ینک، پدک، حدکا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، پەکەکە و ئەزموونی هەرێم!
Friday, 11/06/2021, 21:29
ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە هەمیشە لەنێوان خۆیان و زلهێزەکانی دنیادا، ئەوانیش لەنێوان خۆیاندا گرفتیان هەبووە لەسەر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم دۆخە کاردانەوەی هەبووە لەسەر چارەنووسی بزوتنەوە و پارتە سیاسییەکانی ئەو ناوچەیە، کە یەکێک لەوان کوردستانە، کە بۆ گشتیان مەلەفێکی تایبەت بووە و لە ڕێگەی دەزگەی هەواڵگرییەکانیان کاریان لەسەر کردوە. ئەوان وەک تاکتیک بۆ خزمەتی ئەجێندای خۆیان بەکاریان هێناوە، بۆیە دەبینین سەرەڕای ئەوی ئیران، عیراق، سوریا و تورکیا دژی پرسی کوردن بەڵام لە چەند قۆناغی مێژووی دیاریکراودا خۆیان وەک دۆستی پارتە کوردەکان پێشان داوە و بزوتنەوە سیاسییەکانی کوردییان بۆ مەرامی تایبەتی بەکارهێناوە، لە ڕێگەی کڕینی سەرانی ئەو پارتانە، ڕێڕەوەی مێژووی و سروشتی ئەو جوڵانەوە سیاسیانەیان بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئابووریی و سەربازیی و سیاسی خۆیان گۆڕیوە.
مێژوو گەواهی ئەوە دەدا کە لەنێو ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەدا، بەتایبەتی لە شەستەکان تا نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا تاوەکو دەگاتە ئەمڕۆ، لەهەر بەشێکی کوردستاندا جۆری مامەڵەی حزبە کوردییەکان لەنێو ئەو هاوکێشەیەدا وەک یەک نەبووە، هەندێکیان تا سەر ئێسقان لە نۆکەری ئاڵاون جا چی لەگەڵ حکومەتی بەعسدا بووبێت، یان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیران، وەک پارتەکانی باشووری کوردستان جا لە ینک و پدک و سۆشیالیست بگرە تا دەگات بە حزبی سۆشیالیست و ئیسلامییەکان و شیوعیەکان، بەڵام پارت و جوڵانەوە سیاسییەکانی دی، وەک حزبی دیموکراتی ئیران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و هەندێک پارتی دیکەی ڕۆژهەڵاتی لە کاتێکدا ئەوان سوودمەند بوون لە گرفتی نێوان دەسەڵاتدارانی تاران و بەغداد پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی سەدام باش بوو و یارمەتی ماڵی و لۆجێستیان وەردەگرت، بەڵام ئەوان لەو پەیوەندییەدا سنوورێکی دیاریکراویان کێشابوو، کە هەرگیز بە پێش سوپای عێراق نەدەکەوتن، بۆ لەنێوبردنی ئۆپۆزسیۆنە عیراقییەکان، بە تایبەتی ینک و پدک و هێزە کوردییەکانی دیی. لە باکووریشدا هێزی سەرەکیی پەکەکە بوو کە لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندیەوە سوودمەند بووە لە گرفتی نێوان ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بەڵام هەرگیز وەک پارتی و یەکێتی هەموو سنوورێکیان نەبەزاندوە، بە پێش لەشکر و سوپای دوژمن نەکەوتن، بۆ هێرش بردن بۆسەر پارتە کوردییەکانی بەشەکانی دی کوردستان بەهەمان شێوە یەپەگە لە ڕۆژئاوای وڵاتدا هەمان تاکتیک و ستراتیژیەتی بەکارهێناوە. کەواتە دەکرێت بتوانرێت سوود لە گرفتی نێوان هێزەکان ببیندرێت بەبێ ئەوەی ئاڵای سپی هەڵکرێت!
یەکێتی و پارتی دوای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی باشووری وڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد، هەر بەوە ڕانەوەستان بەڵکو بەربوونە گیان هەموو پارتە کوردییەکانی دیی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان لە کاتێکدا دوای کۆڕەو، پارتە کوردییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، چاوەڕێی ئەوە بوون بە هاتنی دەسەڵاتێکی کوردی لە باشوور هەلێکی مێژووی بۆ بزاڤێ ڕزگاری کورد و ئەوانیش دەرەخسێت و دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرە بەنهێنی و بە ئاشکرا ڕێگە خۆشکەری زێتر دەبن بۆ گەشەپێدانی خەبات و شۆڕشەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
ستراتیژیەتی سەرانی باشوور بەرامبەر بە بوونی پارتی کوردی ئۆپۆزسیۆن لە پارچەکانی دیی کوردستاندا، زوو دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ کە هاتنە دەسەڵات ڕوون و ئاشکرا بوو، لەژێر ناوی پاراستنی ئەزموونی هەرێم، هەوڵیاندا دەنگی زوڵالی شۆڕش و خەباتی چەکداریی بەشەکانی دیکەی کوردستان زەلیل و ڕیسوا بکەن، وەک ئەوەی لەگەڵ حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات ئەنجامیان دا، بە تایبەتی لەگەڵ حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا.
ئەوەی سەرانی ینک و پدک بەرامبەر هێز و جوڵانەوە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کردیان، ڕوونە کە بۆ ڕازی کردنی دەسەڵاتدارانی بەغداد و تاران و تورکیا و سوریا بوو، بەڵام خاڵێکی دیکەی گرنگتر لێرەدا ئەوەیە کە ئەوان نەیاندەویست جگە لە خۆیان کەس لە گۆڕەپانەکەدا هەبێت، هیچ سەرکردیەکی دی کورد لە ناوچەکەدا سەرهەڵبدات، هیچ حزبێکیش لەنێو جەرگەی ئازەرەکاندا لە دایک نەبێت، لەگەڵ کاتدا پێگەی جەماوەریان لەق بکات، لەگەڵ ڕۆژگار و گۆڕانی دۆخی سیاسییدا بەدیلیان بۆ دروست بێت، بۆیە لەژێر دروشمی پاراستنی "ئەزموونی باشووردا" توانیان سەرانی حزبی دیموکراتی ئیران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە پوڵ ڕازی بکەن، جوڵانەوە و خەباتی چەکداری هەردووکیان لاواز بکەن، جێگەیان لە شارەکانی باشووردا بۆ دابین بکەن، دواتر بە ئاسانی یەک لە دوای یەکدا زۆربەی کادیرانی هەردووک حزب لە شارەکانی باشووردا تیرۆر کران.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حزبی دیموکراتی ئێران و گەلێک پارتی دیکەی کوردی سەرەڕای ناتەبەیی نێوانیان، لە زەمانی سەدامدا و لە کاتی جەنگی نێوان عیراق و ئیراندا دژ بە دەسەڵاتدارانی تاران زێتر گەشەیان کردبوو لەوەی لە سایەی هەرێم. ئەوان توانیوبوویان سوودمەند بن لە گرفتی نێوان بەغداد و تاران، لە ماوەی هەشت ساڵی جەنگی نێوان ئیران و عیراقدا، ئەوانیش هەلیان بۆ ڕەخسابوو، کە زێتر دەست لە دامودەزگەی سوپای ئێران بوەشێنن، ناوچەی ئازادیکراویان هەبێت، لە هەموو گوند و لادێیەکی کوردستاندا خەباتی خۆیان بە خەڵک ڕابگەیەنن، هەروها مێژوو گەواهی ئەوە دەدات کە هەرگیز ئەوان سنووری پەیوەندییان لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا نەبەزاندبوو، بۆ یەک جاریش بە پێش سوپای عیراق نەدەکوتن لە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و بارەگەی پێشمەرگە باشوورییەکان، واتە ئەوان لە ڕووی دیبلوماسی لە ڕژێمی سەدام سوودمەند بوون، بەڵام نەببوون بە جاش و مەقاشی خەیانەت، بەڵکو ئەوان ببوون بە پشتوپەنا بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە باشوورییەکانی کە ئەو کات دژی سەدام لە سەنگەردا بوون، بەڵام دواتر لە سایەی ئەزموونی هەرێمدا هەموویان تەفروتونا کران، کە لێدانێکی کوشندە بوو لە بزاڤێ ڕزگاری ئەو دەڤەرەدا! ئەم ڕووداوە سیاسیانە لە نێو کۆمەڵگەی کوردییدا دەنگۆی هەبوو و وردی ئەو ڕووداوانەش بۆ چاودێرانی سیاسی و هێزێکی وەک پەکەکە نامۆ نەبوو.
لەژێر دروشمی "پاراستنی ئەزموونی هەرێم"دا سەرانی باشوور، نەیانتوانی بە پارەی دزراوی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە تایبەتی پارەی نەوت، سەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بکڕن. چارەکە سەدەیەکە نەیانتوانیوە، یەکە بە یەکەیان بە فرتوفێڵ ببەن بۆ دیوەخانی بارزانی، ماڵی تاڵەبانی و جێگەی گەرمیان لە شارەکانی کوردستاندا بۆ دابین بکەن، دواتر وەک کادیرەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حزبی دیموکراتی ئیرانیان لێ بکەن، ڕێگە بۆ میتی تورک خۆش بکەن و تێرۆریان بکەن، بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن و لەلایەک لە گۆڕەپانەکە نەیانهێڵن لەلایەکی دیش لە مێژوودا ناویان وەک شۆڕشگێر و سەرکردە بسڕێتەوە، تفونەعلەت بکرێن لەبەرئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان چاوشۆڕی دیوەخانەکانی باشوور بوون، پشتیان لە جەماوەری خۆیان و پرسی ڕەوای میللەتی کورد کرد، لە جێگەی گەرموگوڕدا مردن نەک شەهید بوون لە لوتکە هەرە بەرزەکانی قەندیلدا! ئەم خۆڕاگرتنەی پەکەکە لە قەندیل نەک تەنیا بەرامبەر بە لەشکرکێشی تورکیا بەڵکو بەرامبەر سەرانی باشوور و موغرەیاتی پارە و ڕابواردن و ژن، شایەنی ڕێزە.
نامەی ڕەوای پرسی کورد، لەدەست ئەوانە نییە کە باشووریان بە تایبەتی هەولێر و سلێمانی و دهۆکیان کردوە بە لانە بۆ لەشفرۆش و سیخور و کۆنە جاش و بەعسی و داعشی ڕاکردوو. پرسی ڕەوا و ئەنجامی باش لەدەست خەڵکی شۆڕشگێردا دەبێت، بۆیە ئەزموونی هەرێم دەستکەوتێکی سیاسیە بەرهەمی خوێنی کەسانێکی شۆڕشگیری بەشەرەف بوو، بەڵام بێشەرەفەکان لە دەستیان دا. ناپلیۆن سیخورێکی نەمساوی دەبێت، لە دوای سەرکەوتنی، سیخور دەگاتە لای ئیمپراتۆر، لە دوورەوە ناپلیۆن کیسەیەکی پڕ پارەی بۆ هەڵدەدات. کابرا دەڵێت: گەورەم من هیوام وابوو بەم کارە ڕۆژێک دەست لەنێو دەستی ئیمپراتۆر بنێم و تەوقەیەکی لەگەڵدا بکەم. لە وەڵامدا ناپلیۆن گوتی: من هەرگیز دەست لەنێو دەستی یەکێک نانێم کە سیخوری دژی وڵاتەکەی کردبێت"! ئەوە دەیسلمێنێت کە دەستکەوتی سیاسی و بەدەستهێنانی ئازادی و پاراستنی ئەزموونی هەرێم، هەرگیز بە سەرانی پارتی و یەکێتی ناکرێت، لەبەرئەوەی سەرەڕای گەندەڵبوونی خۆیان دەوەرە دروان بە لەشکرێک لە خەڵکی ئینتیهازی و مشەخۆر!
پەیوەندیی دیبلۆماسی نێوان دوو وڵات یان هەرێمێکی ددانپێدانراوی وەک هەرێم، لەگەڵ بەغداد و ئیران و تورکیادا، جیاوازە لەگەڵ پەیوەندیی نێوان وڵاتێک و پارتێکی سیاسی دیاریکراو، کە لە قۆناغێکدایە بە فەرمی وەک حزبێک و دەسەڵاتێکی سیاسی ددانی پێ دانەنراوە و هێشتا لە قۆناغی شۆڕشی چەکداریە، وەک ئەمڕۆی پەکەکە، بۆیە بنکە و بارەگەیان دەبێت لە جێگەیەک بێت کە بە ئاسانی دەستی دوژمنی پێ نەگات کە بۆ ئەوان وا دیارە "قەندیل" باشترین شوێنی جوگرافییە کە چەند بنکەیەکیان لێ دابمەزرێنن وەک ئەو کاتەی سەرانی پارتی و یەکێتی کاتێک کە لە شاخ بوون زۆربەی بنکە و بارەگەیان لەنێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو کە پێی دەگوترێت کوردستانی ئیران، دواتریش کە ڕایان کردە نێو ئیران هەر لە شارە کوردییەکاندا نیشتەجێ بوون، ئەو کات بۆ خۆیان حەڵال بوو خاكی کوردستان بەکاربهێنن بەڵام حەرامە کە ئەمڕۆ پەکەکە لە قەندیل بێت!؟
تورکیا، بە پەکەکە بێت یان بێ پەکەکە لە قەندیل، ئەو سنووری جوگرافیای خۆی لە سوریا و عیراقدا فرەوان کردوە، بەدزی و بەئاشکرا ئابووری باشووری حەپەلوش کردوە، بەدەیان بنکەی سەربازیی لە باشووری کوردستاندا هەیە. بیانوی پارتی و ئەردوغانیەکان زۆر لاوازە بۆ دروستکردنی پشێوی لە باشووری کوردستاندا، ترسی هەردووکیان لەوە دایە کە بوونی هێزێک لە سروشتی پەکەکە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی سەرانی باشوور و ئەردوغانییەکان دروست دەکات، هەبوونی هێزێکی لەو جۆرە دەبێت بە بەدیلی پارتی و یەکێتی گەندەڵ، لە ئەگەری گۆڕانی جیوگرافیای سیاسیی ناوچەکەدا، کە ئەو کات ئەوان ملکەچی داواکاریەکانی ئەردوغان نابن، وەک سەرانی ینک و پدک!
ئەمڕۆ دۆخی سیاسی عیراق و سوریا تایبەتمەندی هەیە و لەدەست دەرچووە، بۆتە گۆڕەپانی زۆربەی میلیشیای عەرەب و فارس و تورک و سوپای وڵاتان و تورکیا و ئیران و سوریا و عیراق و زلهێزەکانی لێیە، بەکورتی ئەوەی بەرچیغێکی لەدەستدا بێت ئەوە لە کوردستانە و هەمووشیان سەرەڕای ناتەبایی نێوانیان دژی پرسی کوردن. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ گشت ئەوانە کە دژی پرسی کورد چەکیان هەڵگرتووە، کێشەی نییە؟ بەڵام بە بوونی پەکەکە لە ناوچەکەدا کێشەی هەیە؟ هەموو ئەو چەکدارانە هاتوون لە کوردستاندا گوڵ بچێنن و ڕزگاری بکەن تەنیا پەکەکە نەبێت هاتووە وێرانی بکات و دڕک بچێنێت!؟
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت کە هەنووکە وەک مەسەلەیەکی مەبدەئی بمانەوێت یان نەمانەوێت، تەنیا دوو سەنگەر لە گۆڕەپانەکەدا هەیە، کە یەکێکیان هەڵبژاردنی سەنگەری پەکەکەیە یان سەنگەری تورکیای ڕەگەزپەرستە؟ بۆیە ئەمڕۆ سەنگەری پەکەکە بەبوونی گەلێک تێبینیەوە دەبێت هەڵبژاردەی هەموو کوردێک بێت، هەوڵدەن فشار لەسەر وڵاتانی زلهێز دروست بکەن، بۆ هەڵوێست وەرگرتن دژ بە ئەردوغان و لەشکرکێشیەکانی بۆ سەر چواردەوری وڵاتە لاوازەکانی هاوسێی!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست