شانۆی لەیەکچووی ململانێی زلهێزەکان لە دنیادا، زنجیرەی (١)
Sunday, 15/10/2023, 20:10
سەردێر:
ئەو ناسەقامگیریەی کە ئەمڕۆ لە ئیسرائیل، یۆکرانیا، سوریا، عیراق، کوردستان، لیبیا، سودان و تایوان شوێنی دیکە دەگوزەرێت، ڕەگێکی مێژووی قوڵی هەیە، ناکۆکییە لەسەر بەهێزکردنی باری ئابووریی و سەپاندنی شکۆ و دەسەڵاتداریەتی، نەک لەپێناو سەرکەوتنی فڵانە ئاین و فیسارکە بیروباوەڕ.
کلیلی بەهێز بوون، کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شوێنە جوگرافییە وشکایی و ئاوییە گرنگانەیە، کە خاوەن سەرچاوەی سروشتی کانزاکانن، بەتایبەتی وزە، نەوت و گاز، زیر و مرواری هیتر. سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتداریەتی و کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاویەکان لە ئۆقیانووسەکانەوە بگرە تا دەگات بە دەریاکان، دەریاچکە و ڕووبار و جۆگەلەکان و ئەو شوێنە وشکایانەی کە کیشوەرەکان بەیەکدی دەبەستنەوە، هەموو ئەمانە جێگە تەماحی هەر زلهێزێک بووە لە زەمانی ئیمپراتۆرەتەکانەوە تا ئەمڕۆ. ئەم کێشمەکێشمەیە لەسەر دەستکەوتی ئابووریی لەژێر دروشمی ئاینی، عیلمانی، بیروباوەڕی شۆڕشگیری نیشتمانیی و نەتەوەیی هیتر یاری پێ کراوە، بەگوێرەی کات و شوێنەکان، مەشڕوعیەتیان داوە بە سەرهەڵدانی گێچەڵ، شەڕ، ئاژاوە و ناسەقامگیری باردۆخی ئاسیشی مرۆڤ.
نێوەڕۆک:
دابەش کردن و کێشانی نەخشەی گۆی زەوی لەلایەن مرۆڤەوە بەزەبری شمشێر و هێز، کار ئاسانی کردووە بۆ ئەوەی لەهەر قۆناغێکی مێژووی ژیانی مرۆڤایەتییدا، کە هەر زلهێزێک سەری هەڵدابێت، بەگوێرەی ئەو نەخشەیە هەوڵی دابێت پەلوپۆ بهاوێژێت. بێ گومان ئەوەی ڕوونە و خوێندنەوەی مێژوو و ئەزموون ئێستا پێمان دەڵێت، ئەوەیە کە دەستکەوتی ئابووریی و سەپاندنی شکۆ، هاندەری سەرەکیی بوونە بۆ ڕاکێشانی نەخشەی ستراتیژیەتی دەسەڵات.
زلهێزەکانی دنیا بۆ پاراستنی پێگە و شکۆیان لەسەر ئاستی دنیادا، پێویستیان بە مسۆگەر کردنی سەرچاوەی ئابووریی بەهێزە، بۆیە هەموو هێز و توانایەکیان بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن، چەند ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژی لەسەر نەخشەی جوگرافیای هەسارەی زەویدا بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، جا چی بە دروست کردنی هاوپەیمانیەتی بێت، لەگەڵ وڵاتانی ئەو ناوچە گرنگانە، یان بە داگیرکردن بێت بەزەبری سوپا و هێزی چەکداری، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە پیادە کردنی ئەو جۆرە ستراتیژیەتە لەهەر شوێن و کاتێکدا بووبێت و بێت، تەنیا زۆرینەی سادەی مرۆڤی تێیدا بووە و دەبێت بە سووتەمەنی و قوربانی.
ئەمریکا، ڕوسیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا، چین ئێستا لەسەر ئاستی جیهاندا هاڤرکێیانە، هەر یەکەکیان بە زلهێزێک ناسراوە، لەپاڵ ئەوانیشەوە وڵاتانی دی وەک هیند کە ئێستا یەکێکە لە وڵاتە هەرە بەهێزەکان، سنووریان لەنێو ئۆقیانووسەکان لەگەڵ چیندا هاوسێیەو هەمیشە کێشە و گرفتیان
لەنێواندا هەیە، بۆیە ڕوسیا و ئەمریکا هەژماری تایبەتی بۆ دەکەن. واتە بوون بەزلهێز مانای ئەوە ناگەیەنێت، پێگەیەکی ئەزەلی بێت، ئەڵبەتە بۆ پارێزگاری کردن لەو پێگەیە، دەبێت هەمیشە زلهێزەکان لە هاڤرکێکاندا لەبەرامبەر یەکتریدا براوە بن، تا بتوانن هاوکێشەی هێز بپارێزن، بۆ ئەوەش زلهێزەکانی دنیا بۆ مسۆگەر کردنی هێز و توانا و سەپاندنی شکۆیان، پێویستیان بەوەیە کە چەند ناوچەیەکی گرنگ لەسەر نەخشەی تۆپی زەمین بخەنە ژێر هەژموونی خۆیان وەک:
یەکەم: ڕۆژهەڵاتی ئاسیا: چین، یابان، مەنغولیا، کۆریای باشوور، کۆریای باکوور و تایوان
لە مێژوودا ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەگەر هەندێک جار کەوتبنە ژێر دەسەڵاتی بیانی بەڵام لەنیوەی سەدەی ڕابردووەوە سەرەڕای بوونی ناکۆکیی لەنێوان خۆیاندا و کێشەی ناوەخۆ بەڵام توانیویانە سەربەخۆی سیاسیی و ئابووریی و سەربازی خۆیان بپارێزن، بەشێوەیەکی گشتی نەتەوەکانیان بەڕۆحی نیشتمانی پەروەردە بکەن. واتە سروشتی ئەو ناوچانە وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، کە ئەمریکا و ڕوسیا ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەنووکە بۆیان لوایە، لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا بۆیان نەلواوە، کە بەهەوەسی خۆیان، بەبێ ڕەزامەندی، ڕێککەوتنی یاسایی، سوپا و میلیشیا لە هەموو کونوقوژبنێکی ئەو ناوچانەدا بڵاوە پێ بکەن، بە ئارەزووی دڵی خۆیان سامانە سروشتیەکان ببەن و ڕێشمەی قوتی خەڵکیان لە دەستدا بێت و کەی بیانەوێت برسیان بکەن، بۆیە سیاسەتیان لەو ناوچانەدا بە ڕێگەی گرێبەستی ئابووریی، دیبلوماسی، گفتوگۆ، ڕێککەوتن و هاوپەیمانەتیە، کە لەو ڕێگەیەوە هەوڵیان داوە، بەتایبەتی ئەمریکا و ڕوسیا، کە بەنهێنی بێت یان بەئاشکرا، بنەکەی سەربازیی ئەگەر بچووکێش بێت لەو ناوچانەدا هەیانبێت.
لەو دەڤەرە هەنووکە چین لەهەموویان بەهێزترە، پێگەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزە، لە بازاری جیهانیدا هەژماری تایبەتی بۆ دەکرێت، خاوەن سوپایەکی زەبەلاحی پڕ لە تەکنەلۆژیایە. لە چەند ساڵیکی ڕابردوودا گەشە کردنی ئەو وڵاتە، ترسی خستۆتە نێو دڵی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و ئەمریکا. چین پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵ ئەمریکادا بەهێزە، بەڵام هاوپەیمانیەتێکی بەهێزی ڕوسیایە و هەمیشە، چین پاڵپشتی لە هەنگاو و بڕیاری سیاسیی و سەربازیی ڕوسیا دەکات. بۆ نمونە، پەکین پشتیوانی ڕوسیا دەکات لە جەنگی دژی یۆکرانیا، ئەمریکا ئەو ڕاستییەی دەرک پێ کردووە لێ ڕوونە کە چین لەبەرەی ڕوسیادا ساغ بۆتەوە، بۆیە هەمیشە بەدوای دژەکانی چین لەو ناوچەیەدا دەگەڕێت. ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی ئەوانەوە کێشە بۆ چین دروست بکات، نەهێڵێت جێگە پێگەی ئەو، وەک زلهێزێک بەرامبەر بە چین لاواز بێت و لەگەڵ کاتدا چین پلە یەکی زلهێزی جیهان بێت و شانبەشانی ڕوسیا لە شکۆی ئەمریکا بدەن، بۆیە پشتیوانی کردنی ئەمریکا و ڕوسیا بۆ هەر کەمەنەتەوەیەک یان هەر حزبێکی کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانەن، تەنیا بەکارهێنانیانە بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆیان.
بەهێزترین وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا کەوتۆتە بەرەی ڕوسیا، بەڵام ئەمریکاش دەستەوەستان ڕانەوەستاوە، لەگەڵ بوونی گرفت لە ڕابردوودا لەگەڵ وڵاتانی ئەو ناوچەیە، ئەو هاوپەیمانیەتی لەگەڵ وڵاتەکانی دی ئەو ناوچەیەدا دژی بەرەی ڕوسیا و چین بەستووە.
لە مێژوودا ئەمریکا تاوانێکی ئێجگار مەزنی بەرامبەر بە یابان ئەنجام داوە، بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە هێرۆشیما و چەند ناوچەیەکی دی، تاوانێکی هەرە مەزنە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، بەڵام دۆخی ئەمڕۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی وەک هەشتا ساڵ پێش ئەمڕۆ نییە و گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە، چی لە گۆڕانی هاوکێشەی هێز بێت، چی لە ڕووی بەرژەوەندیی ئابووریی و سەربازیی و سیاسیدا بێت. بەهێز بوونی چین لە پاڵ یاباندا، مەترسیەکی مەزنی بۆ سەر سیادەی یابان دروست کردووە، کە بۆتە هۆی ئەوەی خاڵی هاوبەش بێت، بۆ پردی پەیوەندیەکی بەهێز لەنێوان یابان و ئەمریکا/ ئەوروپادا.
یابانی ئەمڕۆ، بۆ ئەمریکا دووشەشە، لەبەرئەوەی دوژمنایەتی یابان لەگەڵ ڕوسیا و چین ڕەگێکی مێژووی هەیە و تا هەنووکە کێشە و ناتەبایی نێوانیان بەردەوامە، بۆیە هاوپەیمانیەتی نێوان ئەمریکا/ ئەوروپا و یابان بۆتە زەروریەت بۆ دۆخی هەموویان. واتە ئەو پەیوەندییە چەندێک بۆ ئەمریکا گرنگە، دە ئەوەندە بۆ یابان، جگە لە بەرژەوەندیی ئابووریی، پەیوەندیی سیاسیی، هەردووک وڵات لەوە گەیشتوون، کە دەبێت پەیوەندیی و ڕێککەوتنی سەربازییان لەوە پتەوتر بێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن و کۆنتڕۆڵی ڕێڕەوەی وشکایی و ئاوی ئەو ناوچانە بکەن، هەروها بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هەردووکیان لەو ناوچەیەدا ئەمریکا بۆ یابان هاورێیەکی بەهێزە. ئەو هاورییەتیەش بێ بەرابەر نییە، بۆیە یابان لە هەموو هەڵوێستە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییەکانی ئەمریکادا دژ بە چین و ڕوسیا دەبێت پشتیوانی لە ئەمریکا بکات، هەروها ڕێگە بە ئەمریکا بدات کە بنەکەی سەربازیی لەنێو خاکی یاباندا هەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٠وە هێزی سەربازیی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا پێکهێنرا. بە ڕەزامەندیی و ڕێککەوتنی نێوان هەر دوو وڵات، حاڵی حازر ئەمریکا بنەکەیەکی سەربازیی بەهێزی لەنێو ئەو وڵاتەدا هەیە، کە ژمارەیان ٥٠هەزار سەربازە، بەرامبەر ئەوە یابان ساڵانە ٢ بیلیون خەرجی ئەو سوپایەی ئەمریکا دەدات.
ئەمریکا لەو ناوچەیەدا هەوڵی داوە هاوپەیمانەکانی لەیەکدی نزیک بکاتەوە، کۆڕیای باشوور کە بە هاورێیەکی بەهێزی ئەمریکا هەژمار دەکرێت لە ناوچەکەدا، جگە لە پەیوەندیی ئابووریی و دیبلوماسی، هەر دووک وڵات ڕێککەوتوون، کە بنەکەیەکی سەربازیی ئەمریکی پێکهاتوو لە ٢٨هەزار سەرباز لە کۆریای باشووردا دابمەزرێنن، شانەبەشانی ئەوەش، هێزێکی هاوبەشی سەربازیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی نیشتمانیی و نەتەوەیی هەردووک لایەن کار بکەن. ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت لە نزیک کردنەوەی یابان و کۆریای باشوور.
ڕوسیا، پەیوەندیی لەگەڵ مەنەغولیا و کۆریای باکووردا بەهێزە، واتە لەو ناوچەیەدا وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوو بەرەی بەهێزی سەر بە ڕوسیا و ئەمریکا/ئەوروپا دروست بووە، کە لەنێوان خۆیاندا ناکۆکیی و گرفتی ئابووریی و دەسەڵات و سەربازییان هەیە. کوریای باکوور پشتیوانی لە هەموو هەڵوێست و هەنگاوە سیاسیی و سەربازیەکانی ڕوسیا دژ بە ئەمریکا دەکات، بەتایبەتی لە جەنگی ڕوسیا لە یۆکرانیا. کۆڕیای باکوور ئیران ئاسا، هەمیشە هەرەشەی ئەوە دەکات کە مووشەکی دوورهاوێژو و چەکی ئەتۆمی دروست دەکات و هەر کاتێک عەقڵی بڕی ئەوا ئەمریکا دەکاتە ئامانج، بێ گومان ئەو گەفوگاڵەی ئەو وڵاتە تا ئێستا ئیران ئاسا بە پراکتیک نەکراوە.
سەرئێشەی مەزن بۆ چین لەو ناوچەیەدا تایوانە، کە چین هەمیشە ئەو دورگەیەی بە بەشێک لە وڵاتەکەی خۆی هەژمار دەکات و بەگوێرەی دەستووری چین، بە یاسایی تایوان بەهی خۆی دەزانێت، بەڵام ئەو وڵاتە ڕەتی دەکاتەوە کە سەر بە چین بێت. باشترین خاڵی هەڵگیرساندنی ئاژاوە بۆ ئەمریکا، تایوانە دژی چین، بۆیە پەیوەندیەکی پتەوی ئابووریی، سەربازیی، تەکنەلۆژیی لەگەڵدا بەستووە. تایوان هەشتەمین وڵاتە لە کڕیاری کاڵای ئەمریکی، بۆ تایوانیش ئەو دووەم کڕیاری کڕینی کاڵای تایوانییە، کە هەردووک لا ساڵانە قازانجێکی زۆر لە یەکدی دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٩دا هەناردەی کاڵای ئەمریکی بە ڕێژەیەکی خەیاڵی بۆ تایوان، هۆی سەرەکیی بوو لە دروست بوونی هەلی کار بۆ ١٨٨ هەزار ئەمریکی.
لە ساڵی٢٠٢٠ دا تایوان و ئەمریکا ڕێککەوتنی گفتگۆی هاوبەش (تی،ئی، سی،ئار،ئۆی) واژۆ کردووە، کە هاوکاری یەکدی بن لە بوژانەوەی ئابوورییان لە بواری بەرهەم هێنان، کوالیتی کۆنتڕۆل، تەندروستی و زانست و تەکنەلۆژیا. ساڵانە بە هەزاران خوێندکاری تایوان، بۆ وەرگرتنی زانست ڕوو لە ئەمریکا دەکەن. تایوان کە گرفتی لەگەڵ چیندا هەیە، ئەمریکا بۆ زێتر لە چل ساڵ دەچێت، هەمیشە هاوکاری سەربازیی کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا دووپاتیان کردوە کە ئەوان هەوڵدەدەن سیستەمی بەرگری تایوان بۆ ئاستی پێویست بەهێز بکەن. بێ گومان چین بەرامبەر ئەو جۆرە پەیوەندیەی تایوان لەگەڵ ئەمریکادا نیگەرانە، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا ئەو ڕاستییە دەزانیت، بەڵام گوێی پێ نادات، هەمیشە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ تایوان، بە مەبەستی ئیستیفزاز کردنی چینە. ئەو دەیەوێت توڕەیی چین بگاتە ئاستێک کە لە ئەنجامدا خۆی لە جەنگی ئەمریکا و ئەوروپا لە تایواندا بئاڵێنێت. ڕوون نییە کە تا چی ئاستێک چین دەتوانێت کۆنتڕۆڵی دەمارگیری خۆی بکات، بەڵام بەدڵنیایەوە هەر کاتێک بۆی بلوێت، بەرژەوەندیی بخوازێت، دەنگ هەڵبڕینی ناڕەزامەندیی لە میدیاکاندا، دەگەیەنێتە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازیی.
تایوان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، نمونەیەکی دی یۆکرانیایە لە ئەوروپا، سوریا و کوردستان و عیراق و فەلەستین و ئیسرائیل ئاسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، واتە لەو ناوچەیەدا پێشبێنی ئەوە دەکرێت، کە زلهێزەکانی دنیا، بیکەن بە گۆڕەپانی جەنگی ململانێی نێوانیان، ژێربەژێر لە ڕێگەی دەزگەی هەواڵگری فیتنەی دووبەرەکیی بنێنەوە، لە ئەنجامدا زۆرینەی سادەی گەلانی ئەو ناوچەیە، بکەنە قوربانی هەر وەک چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە کوردستان و سوریا و عیراق و ئیسرائیل و فەلەستین ئەنجامیان داوە.
درێژەی هەیە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست