ئەرسەلان پاشی مردنی جەلال و نەوشێروان ئەوجا کەوتە دوان!
Thursday, 20/01/2022, 9:18
نووسینەوەی مێژووی جوڵانەوەی کوردیی باشوور، بە شێوەیەکی گشتی هەتا کۆتایی هەشتاکان و تا سەرەتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، لەژێر کۆنتڕۆڵی سەرانی پارتی و یەکێتی و سەرانی پارتە کوردییەکانی دی باشوور و بە تەوجیهی کەسی یەکەمی نێو حزبەکان دەنووسرایەوە. ئەمە ببوو بە کولتوور، تاکوتەرا نەبێت کەس ئەو زاتەی نەبوو دەست بۆ پێنوس بەرێت بۆ ئەوەی لە دیدی خۆیەوە ڕووداوەکان بگێڕێتەوە، لە ئەنجامدا ئەو دیاردەیە کاردانەوەی هەبوو لەسەر ئەوەی کە زۆربەی ڕووداوەکانی کە لە بەرژەوەندیی سەرانی پارتەکانی باشووردا نەبوو، نەخرا سەر کاغەز، مێژوویەک بەرهەم هات، کە پڕاوپڕ لە دڕۆ و شاردنەوەی ڕاستییەکان و بەشانوباڵ هەڵگوتنی سەرانی پارتەکانی باشوور، خۆلادان لە مەسەلەی هەڵگرتنی لێپرسراوەتی مێژووی لە هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی و ئاشبەتاڵی ١٩٦٦ و ١٩٨٨ و هەقیقەتی بەکارهێنانی بزوتنەوەیی ڕزگاریی نیشتمانیی لە باشووری وڵات بۆ بەرژەوەندیی و مەرامی تایبەتی و پارە و دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ دەزگە هەواڵگریەکانی ساواک، ئیتیلاعات، ئیستخباراتی سوریی و عیراقی و میتی تورکیی و بە پێش سوپای داگیرکەران کەوتن.
لەو قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا مەسعود بارزانی کتێبی ( البارزانی و الحرکة التحریة الکردیة) کە پێکهاتبوو لە سێ بەش، نەوشێروان مستەفا ئەمین ( لە کەناری دانابووە بۆ خڕەی ناوزەنگ) تا دەگات (بە پەنجەکان یەکتری دەشکێنن) و هیتر لەنێو بەرژەوەندیپەرستان و ئەو خەڵکانەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکان نەبوون، ڕەواجی زۆری هەبوو، بەڵام بۆ کەسانێک کە لە نزیکەوە لەگەڵ ڕووداوەکان ژیا بوون، دەیانزانی ئەو کتێبانە بەچی نەفەسێک و مەرامێک و بۆ پاراستنی چی جۆرە بەرژەوەندییەک بە پەلە نووسرایەوە و خرا بازاڕی باشووری کوردستان. بێگومان نووسینەوەی هەر بابەتێک کە لەسەر بیناغەی پاراستنی بەرژەوەندیی و دەستکەوت بێت، تەمەنی کورت دەبێت و بەرژەوەندییەکان کە گۆڕانی بەسەردا هات ئەوجا نووسینی هەمان نووسەر پەردە لەسەر کارەکەی خۆی هەڵدەداتەوە، بۆ نمونە، دوای قوڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان جەلال تاڵەبانی و نەوشێروان مستەفا ئەمین، گەلێک ڕاستی هەبوو نەوشێروان لەسەر ڕووداوەکان و کەسایەتی جەلال تاڵەبانی ئەوجا ئاشکرای کرد، کە سەد پلە جیاواز بوو لەگەڵ ئەو جۆرەی کە لە کتێبەکانی پێش ئەو گرفتانە وەسفی جەلال تاڵەبانی و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی کرد بوو لە کتێبەکانی کە لە سەرەتای نەوەتەکان چاپ کرا بوو، هەروها جەلال تاڵەبانی کاتێک کە بەرژەوەندییەکانی وای دەخواست کە جۆرێک باس لە مالی مەلا مستەفا بکات باش دەیانیکوتی نمونە " البارزانی و مخطاتە الامپریالیە"، بەڵام دواتر کە بەرژەوەندییەکانی گۆڕاو و ویستی ببێ بە سەڕۆک کۆماری عیراق، بە جۆرێکی دی وەسفی ماڵی مەلا مستەفای دەکرد، لەکاتی هێنانەوەی تەرمی بارزانی لەنێو حەشامەتێکدا مەسعود بارزانی دەستی جەلال تاڵەبانی بەرزکردوە و گوتی: ئەوەش کوڕی بارزانییە، ئەوەی سەیر بوو جەلال تاڵەبانی ئەو وەسفەی قبوڵ بوو.
لە قۆناغی دوای شاخدا واتە دوای کۆڕەوی ساڵی١٩٩١ بە پەلە گەلێک لەوانەی کە بە پیاوی سەرانی پارتی و یەکێتی ناسرا بوون لەسەر کولتووری جاران، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئەو کاتەیان، دەستیان کرد بە هۆنینەوەی ڕووداوەکان و بیرەوەریەکانیان. ئەو کات جەلال تاڵەبانی، نەوشێروان مستەفا و مەسعود بارزانی لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوون، کە بە قۆناغی زێرینی مێژووی ژیانی سیاسییان هەژمار دەکرێت، بەتایبەتی لە ڕووی پێگەی جەماوەریی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی، بوونی دەسەڵات بۆ بەخشینی پۆست و پارەی گشتی، بۆیە ئەو جۆرە نووسەرانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ماددیان و ترسنۆکی، بە ڕاشکاوانە ڕای خۆیان لەسەر ڕووداوەکان، کەسایەتی لێپرسراوانی ینک و پدک دەرنەبڕی ئەوانیش لە بازنەی نووسینەکانی لێپرسراوانی نێو پارتی و یەکێتی نووسینەکانیان دەخولایەوە. لە ئاکامدا ئەوەی ئەوان نووسیانەوە پڕ بوو لە درۆ گوتن.
لە هەمان قۆناغدا بە هێوری بەتایبەتی هەندێک لە پێشمەرگەی سادەی هەشتاکان ئەو ڕێچکەیان شکاند، بوێرانە دەستیان بە نووسیەنەوەی ڕووداوەکانی کە ئەوان لە نزیکەوە لە شاخدا لەگەڵی ژیابوون و لە لاپەڕەی ڕۆژانەی بیرەوەریەکانیان تۆماریان کردبوو کردیان بە کتێب و بڵاویان کردەوە، کە گێڕانەوەکانیان گەلێک جیاواز بوو بە بەراورد بە گێڕانەوەی لێپرسراو و نووسەرەکانی دەوروبەریان کە بەگوێرەی بەرژەوەندیی و مەبەستی تایبەتی ڕووداوەکانیان داڕشتبوو.
ئاشکرایە هەندێک نووسەری دی هەبوون، لە ترسان چاوەڕێ بوون جەلال تاڵەبانی و نەوشێروان مەستەفا بمرن، ئینجا ئەوان ڕووداوەکانی شاخ لە توێی کتێبکدا بگێرێنەوە و خۆیان بکەن بە پاڵەوان و فریشتە، نمونەی ئەو جۆرە نووسەرانەش لەبەرچاون کە پەڕتووکەکانیان لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە.
جیاوازی بنەڕەتی نێوان بەرژەوەندیی و نووسین ئەوەیە، کە نووسین لەسەر کاغەز هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناگۆڕێ، بەڵام بەرژەوەندیی بەگوێرەی گۆڕانی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەمیشە لە گۆڕانە، بۆیە هەر نووسەرێک بکەوێتە ئەو داوەوە ، دواتر مەحاڵە بتوانێت خۆی لەو تەڵەیە ڕزگار بکات، خۆی لە نووسینەکانی بێبەری بکات و هەرگیز پینەوپەڕۆ دادی نادات.
هەندێک لەوانەی کە لە سەرەتایی نەوەتەکان بیرەوەری و ڕووداوی شاخیان کردوە بە کتێب، ئێستا لێ پەشیمانن و ناتوانن خۆیانی لێ بێبەری بکەن، ناشتوانن دوای چارەکە سەدەیەک بێن ئەو کتێبانە دەستکاری بکەن، بۆیە ئێستا دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەوەی یەکێک هەڵبژێرن و چاوپیکەوتنیان لەگەڵدا بکات، بە حیلە شەرعی ئەوەی ئەو کات نەیانوێراوە بیڵێن یان درۆیان فەرمووە، ئێستا بیدرکێنن و ڕاستی بکەنەوە! باشترین نمونە ئەرسەلان بایزە، دوای چەند ساڵێک لە مردنی نەوشێروان مستەفا، ئەوجا ترسی ڕەویەوەو لە کتێبەکەی ئیسماعیل کوردە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوکراویەوە باسی کەسایەتی نەوشێروان مستەفا دەکات و دەڵێت:
" نەوشێروان کابرایەکی قسە ڕەقی ڕووشکێن بوو، پێی گوتوم، تۆ دواکەوتوویت و لە شارێکی دواکەوتوش هاتوویت. منیش دەسەڵاتی ئەوم نەبوو و دوو فرمێسک لە چاوانما هاتەنە خوارەوە، بۆێ دواتر من خۆم لە جەلال تاڵەبانی نزیک کردەوە".
کاتێک کە ئەرسەلان بایز بەژەوەندییەکانی وای دەخواست کە بەجۆرێکی دی بوون بە پیاوی جەلال تاڵەبانی وەسف بکات، هەرگیز بە جەلال تاڵەبانی نەدەگوت، کە من لەبەرئەوەی نەوشێروان تڕۆی کردوم بۆیە بووم بە پیاوی تۆ، بەڵکو بەبۆنە و بێبۆنە هەمیشە دەیگوت، من هەر جەلالی بووم و هەر جەلالیش دەمێنم و کەی جەلال تاڵەبانی مرد منیش واز لە یەکێتی دەهێنم، هەر کاتێکیش بیویستبا دژایەتی کادیرێک بکات لای جەلال تاڵەبانی دەیگوت ئەوە لە خەتی نەوشێروان کار دەکات.
ئەرسەلان بایز لەدوای کۆڕەو بیرەوەری شاخی لەتوێی کاتێبکێکدا بڵاوکردەوە، بەهیچ جۆرێک ئاماژەی بە شێکردنەوەی کەسایەتی نەوشێروان نەکردبوو و نەیوێرابوو بەم جۆرە وەسفی بکات، لەو کتێبەدا قەت نەیگوتوە کە ئەو نەیوێراوە لە ڕووی نەوشێروان بوەستێت و لە ترسان وەک منداڵ گریاوە! سەیر لەوەدایە ئەرسەلان بایز باسی قۆناغێک دەکات، کە پێشمەرگەی سادە لە تیپەکان حکومەتی بەعسیان هێنابووە هەژاند و دەبابەیان قوت دەدا، بە هەزاران کەس بوێرانە بەرەو پەتی سێدارە هەنگاویان دەنا، بەهەزاران کەس لەبەرئەوەی کەسوکاری پێشمەرگە بوون ماڵیان بە بیلدۆزەر دەروخێنرا، بەهەزاران کەس لە زیندانەکانی بەعسدا بێسەر و شوێن بوون، کەچی ئەو لەو پەنا شاخانە وەک منداڵ گریاوە و نەیوێراوە وەڵامی نەوشێروان بداتەوە! هەکە بۆخۆت داوەشێت زەلام بۆ خۆت و چ خەباتگێرێک و پێشمەرگەیک بوویت، پەندێک لە کوردیدا هەیە دەڵێت: "کورد بدوێنە خۆی مەحکەمەی خۆی دەکات"! لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین، ئافەرین ترس زێتر لە پەنجا ساڵ ڕابوەستی، تا نەوشێروان بمرێت، ئەوجا تۆ جورئەت بکەیت قسەی دڵی خۆت بکەیت و قسە بە نەوشێروان بڵێیت!؟
تێبینی:
کتێبی "ژیان و خەباتی سیاسی د.ئەرسەلان بایز لە چاوپێکەوتنێکی مێژووییدا" ئیسماعیل کوردە چاوپێکەوتنەکەی سازداوە و لە ساڵی ٢٠١٩ دەدا لە چاپ کراوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست