قەیرانی ئابووریی، لە نێوان ئەردوغان و ترامپ
Friday, 17/08/2018, 7:55
بارودۆخی نالەباری سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی تورکیا، ئەوەندەی وابەستەیە بە فاکتەرە ناوەخۆییەکان، ئەوەندە وابەستە نییە بە هۆکارە دەرەکییەکان، وەک ئەوەی هەنوکە لە میدیاکاندا ئەردوغان پروپاگەندەی بۆ دەکات. نمونە، کێشەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا، کە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، هۆکارەکەی کێشەی نەبوونی سیستەمیی دیموکراتییە لە تورکیا، گرفتی نەبوونی ئایدلۆژیایەکە کە بڕوای تەواوی بە مافی گەلان و تاکەکان هەبێت، ببێت بە هەوێنی پەروەردەکردن و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەیک و سەڕۆکێکی سیاسیی عادیلانە و مافپەروەری تێددا لە دایکبووبێت کە هەردووکیان بڕوای تەواویان بە ئازادی میللەتێکی ٤٠میلیۆنی هەبێت.
مانەوەی ئەو گرفتە، بۆتە هۆکاری ناسەقامگیری سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لە باکووری کوردستان کە بە گوێرەی یاسایی نێو دەوڵەتی بەشێکە لە تورکیا، کە لە ئەنجامدا بۆتە هۆکاری هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی چەکداری تەمەن ٣٤ ساڵ لە تورکیا و کاردانەوەی هەبووە و هەیە لەسەر بارودۆخی ئاسایشی تورکیا و ناوچەکە، ئەمە تەنیا نمونەیەکی ئاسان و ژیاوە، کە هەموو تاکێک دەرکی پێدەکات، کە سەڕۆکی تورکیا و سوپاکەی، ڕۆژانە ئەوەندەی سەرقاڵی سەرکوت کردنی دەنگی ئازادیخوازن لەم بەشەی کوردستان و لەشکرکێشی سەربازیین بۆ سەر چیاکانی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی وەک سوریا و عیراق، ئەوەندە سەرقاڵی ئاوەدان کردنەوە و بوژاندنەوەی ئاستی ئابووریی تورکیا نیین.
لە ساڵی ٢٠١٦دا، هەوڵی ئینقلاب دژ بە ئەردوغان، فاکتەرێکی ناوخۆیی هەبوو، ئاوێنەیەک بوو پێشانی هەموو دنیای دا کە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی کارای، خاوەن شانەی نووستوو، پێگەیەکی جەماوەریی لە تورکیا هەیە، دژ بە دەسەڵاتی ڕەجەب ئەردوغان. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە، ئەوەی هەستان بە ئەنجامدانی ئەو هەوڵە سەربازییە، هەموویان تورکیی تورکیا بوون. دوای سەرنەکوتنی ئەو هەوڵە، لە تورکیا بۆ ماوەی چەند مانگێک باری نائارامیی ڕاگەیندرا، هەروها بە دەیان هەزار کەس لە نێو تورکیا زیندانی کران، بە دەیان هەزار کەس لە کار دەرکران، بەڵام ڕەجەب دەیەوێت بڵێت، تورکیا شامی شەریفە و ئەم کارە دەستی دەرەکیی لە پشتەوەیە، ڕاستە دەستی دەرەکیی لەم مەسەلەیدا هەبووە بەڵام فاکتەرێکی یاریدەربووە نەک فاکتەرێکی سەڕەکیی.
ئەردوغان، سەڕۆکێکی دیکتاتۆرە و دەسەڵاتەکانی بە گوێرەی عەقڵ و بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت، نەک بە گوێرەی تێگەیشتن و قاڵبوونەوە لە بوارێکی تایبەت. ئەردوغان لە سەڕۆکێکی سیاسیی فاشل بەولاوە هیچی دیکە نییە و ئەو بارودۆخە نا ئارام، ناجێگیر و قەیرانی ئابووریی و شکانی بەهای لیرەی تورکیی ئەوەندەی هۆکارەکانی ناوەخۆن و پەیوەستن بە جۆری بەرێوەبردنی دەسەڵاتی حوکمرانی ڕەجەب، ئەوەندە هۆکارەکانی دەرەکیی نین.
ئەردوغان، بە ژیاندنەوە و زەقکردنەوەی دروشمی نەتەوەییی و ئاینیی، توانیویەتی پێگەیەکی جەماوەریی بۆ خۆی دابین بکات، لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە دەسەڵاتە، توانیویەتی توێژێک لە نێو کۆمەڵگەیی تورکیی لە دەوروبەری خۆی کۆ بکاتەوە، بەرژەوەندییان بپارێزێت، بیانکات بە کۆیلە و ئامرازی دەستی خۆی، وێرای ئەوەش ئەردوغان، دەرکی بەوە کردوە کە لە ئەنجامی جۆری پەیرەوەکردنی سیاسەتەکانی، کۆمەڵگەی تورکیا بەش بەش بووە، زۆرینەی خەڵک ناڕازین لە دەسەڵات و حوکمرانی ئەو. ڕەجەب، ئەوەش دەزانێت کە هێزی ئۆپۆزسیۆنیش لە تورکیا لە گەشە سەندن دایە و هێزە دەرکەییەکانیش وەک جاران لە ئەردوغان ناڕوانن و لالوتن لێی، نیگەرانن لە بوون و مانەوەی ئەو لە دەسەڵات. لە سیستەمیی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی و تاکڕەوی، سەڕۆکی ئەو جۆرە سیستەمە، تاکێک دەبێت کە بە خۆرستی کەساییەتیەکەی تاکڕەو، دەمارگیر دەبێت، نەرجسی بەسەریدا زاڵدەبێت، پێی وایە ئەو لە هەموو کەسێک باشترە و لە هەموو بوارەکانیشدا پسپۆرە، دەتوانێت بە فشار و بەکارهێنانی هێز، ترس و تۆقاندن بە ئامانجە تایبەتییەکانی خۆی بگات، لەسەر و هەموو بەرژەوەندییەکانیشی پاراستنی کورسیی دەسەڵات دەبێت، ئەردوغان لەم جۆرە کەساییەتییە بەرجەستەیە. لە دەرئەنجامدا، ئەردوغان متمانەی بە کەس نەماوە، دەیوەێت دەسەڵاتی سیاسیی تورکیا، تا بۆی دەلوێت، بەرەو دەسەڵاتی خێزانی ببات و بەو مەبەستە بڕیاری دا زاواکەی بکات بە وەزیری دارایی، هاوکات بڕیاری بەسەر بانکی ناوەندی تورکیا سەپاند بۆ ئەوەی ڕێژەی سوودی بانک بە نزمی بمێنێتەوە بۆ ڕێگە گرتن لە قەیرانی ئابووریی و تورکیا و رزگارکردنی بەهای لیرەی تورکی لە بازاری جیهانییدا، بەڵام بڕیارەکانی ئەردوغان بووە بە یەکێکە لەو هۆکارە سەڕەکییانە کە زۆر بە پەلە قەیرانی ئابووریی تورکیا لە هەلکشانە و بە بەروارد کردن لەگەڵ ساڵانی پێشوو بەهای لیرەی تورکیی لە نزنمترین ئاستە. کەواتە هۆکاری سەڕەکیی قەیرانی ئابووریی و سیاسیی لە ئەنجامی بڕیارە هەڵەکانی ئەردوغان و نالەباری باری ئابووریی ناوەخۆی تورکیاییە. فشاری دەرەکیی، تەنیا فاکتەرێکی یارمەتیدەرە کە ئەوانەی لەسەر ئاستی زلهێزەکانی دنیا لە هەوڵی لێدانی ڕەجەبن لە کاتی گونجاودا بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە ئابووریی و سیاسییەکانیان بەکاریبهێنن.
هەنوکە، تورکیا لە بارودۆخێکدایە، دەبێت پارەیەکی زۆر لە وڵاتان قەرز بکات، هۆکاری ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ جۆری وەرگرتنی قەرز لە پێشوودا، بەکارهێنانی سود و عوملەی بیانی بۆ قازانجی زیاتر بۆ تورکیا کە لە سەدا ٣٠% ئابووریی تورکیا پێکدەهێنێت، لە پێشوودا پارەی تورکیی هەناردە دەکرا بۆ دەرەوەی تورکیا و بە عوملەی دیکە دەخرا بانکەکان بۆ دەستکەوت و قازانجی زیاتر، ئەمڕۆ ئەم جۆرە مامەڵەیە لە بواری ئابوورییدا بۆخۆی کێشەی بۆ تورکیا دروست کردوە، لە ڕابردوویەکی کورتدا، ئەمریکا ڕێژەی سوودی بانکی زیاد کرد، ئەو سەرماییەدارە تورکانەی کە پارەیان لە بانکە ئەمریکییەکان دا هەیە، زەرەر دەکەن ئەگەر پارەکانیان بێنەوە بۆ تورکیا بەهۆی،
یەکەم، بەهای لیرە دابەزیوە و ئایندەیەکی باش چاوەڕوانی ناکات.
دووەم، بوونی ڕێژەی قازانجی زیاتر لە بانکی ئەمریکی و مانەوەی ڕێژەی نزمیی سوودی بانک لە تورکیا.
لە سەرتایی ئەم ساڵدا، بەهای لیرەی تورکی لە٣٠% بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی کەمی کردوە، کە ئەمە فشار لەسەر سەرمایەدار و بازرگانە تورکەکان دروست دەکات، ئەوانەی کە لە پێشوودا لە بانکەکان مامەڵە و قەرزیان بە دۆلاری ئەمریکیی کردوە کە لە ئاکامدا بۆ خۆ ڕزگارکردن لە قەیرانی ئابووریی دەبێت ماییە پوچی ڕابگەیەنن.
نزمی بەهای لیرەی تورکیی بەرامبەر بە بەهای دۆلاری ئەمریکی، هۆکارن کە ئەمریکا گومرگی لەسەر کاڵای تورکیی زیاد کرد، ئەم بڕیارە دەرکییە یاریدەربوو کە زیاتر ئابووریی تورکیایی بەرەو داڕمان برد. لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا، تورکیا گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکانی ئەمریکا زیاد کرد، بەڵام تورکیا ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، بەهۆی ئەوەی بەهای لیرەی تورکیی زۆر دابەزیوە، ئەوە نابێتە هۆکاری رزگارکردنی تورکیا لە قەیرانی ئابووریی، ئەم بڕیارەی ئەردوغان لە ئەنجامی شێکردنەوە و خوێندنەوەی تەندروست نەبووە لەلایەن پسپۆرانی ئابووریی تورکیا، بەڵکو تەنیا کاردانەوەیەکی دەمارگیریی ئەردوغانە بەرامبەر بە بڕیارەکەی ترامپ.
بڕیاری ڕەجەب، لە هێشتنەوەی ڕێژەی سودی بانک بە نزمیی تەنیا لە بەرژەوەندیی مانەوەی خۆیەتی، بەهۆی ئەوەی ئەگەر قازانجی بانکی تورکیا ڕێژەکەی زیاد بکرێت، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی فشار لەسەر بازرگان و سەرماییەدارەکانی ناوەخۆی تورکیا دروست بێت، هەروها فشار لەسەر چینی ناوەند دروست دەبێت، ئەوانەی کە پارەیان قەرزکردوە لە بانکەکان بۆ کڕینی خان و بەرە و کاروکاسبی کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆکاری بێ کاری و دەنگی ناڕەزا لە نێو میللەتدا لە هەڵکشان دەبێت، خۆپیشاندان و ناڕەزایی شەقامەکانی تورکیا دەتەنێت وەک ئەوەی لە ئیران ڕوویداو و ڕوودەدا.
ئەردوغان دەرکیی بەوە کردوە کە بەردەوام بوونی ئەم بارودۆخە نالەبارە ئابوورییە کاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر سوپا بەهێزەکەی تورکیا، بۆ ئەوەی خۆی دەرباز بکات لە هەڵگرتنی لێپرسراوەتی ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی و هاتنە پێشێی ئەو دۆخە لە تورکیا پەیتا پەیتا لە میدیاکاندا دەڵێت گوایە "ئەمریکا لە دژ تورکیا جەنگی ئابووریی هەڵگیرساندوە"! ڕەجەب زۆر چاک دەزانێت بۆ پاراستنی بەهێزی ئەو سوپایە تورکیا پێویستی بە سەرماییەکی زۆر و ئابوورییەکی پتەو هەیە بەبێ ئەوە لە ئەنجامدا بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووریی کاردانەوەی دەبێت لەسەر
یەکەم، گەشە کردنی دەنگی ناڕەزایی شەقام.
دووەم، لاوازی و لێکترازانی سوپای تورکیی.
ئەم دوو فاکتەرە ناوەخۆییە، دوو چەکی کارێگەر و دوو ئامرازیی بەهێز دەبن، بۆ ئەوەی ببن بە یارمەتیدەر بۆ فاکتەر و هێزە دەرکییەکان لە هاوکاریکردنی هێزی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بۆ شڵەژاندن و جوڵاندنی شەقام، لە هەڵبژاردنی کاتی گونجاو بۆ لێدان و ڕووخاندنی ڕژێمی ئەردوغان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست