کورد لە نێوان گرژیەکانی ئەمریکا و ئیراندا
Sunday, 26/05/2019, 15:53
فرەوانبوونی نائاسایی دەسەڵاتی ئیران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپای نەخستۆتە مەترسیوە. ئەڵبەتە گەیشتۆتە ئاستێک کە کورسی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەشی لەق کردوە. ئیران هەنوکە بۆی دەلوێت لە ڕێگەی گروپی چەکداری نزیک لەخۆی شەڕی ئەو وڵاتانە و سەرۆکەکانیان بکات، لەنێو وڵاتەکەیاندا دۆخی نائارمییان بۆ بخوڵقێنێت وەک لە ١٢/٥دا باڵوێزی ئەمریکا و ناوچەی سەوزی لە عیراق موشەکباران کرد. لە ١٣/٥ حوسیەکانی سەر بە ئیران ئامانجێکیان لە نزیک مەکە موشەکباران کرد و لە ٢٠/٥ موشکبارانی چەند سەرچاوەیەکی نەوتی سعودیەیان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ و پینتاگۆن لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە: ئیران لە پشتەوەی ئەنجامدانی ئەو کارە تیرۆریستیانە بووە. لە دەرئەنجامدا، ئەم پێگە بەهێزەی ئیران، بمانەوێت یان نا مەترسی بۆ وڵاتانی کەنداو ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ئیراندا هاوسنورن دروست کردوە. ئەمە بۆ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە خاڵێکی هەستیارە، پڕ بایەخ و گرنگە کە بۆ پارێزگاری لە دەسەڵات و مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات، خۆیان بۆ شەڕ دژی ئیران ئامادە بکەن.
گرژیەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران چۆتە قۆناغێکی مەترسیدار. ترامپی سەڕۆکی ئەمریکا لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە هەڕەشە لە ئیران دەکات و بە مەترسیەکی گەورە دژ بە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە لە قەڵەم دەدا. پێوایە کە ئیران هۆی ناسەقامگیربوونی دۆخەکە و بەرقەرا نەبوونی ئاشتی وئاسایشە لە ناوچەکەدا. دنیای عەرەبی و ئیسلامی لەم دۆخە پڕ هەستیارەدا، بەتایبەتیی لە هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئیران یەک دەنگ نین و بوونەتە چەند بەرەیەک. کوێت، ئیمارت، بەحرین و سعودیە، ئوردن لبنان و چەند وڵاتێکی دیی لەگەڵ هەڵویستەکانی ئەمریکان. قەتەر و تورکیا دژ بە سعودیەن واتە لەگەڵ ئیرانن و دژ بە هەڵوێستەکانی ئەمریکان.
تورکیا و قەتەر، ئەمڕۆ دژ بە هەڵویستەکانی ئەمریکان بەڵام لە داهاتوودا مانەوەی ئیران بەوشیوەیەی کە ئەمڕۆ هەیە، لە ناوچەکەدا بەرژەوەندیی و کورسی ئەوانیش دەخاتە مەترسیوە، لەبەرئەوەی ئەگەر ئیران بۆی بچێتە سەر، بتوانێت دژی ئەمریکا براوە بێت، مەرجەکانی بەسەر ئەو زلهێزە جیهانییەدا بسەپێنیت، بێ گومان لە داهاتوودا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە هەوڵبدات دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکدا زۆر لە ئەمڕۆ زیاتر بێت و ئیمپراتۆریەتی فارس دووبارە لەژێر ناوی ئایین و مەزهەبەوە زیندوو بکاتەوە.
مانەوەی پێگەی دەسەڵاتدارانی ئیران لە ناوچەکەدا بەوشێوەەیەی کە هەیە یان زیاتر گەشەکردنی، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە ببێت بە تاکە زلهێزی ناوچەیی لە ناوچەکەدا. جگە لە ئیسرائیل تورکیا و سعودیەش لە ئێستا و داهاتووشدا خۆیان بەشایەنی ئەو پێگەیە دەزانن. سەرەڕای ئەوەی کە ئەمڕۆ بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە تورکیا و قەتەردا هەیە و هەردوو وڵات دژ بە سعودیەن و لەگەڵ ئیرانن، بەڵام دوای گۆرانی دۆخەکە و هاوکێشەکان، ئەوانیش هەڵوێستیان بەوجۆرە نامینیت و شەڕ لەسەر هیچ نەکەن شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن، وەک زلهێزێک لە ناوچەکەدا بمێنەوە، جگە لە بەرژەوەندیی ئابووریی و مانەوە لە دەسەڵات هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا بسەپینن، وەک زلهێزیکی ناوچەیی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، لە ئاست نێو دەوەڵەتی گوتەیان هەبێت، بتوانن مەرجەکانیان بسەپێنن. ئەگەر ئەو وڵاتانەی کە لە داهاتوودا خەون بە بوون بە زلهێزی ناوچەیی دەبینن، ئەمڕۆ خۆیان لە قەرەی جەنگی دژی ئیران نەدەن، ئەوا بێ گومان لە داهاتوودا ئەم شەڕە یەقەوبەڕۆکیان دەگرێت، دەبێت بەرامبەر ئیرانێکی زۆر لە ئەمڕۆ بەهێزتر ڕابوەستن.
بەهێزتر بوونی ئیران لە ناوچەکەدا، بردنەوەی لە جەنگی دژ بە ئەمریکا، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی زیاتری سوپای فەرمیی ئیران، لە ئایندەدا بەبێ سڵمینەوە لە هیچ زلهێزێکی جیهانی و ناوچەیی دەستدەکات بە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و چەکی بە کۆمەڵکوژ کە ئەمە لە بەرژەوەندیی گەلانی ئیرانی ستەم دیدە نییە بەتایبەتی بۆ نەتەوەی کوردی ژێر دەست و گەلانی ناوچەکە بە گشتی.
بەهێزبوونی ڕێکخراو گروپی چەکداری نافەرمی سەر بە ئیران وەک ڕێکخراوی ئەمەل و حزبوڵا لە لبنان و سوریا. حوسیەکان لە یەمەن. حەشدی شەعبی، ڕێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتایبی حزبوڵا لە عیراق. لیوای فاتیمیون لە ئەفغانستان. زەینەبیون لە پاکستان. جیهادی ئیسلام و حەماس لە فەلەستین. حزبوڵای کورد لە تورکیا. کۆکردنەوەی ئەو هێزانە، تەرخانکردنی بودجە، پڕ چەککردنیان، مەشقپیکردنیان، زیادکردنی ڕێژەی شەڕکەرەکانیان، کۆکردنەوەیان لە هێزێکی میللی ڕێکخراو لەژێر ئاڵای ئیران و مەزهەبی شیعەدا یان تاواندنەوەیان لەنێو سوپای ئیراندا، ئەگەرێکی بەهێزە کە لە ئایندەدا گەشەکردن و زەبەلاح بوونی ئەو هێزە زۆر لە ئەمڕۆ زیاتر کات و هێزی دەوێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی.
ئیران جگە لە هێزی چەکداری شیعە، چەند هێزێکی سونە مەزەهەبیشی لەژێر هەژموون دایە نمونە لە باشووری کوردستان هێزی یەکێتی و پارتی، لە شەڕەکانی دژ بە داعشدا سوپاسالاری هێزی قودس قاسم سلێمانی بە ئاشکرا لە نێو ئەو هێزانەدا دەخولایەوە و سەرپەرشتی چالاکی سەربازیی ئەو هێزەی دەکرد و لەلایەن سەرانی یەکێتی پێشوازیی دەکرا.
ناتەبایی ڕوسیا و ئەمریکا ڕەگێکی میژووی هەیە، هەردووکیان هەمیشە لە هاڤرکێدا بوونە بۆ کۆنتڕۆلکردنی پیگەیان وەک زلهێزێک بەرامبەر بە یەکدی، بوونی شەڕی سارد و گەرم لە نێوانیاندا، هۆی سەرەکییە کە هەردوو زلهێز زۆر جار هەڵویستە سیاسیی و ئابووریەکانیان جووت نابن. لەبەرئەوە هێشتا ڕوسیا لەگەڵ ئەمریکادا دژی ئیران نەچۆتە بەرەیەکەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستە ئەوە ناگەیەنێت کە ڕوسیا دواتر هەڵوێستی نەگۆڕێت، لەگەڵ ئەمریکادا دژی ئیران ناچێتە سەنگەرێکەوە نمونە، کاتێک کە ڕوسیا بڕیاریدا لەگەڵ ئەمریکادا بەشداریی جەنگی دژی داعش بکات، ئەوە کاتێک بوو کە ئەمریکا زۆر لەوە پێشتر خۆی لەم جەنگە هەڵکردبوو و ڕوسیا هێشتا هەر بێدەنگ بوو. بەهێزبوونی زیاتری ئیران لە ناوچەکەدا، پانتاوکردنی دەسەڵاتەکانی، دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی فارس چەندێک لەبەرژەوەندیی ئەمریکاو وڵاتانی ناوچەکە نییە دە هێندێ لە ئایندەدا لە بەرژەوەندی ڕوسیاش نابێت، بەتایبەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیراندا هاوسنوورن، ڕوسیاش وەک وڵاتانی دیی گرفتی جوڵانەوەی ئیسلامیی توندڕەوی هەیە. ئەزموونی ناوچەکە و جۆری کارکردنی ئیران دەیسەلمێنن کە مەرج نییە ئەو گروپە ئیسلامییە توندڕەوانەی ڕوسیا تەنیا شیعە مەزهەب بن ئینجا ئیران هەوڵبدات بیانخاتە ژێر هەژموونی خۆی، بە پراکتیک دەبینرێت گەلێک لە حزب و ڕێکخراوی سیاسیی نەتەوەیی و سونە مەزهەب هەن کە ئەمڕۆ لەژێر هەژموونی ئێرانن، هەروها سوریا کە ئەمڕۆ هەڵویستەکانی لەگەڵ ڕوسیا و ئیراندا جووتە، لە ئایندەدا بە بردنەوەی ئیران لە جەنگ و بەهێزبوونی زیاتر، مەحاڵە ئەو بتوانێت ئیران لە وڵاتەکەی وەدەرنێت وەک چۆن ئەمڕۆ ئەسەد و ڕوسیا پروپاگەندەی سوریایەکی یەکگرتوو دەکەن. لە ئەنجامدا دەردەکەوێت کە ڕوسیا و سوریاش وەک هەمان وڵاتانی ناوچەکە لە ئایندەدا لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی فارس گرفتی زۆر لە ئەمڕۆ مەزنتریان دەبێت بەتایبەتی دوای ڕۆیشتنی ئەمریکا.
کلتووری سیاسەت و میدیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێوەیەکی گشتی، جێگە متمانە نین، لەسەر بیناغەی فشەفش، بەفشاری پارە و ترس، بەهێزی لایەنێکی دیاریکراو بۆ گەلانی ناوچەکە دەردەبڕن. لەژیر دروشمی بریقەدار، موزایەدەی سیاسیی نیشتمانیی خۆیان لە واقیع لادەدەن نمونە، ئێستاش هەندێک لە سیاسیە عیراقییەکان دەڵێن ئەمریکا سوپای عیراقی هەڵوەشاندەوە، دەنا سوپای عیراقی خاوەن هەڵگری لێپرسراوەتی نیشتمانیی و نەتەوەیی و مۆڕاڵ و پرینسیپ بوو! ئەمریکا بە چەند هەفتەیەک عیراقی کۆنتڕۆڵ کرد، کاتێک کە بۆ عیراق هاتن، سوپای عیراقی خۆی هەڵوەشاندبوەوە، ئەندامەکانی ئەو سوپایە چی ئەوەی بۆ هەندەران ڕای کردبوو، چی ئەوەی لە نێو ماڵوخێزانەکانیان خۆیان حەشار دابوو، وازیان لە هەموو شتێک هێنابوو، تەنیا شتێک کە ئەمریکا کردی هەڵوەشاندنەوەی سوپای عیراقی بەفەرمیی ڕاگەیاند. هەنوکە هەمان نمونە دووبارە دەبێتەوە ڕۆحانی هەڕەشە دەکات و لە میدیاکاندا ڕایگەیاند: کە ئەوان بەنهێنی چەکی ئەوەیان لەبەردەستدایە کەشتیەکانی ئەمریکا لە دەریا خاپوور و سەرنگوم بکەن. زەریفیش ڕایگەیاند: کە ئەوان بەهێزن، شەڕی ئەمریکا دەتوانن تەنیا بە گروپ و چەکدارە نافەرمییەکان بکەن.
سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ ئیران پێگەی بەهێزە و خاوەن سوپا و هێز و میلیشیایە بەڵام بەرامبەر بە ئەمریکا هێشتا گەلیک بێهێز و بچووکە. زۆرن ئەوانەی پێیان وایە ئیران بەهێزە و ئەمریکا ناتوانێت دەستی لێبوەشێنێت، بە دڵنیاییەوە ئەم بۆچوونە ڕاست نییە. ئەو ئیرانەی ئەمڕۆ هێندێی ئیرانی زەمانی شا بەهێز نییە، ئینجاش بە فشاری ئەمریکا شا لە ساڵی ١٩٧٩دا وازی لە کورسی شاهانە هێناو بەرەو میسر سەریهەڵگرت. ئەگەر ئیران هێندێ بەهێز بوایە ئەمریکا ئاسا یەکەم هەنگاوی ئابڵوقەی ئابووری بەسەر ئەمریکادا دەسەپاند، بەڵام ئیران بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری ئەمریکا تەنیا بۆ چەند مانگێکە خەریکە هاواری لێ هەڵدەستێت، ئابووریەکەی بەرەو دارمان چووە، دەنگی ناڕازا لەنێوەخۆی ئیران لە هەڵکشانە. ئیران بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستەی وەک کورد، یان هەندێک وڵاتی لاوازی وەک سوریا و عیراق بەهێزە بەڵام بەرامبەر بە ئەمریکا، ئیسرائیل سعودیە، ڕوسیا و تورکیا وا نییە. تێگرتنی موشەک لە ئۆفسی چۆڵی باڵوێزی ئەمریکی و ناوچەی چۆڵی سەوز، دەربرینی بێهێزی و و ترسی ئیرانە لە جەنگی دژی ئەمریکادا و لەو بارودۆخەی کە تێکەوتووە. لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئیران تا بۆی بلوێت هەوڵدەدا خۆی لە شەڕی ڕووبەڕوو بوونەوەی سوپایی بپارێزێت، شەڕی بەرژەوەندییەکانی لەسەر ئەرزی وڵاتانی دیی وەک عیراق، سعودیە، لبنان و سوریا چەند وڵاتێکی دیی ناوچەکە لە ڕێگەی گروپی چەکدار و میلیشیای نافەرمی بکات، تا دەگات بە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ ئەو کات دیار نییە دەسەڵاتدارانی ئیران بارگەیان تێکدەنێن یان بەرەنگاری دەکەن!
لە دەرئەنجامدا ئاشکرایە کە جەنگ لە نەهامەتی بەولاوە هیچی دیی بۆ میللەتان لێشین نەبووە، بەڵام بەهێزبوونی دەسەڵاتێکی سیاسیی دیکتاتۆری وەک ئیران لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی گەلانی چەوساوەی ناوچکە و میللەتانی ژێر دەستی وەک نەتەوەی کورد نییە. ئەگەر ئەو واقیعە نەخوازیارەش لە توانای گەلانی ئیران نەبێت بیگۆڕن ئەوا گۆڕانکاریەکە تەنیا بەهێزی دەرەکیی دەکرێت. هەرچەند جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتە دیار نییە چی جۆرە کەسانێک و دەسەڵاتێک دەبێت، دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە موجاهیدنی خەڵقی ئیران بن کە لەگەڵ ئەمان هیج جیاوازییەکیان نییە بەتایبەتی بۆ پرسی کورد، وێرای ئەوەش بەلاچوونی ئەمانە لە دەسەڵات بۆ ماوەیەکی درێژ بۆشایەکیی سەربازیی و سیاسی لە ئیران دروست دەبێت، کە گەلانی ناوچەکە بە تایبەتیی نەتەوەیی کورد و حزبە سیاسییەکانیان ئەگەر پێشوەخت خۆیانی بۆ ئامادە بکەن، بە ژیرانە و شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، دەتوانن ئەو هەلە مێژووییە دیاریکراوە بقۆزنەوە و لێی سوودمەند بن، بۆ دامەزراندنی نواتی سەربەخۆی یان بەلایکەمی ئۆتۆنۆمی و لەژێر دەسەڵاتێکی سیاسیی فیدراڵی سیستەمی دیموکراتی کە ڕەنگە ئەمریکا بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی نیازی بێت پەیڕەوی بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست