Saturday, 21/07/2018, 14:16
خۆپیشاندانەکانی عیراق لە ئەنجامی بێزاری خەڵک بە خۆرسکی لە شاری بەسرە سەریهەڵدا. لە سەرەتادا خۆپیشاندانەکان بێ خاوەن و بێ ستراتیژیەتێکی دارێژاوی ڕێکخراوەیی بوون، ئەم ڕاستییە لە جۆری دەربڕینی ناڕەزایی لەلایەن خۆپیشاندەران و دروشمەکانیان بە زەقی دیاربوو، بەڵام هەنوکە لەگەڵ گۆرانی قەبارە و ئەندازەی خۆپیشاندانەکان، خەریکە زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، یاری بە چارەنووسی ئەو خۆپیشاندانە دەکەن و لە لایەکی دیکەوە حزبی بەعسی سەدامیش خەریکە خۆی دەکات بە خاوەنی ئەو خۆپیشاندانەی کە زۆربەی شارەکانی باشووری عیراقی گرتۆتەوە.
جەنگی ساردی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە عیراق و سوریا بە ئاشکرا پێیەوە دیارە، کە هەر یەکێکیان بۆ بچووکترین هەل دەگەڕێن بۆ دژایەتی یەکتر کردن و بۆ لێدانی سەنگ و نفوزی یەکتری لە ناوچەکە. بێ گومان خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عیراق، بێزاری و نەداری خەڵک بوون بە باشترین چەک، کە ڕوسیا بیەوێت دژ بە نەدارەکەی بەکاری بهێنێت و بە ئەمریکا بڵێت تۆ سەرکەوتوو نەبوویت لە عیراق و دوای پازدە ساڵ لە دامەزراندنی ئەو حکومەتەی کە تۆ پشتیوانی لێ دەکەیت تا ئەمڕۆ ئەو حکومەتە نەیتوانیە خزمەتگوزاریە سەراتاکان بۆ گەلانی عیراق دابین بکات و گەندەڵی و دزی هەموو جومگە سەرەکییەکانی ئەو دەسەڵاتەی گرتۆتەوە.
لە ئەنجامی بوونی حکومەتێک و دەسەڵاتێکی گەندەڵ و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا لە عیراق و کوردستان، بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە، ڕوسیا پەنا بۆ ئەوە دەبات حزبی بەعسی سەدامیی وەکو ئۆپۆزسیۆنێک بەکاربهێنێت و بیگەڕینێتەوە سەر شانۆی سیاسیی عیراق.
مۆسکۆ، بۆ قۆستنەوەی ئەو بارودۆخەی کە لە عیراق هاتۆتە پێشێ، هەوڵدەدات بە زۆری و بە خوتوخۆڕایی حزبی بەعس بکات بە خاوەنی ئەو ناڕەزاییە جەماوەریەی کە شەپۆلەکانی خەریکە هەموو شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق دەگرێتەوە.
میدیای ڕوسی بەتایبەتی گۆڤاری پراڤدا و کەناڵی ئار.تی "ڕەشەن تودەی" فۆکەیسیان خۆستۆتە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵدەدەن گەورەبوونی قەوارەی خۆپیشاندانەکان ڕوماڵە بکەن کە بۆتە جێگە نیگەرانی دەسەڵاتدارانی عیراق، لەهەمان کاتدا ڕوسیا دەیەوێت بوونی بۆشایی حزبی ئۆپۆزسیۆن لە عیراق بقۆستەوەو بە خوتوخوڕآیی حزبی بەعسی سەدامی، بکا بە خاوەنی ئەو خۆپیشاندانە. بۆ ئەو مەبەستە پەیتا پەیتا لە میدیاکانیدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی بەعس دەکات، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان دەیانەوێت بڵێن دوای ١٥ساڵ ئەوان تونیویانە شەقام بجوڵێنن، خۆپیشاندانیان لە بەسرە دەستپێکرد و دواتر لە شارەکانی دیکە!
بەسرە، لە کۆنەوە ناسراو بوو کە زۆربەی خەڵکەکەی دژ بە ڕژێمی بەعس و سەدام بوون، یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین لە ساڵی ١٩٩١ دا دژ بە ڕژێمی بەعس لە بەسرە سەریهەڵدا. سەدام ئەو ڕاستییەی دەرک پێکردبوو ئەمەش هۆکاری ئەوەبوو، کە بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتەکەی گرنگی بە گەشەپێدانی ئەو شارە نەدەدا. ئەو شارەی کە بە دڵسۆزی سەدام و بەعس ناسراو بوو شاری موسل بوو، لە ساڵی ١٩٩١دا تەنیا شار بوو کە دژ بە سەدام ڕانەپەڕی و ئەمەش هۆکاری ئەوەبوو کە لە ٢٠٠٣دا هەر دوو کوڕەکەی سەدام بۆ خۆ حەشاردان ڕوویان لە موسڵ کرد، کەچی ئەمڕۆ ڕوسیا بوار بۆ بەعسییەکان دەرەخسێنێت و دەیانەوێت بڵێن ئەوانن کە خۆپیشاندانیان ڕێکخستووە لە بەسرە و دواتر بۆ شارەکانی دیکەی عیراقیان گواستۆتەوە!
ڕوسیای زلهێزی بەرژەوەندیی پەرست، یارییەکی قێزەوەن دژ بە گەلانی چەوساوەی عیراق ئەنجام دەدات، هەوڵدەدا سادەی خەڵک و بوونی بۆشایی ئۆپۆزسیۆن لە عیراق بقۆستەوە و بەعس بکات بە خاوەنی خۆپیشاندانە خۆڕسکەکەی بەسرە و شارەکانی دیکەی عیراق!
تێبینی:
لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کە هەردوو کەسی کە بەشدارن لە بەرنامەکە کە یەکیان بە نوێنەرایەتی حکومەتی ئێستای عیراق دەدوێ و دەپاڕێتەوە و ئەویدیکەیان کە بۆ حزبی بەعسی ئێستا دەپاڕێتەوە، هەردووکیان لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام بەعسی بوون و لە ڕۆژنامەی جمهوریە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کاریان کردوە و سوودمەند بوون!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست