کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرقاڵی ئەمریکا لە تایوان و کاردانەوەی لەسەر عیراق

Sunday, 12/12/2021, 13:51


لەوەتەی سەرۆکی ئەمریکا جۆن بایدن هاتۆتە دەسەڵات، وەک درێژەدان بە سیاسەتەکانی ترامپ بەرامبەر بە چین، لە هەموو بۆنەیەکدا ئاماژە بەوە دەدات، کە یەکێک لە پێشینەی کارە گرنگەکانی  ئیدارەی ئەو، ڕووبەڕوو بوونەوەی چینە، کە وەک مەترسیەکی  مەزن خەریکە لەگەڵ ئەمریکادا لە هاوسەنگی هێزدا لەگەڵ کاتدا هاوشان دەبێت. جگە لەو گرفتە، هەنووکە جەنگی ئابووریی، کێشە لەسەر کۆنتڕۆڵ کردنی بازاری جیهانی لەنێوان ئەو دوانەدا بە ئاشکرا دەرکی پێ دەکرێت، هەروها  جەنگی کڕۆنە ڤایرۆس و تەکنەلۆژیا، لەلایەکی دی  بوونی هێزی چینی لە زۆربەی دورگەکانی نێو ئوقیانووسەکان، بەتایبەتی ئۆقیانوسی باشووری چین، مەسەلەی هۆنگکۆنگ و تایوان و گەلێک گرفتی دی کەڵەکە بوون، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە، کە گرژیەکانی نێوان پەکین و کۆشکی سپی پێ بنێتە قۆناغێکی مەترسیدار کە بێ گومان کاردانەوەی دەبێت لەسەر بەرنامەی پێشینە کارەکان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی لە عیراق و سوریا و کوردستان. 
چین، تایوان بە بەشێک لە وڵاتەکەی خۆی هەژمار دەکات، وەک چۆن سەدام کوێتی بە بەشێک لە عیراق هەژمار دەکرد، هێڕشی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دا،  کە بووە هۆی لەناوچوونی خۆی و خوڵقاندنی گۆڵمەزەیەکی مەزن لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بۆ سوریا و عیراق کە تا هەنووکە سەقامگیریان بەخۆیانەوە نەدی. پەکەین ددان بە سەربەخۆیی تایوان دانانێت، بە مافی خۆی دەزانێت وەک هەرێمێکی دانەبڕاو لە وڵاتەکەی حوکمڕانی ئەوێش بەگوێرەی یاسا و دەستوریی چینی بکات، ڕازی نابێت لەخۆی زێتر هیچ هێزێکی دەرەکی پێ بنێتە خاکی تایوان، بۆیە هەنووکە گرژی لەنێوان چین و تایوان لە ئەوپەڕی بەهێزیدایە، پەکین لە ڕۆژی  نیشتمانی  چیندا لە ١٠/٢٠٢١دا بە مەبەستی ترساندن، شکاندنی شکۆی تایوانیەکان، دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەو وڵاتەدا، ١٤٩ فڕۆکەی سەربازیی چینی بە پۆل نارد بۆ ئەوەی لە ئاسمانی باشووری ڕۆژئاوای تایوان بخولێنەوە، دوای ئەو ڕووداوە، حکومەتی تایوان داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کرد، لە میدیاکاندا ڕایگەیاند، کە چین دەیەوێت هێڕشی سەربازی بۆسەر وڵاتەکەیان بکات.  ئەم گرفتە هەلێکی زێرینە بۆ ئەمریکا کە ئەو جەنگەی دژی چین دەیەوێت بیکات ئەوا لەسەر ئەرزی تایوان یەکەم هەنگاوی بۆ بهاوێت.
تایوان چەند مانگێک پێش ئێستا، داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی کرد، بەتایبەتی لە ئەمریکا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی مەترسی چین. جۆن کێربی وتەبێژی فەرمی پینتاگۆن کاتێک کە گەشتی بۆ تایوان کرد لە میدیاکاندا لە یەکەم هەنگاودا سیاسەتەکانی ئەمریکای بۆ گرفتی نێوان تایوان و چین ئاشکرا کرد و  ڕایگەیاند: 

" بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی ئەمریکا پابەندە بە پەیوەندیی لەگەڵ تایوان و دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی کە تایوان توانای ئەوەی هەبێت کە ڕووبەڕووی مەترسیە دەرەکییەکان بێت و هەرەشە لە دورگەی تایوان بۆتە هۆی نیگەرانی ئەمریکا". 

ئەمریکا بەفەرمی داوای کردوە کە ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی ئەوەن دەبێت لەگەڵ ئەوەدا هەڵویستیان جووت بکەن، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە سنووری جوگرافیای ئاوی تایوان و چین نزیکن وەک ئوسترالیا، نیوزیلاند و هیند. هەنووکە پێشوەخت هەندێک لەو وڵاتانەی کە بە هاوپەیمانی ئەمریکا ناسراون، هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر ئەو کێشەیە ساغ کردۆتەوە وەک ئوسترالیا لە مانگی ڕابردوودا هەندێک لە هێزە سەربازیەکانی بۆ تایواند نارد و بە ئاشکرا لە میدیاکاندا وەڵامی هەڕەشەکانی چینی بۆ سەر تایوان دایەوە، بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە چین مافی ئەوەی نییە بە هەر هۆیەک بێت، هەڵکوتێتە سەر تایوان. ئەم ئەزموونە هاوشێوەی ئەزموونی هەڵوێستەکانی سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. واتە ئەگەر گرفتەکانی نێوان ئەمریکا و چین بگاتە ئاستی هەڵگیرسانی جەنگ، ئەوە وا چاوەڕوان دەکرێت کە تایوان یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە چارەنووسی وەک سوریای لێ دێت.  
کێشەی نێوان چین و ئەمریکا تەنیا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا نییە، ئەڵبەتە ململانێیەکی جیهانیە ئیتر جگە لە تایوان جارێ دیار نییە کە  لە کام وڵاتی هەژاری دیەکەشدا ئەو ململانێییە زێتر گرژ دەبێتەوە و خاکەکەی دەکرێت بە گۆڕەپانی  جەنگی بەرژەوەندیی ئەو دووانە، بەڵام لە تایوان ئاماژەکانی ئەو جەنگە بەدەرکەوتووە. کەواتە خوێندنەوەی ڕووداوەکان پێمان دەڵێن کە ئەمریکا سەنگی هێز و سەرنجی خۆی بە پلەی یەکەم بۆ ئەو کێشەیە تەرخان دەکات. زۆربەی شڕۆڤەکارانی جیهانی لێکدانەوەیان بۆ گوتەکانی بایدن ئەوەیە کە، لەمولا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی سوریا و عیراق بە پلەی یەکەم جێگە سەرنج و گرنگی پێدانی ئەمریکا نامێنن یان گۆڕانی چاوەڕوان نەکراو لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا لەو ناوچەیەدا لە ئایندەدا دەردەکەون، وەک چۆن مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ئەفغانستاندا گۆڕانی بەسەردا هات،  ئەوەی کە چاوەڕوان نەکراو بوو لە ڕێککەوتنی نێوان تالیبان و ئەمریکادا ڕوویدا و یەکێک لە سەڕۆکەکانی ئەو جوڵانەوەیان لە زیندان دەرهێناو کردیانەوە بە دەسەڵاتدار لە ئەفغانستان. 
ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی لە عیراق و باشووری کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵ سەڕۆکی حزبە دەسەڵاتدارەکان کرد، بۆ دوو تا سێ دەیە لەژێر دروشمی بەرەو بە دیموکراتی بردنی سیستەمی حکومڕانی  وهەڵبژاردنە پڕ ساختەکان و تەوافق، میللەتانی سەرتانسەری عیراقی خستە ژێر ڕەحمەتی کۆمەڵێک گەندەڵکار و دز، کە ئێستا خۆشی دەرەقەتیان نایەت، هەریەکە خۆی بە وڵاتێکی ئیقلیمی وەک تورکیا و ئیران گرێ داوە و بوون بە خاوەن مافیا و بیرەنەوت. بێگومان لەو هەڵەیەی ئەمریکا چین سوودمەند بوو، کاتی بەوە نەکوشت لەگەڵ سەرانی حزبەکانی ئەو وڵاتە کە نقومی گەندەڵی بوون و لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی میللەت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بەڵکو خۆی بە پڕۆژەی ئابووریی سەرقاڵ کرد، کە لە ئەنجامدا لەو ناوچەیەش چین بوو بە براوەی یەکەم و بە سەدان گرێبەستی ئابووریی بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەو وڵاتانەدا واژۆ کرد.  ئێستا زۆربەی ئەو حکومەتانە و ئەو هێزە چەکدار و پاراتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەرژەوەندیی و مانەوەیان لە دەسەڵات بەندە بە مانەوەی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا و ئاگاداری ئەو کێشەی ئەمریکا و چینن لە تایوان، بەتایبەتی لە عیراق و سوریا و کوردستان، لە ڕێگەی پەیوەندیی هەواڵگری و دیبلوماسی و  میدیاکانیانەوە، هەوڵدەدەن بە ئەمریکا بڵێن، کە چین لەو ناوچەیەش بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسیەوە، لەبەرئەوە نابێت ئەمریکا بۆشایی هێز لەو ناوچەیەدا دروست بکات و وەک ئەفغانستان بەجێبهێڵێت، بەڵام مەرج نییە ئەو هەوڵانەی ئەوان جێگەی هیچ بگرێت، چونکە گۆڕان لە هاوکێشەی هێز و بەرژەوەندیی دەبن بە سەنگی مەحەک و سەرچاوەی بڕیاردان، هەروها لە گەمە و هاڤرکێی توندی نێوان زلهێزەکان بۆ بوون بە سەڕۆکی دنیا، سەرۆکی ئەو وڵاتانە و سەرۆک حزبەکانیش هەژماری سفری دوای فاریزەیان بۆ ناکرێت وەک چۆن هەژمار بۆ حوسنی موبارەک، مەعمەر قەزافی و سەدام نەکرا کاتێک کە زلهێزەکانی دنیا لەو ناوچانەدا سیاسەتەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندیی خۆیان جووت کرد و پشتیان تێکردن. ئەو گۆڕانەی کە لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا لە ئایندەدا ڕوودەدا، لەژێر کۆنتڕۆلی ئەواندا نییە، بیانەوێت یان نا ئەوانیش چارەنووسیان وەک خەڵکی هەژاری ئەو ناوچانە لەژێر ڕەحمەتی سیاسەتەکانی داهاتووی زلهێزەکانە بەتایبەتی سیاسەتەکانی ئەمریکا!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە