Thursday, 28/12/2017, 4:10
وێرای ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی عیراق، ناکۆکیی و ناتەبایی نێوان قەوارە و پێکهاتە سیاسیەکان و بنبڕنەکردنی داعش لە ڕەگەوە و بوونی مەترسی، هێشتا دەستکەوتی پۆستی سیاسی لە نێو پەیکەری دەسەڵاتی حوکمدا مایەی مسۆگەرکردنی مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، پاراستنی بەرژەوەندی، دەوڵەمەند بوون و دابین کردنی ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانیە بۆ تاکی بەژداربوو.
دەسەڵاتداران، سەرانی پارتەکان، قەوارە سیاسیەکان بە گەورە و بچووکییانەوە، گروپی چەکداری فەرمی و نافەرمی، بە سونە و شیعە و کەمە نەتەوەکان، سەرقاڵی خۆ ئامادە کردنن، بۆ چوونە هاڤرکێ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی عیراق. بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردن، هەر یەک لە، پارت، گروپ و کەسایەتییە دەسەڵاتدار و ناسراوانە، لە ململانێ دان، بۆ هاوپەیمانیەتی دروست کردن و چوونە بەرەیەک لەگەڵ لایەن و گروپی دی، بۆ بە دەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکان.
سەرانی پارتە عەرەبی و مەزهەبیەکان، دەزانن کورد دووەم نەتەوەیە و لە ٢٠%ی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنێت. ئەوەش دەزانن، کە کورد لە پەرلەمانی عیراق، بەهۆی کەمی رێژەی دەنگەکانی، ناتەبایی نێوان گروپ و پارتەکانی، ئەو سەنگەی نییە لە نێو پەرلەمانی عیراق، تا لە هەموو حاڵەتەکاندا، بتوانێت بە دەنگ یاسایێ سەربخا کە لە بەرژەوەندیی دەستەکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد بێت. وێرای ئەوەش، هەموو لایەنەکان، بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان، دەیانەوێ سوودمەندبن لە دەنگی کورد و بەکاری بهێنن بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان.
دەسەڵاتدارانی عیراق و لایەنە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردن، ڕوونە لایان کە کەسایەتییە کوردەکان و سەرانی پارتەکان، ئامادەیی ئەوەیان هەیە، بەشداری بکەن، لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان، هەروها دەرکیان بەوەش کردوە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی تاکی کورد، دەبێت لە سەران و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم نزیک ببنەوە. بۆ ئەو مەبەستە، هەنوکە، هەست بەوەدەکرێت، کە هەندێک لە پارت و کەسایەتیی عیراقی، کەوتونەتە جموجۆڵ، خۆ نزیک کردنەوە لە سەرانی پارتەکان و کڕینی هەندێک کەسی کورد لە نێو پەرلەمانی عیراق بۆ پێکانی مەبەستەکانیان.
سەرانی شیعە، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە، لە پیادە کردنی سیاسەتی عیراق و ڕووداوەکان، لە هەوڵی ئەوەدان زیاتر ڕەگ دابکوتن، دەسەڵاتەکانیان سەقامگیرتر بکەن لە بەغداد، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن لە گشت سەرانی پارت و لایەن سیاسییە عیراقی و کەمەنەتەوەکانی دی وەک نەتەوەی کورد نزیک ببنەوە. بۆ ماوەیەکی کاتی و کورت، گەلێک بەڵێن و گفتی دڕۆ دەدەن دوای هەڵبژاردنەکان دووبارە پشت لە کورد دەکەنەوە. ئەم جۆرە ئەزموونە هەموو جارێک لە بازنەیەکی داخراودا خۆی دوپات دەکاتەوە و سەرانی پارتەکانی باشوور "پرسی کورد" دەکەن بە ئامرازی دەستی سەرانی شیعە و سونە، میللەتی کورد هەڵدەخەڵەتێنن، بەوەی کە فڵانە سەڕۆک ئەگەر سەربەکەوێت ،ئەوا لە بەرژەوەندیی دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردە!
نوری مالکی، سەڕۆک وەزیرانی پێشووی عیراق و داشی ئیران، تا ئێستا جەمسەرێکی دیار و بەهێزە، لە بەلا خستنی ڕووداوەکان، بەشێوەیەکی کارا لە مەیدانەدا دەبینرێ، تا هەنوکە لە جوڵەدایە، بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی و مانەوەی لە دەسەڵات. عەبادی بەهەمان شێوە.
سەڕۆک وەزیرانی هەنوکە و پێشووی عیراق، توانیویانە خۆیان لە پارتە کوردییەکان نزیک بکەن، بەڵینی مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک کەسیان داوە، لە ئەنجامدا دەنگی کورد دابەش بووە بەسەر هەر دووکیان! مالکی و عەبادی، لە میدیاکان ڕایدەگەیەنن، کە پەیوەندیان لەگەڵ کورد لە ئاستێکی باڵا دایە!؟
بەدرێژایی ئەزموونی بەشداریی سەرانی پارتە کوردیەکان، لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و چوون بۆ پەرلەمانی عیراق، ئەو ڕاستیەی سەلماندوە، کە هەموو جارێک سەرانی پارتە کوردییەکان و کەسەکان لە بازنەیەکی داخراودا خولاونەتەوە. لە دەستکەوتی تایبەتی زیاتر، بەشداریبوونیان هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانیی نەتەوەیی کوردی تێدا نەبووە. هەروها، هەر جارێکش کە چوونەتە نێو هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراوی عەرەبی و عیراقی، یان پشتیوانیان لە سەرکردەیەکی عیراقی کردوە، دواتر بە دۆڕاوی لێی دەڕچوون! بۆ نمونە جارێک پشتیوانیان لە مالکی کرد بە فیتی ئیران و دواتر کەوتنە لێدوان دژی. جارێکی تر دووبارە بە فیتی ئیران پشتیوانیان لە عەبادی کرد، دووبارە کەوتنە لێدوان دژی ئەویش. لەم هاوکێشەیەدا یەک ئەنجام بۆ میللەتەکەمان وەک یەک بوو، ئەویش ئەوەیە کە هاتنی هەردووکیان هیچ دەستکەوتێکی سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەی مسۆگەر نەکرد و خۆشگوزەرانی بۆ میللەتی کورد فەراهەم نەکرد.
عەبادی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، دژ بە هەوڵەکانی مالکییە. حەشەد، لە قۆناغی دەسەڵاتی عەبادیدا، ئامرازێکی کارا بوو، بۆ جێبەجێ کردنی مەبەست و مەرامەکانی عەبادی! بەڵام ئێستا عەبادی، دژ بە پێشنیاری مالکییە لە بەشداری پێکردنی حەشد لە هەڵبژاردنەکاندا.
هەنوکە، نوری مالکی بە فیتی ئیران، پێش هەڵبژاردنەکان، تەقەلای ئەوە دەدات بەرەیەک پێک بهێنێت لە "حەشدی شەعبی، رێکخراوی بدر، عەسائبی ئەهلی حەق، کەتائیبی حزبوڵا، سەرایەی خراسانی، سەید ئەلشوهەدا، کتایبی ئیمام عەلی" و چەند هێز و گروپێکی دی، وەک عەشایری سونی و شیعی، لە ژێر ناوی "بەرەی موجاهدین". پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە، ئایا لە بەرەیەک و پێکهاتەیەکی لەو جۆرەدا، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەسەڵات بگرنە دەست لە عیراق، ئاخۆ چارەنووسی میللەتی کورد دەبێت چی لێ چاوەڕوان بکرێت و چی بەسەر بێت!؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست