دەنگدەران کراوە، لە شەڕی دۆڕان بەولاوە هیچ هەژمارێکی دی بۆ ناکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست