کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


شایستەی دارایی کورد لە بەغداد، دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!

Thursday, 15/06/2023, 9:48


زێتر لەنیو سەدەیە، کێشەی بەرژەوەندیی تایبەتی و پارە و دەسەڵات، هەمیشە خاڵی ناکۆکیی نێوان سەرانی پارتی و یەکێتی بووە. ئەم کلتوورە بۆ میراتگری سیاسی ماوەتەوە، کە ئەمڕۆ کوڕی مستەفا و کوڕ و ماڵەخەزورانی جەلال بۆ دزینی زێتری سامانە سروشتیەکانی کوردستان و شایستەی دارایی میللەتی کورد لە بەغداد، لەسەر شانۆی پەرلەمانی عیراقدا بەگژ یەکدا دەچن.  ئەمە لە کاتێکدایە کە لەسەر شانۆی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کێشمەکێشمی ئێجگار مەزن هەیە، لەنێوان زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، کە بێ گومان دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئایندەیەکی ناڕۆشەن دەبات، لەوەی کە ئایا گۆڕانکاریەکانی داهاتوو، چەند کاردانەوەی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر پرسی ڕەوای میللەتی کورد، هەوڵی تورکیا و  ئیران و وڵاتانی عەرەبی بۆ لەباربردنی پرسی میللەتی کورد لە ئەوپەڕی بەهێزیە و ڕوون نییە کە ئەو پرسە بە چ ئاقارێکدا دەبەن! 
تێبینی دەکرێت، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەشە کردنی تەماحی فروان کردنی سنووری دەسەڵاتی تورکیا و ئیران، لەلایەن هەردوو ڕژێمی ئەو وڵاتەوە،  لەژێر دروشمی ئاینی، مەزهەبی و نەتەوەیی لە پەڕەسەندنە. وتارەکانی ئەردوغان و ڕەئیسی ئەمەی پێوە دیارە کە دەیانەوێت کار لەسەر هەستی نەتەوەیی و ئاینی شەقامی تورک و فارس بکەن.  هەنووکە بە پراکتیک هەردووک ڕژێم، خاوەن میلیشیای چەکدارن لە سوریا، عیراق، لوبنان و کوردستان گەلێک شوێنی دی لە ناوچەکەدا، شانبەشانی ئەوەش کۆنتڕۆڵی تەواوی حزبە سیاسیی و مەزهەبیەکانیان کردووە، کە گەیشتۆتە ئاستێک، حکومەتی عیراق پێکناهێندرێت ئەگەر تاران ڕەزامەندی لەسەر نەبێت. ئەم واقیعە لەگەڵ کاتدا هاندەری گەشە کردن و زیندوو بوونەوەی ڕۆحی مەزهەبی و نەتەوەیی دەبێت لەنێو نەتەوەی  تورک و فارسدا، کە ئەم هەنگاوە بە ڕاست دەبینن، ئامادە دەبن لەپێناویدا، بچنە جەنگێکی خوێناوی، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو نەتەوانەی کە لەژێر چەپۆکی ئەو ئەو ڕژێمانە دان وەک نەتەوەی کورد، وێرای ئەوەش فتیلەی جەنگی مەدەنی لەنێو ئەو میللەتانەدا مەترسیەکی گەورەی هەیە و لەهەر ساتێکدا بێت ئەگەری تەقینەوەی هەیە. 
ئەم واقیعەی ئەمڕۆی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەزلهێزبوونی تورکیا و ئیران دەبێتە هۆی گەشە کردنی ڕۆحی نیشتمانیی و نەتەوەیی لەسەر ئاستی شەقامی عەرەبی، واتە بیرۆکەی ئیسلامیی سیاسیی تونڕەو، ئایدۆلۆژیایی عەقائیدی لەو ناوچەیەدا لە داهاتوودا پێشبینی دەکرێت کە بەرەو گەشەسەندنی زێتر بچێت، کە لە ئەنجامدا کاردانەوەی سلبی دەبێت لەسەر پرسی ڕەوا و جوڵانەوەیی سیاسیی و چەکداری میللەتی کورد لە ناوچەکەدا، بۆیە پێشبینی کردنی ئەو جۆرە دۆخە  بۆ ئایندە، خۆ ئامادە کردنی دەوێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە، بەهێز کردنی هێزی بەرەنگاریی نەتەوەیی کورد و پەروەردە کردنی بە ڕۆحی نیشتمانیی،  نەک هاندانی میللەتی کورد لە باشوور بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرژەوەندیی کوڕ و خزمەکانی جەلال و مستەفا بکات، بۆ شایستەی دارایی خۆی بەکوشت بدات، کە زێتر لە چارەگە سەدەیەکە دەرامەتەکەی دەچێتە گیرفانی ماڵی جەلال و بنەماڵەی بارزانی. 
ئەگەر هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەرەو لاواز بوون بڕوات، یان بەرژەوەندییەکانی وا بخوازێت، کە وەک جاران پشتیوانی لە هاوپەیمانیەتەکانی نەکات، ئەوا هاوکێشەی هێز گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆ نمونە داگیرکردنی بەشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە و بوونی هێز و میلیشیای تورکیا لە باشووری کوردستان، بێ سووڕ نییە. تورکیا خۆی مەڵاس داوە ئەمە بکات بە کارتی فشار لە داهاتوودا لە ئەگەری گۆڕانی دۆخەکە بەلایەکدا، مەرجی کشانەوەی ئەوە بێت، بە گەلەکۆمەکی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و (یەپەگە) لەنێو بەرن و ڕۆژئاوای کوردستان بگەڕێتەوە ژێر ڕکێفی ئەسەد، واتە هەموو هێزەکانی سەر بە ئێرانن لە سوریا بکشێنەوە کە بێ گومان ئیسرائیل وەک هێزێکی بەهێز گوتە و بۆچوونەکانی بەهەند وەردەگیرێت و پشتیوانی لە دوورکەوتنەوەی هێزەکانی ئیران دەکات لەسەر سنوورەکانی، هەروها باشووریش تا ئێستا پاروویەکی چەورە لەکۆشی تورکیادا، ئەو پارووە چەورە بگەرێنێتەوە بۆ عیراق، بە مەرجی گەڕانەوەی سیستەمی هەرێم بە سیستەمی پارێزگا لە عیراق، کە ئەمە خەونی ئیران و تورکیایە، لە کاتێکدا سەرانی ینک و پدک ئەو ڕاستییە باش دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکیان بووە بە ئەڵقە لەگوێ تاران و ئەنقەرە. هەنووکە دۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆزە، کەچی سەرانی ینک و پدک، دارودەستەی خۆیان هانداوە لە میدیا عەرەبی و کوردیەکاندا، خەڵک دژی یەکدی هاندەدەن کە گوایە شایستە داراییەکانی هەڵبجە و سلێمانی بچێتە گیرفانی کوڕانی بارزانی یان تاڵەبانی بۆ دزی!
ئەگەری لاوازبوونی هەژموونی ئەمریکا واقیعێکی دیکە دروست دەکات کە ڕوسیا و چین یان هەر زلهێزێکی دی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئینجا دووبارە بە پەیوەندیی و هاوپەیمانەتیەکان دەچنەوە، بەگوێرەی دۆخی ڕۆژ مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، کە ڕوون نییە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتەی کە بۆ میللەتی کورد هاتۆتە پێشێ، هەر وەک خۆی بمێنێت، بۆیە خۆ غافڵ کردن بە کێشەی لابەلا، خۆبەکوشتن دان لە پێناو شایستەی ئابووریی کوڕانی جەلال و مستەفا، بۆ پرسی کورد لە نەهامەتی بەولاوە هیچی دیکەی لێ شین نابێت. 
ڕوونە کە وڵاتانی ناوچەکە گشتیان ئەگەر بۆیان بلوێت خۆین چەکدار دەکەن بە چەکی ئەتۆمی. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە کە مەترسی بوونی ئەو جۆرە ڕژێمانە بە خاونی چەکی ئەتۆمی، مەترسی لەسەر نەتەوەی ژیردەست دروست دەکات، کاردانەوەی دەبێت لە لەقاڵبدانی بزوتنەوە و شۆڕشی چەکداری لە کوردستان.  ئێستا ئیران لەپێشەوەی هەمووانە بۆ ئەو دەستکەوتە. بوونی ئیران بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات، بەتایبەتی بۆ ئەو میللەتانەی کە لەژێر کۆنتڕۆلی ڕژێمی ئیرانن، بۆ ئەو نەتەوانەی کە خاوەن شۆڕش و حزبی ئۆپۆزسیۆنن، مەترسیەکە گەلێک زێتر دەبێت و هەڕەشەی بنبڕ کردنیان لێ دەکرێت. ئیسرائیلی ئەمڕۆ کە هەزاران بەرابەر لە میللەتی کورد لەڕووی ئیمکاناتی سەربازیی و ئابووریی بەهێزە، ئەوجا بوونی ئیران بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بە مەترسی دەزانێت لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆی، هەروها ئیسرائیل هەمیشە باشترین هاورێی ئەمریکا بووە و مێژووی پڕە لە ئەزموونی پەیوەندیی پتەوی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەمریکادا، سەرەڕای ئەوەش ئەو لە پشتیوانی ئەمریکا مسۆگەری  ئەوە نابێت، کە ئاسایشی نەکەوێتە مەترسیەوە، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی خۆ بەهێز کردن دایە، کەچی میللەتی کورد کە خاوەن سەدان ئەزموونی پەیوەندیی سەرنەکەوتووە لەگەڵ ئەمریکادا بە سەدان جار لەپشتەوە خەنجەری لێ داوە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتی خۆی لێ کردۆتەوە، پێ وایە ئەمریکا فریادڕەسی ئەوە لە ناوچەکەدا. بۆ نمونە لە باشوور سەرانی ینک و پدک لەبری ئەوەی خەریکی دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانیی و نەتەوەیی و ئابوورییەکی پتەوی نیشتمانی بن، هەر خەریکی دزین، دەیانەوێت بۆ لەمەودوا، خەڵک بەنێوی کورددایەتی، بۆ ئەوان بجەنگێت، بیرە نەوتەکانیان بۆ بپارێزێت، بۆ ئەوەی ئەوان خۆیانی پێوە دەوڵەمەند بکەن و ژنەکانیشیان بە پارەی میللەت، خەریکی نەشتەرگەری جوانکاری بن لە وڵاتانی دەرەوە!  
گریمانی گۆڕینی ڕژێمی ئیرانی یان تورکیا، گەرەنتی ئەوە نادات کە هەردوو وڵات واز لە بیرۆکەی بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بهێنن و هەوڵ نەدەن بۆ فرەوان کردنی دەسەڵاتی  ئیران و تورکیا و زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی، بۆیە ئەگەر میللەتی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا خۆی ڕێک نەخا، لەژێر یەک ئاڵای حزبێکی کوردی خاوەن سەرکردەی بە دسپلین و دڵسۆز کۆ نەبێتەوە، هەوڵەکانی خۆی لە قاڵب بدات، لەچوارچێوەی خۆبەکوشتن دان بۆ شایستەی ئابووریی کوڕانی جەلال و مستەفا تێبکۆشێت، ئەوا بێ گومان دەکەوێتە هەڵەیەکی مەزنەوە و دە چارەکە سەدەی دی هەر لەژێر دەسەڵات و هەژموونی میراتگرە سیاسیەکانی داهاتووی ئەوان دەمێنێتەوە! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە