کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەغداد و هەرێمی دوای هەڵبژاردن

Thursday, 21/10/2021, 22:02


لەسەر ئاستی عیراق:

ڕێژەی بەشداریی کردن لەهەر هەڵبژاردنێک بێت، لەهەر وڵاتێکدا بێت، زۆر گرنگترە لە ئەنجامەکەی، لەبەرئەوەی ئەو ڕێژەیە پێشانی دەدا، کە خەڵک چەند متمانەی بە حکومەت و حزبەکان و هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکەی هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک عیراقدا، کە ناسەقامگیری ئابووریی، سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتی لە ئەوپەڕی بەهێزیە، وڵاتێکە جگە لە گرفتەکانی ناوەخۆی، بۆتە گۆڕەپانی ململانێی ئیران، تورکیا، ئەمریکا و هاوپەیمانانی، کە هەریەکە بە جۆرێک لە هەڵبژاردنەکان و بەریوەبردنی عیراقدا لە گۆڕەپانەکەدا ئەسپی خۆی تاوداوە. 
هەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١ی عیراق،  سەرەڕای ساختەکاری، خەرجیەکی زۆر، بە هەموو لایەک هەوڵدان بۆ سەرخستنی ئەو هەڵبژاردنە، ئەوجا کۆمسیۆن بە فەرمی ڕێژەی بەشداریی لە ٤١% ی ڕاگەیاند، کەواتە براوە بە پلەی یەکەم لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی هەرێم و بەغداد، دەنگی ئۆپۆزسیۆنی شەقامی عیراقی و هەرێمی بێ خاوەن و وێڵە. ئەم ئەنجامە پەیامێک بوو بۆ سەرانی پارتەکان، زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا، کە ئەوجارە لایەنە سیاسیەکان لەم  هەڵبژاردنەدا دۆڕاون، بەڵام لەنێو دۆڕاوەکاندا براوە هەیە. 
سەرانی پارتەکانی  کورد و عەرەب ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بوون، خۆیان لەقەرەی ئەو ڕاستییە نادەن و گوێ خۆیان لێ خەواندوە کە گەلانی عیراق لەم هەڵبژاردنەدا کەسیانی بەگەن نەکرد، ئێستا هەموویان سەرقاڵی ئەوەن کە، پۆستی سەڕۆک کۆمار، سەڕۆک وەزیران و سەڕۆک پەرلەمان لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن، لەسەر لاشەی مردووی هەڵبژاردانەکاندا کۆمەڵێک حزب و کەس بلەوەڕێن. 
لە پەیکەری دەسەڵاتی عیراقدا، پۆستی سەڕۆک وەزیران، گرنگترین  پۆستە، هەمیشە کتلەی براوەی هەڵبژاردنەکان ئەو پۆستە بە موڵکی خۆی دەزانێت، بەو پێیە بێت  سەدر لە ٧٣%ی دەنگی هێناوە،  ئێستا ئەو پۆستە بە پشکی خۆی دەزانێت. ئێستا لەنێو ماڵی شیعەدا ناکۆکی هەیە لەسەر قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پۆستی سەڕۆک وەزیران. سەرەڕای ناکۆکی لە ماڵی شیعەدا بەڵام ئەوان ئەو پۆستە بە موڵکی شیعەی عیراقی دادەنێن، واتە لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەوەی ئەو پۆستە وەردەگرێت دەبێت شیعە بێت، ئەوجا ئەو کەسە لەنێو حزبە مەزهەبیە شیعەکان بێت یان نا، ئەوان ناهێڵن سونە مەزهەبەک ئەو پۆستە وەربگریت، لەبەرئەوەی لە بیناغەوە کێشەی عیراق لەسەر جیاوازی و ناکۆکیی نێوان سونە و شیعەیە کە کامیان بێنە دەسەڵات.
سەدر براوەی یەکەمە، بەگوێرەی دەستوری عیراقی مافی ئەوەی هەیە بۆ ئەو پۆستە یەکێک دەستنیشان بکات. سەدر زوو لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان دەستنیشانی کەسێک دەکەن بۆ ئەو پۆستە و لەگەڵ حەلبوسی و پارتی هاوپەیمانیەتی دەبەستن و حکومەت پێکدەهێنن،  بەڵام کتلەیەکی دی شیعە کە مالکی لەنێویاندا  هەوڵدەدا ئەو پۆستە بۆ خۆی مسۆگەر بکات، کە ئیران و هێزی چەکداری میلیشیاکانی شیعە و هادی عامری و عەمار حەکیمیشی لە پشتە و دژی سەدر دەتوانن هاوپەیمانی دروست بکەن و حکومەتی عیراق پێکبهێنن.
 لەو کەینوبەینەدا و لە ئەنجامی ناتەبایی ماڵی شیعەدا، چاوەڕوانی چەند ئەگەرێک دەکرێت کە ڕووبدات. یەکێک لەو ئەگەرانە ئەوەیە، کە شیعەکان لە ڕقابەری یەکتر، هەموویان کۆک بن لەسەر کەسێک کە لەدەرەوەی  ئەو کتلە شیعیانە بێت کە ناکۆکن، بۆیە لە حاڵی حازردا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، کە  کازمی کاندیدێکی بەهێز بێت بۆ مانەوەی لە پۆستی سەڕۆک وەزیران.  
کازمی لەو ماوەیەی کە سەڕۆک وەزیرانی کاتی بوو لە عیراق، توانی هاوسەنگی پەیوەندییەکانی،  لەگەڵ هەموو ئەوانەی دژ بەیەکن لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا لەسەر هەرسێ ئاستی ناوەخۆ، ناوچەکە و نێودەوڵەتی ڕابگرێت، واتە ئەمریکا و ئیران گرفتیان نییە لە مانەوەی کازمی. سعودیە و ئیران لەسەر دەستی کازمی لە عیراقدا چەند جارێک بەرامبەر بەیەک دانیشتوون. کازمی کاتێک کە گەشتی بۆ تورکیا کرد، دواتر لە میدیاکاندا دەیگوت من و ئەردوغان هاوڕێین، جگە لەهەندێک یارمەتی ماددی کە کازمی لەو گەشتەیدا بۆ عیراقی مسۆگەر کرد، ئەردوغان کراسێکی بەدیاری دابوو بە کازمی، بەرامبەر بە کامیراکان کازمی دەیپۆشی و شانازیی پێوە دەکرد، بۆیە ئاماژەکان دەریدەخەن کە تورکیاش کێشەی نییە لە مانەوەی ئەو.
 لەسەر ئاستی ناوەخۆدا سەدر هەمیشە لە میدیاکاندا بەشانوباڵی کازمی هەڵدەگوت، ئەوانی دیکەی وەک هادی عامری و فەیاز و حەکیم و چەند لە هێز و میلیشیای چەکدار ئەگەر ڕقیشیان لە کازمی بێت، پەیوەندیان نەگەیشتۆتە ئاستی دوژمنایەتی، هەروها ئەم پارت و گروپە چەکدارانە لەژێر کۆنتڕۆڵی تارانن، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بگاتە ئەو ئاستەی کە کازمی کاندیدێکی گونجاو بێت و ئیران پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەوەدا بێت کە دووبارە کازمی ببیت بە سەڕۆک وەزیران، ئەوا بێگومان سەرانی پارت و ئەو هێزە چەکدارانە بانگێشتی تاران دەکات و پێیان ڕادەگەیەنێت، کە کازمی هەڵبژاردەی ئەوانە و دەبێت قبوڵی بکەن. 
 کازمی لەگەڵ حەلبوسی و کتلەی سونی پەیوەندیەکی باشی هەیە، هەروها لەگەڵ ماڵی بارزانی و لە ڕێگەی بەرهەمەوە لەگەڵ یەکەتیش پەیوەندیی باشە، هەر دوو هێزیش لەژیر هەژموونی ئیرانن واتە بیانەویت یان نا، ئەگەر تاران پێداگری کرد لە دانانەوەی کازمی، ئەوا سەرانی ینک و پدک ناتوانن سەرپێچی بکەن، بۆیە تا ئێستا پێگەی کازمی بەهێزە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە. 
سەدر بۆ پاراستنی پێگەی جەماوەریی خۆی لەنێو سەدریەکان، دەبێت هەژمار بۆ هەستی دەنگەدرانی بکات، کە زۆربەیان لەسەر بیناغەی مەزهەب و دڵسۆزی بۆ سەدر ڕوویان لە سندوقی دەنگدان کردووە و لە ململانێی نێو هێزە شیعیەکاندا خۆیان ساغ کردۆتەوە، بۆیە لە سەرەتادا سەدر پێداگری دەکات لە دەسنیشان کردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە. سەدر لە وتارەکانیدا دەڵێت " نا بۆ حکومەتێکی ڕۆژئاوای و ڕۆژهەڵاتی" بەڵام لە ڕاستیدا ئەویش لەژێر فشاری ئیران و ئەمریکا و تورکیا و سعودیەیە، ئەمە لەلایەک لەلایەکی دی کازمی تا ئێستا لەلایەن سەدرەوە لە میدیاکاندا ڕۆڵی بەرز دەنرخێندرێت و سوپاسی دەکرێت، واتە کازمی توانیویەتی سۆزی سەدریش بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، کە سەڕۆکی گەورترین کتلەی شیعە و کاردانەوەی لەسەر شاقامی عیراقیدا هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە دوا ساتەکاندا بگاتە خاڵێک و سەدر بە ئەمری واقیع ڕازی بێت و پێداگری نەکات لە نەبوونی کازمی بە سەڕۆک وەزیران.   
ئەگەرێکی دی ئەوەیە کە کاندیدی دی لەنێو کتلە شیعەکاندا دیاری بکرێت و هاڤرکێی کازمی بکات، بەڵام ئەزموونی چەند ساڵەی ڕابردوو سەلماندویەتی، کە سەڕۆک وەزیرەکانی ئەو وڵاتە ئینجا لەهەر کتلەیەکی شیعی بووبن، سەرکەوتوو نەبوون لەبەڕیوەبردنی عیراق، بۆیە ئەگەر هەر کتلەیەکی شیعی پێداگری بکات لە کەسێکی دیاریکراوی نێو کتلەکەی خۆی، لە ئەنجامدا لێپرسراوەتی سەرنەکوتنی ئەو کەسە لە حوکمڕانیدا دەکەوێتە ئەستۆ و کاردانەوەی لەسەر پێگەی جەماوەریی ئەو کتلەیەدا دەبێت، کە سەرانی حزب و میلیشیا شیعیەکان، لەو خاڵە سڵ دەکەنەوە و بەتایبەتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو جارە سامی خستۆتە دڵی هەموویان، بۆیە لە کۆتاییدا کاتێکی دڕێژ دەخایەنێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەچەنە ژێر باری ئەوەی وەک جاران کەسێک بە تەوافق لەو پۆستەدا دابنێن. کەواتە لەسەر ئاستی عیراقدا ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هیچی نەگۆڕی، هەمان کەس و هەمان حزب و میلیشا حوکمڕانی عیراق دەکەن، جاران بە دەنگێکی زۆر ئەوجارە بە دەنگێکی کەم، واتە هەڵبژاردنەکان لە کات کوشتن و سەرقاڵ کردنی میللەتانی عیراق بەولاوە هیچی دی نەبوو. 

 لەسەر ئاستی هەرێم: 

سەرەرای هەوڵدانێک و خەرجیەکی زۆر و ساختەکاریش، ئەوجا هەموو حزبەکانی هەرێم لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی زۆریان لەدەست دا. بەپێی ئەنجامی فەرمی کۆمۆسیۆن بێت کە لە میدیاکاندا ڕاگەیاندرا، لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگی سەرجەم لایەنەکان لە هەرێمی کوردستاندا دابەزیوە، پارتی 420 هەزار و 430 دەنگی بەدەست هێناوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2018دا 724 هەزار و 727 دەنگی بەدەست هێنا بوو، کەواتە  زێتر لە 300 هەزار دەنگی دۆڕاندوە. یەکێتی150 هەزار و 155 دەنگی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018 دا 364 هەزار و 638 دەنگی بەدەست هێنا بوو، کەواتە زێتر لە 214 هەزار دەنگی لەدەست داوە.  نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا 152 هەزار و 645 دەنگی بەدەست هێنا بوو، ئێستا 135 هەزار و 140 دەنگی بەدەست هێناوە،   واتە  17 هەزار دەنگی دۆڕاندوە. بزوتنەوەی گۆڕانیش 22 هەزار و 300 دەنگی بەدەست هێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018دا 199 هەزار و 611 دەنگی بەدەست هێنا بوو، بەوەش 177 هەزار و 311 دەنگ دابەزیوە. یەکگرتووی ئیسلامی 105 هەزار و 110 دەنگی بەدەست هێناوە و لە 2018دا 98 هەزار و 19 دەنگی بەدەست هێنا بوو. کۆمەڵی دادگەریش 50 هەزار و 550 دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2018شدا 91 هەزار و 968 دەنگی هەبوو. 
پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق پشکی کوردە، بەڵام لە واقیعدا دوای ڕووخانی سەدام ئەو پۆستە تا ئێستا تەنیا پشکی یەکێتی بووە. پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق بۆ بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی کورد لە باشووردا دەردێکی کوشندە بوو، بەڵام وەرگرتنی ئەو پۆستە خەونی دێرینی جەلال تاڵەبانی بوو. لە قۆناغی شاخیشدا ئەو ئەوەندەی خەونی بەوە دەدیت کە ببێت بە سەڕۆک کۆماری عیراقی عەرەبی، ئەوەندە خەونی بەوە نەدەدێت ببێت بە سەرۆکی کوردستانێکی ڕزگارکراو. ئەم حەزەی جەلال تاڵەبانی هەمیشە بۆ دەوروبەری نامۆ نەبووە و لە شاخیشدا هەستپێکراو بوو،  بۆیە کاتێک کە ئەو هەلە هاتە پێشێ ئەو ببێت بە سەڕۆک کۆماری عیراق، جەلال تاڵەبانی یەکێتی نیشتمانی بۆ هێرۆی خێزانی و هەرێمیشی بۆ ماڵی بارزانی بەجێهێشت. جەلال تاڵەبانی هێندە حەزی بەو پۆستە هەبوو، دواتریش هەتا خۆی لەسەر پێدا مابوو لە خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا هەر خۆی دەبووەوە بە سەڕۆک کۆمار، لەنێو یەکەتیدا کەس زاتی ئەوەی نەبوو داوای ئەو پۆستە بکات. 
ئەزموون پێمان دەڵێت کە وەرگرتنی ئەو پۆستە نە بۆ کورد و نە بۆ یەکێتی وەک حزب، هیچی  لێ شین نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت کە جەلال تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح گیرفانیانیان پێ گەرم کرد. لەگەڵ ئەوەشدا هەنووکە ئەو پۆستە کێشە لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست دەکات، پارتی پێ وایە ئەو دوو هێندەی یەکێتی کورسی هێناوە و لە دوا ی ڕووخانی سەدامیش تا ئێستا ئەو پۆستە هەر بۆ یەکێتی بووە، بۆیە ئەوجارە کاتی ئەوە هاتووە و مافی خۆیەتی کە کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دیاری بکات. 
ساغبوونەوەی کاندید بۆ ئەو پۆستە وەکو هەموو پۆستە باڵاکانی نێو حکومەتی عیراق ئەوەندەی لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکا و ئیرانە، ئەوەندە لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکەتییدا نییە. بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئەوجارە سێ ئەگەر هەیە.  ئەگەرێک کە چاوەڕوان دەکرێت ئەوجارە پارتی لە جاری پێشووتر زێتر پێداگری بکات لە دەست نیشان کردنی کاندیدی خۆی و سەرخستنی وەک تۆڵە لەشەڕەکەی پێشووی کە لەگەڵ یەکەتیدا کردی بۆ کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە، هەروها  ئەوجارە پێگەی پارتی لە یەکێتی بەهێزترە  و دەیەوێت کاندیدی خۆی هەبێت بۆ ئەم پۆستە. بە واتەیەکی دی ئەوجارەش کاندیدی پارتی دەچێتە هاڤڕکێ لەگەڵ بەرهەم ساڵح، لە کۆتاییدا ئەمریکا و ئیران تێکەڵاو دەبن بۆ ساغ کردنەوەی کاندیدی یەکێتی یان پارتی. ئەگەرێکی دی ئەوەیە کە لەنێو عەرەباندا دەنگێکی ناڕەزا هەیە کە دەگوترێت عیراق وڵاتێکی عەرەبیە، دەبێت سەڕۆکەکەشی عەرەب بێت نەک لە کەمەنەتەوەکان دی، بەڵام دیار نییە ئەو بیرۆکەیە تا چەند پشتیوانی لێ دەکرێت کە سەرکەوتوو بێت. کەواتە ئەو هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرێمیش هیچی نەگۆڕی، هەمان حزب و هەمان دموچاو لە دەسەڵات دەمێنەوە و دەیسەلمێنێت کە ئەو هەڵبژاردنە لە گەمەیەکی سیاسی و کات بەفیڕۆدان و سەرقاڵ کردنی خەڵک بەولاوە هیچی دی لێ شین نەبوو. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە