کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەمریکا لە عیراق و هەرێم دەستی بە کشانەوە کرد

Sunday, 19/09/2021, 21:39


ئەمریکا نایەوێت بەهەمان شێوەی کە لە ئەفغانستان کشایەوە لە عیراق بکشێتەوە، بۆیە لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە ئەوان تەنها هێزە شەڕکەرەکانیان لە عیراق دەکشێنەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا تەنها هێزێکی ٢٥٠٠ کەسی لە عیراقە، کە زۆربەیان هێزی شەڕکەر نین و بنەکەی سەربازیان لە عیەنئەلئەسەد و حەریرە. کەواتە ئەمریکا دەیەوێت، لەژێر ناوی ئەوەی کەوا لەگەڵ حکومەتی عیراق ڕێککەوتووە، کە تا ٣١/١٢/٢٠٢١ هێزەکانی لە هەردوو بنەکەی حەریر و عەینلئەسەد بکشێنێتەوە دەیەوێت بە خشکەیی هێزەکەی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت.  بەگوێرەی میدیای عەرەبی بێت دوو ڕۆژە هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردوە بە بارگە تێکنان. 
بوونی بنەکەی سەربازیی ئەمریکی لە عیراق و کوردستان، تەنیا مەسەلەی ئەو ژمارە کەمەی هێزەکانی ئەمریکا نەبوو کە ٢٥٠٠ کەسن و هێزێکی شەڕکەر نین، بەڵکو بوونی بنەکەی سەربازیی ئەمریکی سامێکی تایبەتی هەیە، چی بۆ ئیران و تورکیا چی بۆ هێز و میلیشیا چەکەدارەکانی ئەو ناوچەیە. 
بوونی بنەکەی سەربازیی ئەمریکی لە کوردستان، دڵنەوایەک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی سلێمانی و هەولێر، وێرای ئەوە کاتێک کە ئەمریکا بنەکەی سەربازی لە ناوچەیەکدا دادەمەزرێنێت، ئەوجا پارە و چەک و تەقەمەنی و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان تەرخان دەکات بۆ پاراستنی ناوچەکە، بۆیە کشانەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک پرسیار دروست دەکات، کە ئایا ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە، وەک جاران یارمەتی خەرجی و لۆجیستی هێزی پێشمەرگە دەدات؟ هەروها ئایا لەکاتی هێرشی داعشدا یان هەر هێزێکی چەکداری دی بۆ سەر کوردستان، ئەمریکا وەک جاران بەهێزی ئاسمانی و پارە یارمەتی پێشمەرگە دەدات؟  ئایا وەک جاران ئەمریکا نۆفلای زۆن لە ئاسمانی کوردستان دیاری دەکات؟ بۆیە دەبینین کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستان دەسەڵاتدارانی هەرێمی نیگەران کردووە، لەو بارەیەوە سیروان بارزانی تۆقیوە و بە ئاشکرا لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە داعش لە گەشە سەندنە، ئەوان بەبێ هاوکاری و یارمەتی ئەمریکا و فڕۆکەکانی ناتوانن ناوچەکە لە مەترسی داعش بپارێزن.
هەرێم تەنیا لەژیر هەڕەشەی میلیشیا چەکدارەکانی ناوچەکە نییە، ئەڵبەتە لەژیر هەڕەشەی گەلەکۆمەکێێ دەسەڵاتدارانی بەغداد، دیمەشق، تاران و ئەنقەرەشە، بۆیە نەمانی بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە حەریر، بەدڵنیایەوە هەڵگیرساندنی چرای سەوزە بۆ ئەوان و هەنگاوێکە مەترسی لەسەر کورسییەکانی سەرانی هەرێم دروست دەکات.  بمانەوێت یان نا کشانەوەی ئەمریکا لە حەریر بۆشایی سەربازیی دروست دەکات، کە بێگومان ئەو بۆشاییە بە دەسەڵاتدارانی هەرێم پڕ ناکرێتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت تورکیا و ئیران هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بدەن، ئەگەر ئەوان توانیان کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن، ئەوا بێگومان مامەڵەیان لەگەڵ باشووری کوردستان گۆڕانی بەسەردا دێت و ناهێڵن بیرەنەوتەکان و گازی کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم بمێنێت، خۆیان ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئابووریی باشووری کوردستان دەکەن، بەتایبەتی بۆ ئێران ئەم هەنگاوانە گەلێک ئاسانە، چونکە ئەو حکومەتی بەغدادی ئێستا و داهاتووشی لەژێر دەستە،  جگە لە سوپای عیراقی، هێزێکی مەزنی حەشد و گەلێک میلیشیای چەکداری لە خزمەتدایە. 
هادی عامری لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ئەوان تا ٣١/١٢/٢٠٢١ موڵەتیان داوە بە هێزە بیانیەکان نەک تەنیا ئەمریکا بەڵکو مەبەستی تورکیاشە کە دەبێت هێزەکانی لە عیراق بکشێنێتەوە. بێگومان ڕوون نییە کە هادی عامری چۆن ئاوا لە سەنتەری هێزەوە لێداوان دەدات، ئایا تەنیا بە پشتیوانی ئیران و حەشدە، یان ئاگای لە ڕێککەوتنی ژێربەژیری ئیران و ئەمریکا لەسەر دۆخ و چارەنووسی عیراقدا هەیە؟
  میدیا حزبیەکانی هەرێم، زۆر گرنگیان بەهاتنی سەڕۆکی فرەنسا بۆ هەرێم دا، وێنەی ماکڕۆن و نێچیرەوان بارزانیان کردبوو بە مانشێتی هەواڵەکان، بەمە ویستیان لە خەڵك بگەیەنن کە ئەوان بێ پشتوپەنا نین و لەلایەن زلهێزەکان هەژماریان بۆ دەکرێت. دەبێت ئەوە بگوترێت کە فرەنسای ئەمڕۆ ئەو فرەنسا بەهێزەی سەرەتای سەدەی ڕابردوو نەماوە، هەرگیز فرەنسا لە هەرێم ناتوانێت ببێت بە بەدیلی ئەمریکا. بۆ نمونە، کاتێک کە ئەمریکا لە ئەفغانستان کشایەوە، ماکڕۆن بە پەلە گەشتێکی بۆ پێنجەشیر کرد، لەگەڵ ئەحمەد مەسعود شا وێنەی گرت، بەجووتە لە میدیاکان دەرکەوتن، واتە فرەنسا پشتیوانی لە جوڵانەوەی بەرەنگاری دژی تالیبان دەکات، بەڵام دواتر بە چەند هەفەتەیەک دوای گەشتەکەی ماکڕۆن، پەنجەشیر لە جەنگی دژ بە تالیبان دۆڕا و هەردوو سەرۆکەکەیان ڕایانکردە دەرەوەی وڵات، یەکێکیان فریا نەکەوتبوو پارە و زێرەکانی کە بە میلیۆنان دۆلار بوو دەرباز بکات! ئیتر دەبێت ماکڕۆن بۆ هەرێم چی بۆ بکرێت؟ 
 قۆناغێکی تازە لە عیراق و هەرێم هاتۆتە پێشێ، هاوکێشەی هێز و هاوپەیمانیەتە نێودەوڵەتیەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەجێندای سیاسی و سەربازیی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکەش بەگوێرەی ئەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەمڕۆ بڕیار و چارەنووس لەژێر زەبری هێزی سەربازییە. ئەوەی سی ساڵ پێش ئەمڕۆ بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم دەلوا ئەمڕۆ بۆیان نالوێت. بۆ ئەوان هەرێم هەمان هەوارە بەڵام هەمان بەهار نەماوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە