هێزی میللی کوردی، جەنگی سوریا، ئەمریکا و ڕوسیا لە عەفرین
Friday, 09/03/2018, 22:12
لە میدیا جهیانیەکان و ناوچەییەکان، جەنگی سوریا لە ژیر ناونیشانی "جەنگی مەدەنی"، پێناسە و ناسێنراوە، بە کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی. پێویستە ئەو ڕاستییە بوترێت، کە ئەو ناونیشانە نیوەی ڕاستە، نیوەکەی دی باسی لێوە نەکراوە کە، جەنگی سوریا " جەنگی مەدەنی و جەنگی جیهانی سێیەمە"، کە لە سەرەتای ئەو سەدەیە، بە شێوەیەکی جیاوازتر، لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمی سەدەی ڕابردوو، پەیڕەو دەکرێت، لەلایەن زلهێزەکانی ناوچەکە، دنیا و ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی ئابووری پێگەی بەهێزیان هەیە لە بازاری دنیادا.
ناساندنی جەنگی سوریا، بە "جەنگی مەدەنی"، لە نێو کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی، لە لایەن میدیای زلهێزەکانی دنیا، بە مەبەستەوە کراوە. زلهێزەکانی دنیا دەیانەوێت، خۆیان بدزنەوە لە لێپرسراوەتی ئەو تاوانە گەورەیەی کە ٧ ساڵە، ئەنجام دەدرێت دژ بە مرۆڤایەتی، کە لە ئەنجامیدا، چوار سەد هەزار سوری کوژراون، پێنج میلیۆن پەنابەرن، شەش میلیۆن دەربەدەر و بێ جێگە و ڕێگەن. ئەگەر سەرنج بدەین، لە هیچ میدیایەکی جیهاندا، لە ژێر مانشێتی "جەنگی جیهانی سێیەم" دا ڕووداوەکانی سوریا ڕووماڵە ناکرێن.
"جەنگی مەدەنی"، لە واقیعی دنیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، کە لە ئەنجامی ناتەبایی و کێشە و نەگونجانی گەلانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتری وەکو، ناتەبایی، نێوان کەمە نەتەوەکان. بوونی گروپی ئیسلامیی هەڵگری مەزهەبی جیاوازی وەک شیعە، سونە، سەلەفی و سۆفی و دەیانی دی. بوونی بیروباوەڕی چەپ و عیلمانی، کێشەی سەڕۆک و دەسەڵاتی دیکتاتۆر و گەندەڵی و پیسخوری کە گەشەی زیاتری کردوە. دەستدرێژێ ناڕەوای زلهێزە ناوچەیکانی وەک ئیران و تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک سوریا، عیراق، لبنان.
ناکۆکی نێوان زلهێزەکانی دنیا بۆ بەرژەوەندیی و دەستەکەوتی ماددی لە ناوچەکەدا، چی لە سەپاندنی دەسەڵات و هەیمەنەی خۆیان، چی بۆ بوون بە تاکە هێز لە سەر ئاستی دنیادا بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشەیەکی بەردەوامە. وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویداوە، زلهێزەکانی دنیا، ئەوروپا، ڕوسیا، ئەمریکا و تا دەگات بە چین، مەترسی سەرهەڵدانی گروپی سیاسیی و ئایینی و مەزهەبییان لە نێو خودی وڵاتەکانی خۆیاندا هەیە و لە سەرەتای سەرهەڵدانیەتی، کە دەیانەوێ پێشی پێ بگرن، بەهۆی ئەوەی، مەترسی دروست دەکات، لە سەر بەرژەوەندییەکانیان، سنووری دەسەڵات و یەکگرتوویی وڵاتەکانیان. نمونەیەکی دی ئوسترالیا، کێشەی لەو جۆرەی هەیە، بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی، هاوسنووری ئاوە لەگەڵ مالیزیا و ئەندۆنیژیا، کە دوو دەوڵەتن و بزوتنەوەی ئیسلامیی تێددا لە گەشە کردنە، هەروها رێژەیەک لە ئەوانەی کە ڕوویان لە ئوسترالیا کردەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و ئاسیاوە هاتوون کە زۆربەیان موسڵمانن. هێزە توندڕەوەکان لە نێویاندا لایەنگریان دروست کردوە، هەر چەند بە رێژەیەکی ئێجگار کەمن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئوسترالیا هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی ئەوەدایە، کە پێشگیری لە گەشەکردنیان بکات. ئەمانە هەمووی هۆکاری گرنگن و بوون بە هەوێنی، هەڵگیرساندنی "جەنگی مەدنی و جیهانی سێیەم " لە سوریا.
زلهێزەکانی دنیا، خوێندنەوەی تەواوی بارودۆخەکەیان کردوە، زانیارییان هەیە کە کام گروپی توندڕەو، لە کام وڵاتی زلهێز مەترسی سەرهەڵدان و گەشەکردنی هەیە، کە ئەمە هۆکارێکی گرنگە، هەر یەکە و لای خۆی ئەو گروپە وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت دژ بە ئەوەی دی بۆ سەپاندنی مەرجە سیاسیی ئابووری و سەربازیەکانیان. نمونە، ئەمریکا زانیاریی هەیە، کە ئەو گروپە چەکدارەی لە غوتە، دژ بە ئەسد ڕاوەستاون، ئەو گروپەن کە ڕوسیا مەبەستی لەناوبردنیانی هەیە، لە ئەنجامی ئەوەدا، ئەمریکا ژیاندنەوەی داعش و ئەو جۆرە گروپانە، وەک هەڕەشەیەک دژ بە ڕوسیا بەکاردەهێنێت.
بە دڵنیاییەوە، پێشوەخت پلان و تاکتیک و ستراتیژیەتی ئەو جەنگە دارێژراوە، لە لایەن زلهێزەکانی دنیا. گۆڕەپانی جەنگ، پێشوەخت دیاری کرابوو، کە شوێنێک بێت، دوور بێت لە وڵاتەکانی خۆیان. هەروها مەبەستیان بوو، جەنگێک هەڵگیرسێنن بۆ ئەوەی هەموو لایەنگر و دۆستی هێزە توندڕەوەکان، لە چوارقورنەی دنیا ڕووی تێبکەن، لە یەک شوێن کۆببنەوە بۆ ئەوەی لەناوبردنیان ئاسانتر بێت.
جەنگی سوریا، ڕۆژ دوای ڕۆژ، سەختر و خوێناویتر دەبێت، تا گەیشتووە بە ئاستێک نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەسەڵات و توانای ڕاگرتنیان نییە، نمونە مانگی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ٣٠ رۆژ ڕاگرتنی جەنگیان ڕاگەیاند بەڵام هەندێک لە لایەنەکان پشتگوێیان خست بە تایبەتی تورکیا. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەلێک گروپی چەکدار، وڵاتانی ناوچەکە و دنیا لەو جەنگەدا ئاڵاون.
لە سەرەتای هەڵگیرساندنی شەڕی سوریا لە ٢٠١١وە، بە سەدان گروپی چەکدار یەکیان گرتوە، هەر زلهێزکی دنیا و ناوچەکە جگە لە سوپای فەرمیی خۆیان بە دەیان گروپی چەکداریان لە ژێر ناوی جیاجیادا دروستکردوە، کە لە ئاکامدا نزیککردنەوەیان لە یەکتر ئاسان نییە هەر یەکیان مەرج و ئامانجی تایبەتی هەیە.
تورکیا، دوژمنی سەرسەختی کوردە بە تایبەتی یەپەگە و پەکەکە. ئەنقەرە، نەک هەر ئازادی بە میللەتی کورد ڕەوا نابینی، بگرە هەموو جارێکیش پێداگری دەکات لەوەی کە دەبێت کورد تەنیا لە دانیشتن و گفتوگۆکانی "ئاشتی"یشدا ئامادە نەبن. ئیران و ئەسەد و عیراقیش بەهەمان شێوە. ئیران و ڕوسیا، پشتیوانی لە مانەوەی ئەسەد دەکەن. ئەمریکا دژیانە لەگەڵ ئەوەی ئەسەد، وەک کابرایەکی عیلمانی خۆی دەنوێنێت بەڵام لە هەمان کاتدا بەکرێگیراوی روسیایە، کە دوژمنی سەرخەتی ئەمریکایە. ڕوسیا، خوازیارە شەڕی جیهادیەکان بە ئەسەد بکات لە غوتە و لە ڕێگەی ئەوەوە بە یەکجاری لە نێویان بەرێت، بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە گروپە، ئەوانەن کە مەترسیان هەیە لە نێو ڕوسیا گەشە بکەن. گروپەکانی غوتە، سی گروپن نەگونجاون، کاتێک کە دێتە سەر دابەشکردنی پشک و بەرژەوەندیی، دژ بە یەک دەچنە سەنگەر.
هەموو لایەنە بەشداربووەکان، تەماحی ئابووری، سیاسیی و سەربازیان لە ناوچەکەدا هەیە، وەکو ئیران و تورکیا خوازیارن ئیمپراتۆریەت لە ناوچەکە دابمەزرێنن. ڕوسیا، ئەوروپا و ئەمریکا بۆ تەماحی ئابووری و دەسەڵات و هەیمەنە دەجەنگن. گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دوای سەرکەوتنیان دەیانەوێت، بنەکەیەک بۆ خۆیان دابمەزرێنن لەوێوە پەلوپۆ باوێن و سنووری دەسەڵاتیان فرەوان بکەن و دەستبگرن بەسەر خیروبێری ناوچەکە. تەنیا کورد نەبێت کە تەماحی هیچی نییە، تەنیا بەدەستهێنانی ئازادی و فەراهەم کردنی ژیانێکی هێمن و ئاسودە لە سەر ئەرز و خاکی خۆی لە نێو چوارچێوەیەک و دەسەڵاتێکی سیاسیی فەرمی. کورد میللەتێکی موسالیمە، چاوی لەوەدا نییە، دەست بگرێت بەسەر خێروبێر و سامانە سروشتیەکانی ناوچەکە یان ئیمپراتۆڕیەت دابمەزرینێت، دەستدرێژی بکاتە سەر ماف و ئازادی میللەتانی دی هەر وەک چۆن ئیران و تورکیا لە هەوڵی ئەوەدان.
گرفتەکان، لەو ناوچەیەدا، گەلێک ئاڵۆز و تێکهەڵکێشراون، زۆرینەی سادەی نێو میللەتەکان سەرودەری لێ دەرناکەن، بە تایبەتی خەڵکی سادەی سەر شەقامی کوردی. بە دڵنیاییەوە بۆ دەزگای هەواڵگری، زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بە تایبەتی بۆ ئیتیلاعات و میتی تورکی گەیشتوون بە سەرە داوەکان، لەسەر ئەو بنەماییەدا پلان بۆ دژایەتی و جەنگ و هێڕشە سەربازییەکان دادەڕێژن، لە سەر مێزی گفتگۆدا داواکاری و مەرج و ئامانجە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانیان تاوتوێ دەکەن.
لە بارودۆخێکی جەنجاڵی لەو جۆرەدا، لە ڕۆژئاوای وڵات، بە هیمەتی شەڕەڤانان، جەماوەرەکەی و سەرکردەکانی، خۆڕاگریەکی بێ وێنەیان لە مێژوودا تۆمار کردوە، وێرای ئەوەش، لەم بارودۆخە دا کورد پێویستی بەوەیە، یەک بگرێت، خۆی ڕێکخات لە هەر چوارپارچەی کوردستان، هێزێکی چەکداری میللی سەرتاسەری پێکبهێنێت، کە بێ گومان، ئەگەر هەوڵی جدی بۆ بدرێت، ئەو هێزە میللییە ژمارەی لە ٢٠میلیۆن کەمتر نابێ، لە ژێر یەک ئاڵا و ڕابەرایەتی یەک سەرکردایەتی، دڵسۆز ئاراستە بکرێت، لە هەر لایەک مەترسی، هەڕەشە و شەڕ دژی کورد هەڵگیرسا، ئەو هێزە ڕوو لەو شوێنە بکات و کاری بەوە نەبێت کام زلهێز یان کام وڵات شەڕی کێ دەکات. بەمجۆرە کورد، دەتوانێت لە گۆڕەپانەکە سەنگێکی قورستری هەبێت، هەموو لایەنەکان هەژماری بۆ بکەن و لێی بگەرێنەوە. لە دەرئەنجامدا، رێگر دەبێت لە دووبارە بوونەوەی کارەساتی جۆری ئەنفال، هەڵبجە و شەنگالێکی دی و بە تاڵان بردنی ماڵ و منداڵی. تا هەتایە ئیتر کەس ناتوانێت جارێکی دی نەک تەنیا دەستدرێژی بکاتە سەر خاک، بەڵکو ناتوانێت پەنجە بۆ یەک تاڵە مووی سەری یەک ئافرەتی کوردیش درێژ بکات.
-------------------------
تێبینی بە سوپاسەوە، بۆ کاک "دەیڤد سەلیم و سەردار حەمەڕەش" دەربارەی کۆمێنتاری وتاری رابردووم.
تیورکستانی، چین، ئەو بەشەی باسم کردوە لە وتارەکە، هاوسنووری ئەفغانستانە. پاکستان و روسیاش هاوسنوورن لەگەڵ چین. مالیزیا و ئەندۆنیژیاش هاوسنووری ئاون لەگەڵ چین.
لە مێژوودا دەستەواژەی "بریتانیای مەزن" هەر سێ وڵاتی "ئینگلستان، سکۆتلەند و وەڵەس"ی گرتۆتەوە. لە ساڵی ١٦٠٣، جەیمس بوو بە مەلیکی سکۆتلەند و بریتانیا، بەڵام هەر دوو وڵاتی جیا بوون و هەر یەکەو خاوەن پەرلەمانی خۆی بوو. لە ساڵی ١٧٠٧دا لە ژێر دەسەڵاتی مەلیکە ئان یەکیان گرت. یەکگرتنی ئەوان لە نووسیندا جگە لە مەسەلە جوگرافیەکەی، بۆ مەسەلەی سیاسیەکەشی سەنگی هەبووە لە سەدەکانی ڕابردوودا. دەستەواژەیەکە لە نووسینی سیاسییدا، بۆ پێشاندانی بەهێزی بریتانیا بووە، ئەمەش تەنیا لە زمانی عەرەبیدا نییە بەڵکو لە زمانی ئینگلیزی و گەلێک زمانی دی بەکارهاتووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست