کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


جوڵەی ئەمریکا لە عیراق و هەرێم و کەنداو

Sunday, 20/08/2023, 0:01


عیراق و هەرێم، خاوەن دەسەڵاتی ئابووریی و سەربازیی خۆیان نین، بە پشتیوانی ئەمریکا ئەو دوو پەیکەرە سیاسییە خۆیان گرتووە، بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد، هەڵبژاردەی دیان نییە تەنیا  جێبەجێ کردنی فەرمانی ئەمریکا نەبێت. واتە کەی ئەمریکا بیەوێت، لە هەردوو ناوچەدا هێزە سەربازیەکانی کەم و زیاد دەکات، هەروها کەی ئەمریکا بیەوێت، خاک و سوپای عیراقی و پێشمەرگە، وەک هێزی زەمینی پیادە بەکار دەهێنێت، بۆ هەر هێڕشێکی سەربازیی بۆ سەر دژەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەبێت هەردوو لا دەست لەسەر سنگ بۆی ڕابوەستن. فەیلەسوفی ئەڵمانی نیشە دەڵێت: 

" کە نەتوانیت خۆت بیت، فەرمانت پێ دەکرێت، ئەمە سروشتی بوونەوەرە".

وەزارەتی بەرەنگاری عیراقی و وزارەتی پێشمەرگە، دوو دەزگەی ئیفلیجن، ئەگەر پارە و ئامرازی سەربازیی ئەمریکا نەبێت، سوپای عیراقی و هێزی پێشمەرگە هەڵدەوەشێتەوە، ئەوان  هیچ بڕیارێکی سەربازییان پێ نادرێت. هەردووک دەزگە ناتوانن بەرژەوەندیی و دەسستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی بپارێزن، لەبەرئەوەی بۆ ئەوە ئامادە کراون، کە بۆ ئەجێندەی دەرەکیی کار بکەن، بۆیە کاتێک کە ئەمریکا جەخت لە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکات، ئەوا بۆ ڕزگار کردنی کوردستان نییە، ئەڵبەتە بۆ خۆیەتی، نایەوێت بەشێک لە هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی سەرانی ینک و پدک، ببن بە دارودەستەی ئیران یان تورکیا، لە کاتێکدا ئەو خەرجی ئەو هێزە دەکات، دەیەوێت هەژموون و کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت، ببن بە دوژمنی ئەو لایەنەی کە ئەو دەیەوێت، بەرامبەر ئەوەش دەسەڵاتدارانی بەغداد و هەرێم بەرژەوەندییە ماددیەکانیان پارێزراو دەبێت، واتە هەموویان ئامرازن. فەیلەسوفی ئەڵمانی نیتشە دەڵێت:

" سیاسیەکان پیاوانیان کردووە بە دوو شت، ئامراز و دوژمن". 

جوڵەی سەربازیی ئەمریکا لە باشووریەوە تا باکووری، بەڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێم و هەموو کتلە و هێزە چەکدارەکانە کە لەو وڵاتەدا هەیە. هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بانگێشتی دەسەڵاتدارانی عیراقی کرد بۆ ئەمریکا، ئەڵبەتە ئەمریکا هەرگیز لەگەڵ ئەوانە، باسی ستراتیژیەتی داڕێژراوی سیاسەتی ئەمریکا ناکات لە ناوچەکەدا یان باسی پلان و بەرنامەی داهاتووی نزیکی خۆی، بۆ ئەوان ناخاتە سەرمێزی گفتوگۆ و لە ڕایان بپرسێت، بەڵام بەدڵنییایەوە پێیان گوتراوە دەبێت چی بکەن و لە کام سیاسەتیان نیگەرانن.  ئەوان دوای گەڕانەوەیان لە ئەمریکا، لە میدیاکاندا دەستیان کردووە بە دڕۆودەلەسە و پینەوپەڕۆ، گوایە ئەوان، بۆ پتەو کردنی پەیوەندیی سەربازیی، تۆکمە کردنی یارمەتیەکانی ئەمریکا بۆ سوپا و وزارەتی بەرگری عیراقی چوون بۆ ئەمریکا، لەبەرئەوەی  وزارەتی دەرەوەی عیراق، پێویستی بە کێشانی وێنەی سەربازیی هەیە، پێویستی بە ئامرازی سەربازیی و تەکنیکی هەیە!
 حەشدی شەعبی، هێزێکی سەربازیی عەقائیدی سەر بە ئێرانە، کە پێکهاتەی مەزهەب پەرستی نێو کۆمەڵگەی عەرەبی عیراقە، لەنێو سوپای عیراقییدا بە پارەی ئەمریکا و ئیران و عیراق بەزەبەلاح و قەڵەو دەکرێت، کە هەمیشە هەڕەشەیە لەسەر سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە.  دەتوانرێت بگوترێت کە حەشدی شەعبی زۆر لە سوپای عیراقی و هێزی پێشمەرگە بەهێزترە، ئامرازی دەستی ئێرانە، قامچیەکی ڕەشە بەدەست تاران بۆ چاوسوور کردنەوەی لە دەسەڵاتدارانی بەغداد و هەرێم، سەپاندنی مەرجە ئابووریی و سەربازیی و سیاسییەکانی، لەلایەکی دیش ترسناکترین ئامرازە بۆ هەڵگیرساندنی فیتنەی دووبەرەکیی مەزهەبی نێو پێکهاتەکانی عیراق و هەڵگیرساندنی جەنگی مەدەنی  و تێکدانی بارودۆخی نێوەخۆی عیراق. 
حەشدی شەعبی ئەوەندەی مەترسی لەسەر عیراق هەیە، دە ئەوەندە لەسەر کوردستان، ئەگەر دۆخەکە بتەقێتەوە ئەو هێزە سیاسەتی "شەلم کوێرم دەست ناپارێزم بەکار دەهێنێت". سی ساڵە هەموو لایەک خۆی بەهێز کرد، تەنیا هەرێم نەبێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا بەرەو لاواز بوون دەچێت. دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەی لە یادیان نەبێت، ئازادی کوردستان و دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆیە، ئەو جۆرە بابەتانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردی باشووردا هەنووکە سووک بووە و بۆتە جێگەی مەسخەرە پێ کردن. فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون دەڵێت: 

 " لە منداڵ دەبوورێت کاتێت کە لە تاریکی دەترسێت، بەڵام تراژیدیای مەزن لە ژیاندا ئەوەیە، کە گەورە  لە ڕووناکی بترسێت". 

دەسەڵاتدارانی بەغداد و هەرێم، دەیانەوێت وەک کەری نێو جۆگە لەهەروو لایەن بخۆن، لە لایەک جگه لەوەی حکومەتی عیراق لە تاران دادەمەزرێنن، عیراقیان کردووە بە ڕێگەیەکی ئاسان، بۆ پەڕینەوەی ئێران بۆ سوریا، لوبنان و گەیاندنی یارمەتیەکانیان بەو هێز و گروپە سیاسیی و ئیسلامیانەی کە سەر بە ئیرانن لە ناوچەکەدا، کە ئێستا ئەو وڵاتە ناتەبایەکی بەڕەواڵەتی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، لەلایەکی دیشەوە پارە و هاوکاریی لە ئەمریکا وەردەگرن. گرفتی ئەمریکا  ئیران لەگەڵ ڕوسیا لە بەرەیەکن، ئەسەد لەگەڵ پوتین لە بەرەیەکن کە ئەمە بۆ ئەمریکا جێگەی نیگەرانییە کە لەو هاوکێشەیەدا عیراق و هەرێم بەتەواوی خۆیان لەبەرەی ئەمریکادا ساغ نەکردۆتەوە، سەرباری ئەوانەش کێشەی دروست کردنی چەکی ئەتۆمی.  لەو ناوچەیەدا کێشەی زلهیزەکان هەیە، چین لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک هێزێکی ناوبژیوان خۆی دەنوێنێت، بەرژەوەندیی ئابووریی پتەویشی لە ناوچەکەدا هەیە و لە ڕوسیا نزیکە، کە ئەمەش خاڵێکی ناکۆکە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، واتە جوڵە پێ کردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و هەرێم و کەنداو بەسەدان هۆی هەیە، کە ئێستا دەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێم دەیانەوێت لە خەڵکی بشارنەوە، میللەتانی عیراق لە دڵەڕاوکێ گوزەر بکەن و کاتیان نەبێت، بیر لە گەندەڵیەکانی ئەوان بکەنەوە. 
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت، ئەو جوڵە پێ کردنەی هێز لەلایەن ئەمریکاوە، یەکەم جار نییە کە هۆیەکەی بۆ ئەوە بگەڕێنەوە کە چەند کەشتیەک لە کەنداو لەلایەن ئیرانەوە قەپێندراوە، لە ڕابردووشدا  گرفت لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو، ناتەبایی لەنێوان ئیران و ئەمریکا دروست کرد، باشترین نمونە لە ڕابردوویەکی نزیکدا لە کاتی دەسەڵاتی ترامپدا هەمان شت ڕوویدا، واتە ئەزموون پێمان دەڵێت، گرژ بوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئیران و ئەمریکا تازە نییە، هەمیشە ئەو گرژیانە کۆبوونەوەی ئەمریکا و ئیرانی بەدوادا هاتووە، دواتریش هەردووک وەک ئەوەی نە بایان دیوە نەباران ڕێککەوتوون. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە