کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تارمایی پشتەوەی خۆپیشاندانەکانی بەسرە!

Wednesday, 18/07/2018, 6:39


پەیکەری دەسەڵاتی سیاسیی عیراق، بریتییە لە کۆنتڕۆڵی زلهێزەکان، دەسەڵاتی ئیران لە عیراق، ناسەربەخۆی دەسەڵاتی حوکمرانی، بوونی گەندەڵی  لە هەموو جومەگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی حوکمرانی عیراقی لەسەرەوە تا خوارەوە. پەرلەمانێک لێواو لێو پڕ لە خەڵکی بودەڵەی پارە و پۆست پەرست، کۆنتڕۆلكردنی پارتە عیلمانیی و ئایینەیەکان لە لایەن سەرانی بەرژەوەندیی پەرست، پەیڕەونەکردنی یاسا و نەبوونی دادگا و دادپەروەری. ئەمە سیستەمیی  دەسەڵاتی حوکمرانی و عیراق بەرێوەبردنە!
سەرچاوەی سەڕەکیی ئابووریی عیراق، بریتییە لە سامانە سروشتیەکانی وەک نەوت و غاز.  کۆنتڕۆلکردنی دەرامەتی سامانە سروشتییەکان لەلایەن زلهێزەکان کە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆمپانیا جیهانییەکانەوە پشکی شێر دەخەنە باخەڵیان، ئەوەی دەمێنیتەوە پشکی ئیران و تورکیا، پشکی دەسەڵاتدارانی عیراق،  پشکی سەڕۆک حزب و رێکخراوە سیاسیەکان و خزم و کەسوکاریان، پشکی سەڕۆک عەشیرەت و قاچاغچی و دارودەستەیان. 
پەیڕەوکردنی ئەم جۆرە سیستەمە ئابوورییە سەقەتە ناڕەوایە، بۆتە هۆکاری ئەوەی تویژێکی ئێجگار دەوڵەمەند لە نێو کۆمەڵگەی عیراقدا لە باشوورەوە تا دەگات بە کوردستان دروستبێت و ببن بە ملیاردێر و میلۆنێری مشەخۆر! هەژاری و نەداریش باڵبکێشێت بەسەر دۆخی زۆرینەی سادەی سەر شەقامیی کوردیی و عەرەبی!
بەسرە، سێیەم شار و سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمی نەوتی عیراقە. مینایەکی کارێگەرە لە کەنداو، کە بازارێکی کارای جیهانییە بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی ئابووری بە تایبەتی هەناردە کردنی نەوت و گەیاندنی بە بازاری جیهان. بە هەموو پێوەڕێکی ئابووریی و مرۆڤاییەتی بێت، خەڵکی ئەم شارە دەبوایە ئێستا لە دنیا باردۆخی ئابووریی و خزمەتگوزاریەکەی لە ئەوپەڕی باشی بوایە بە جۆرێک وەک نمونەیەکی زیندوو سەرکەوتوو بە دنیا بناسرابوایە،  بەڵام بوونی ناعەداڵەتی و گەندەڵی و دزی بۆتە هۆکاری ئەوەی کە خەڵکی ئەو شارە لە بچووکترین خزمەتگوزاریەکان بێ بەش بن و لە تاو برسیەتی، گەرما، نەبوونی پێداویستی تەندروستی و خوێندن وەک ساڵی ٢٠١٥ دووبارە وا بۆ هەفتەیەک دەچێت ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و کێڵگە نەوتییەکانی مەجنون و نەهرەوان و ئۆفسە نەوتییە بیانیەکان وەک ئێ ئێکس موبایل، کۆمپانیای پیترۆ چاینە و لۆکەڵ ئۆیەڵ بکەنە ئامانج.
بەسرایەکان، لە بەرهەمی نەوتەکەیان هیچیان بۆ نەکراوە و هیچیان پێ نەبڕاوە، تەنیا دوکەڵی نەوتەکە نەبێت، کە کاردانەوەی خراپی لەسەر باری تەندروستییان هەبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئەمڕۆ زلهێزەکان، ئەم کۆمپانیانە، تورکیا و ئیران، دەسەڵاتدارانی عیراق و دارودەستەیان و سەڕۆک عەشیرەتە عەرەبەکان بە سەدان بیلیۆن دۆلاری خەوتویان خستۆتە بانکە نێو دەوڵەتییەکان! هەڵبەتە بۆ بەسرایەکان، ئەم جۆرە زانیارییانە نامۆ نییە، ڕۆژانە بە بەرچاویانەوە بەسەدان هەزار کرێکاری بیانی لە نێو ئەو کێڵگە نەوتیانە کار دەکەن لە کاتێکدا بە سەدان هەزار گەنجی بەسرا بێ کار و کاسبین!
بەسرە، گەلێک جار بۆتە قوربانی ناکۆکیی سیاسەت و ناتەبایی نێوان زلهێزەکان، هێزە ناوچەییەکان و هێزە ناوەخۆییەکان. بۆ چەند ساڵێک دەچێت ئیران بڕێکی زۆری کارەبای بەسرەی دابین دەکرد، بەڵام لە مانگی ڕابردووەوە دوای ئەوەی سەڕۆکی ئەمریکا هەڕەشە و ئابڵۆقە ئابوورییەکانی سەر ئیرانی توندتر کرد، لە ئەنجامدا ئیران داوای قەرزی کارەبای لە عیراق کرد و لەهەمان کاتدا ئەو بڕە کارەبایەی کە بۆ ئەو شارەی تەرخان کردبوو، بڕی!
نەبوونی دەسەڵاتی حوکمڕانی کارا لە عیراق، هۆکاری ئەوە بوو بەسرە، لە بۆشاییەکی حوکمڕانییدا گوزەران بکات، هاتنی کۆمپانیایی بیانی بۆ بەسەرە و هەڵهێنجانی نەوت لە نێو زەوی ئاغا عەرەبەکان (شێخ العرب)، لە کاتێکدا کە بۆشایی دەسەڵاتی حوکمڕانی هەبووە و هەیە، ئەم ئاغایانە هەوڵیانداوە گروپی چەکدار دروست بکەن، هەڵکوتنە سەر ئەم کۆمپانیا و ئەو کۆمپانیا بە مەبەستی وەرگرتنی پشک و لە ئاکامدا بۆیان چۆتە سەر کە لە ناوچەکە ببن بە خاوەن پارە، گروپی چەکداریی و پێگەی کۆمەڵایەتی و بوونی گفت لە ئەمرونەهی ناوچەکە، کە لە ئەنجامدا بۆتە هۆکاری ئەوەی دەسەڵاتی ئاغا و چەکداری عەشایری لە جارانی پێش شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم زیاتر بێت، دەسەڵاتداری ئاوا پەیدا بێت نەک تەنیا خاوەن ئەرز و کشتوکاڵ و مەڕوماڵت بێت بەڵکو ببێت بە میلیۆنێر و پشک لە کۆمپانیا جیهانیەکان وەربگرێت، ئەگەر سەرنج لەخۆپێشاندانەکان بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە دوو ڕۆژە دوو کەس بوونەتە نوێنەر و قسەکەری خەڵک کە سەر بە دوو عەشیرەتی گەورەی بەسرەن، یەکیان عەشیرەتی بەنی تەمیمی و ئەویدیەکەیان عەشیرەتی بەنی مەلیکە. لە ئاکامی گەشەکردنی ئەو دیاردەیە، خەلكی بەسرە لە نێوان زلهێزەکان، ئیران و حکومەتێکی گەندەڵ، سەرمایەدارانی نەوت و سەڕۆک عەشیرەتە عەرەبەکان وێڵبوون!؟ 
سەرهەڵدان و ژیاندنەوەی دابونەریت و کلتووری عەشایری، دیاردەیەکە لە گەشەکردنە لە عیراق. ئەم پەتایە کوردستانیشی گرتۆتەوە، دەسەڵاتداران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری خەڵک هانی ئەم جۆرە دیاردە دواکەوتووە دەدەن، ئەگەر سەرنج بدەین هەنوکە لە باشووری کوردستان ڕۆژی فڵان عەشیرەت و فڵانە هۆز سەریهەڵداوە، عەشیرەت خەیمە هەڵدەدەن، میهرەجان بەڕێوە دەبەن  ڕۆحی عەشایری و هۆز بەرز دەنرخێنن و پیرۆز دەکەن!؟
  نەبوونی پارتی ئۆپۆزسیۆن، لە دوای ڕووخانی سەدام واتە لە ساڵی ٢٠٠٣وە مودێلێکی سیاسی لەنێو عەرەبی عیراق سەریهەڵدا، ئەویش ئەوە بوو کە ئەو حزبانەی دژ بەیکبوون یان دژ بە دەسەڵاتیی سیاسی بوون، هێزی خۆیان دەباشکرد لە نیو جەماوەر و دەسەڵاتی حوکمڕانی و دەستیانکرد بە دروستکردنی گروپی چەکداری و ڕیکخستن و هاندانی جەماوەر دژ بە دەسەڵاتی حوکمرانی، لەهەمان کاتدا بەشداربوون  لە دەسەڵات، لە پەرلەمان و وەرگرتنی پۆستی باڵای وەک وەزیر، سەڕۆک پەرلەمان دەیان پۆست و پلەی حکومی دیکە. ئەم دیاردەیە وەک لاساییکردنەوەیەک لە کوردستانیش گەلێک لە سەرانی پارتەکان وەک مودێلێکی سیاسی تازە پەیڕەویان کرد. لەدەرئەنجامدا ئەزموون و تاقیکردنەوە سەلماندی، کە ئەم جۆرە کارکردنە و پێیەک لە نێو دەسەڵات و پێیەکی دیکە لە دەرەوەی دەسەڵات، هەندێک دەستەکەوتی مادی بۆ سەرانی پارتەکان و هەندێک پۆست بۆ هەندێک ئەندامی ئەو پارتانە بەدەستهێنا، وێرای ئەوەش لە کۆی هاوکێشەکەدا پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتە سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا. لەو دیدەوە پارتەکان نەتوانیان یەکریزی و تەبایی ناو دەسەڵاتی سیاسیی حوکمرانی بپارێزن، نەتوانیان پێگەی خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن لە نێو جەماوەر بپارێزن و سەریان لەخەڵک شێواند کە لە چی پارتێک و بەرەیەک خۆیان بدۆزنەوە!


ئەم جۆرە کارکردنە، هۆکاری سەڕەکیی بوو لە زیاتر لەتوپەتکردنی یەکگرتوویی نێو جەماوەر، چاندنی تۆی دووبەڕەکیی، ڕق و قین، پەرتەوازە بوونی دەنگی ناڕەزا. لە دەرئەنجامدا، ناڕەزایی میللی لە نێو گەلانی عیراق و کوردستان، بەرامبەر بەوجۆرە دیاردە و بارودۆخە، لە هەڵکشانی بەردەوام بوو، ئەگەر سەرنج بدەین هەنوکە  ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان هەر ڕۆژەی لە شارێک و ناوچەیەک سەرهەڵدەدا، بەڵام دەنگە ناڕەزاکان و خۆپیشاندانەکان بێ دروشم و  وێڵ و بێکەسیان پێوە دیارە؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە