کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆپیشاندانەکانی عیراق و مەترسی نەمانی هەرێم!

Monday, 04/11/2019, 21:55


١٦ ساڵە ڕژێمی سەدام لەلایەن ئەمریکاوە ڕوخا، بەڵام تا ئەمڕۆ کۆشکی سپی لە توانایدا نەبوو ڕێگە لە ئیران بگرێت، کە هەژموونی خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا نەسەپێنێت، گەشە بە دارودەستەی نەدات، میلیشیاو حزب و پارتی مەزهەبی سەربەخۆی دروست نەکات، کۆنتڕۆڵی سنوور و دەرامەتی ئەو وڵاتە نەکات و سەڕۆکەکان نەکڕێت.
ئەمریکا نەیتوانی دەسەڵاتێکی سیاسی و حکومەتیێکی بەهێز لە عیراقدا بەرهەم بێنێت، کە لە توانایدا هەبێت ئەمن و ئاسایش و سەرتاترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان دابین بکات. ئەمریکا نەیتوانی جڵەوی دەسەڵات و حوکمڕانی ڕادەستی کەسانێک بکات، کە لە توانیاندا هەبێت و مەبەستیان بێت ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەو وڵاتە بپاڕێزن، ئاستی باری ئابووریی و کۆمەڵایەتی و گوزەرانی خەڵک گەشە پێبدەن.
لەژێر سایەی ئەمریکادا ئیران توانی لە باشوور تا باکووری عیراق قەوارە و حزب و کەسانێکی گەندەڵی سیاسی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دەستنیشان بکات، کە کار و پیشەیان تەنیا گەڕان بەدوای دەرامەتی سیاسی، خۆدەوڵمەند کردن و بەگەندەڵکردنی دامودەزگە حوکمیەکان بێت.
ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ڕێکخراوی توندڕەوی ئەلقاعیدەدا کاتێکی زۆری بە فیڕۆ دا، خەرجیەکی زۆری کرد و لە ساڵی ٢٠٠٩دا توانی بەسەریاندا زاڵ بێت، بەڵام لەبەرئەوەی جۆر و سروشتی دەسەڵاتی سیاسی عیراقی بەهەند وەرنەگرت، گرنگی بە دامەزراندنی حکومەتێکی کارا نەدا، هەموو ئەوانەی دوای ڕووخانی سەدام لەلایەن ئەمریکا و ئیرانەوە ڕێگەیان بۆ خۆشکرا ببن بە دەسەڵاتدار و لەسەر کورسی حوکمڕانی دابنیشن، لەژێر سایە و سێبەری ئەواندا بوو کە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش لە پاشماوەی ئەلقاعیدەدا دوای چەند ساڵێک توانی سێبەشی عیراق کۆنتڕۆڵ بکات، لە کوردستانیشدا جینوسایدی بەشێک لە میللەتی کوردیش بکات، کە ئەمە بەرهەمی لاوازی دەسەڵاتی حوکمڕانی و سیاسی یەک لە دوا یەکەکانی عیراق بوو، کە ئەگەری زۆرە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، دیسان لەژێر سایە و سێبەری هەمان بارودۆخی سیاسی و حوکمڕانیدا ڕێکخراوی داعش لەژێر ناوێکی دیدا سەرهەڵداتەوە.
شازدە ساڵە باری ئابووریی و ئاسایش و کۆمەڵایەتیی عیراق ناسەقامگیرە، خەڵک باجی ئەو بارە ناهەموارە دەدا، بێزار بوون و دەنگی ناڕەزا گەیشتۆتە لووتکە. جگە لەوەی خەڵک بەدەیان جار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، شانبەشانی ئەوەش زۆربەیان بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی دواجاری عیراق و هەرێمیان کرد. دوای تەزوێرێکی زۆر ئینجا ڕێژەی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا لەسەر ئاستی عیراقدا لە ٢٠% بوو لەسەر ئاستی هەرێمیش لە ٤٠% بوو، وێرای ئەوەش بەبێ گوێگرتن لەم ئەنجامە و بەهەند وەرگرتنی هەڵوێستی خەڵک لەلایەن ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی عیراق و ئیرانەوە، دووبارە هەمان کەس، لایەن، پاشماوە و بەرماوەی پارتەکانی سەر بە ئیران دەسەڵات و حوکمڕانی عیراقیان کۆنتڕۆڵ کرد، کە بەهەمان نەفەس و ئەقڵیەتی دەساڵاتدارانی پێشوو مامەڵەیان لەگەڵ وڵاتەکە و میللەتەکە کرد. لە ئاکامدا لە دوای ساڵێک دووبارە لە سەرتای مانگی دەی ئەوساڵدا خۆپیشاندان بە گڕوتەوژمێکی توندتر لە ناوەڕاست و باشووری عیراقدا سەریهەڵدایەوە.
خۆپیشاندانەکانی ئەو جارەی عیراق، لەگەڵ ئەوانەی لە ڕابردوودا ئەنجام دەدرا، ئەگەر لەسەر هەمان زمینە و ناڕەزایی سەریانهەڵدابێت، هۆیەکانیشی هەر هەمان هۆ بن بەڵام لە دروشمەکانیاندا جیاوازیان هەیە.
خۆپیشاندانەکانی ئەوجارەی عیراق ئەوەندەی بۆنی عیلامانیەتیان لێدێت ئەوەندە بۆنی مەزهەبییان لێ نایەت. خۆپیشاندەران ئەو جارە تەنیا داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان ناکەن، ئەڵبەتە دروشمەکانیان نیشتمانی و نەتەوەین. ئەوان پێیان وایە عیراق وەک وڵات و نیشتمانێکی سەربەخۆ نەماوە و ئەو دوو سیمایەی لەدەستداوە، هەروها داوای گرتبوونەوە لەژێر ئاڵای عیراق و یەکپارچەی ئەو وڵاتە دەکەن. خۆپیشاندەران لەگەڵ ئەوەی ئەوجارەش لە ناوچە شیعە مەزهەباکاندا سەریانهەڵداوە بەڵام دژ بە سەپاندنی هەژموونی ئیرانن، دژ بە سیاسەت و سیستەمی پشک، تەوافق و عیراقی فیدرالن و ڕەتیدەکەنەوە کە عیراق لەچەند هەرێمێک پێکبێت. گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە داوای گۆڕینی دەستوری عیراقی دەکەن بەتایبەتی مادەی ١٤٠ ئەو بڕگەیەی کە پەیوەستە بە کەرکوک.
حکومەتی عادل عەبدولمەهدی، پەرلەمانی عیراق بە هەموو پێکهاتە عەرەبەکان، ئیران و شیعەکان سەرەڕای گرفت و ناتەبایی نێوانیان بەڵام گشتیان هەندێک لەو دروشمانەیان پێ باشە. کوتلەی سەدر و فەتح لەسەرەتای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، داوای یەکپارچەیی عیراقیان دەکرد، هەوڵیان بۆ ئەوە دەدا کە زۆرینە حوکمڕانی عیراق بکات، بەتایبەتی سائیرون پێان وابوو کە سیستەمی تەوافق و پشک لە بەرژەوەندیی یەکپارچەیی عیراقدا نییە. لە ئەنجامدا ئۆتۆماتیکی شیعەکان براوە دەبوون لەبەرئەوەی لە ٦٠% ی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنن، دواتر هەوڵیان دەدا بەوشێوەییەی کە مەبەستیان بوو دەستکاری دەستوری عیراقیش بکەن. ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو دوایەی عیراق، ناتەبایی شیعەکان لەنێو خۆیاندا، دەستتێوەردانی ئیران و مەرجەکانی ئەمریکا ڕێگر بوون لەوەی کە سەدر بتوانێت ئەو خەونە بێنێتە دی. ئەمڕۆ حکومەت و پەرلەمانی عیراق دەیانەوێت بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن. لەلایەک ئەوەی لە ڕابردوودا بۆیان نەچووە سەر کە دەستکاری دەستوور بکەن و بڕگەی مادەی سەدوچلی کەرکوکی لێدەربهێنن، ڕێگە بە بوونی هەرێمی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عیراقدا نەدەن. ئەوا ئەمڕۆ بە بیانوی هێورکردنەوەی دۆخەکە، جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران ئەو هەنگاوە بە پراکتیک دەکەن و لە پەرلەمانی عیراق گۆڕینی دەستور و دەستکاریکردنی دەخەنە دنگدانەوە، ئەو کات پارتە کوردییەکان ئەگەر لە هۆڵی پەرلەمانی عیراقیش یەک دەنگ بن، لەبەرئەوەی کەمینەن هەر دەدۆڕێن. کەواتە خوێندنەوەی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکان دەیسەلمێنن کە هەرێم چی بە مانەوەی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی و جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران و چی بەهاتنە سەر حوکمی ئەوانەی لە پشتەوە لە هەوڵی سەرکەوتن و ئاراستەکردنی ئەو خۆپیشاندانەن، بوون و مانەوەی کەوتۆتە مەترسیەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە