عیراق و هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٢دا!
Thursday, 16/12/2021, 22:53
لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەستتێوەردانی ئیران لە عیراق بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەی سەرانی پارت و حزبە کوردی و سونەیەکانی سەربەخۆی کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنە ساختەکانەوە مەشروعیەت وەردەگرن بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی باڵاو هەستیار لەنێو جەرگەی پەیکەری حوکمڕانی عیراقدا. ئیران بەردەوام دەبێت لە جەنگی بە وەکالەت کە میلیشیاو چەکدارە فەرمیی و نافەرمییەکانی خۆی بۆ بەرژەوەندیی و مەبەستی خۆی بەکار دەهێنێت. ئەزموون پێمان دەڵێت کە تاران هەرگیز لە شەقامی عیراقی و سەرانی حزبە عیراقیەکان سڵی نەکردۆتەوە ناکات، هەر کاتێک بیەوێت تیرۆڕیان دەکات. تاران لە بەکار هێنانی هێز و کوشتنی هاووڵاتی هەژاری عیراقی دەست ناپارێزێت، لەبەرئەوەی دەزانێت ئەوانە بێخاوەنن و کەس لەسەریان نایەتە وەڵام، بۆیە بۆ ئەو ئاسانا لە ڕێگەی میلیشیاو چەکدارەکانی ئارامی و سەقامگیری شەقامی عیراقی و هەرێم بشێوێنێت کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا قسوری ناکات. ئیران بەرامبەر ئەو کەسانەی کە لە حکومەتی عیراق پۆستی باڵایان هەیە و دژی بڕیار و ئەجێندا و ستراتیژەیەتی ئەون بۆ لەمودوا زێتر هێرشی درۆن بۆ سەریان بەکار دەهێنێت و نێو ماڵەکانی خۆیانیان لێ دەکات بە گۆڕستان.
ئێران وەک جاران بنکە و بارەگەی ئەمریکیەکان لە عیراق دەکاتە ئامانجی سەربازی، بەڵام وەک جاران کاتێک کە ئەو کارە تیرۆریانە ئەنجام دەدات، هەوڵدەدات زەرەری گیانی لە ئەمریکییەکان نەکەوێت، بەڵکو تەنیا موشەک هەڵدان بێت و دەنگ و سەدای هەبێت لەنێو خەڵکدا. ئیران هەرگیز نەیوسیتوە و نایەوێت دەستی سوور بکات بە خوێنی ئەمریکییەکان لە کاتێکدا دەستی سوورە بە خوینی هەزاران هەزار شیعە و سونە و کوردی ڕەشوڕووتی موسڵمان، چونکە دەزانێت بەهای خوێنی ئەمریکیەکان وەک بەهای خوێنی خەڵکی هەژار و لێقەوماوی شەقامی عیراقی و هەرێم نییە، ئەمریکا لێی خۆشنابێت و دەبەرابەری ئەوە توندتر وەڵامی دەداتەوە، ئەم دیاردەیەش لە ساڵی ٢٠٢٢دا هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت تەنیا گۆڕانێک کە ڕووبدات بەکارهێنانی زێتری دڕۆنە بۆ پێکانی مەبەستەکانی.
ئێران ئاگای لە ڕووداوە نێودەوڵەتیەکان و گرفتەکانی چین و ئەمریکا هەیە. خوێندنەوەی ئیرانەیەکان بۆ مانەوەی ئەمریکا لە عیراق ئەوەیە کە، بۆ لەمەودوا بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەمریکا زێتر خۆی خەریک دەکات بۆ کۆکردنەوەی هێز دژ بە چین، عیراق بە پلەی یەکەمی کارەپێشینەکانی کۆشکی سپی نامێنێت، وا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەمریکا وەک چۆن ئەفغانستانی بەجێهێشت عیراقیش فەرامۆش بکات، بۆیە وەک سەدایەک بۆ نێو خەڵک و پێشاندانی هێزوبازووی خۆی، ئیران لە ساڵی ٢٠٢٢دا زێتر پێدادەگرێت لەوەی کە دەبێت ئەمریکا لە عیراق دەربچێت. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەرک بەوە کراوە کە ئیرانێکی تەپیو دەرەقەت ئەمریکا نایەت، دەسەڵاتدارانی تارانیش ئەو ڕاستییە دەزانن، ئەگەر ئەوان بۆیان بلوابا دەمێک بوو خۆیان دەکرد بە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵام ئەوە خەونێکە هەرگیز نایەتە دی.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئیران بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی میلیشیاکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر بتوانێت لە جاران زێتر کۆنتڕۆڵی عیراق بکات، ئەوا زۆر لە جاران زێتر هێرشەکانی بۆ سەر دەوڵەتانی کەنداو زێتر دەکات، هەروها دژی بوونی سوپای تورکیا لە عیراق و هەرێمیش هەڵوێستی سەربازی توندتر دەنوێنێت.
تورکیا و ئیران دوو هاڤڕکێی یەکتری بەهێزن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بەشێک لە خاکی عیراق لەلایەن تورکیاوە بە تایبەتی لە باکوور، هەروها کۆنتڕۆڵ کردنی بەشێک لە خاکی سوریا لەلایەن ئیرانەوە، لە کاتێکدا ئیران هەوڵدەدات سەرتانسەری عیراق داگیربکات ئینجا لەوێوە پەلوپۆ باوێت بۆ دەوراوپشت.
ئیران و تورکیا لەسەر ئاستی ناوچەکەدا بەهێزن، بە سەدان ساڵە خاوەن دەزگەی هەواڵگری و سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی سیاسەتە نێودەوڵەتیەکانی ناوچەکەن. ئەوان وەک هەرێم لەسەر بیناغەی عەشایری و خزمانێ کار ناکەن، پۆستی ڕاوێژکار و سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەسەر بیناغەی خزمخزمانێ داناڕێژن تا لە ئەنجامدا دەزگەی بێ توانا و بێ شکۆ بەرهەم بێنن، وەک دەزگەی دژە تیرۆر و پاراستن و هەواڵگری هەرێم، کە خاوەن هیچ هەیبەتێک نین و پۆستی ئەو جۆرە دەزگەیانە کراون بە ئیمتیاز و خەڵکی بودەڵەی بێ بەهرەی تێیدا کۆبۆتەوە، بۆیە دەبینین کە دەزگەی ئیتیلاعات و میت پتەون و سامی خۆیان هەیە لەسەر ئاستی ناوچەکە و نیوخودی وڵاتەکەیان. ئیران و تورکیا خاوەن ئەزموونێکی بەهێزن لە هەڵکوتانە سەر نیشتمان و نەتەوەیی دراوسێیان، حکومەتەکانیان سیمای عەشیرەت و خێزانی پێوە دیار نییە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا کارکردنی دەزگەی میت و ئیتیلاعات لە عیراق و هەرێم لە هەڵکشانی زێتر دەبێت.
پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی ئیران و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەرهەم هێنانی، گەشەکردنی زێتری توانای سەربازیی ئیران بە بەراورد بە هەرێم و عیراق، گەشەپێدانی دڕۆنی ئیرانی هەمووی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ترسناکتر دەبێت. مەترسی ئەو جۆرە گەشەکردنە بۆ ناوچەکەش زێتر دەبێت بەڵام زۆربەی وڵاتانی کەنداو و تورکیا و سعودیە و ئیسرائیل دەستەوەستان نەوەستاون ئەوانیش بەگوێرەی ئەوە غەمێکیان لە خۆیان خواردوە، ئەوەی بە ماڵویرانی ماوە میللەتانی عیراق و هەرێمن.
عیراق، داهاتوویەکی تاریک چاوەڕوانی دەکات، ئەگەر ئەمریکا ڕێگە بدات ئێران چەکی ئەتۆمی بەرهەم بێنێت، سەدا سەد عیراق دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیران، کە لەو حاڵەتەدا مەترسی لەسەر سعودیە و ئیسرائیل زێتر دەبێت، چونکە ئیران هەرگیز نایەوێت جەنگ لەنێو خاکی ئەوەدا هەڵگیرسێت بەڵکو عیراق دەکات بە گۆڕەپانی ساغکردنەوەی ململانێکانی لەگەڵ سعودیە، ئیسرائیل و تورکیاو وڵاتانی دی، عیراق دەبێت بە بنکەی هەڵدانی موشەک و دڕۆنی ئیرانی.
داعش لە گەشەسەندنە، بەڵام مەرج نییە هەموو کارە تیڕۆریستەکانی ئەو دوایەی عیراق و کوردستان تەنیا ئەوان بن. میلیشیاکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزگەی هەواڵگری سەر بە زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا هەڵیان دەسورێنێن و بە سەدان هەزار میلیۆن دۆلاریان لێ خەرج دەکەن. میللەتی کورد بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، ئاراستەی جۆری کارکردنی میلیشیاکان لە عیراقدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تاکتیک و ستراتیژیەتی میلیشیاکانی سەر بە ئیران و تورکیا لە پێستی جیاوازدا کارە تیرۆریستیەکان ئەنجام دەدەن. هەنووکە کێشەی پێکهاتنی حکومەتی عیراقی هەیە، وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە میلیشیاکانیان لە جاران زێتر چالاک کردوە، بۆ ئەوەی بتوانن سیناریۆی پێکهێنانی حکومەتی عیراقی بگۆڕن، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو میلیشیانە لەژێر هەر ناوێکی دیدا بێت و بە داپۆشینی جلوبەرگی دی کارە تیرۆریستیەکان ئەنجام بدەن، واتە کەس نازانێت کێ و کام وڵات و میلیشیا لە پشتەوەی ئەو کارانەن، بە گشتی میللەت بێ ئاگایە لەو گەمە پیسە، بەڵام دەزگەی هەواڵگری وڵاتانی ناوچەکە و دنیا زانیارییان هەیە چی دەگوزەرێت، ئەم دیاردەیە لە کۆتایی ئەم ساڵدا سەریهەڵداوە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرەو گەشەکردنی زێتر دەچێت بە تایبەتی تا دوای پێکهێنانی حکومەتی عیراقی دواتر هەندێک هێور دەبێتەوە بەڵام دوای ڕۆیشتنی ئەمریکا دووبارە لە هەڵکشان دەبێت.
مەسەلەی ئابووریی لە عیراق و هەرێم گرفتەکی قوڵی دزی و گەندەڵییە، تا ئەمریکا هەندێک لەو لێپرسراوانە لە حکومەتی بەغداد و هەرێم نەداتە دادگەو سزایان نەدا، دەست بەسەر ماڵوموڵکیان نەگرێت لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و پارەکانیان لە بانەکە نێودەوڵەتیەکان سڕ نەکات، هیچ ڕۆشنایەک بەدی ناکرێت کە دۆخی ئابووریی میللەتانی عیراق و هەرێم چاک بێت.
مەسەلەی سیستەمی دیموکراتی لە عیراق و حکومەتی داهاتوو لە ساڵی ٢٠٢٢دا
پیادەکردنی سیستەمی دیموکراتی تەنیا هەڵبژاردن نییە، ئەڵبەتە پێش هەموو شتێک ئەقڵیەت، پەروەردە و بڕوابوونە بەوەی کە ئەو سیستەمە گونجاوە بۆ بەڕێوەربردنی وڵات، بوونی شەفافیەتە لە هەموو جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانیدا، یەکسانی ماف و دابینکردنی کەشوهەوایەک کە لە سایەیدا هەموو بیرکردنەوەکان و هەڵسوکەوتەکانی تاکەکان ئازادانە پەیڕەو بکرێت، دنیایەکە بەبێ جیاوازی لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە یاسا و دەستورێک دادەڕژرێت کە ماف و ئەرکی هەموو تاکێکی تێیدا ڕوون کراوەتەوە و بەگوێرەی یاسا پارێزراوە، بۆیە بەیتوبالورەی ئەوەی کەوا سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە عیراقدا دیموکراتییە، ئەوە لە هەڵخەڵەتاندن بەولاوە هیچی دیکە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ١٨ ساڵە لە عیراق و ٣٠ ساڵە لە کوردستان هەڵبژاردن توانای گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی و دەموچاوەکانی نەبووە و نەیتوانیوە سامانی گشتی دزراو بگەڕێنێتەوە بۆ میللەت، ئەم دیاردەیە وا بە ئاسانی کۆتایی نایەت و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەردەوام دەبێت. ئەوانەی لە دەزگە باڵاکانی حکومڕانیدا پۆستیان مسۆگەر کردوە تەنیا بوکەلەن بە دەست زلهێزە ناوچەیەکان و دنیادا. لە سێبەری ئەو جۆرە سیستەمەدا ٣٠ ساڵە بە خشکەیی هەوڵدەدرێت ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینی پێکهاتەکانی عیراق بگۆڕن، ئەوەندەی لەو قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا بەرامبەر کەمە نەتەوەکان کراوە، لە مێژووی عیراقدا قەت ڕووی نەداوە، نمونە زۆربەی خاکی کوردستان لە باشووری وڵاتدا لە دەستدراوە ناوی نراوە ناوچە کێشە لەسەرکان. لەو قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا سەد بەرابەری جاران کورد کۆچی بۆ هەندەران کردووە. لەبەرئەوەی نوێنەری پارتی و یەکێتی و هەندێک لە پارتی کوردی دیکە بەشدارن لە دەسەڵاتی حوکمڕانی مانای ئەوە نییە کە کورد لە بەغداد مافی خۆی سەندوە، بەڵکو ئەمانە توێژێکی هەرە بچووکن لەنێو کۆمەڵگەی کوردی باشوور پۆستی باڵایان دراوەتێ و بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردبوون نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ناسنامەی عیراقی دروستکراوی دەستی کۆمپانیا ئینگلیزیەکان و فرەنسیەکانە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا. ئەوانەی هەڵگری بیروباوەری ئاینی غەیرە ئیسلامن نمونە فەڵەکان، لەم قۆناغەدا زۆربەی هەرە زۆریان ئەرزو خاکی خۆیان بەجێهێشتووە و ڕوویان لە هەندەران کردوە، یان لەژێر فشاردا کوژراون و سەربڕان، تاکوتەرا ئەوانیش کورد ئاسا نوێنەریان بۆ هەڵبژاردون لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد، ئەوانیش لە بەغداد بوون بە میزراحی دەسستی حزبە شیعیەکان و لە سلێمانی و هەولێریش میزراحی دەستی سەرانی پارتی و یەکەتین و خەریکی گیرفان پڕکردنن، ئەم دیاردیە تا ساڵی ٢٠٢١دا لە گەشەسەندن بووە و لە ساڵی ٢٠٢٢شدا لە گەشەسەندنی زێتر دەبێت.
کەمە نەتەوەی وەک تورکمان، ئەوا جاران واتە پێش کۆڕەوی ١٩٩١ ئەو پێکهاتەیە دەستی بە کڵاوی گرتبوو با نەیبا، ئێستا نوێنەریان لە حکومەتی هەرێمدا هەیە و سەر بە تورکیان. لەو قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا تورکیا لەنێو ئەو پێکهاتەیە بە سەدان خەڵکی لە دەزگەی هەواڵگری میتی تورکی دامەزراندوە، کە بە دزی و بە ئاشکرا کار بۆ تورکیا دەکەن، ئەم دیاردەیەش لە هەڵکشانی زێتر دەبێت لەبەرئەوەی تورکیا خەرجیەکی زۆر دەکات بۆ گەشە پێدانی ئەو پلانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست