کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد لەم دۆخەی ئیستا چی دەکات؟

Saturday, 25/08/2018, 9:51


هەنوکە، لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەڵەی رۆحانی و ئەردوغان، بارودۆخی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ناوەخۆی تورکیا و ئیران لە ئەوپەڕی خراپی دایە. سوپای هەر دوو وڵات وەک جاران یەکگرتوو نین و هەتلەی وڵاتانی دراوسێن بە مەبەستی داگیرکردن. بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر هەر دوو ئاست، پارتی سیاسیی و توڕەیی و بزوتنەوەی میللیی سەر شەقام، لە هەردوو وڵاتدا لە گەشەسەندنە.

گرژی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ ئیران و تورکیا، کە ڕۆژانێکبوو هەر دوو وڵات، پەیوەندیی بەهێزی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا، وەك خاڵێک بەکاردەهێنا بۆ چاو سوورکردنەوە و هەڕەشە، ناز و فیزکردن، بە بوونی پشتیوانی نێو دەوڵەتیی، بێ منەتبوونیان دەردەبڕی بەرامبەر بە هاوسێکانیان، میللەتانی ژێردەستیان بە تایبەتی بەرامبەر بە میللەتی کورد!

وا ئێستا، سەپاندنی سزای سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا، بەسەر ئیران و تورکیا. دوژمنایەتیکردنی سەرانی هەردوو وڵات و هێزە چەکدارەکانی کە سەر بە ئەوانن لە عیراق و سوریا. بە ئاشکرا شەڕی میدیای ترامپ دژی ئەردوغان و ڕۆحانی. ئەمانە کۆمەڵە فاکتەرێکی ئێجگار گرنگن کە بارودۆخێکی تایبەتی تێیددا لە دایکبووە، کە دەکرێت سەرکردایەتیی جوڵانەوەیی سیاسییەکانی کورد بە تایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵات، سوودمەند بن لەم بارودۆخە و ئەو هەلە مێژوویە گرنگەی کە هاتۆتە ئاراوە. وێرای بوونی ئەم جۆرە بارودۆخە گرنگە لە ڕۆژهەڵات و باکووری وڵات، تێبینی دەکرێت کە هێزە کوردییەکان سست بن، کە ئەمە ئاماژەیەکی ترسناکە، خۆزگە وا نەبێت، بەڵام وا پێشان دەدات، کە سەرکردایەتی بزاڤێی ڕزگاری کورد، لە هەردوو پارچەدا، بەگوێرەی پێویست سوودمەند نین لە هاتنە پێشێی ئەو هەلە مێژوویە! 

سوریای ئەمڕۆ، ڕمانی ژێرخان و سەرخانی تەواو و وڵاتێکی وێرانبوو. سوپایەکی بێهێزی هەڵوەشاوە. سەڕۆکیکی ناخۆشەویستی نەویستی سەپێنراو. کۆمەڵگەیەکی لەیەکترازای ماندوو. بوونی ناتەبایی نێوان هێز و پارتە سیاسییەکان. ناتەبایی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا. داگیرکردنی بەشێکی بەرچاوی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیران و تورکیاوە. هەڕەشەی ئیسرائیل. هەموو ئەمانە عیراقی ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٣مان دێنیتەوە یاد، کاتێک کە سەرانی کوردانی باشوور، نەیانتوانی هیج دەستکەوتێکی نیشتمانیی نەتەوەیی بەدەستبهێنن، لە فڕۆشتنی خاک، گیرفان پڕکردن و نەهامەتی بۆ میللەتەکەمان بەولاوە هیچی دیکە لەم هەلە مێژوویە شین نەبوو! لێپرسراوەتی سوود وەرگرتن لەو هەلە مێژوویەی ئەمڕۆی سوریا، دەکەوێتە ئەستۆی هێزە کوردییەکان، بە تایبەتی هێزی پەیەدە و یەپەگە، کە ڕابەڕایەتی جوڵانەوەی ڕزگاری ئەو بەشەی کوردستان دەکەن بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی باشووریش، دەبێت هەوڵبدەن هەمان هەڵە نەکەن و ڕێگری بکەن لە دووبارە بوونەوەی  کارەساتی باشوور.

عیراق، ناتەبایی نێوان سەرانی پێکهاتە سیاسیەکانی عیراق، کە بەهۆیەوە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٢/٥/٢٠١٨ تاکو ئێستا حکومەتی عیراق دانەمەزراوە. ناتەبایی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا، ناتەبایی نێوان ئەمریکا و ئەو هێزانەی کە لەژێر هەژموونی ئێرانن. بەفەرمیی داواکردنی ئەمریکا بۆ کشانەوەی ئیران لە عیراق. هەموو ئەمانە فاکتەری گرنگن کە سەرکردایەتی کورد ئەگەر بە دڵسۆزی کار بکەن دەتوانن سوودمەند بن لێیان، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، سەرەڕای بوونی بارودۆخێکی لەباری بەم جۆرە، سەرانی هێزە کوردییەکانی باشوور، دابەشبوون لە نێوان چەند بەرەیەک و پشتیوانی کردن لە چەند سەرکردەیەکی عەرەبی عیراقی و چوونە نێو ململانێیەک کە هی کورد نییە. ئەوانەی پشتیوانی لە مانەوەی عیراق دەکەن لەژێر هەژموونی ئیران، بەریەکی دیەکەش کە پێچەوانەی ئەوە خواستیانە.

ئەمڕۆ، هێزە کوردییەکانی باشوور خۆیان سەرقاڵ کردوە بە گەلێک بابەتی لاوەکیی وەک، ناردنی کۆمەڵێک لە بەرژەوەندیی پەرستی بێ مۆڕاڵ وەک نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمانی عیراق. تانە لێدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بایۆمیتری و دووبارە ڕازیبوون بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەهەمان شێوە و میکانیزم  بە مەبەستی خەڵک و خۆغافڵکردن! ئەوان بۆ سەرقاڵکردنی میللەت بە گەلێک بابەتی لاوەکی، هەڵدەستن بە ئاشکرا کردنی هەندێک ناوی خزموکەسی خۆیان وەک کاندید بۆ سەڕۆک کۆماری عیراق و کۆبوونەوە نەزۆکەکانی بێ بنەما و بێ بەرهەم!  ئەوەی تێبینی دەکریت لە باشوور، بە داخەوە ئەوەیە، کە سەرانی هێزەکانی باشوور بە گشتی سەرەڕای ئەوەی کە هەموو دەستەکەوتێکی نیشتمانیی و نەتەوییان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا دەیانەوێت لەسەر لاشەی مرداربوو، دۆلار و بیرە نەوت بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، کۆمەڵێک لە هەلپەرست و چڵێس لە نێو کۆمەڵگەیی کوردی باشوور پەروەردە بکەن!

لەدەرئەنجامدا، لەو وڵاتانەی کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە، هەنوکە کۆمەڵێک فاکتەر و بارودۆخی تایبەت هاتۆتە پێشێ، کە دەکرێت نەتەوەیی کورد بیقۆزێتەوە، بۆ سوود وەرگرتن و تەکاندان بە جوڵانەوەی سیاسیی و بزوتنەوەیی ڕزگاری نیشتمانیی، یەکگرتن، سەپاندنی مەرج و پێکانی هەندێک ئامانجی ستراتیژیی نیشتمانیی و نەتەویی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە