کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ترامپ، ووتەی شیرین یان چاڵ هەڵکەندن بۆ ئەردوغان!؟

Wednesday, 26/04/2017, 1:36


ئەردوغان، لە سەر بناغەی بوونی  هەستی "رق"  بەرامبەر بە نەتەوەیی کورد و پرسی، سیاسەت و پەیوەندییە دەرەکییەکانی تورکیا رێکدەخات و هێرشە سەربازییەکانی ئامادە دەکات. 
ئەردوغان، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، خەریکە هەڵەی سەدام حوسێن دوپات دەکاتەوە.  لە کۆتای هەشتاکان رووسیا و ئەمریکا پشتیوانیان لە سەدام کرد دژ بە ئیران، فشاریان خستە سەر تاران بۆ ئەوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عیراق و ئیران رابگرێت. سەدام وەک ئەردوغان ئاسا خوێندننەوەی هەڵەی کرد بۆ ئەو پشتیوانییە و لە ئەنجامدا لە خۆبایی بوو، پێی وابوو ئەمریکا و رووسیا نیازی ئەوەیان هەیە دەسەڵاتی ئیران بروخێنن! ناز و بەرخوردی سەدام قبوڵ بکەن و ببێت بە شۆڕەسواری مەیدانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە کێشمەکێش، بەرژەوەنیی و مل شکانددن. سەدام لەوە نەگەیشتبوو کە دژایەتی کردنی ئیران لەلایەن رووسیا و ئەمریکا تەنیا لەسەر یەک خاڵدا بوو، کە ئەویش وەستانی شەڕی نێوان عیراق و ئیران بوو! دواتر سەدام  ئەردوغان ئاسا بەبێ رەچاو گرتنی دۆخی نێو نەتەوەیی، سیاسەتی زلهێزەکان، یاسا، عورفی نێو دەوڵەتی، بەبێ گوێدانە ستراتیژیەت و ئەجێندای زلهێزەکان لە ناوچەکە دا هەڵیکوتایە سەر "کوێت"، پێی وابوو زلهێزەکان پشتیوانی دەکەن، هیزەکەی مەترسی دروست دەکات لەسەر بەرژەوەندیی هەموو لایەک و توانای چاو سوور کردنەوەی دەبێت لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە ، بۆی دەچێتە سەر لە کوێت دەمێنیتەوە و لە ئەنجامدا دەبێت بە تاکە سەرکردەی نێو نەتەوەیی عەرەب. بێ گومان سەدام  کە بڕیاری دا بوو ئەوە بەرامبەر بە کویت بکات لەو بڕوایەدا نەبوو ئەو هێڕشە سەربازییە هەوڵیکی فشەڵە و لە چاڵ هەڵکەنددن بۆ خۆی بەوە لاوە هیچی تری لێ شین نابێت.
 ترامپ، پیرۆزبایی ئاراستەی ئەردوغان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنە لاوازەکەی لە مەسەلەی ریفراندۆم  کە لە ١٦ی ئەو مانگەدا ئەنجامدرا لە تورکیا. سەڕەڕای ئەوەی ترامپ لە لایەن رۆشەنبیران و سیاسەتمەدارانی دنیا دا تووشی رەخنە و توانج بوو بەهۆی ئەو هەڵویستە و ئەو جۆرە پەیامە، بەڵام سەڕۆکی تورکیا ئەم هەڵوێستەی سەڕۆکی ئەمریکای بە شێوەیەکی هەڵە وەرگرت، خوێندننەوەی تایبەتی بۆ کرد، لە ئەنجامدا تووشی لەخۆبایی بوون بوو و بۆ رۆژی دوای هەڵیکوتایە سەر کوردستان.
ئەردوغان، منداڵە بە نازەکە، بەبێ هۆ ڕقی لە نەتەوەیی کورد هەڵساوە! لای خۆیەوە بڕیاڕی داوە ئەو رقە دابمرکێنێت و  بە ٢٦ فڕۆکە  بۆردومانی کوردستان بکات ، تەنیا یەک کاتژمێر پێش هێرشەکە ئەمریکا و زلهێزەکانی تر ئاگادار بکات. ئەردوغان لە کاتێکی پڕ لە هەستیار ئەو کارەی ئەنجام دا کە زلهێزەکان و هاوپەیمانانی، لە ناوچەکە دا خەریکی کۆتا پلان ئامادە کردن بوون بۆ هێرش کردنە سەر پایەتەختی داعش کە شاری "ڕەقەیە".
ئەردوغان چاوەرێی ئەوەیە وەک ساڵانی رابردوو، پێشێل کردنی یاسا و دەستوری نێو دەوڵەتی، بۆردومان کردن و کوشتنی میللەتی کورد،  لێدانی ئەو هێزە سیاسییە کوردییانەی کە داوای مافی کورد دەکەن  بۆی بچێتە سەر! بەڵام خەیاڵی خاوە! لە هەموو میدیا جیهانییەکان دا، ووتەبێژی فەرمی ئەمریکا مارک تۆنەر رایگەیاند کە " ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە هێڕشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا لە سووریا و عیراق، ددانی بەوەدا نا ئەم هێڕشانەی ئەردوغان بەبێ ئاگاداری ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان بووە". شان بە شانی ئەوە پینتاگۆن لە نووسراوێکی فەرمی دا بە روونی هەڵوێستی خۆیان دژ بەو کارەی ئەردوغان راگەیاند.
 ئەمڕۆ کورد، ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە جەنگی دژ بە داعش، خاوەن هێزیکی چەکداری نیمچە رێکخراوە لە فۆرمی هێزی سەربازیی و سوپایی بە تایبەتی لە رۆژئاوای وڵات، ئەو هێزە نیمچە سەربازیی و سوپاییە سقل کراوە بە ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوە بۆ بەدەستهێانانی مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی. ئەو هێزە خۆی سەلماندوە لە ناوچەکە دا  کە باشترین و کارێگەرترین هێزە لە جەنگی دژ بە داش دا وە توانیویانە بە هێزو بازوی خۆیان بگەنە ئاستێک کە هاوپەیمانیەتی ببەستن لەگەڵ زلهێزەکان و لەسەر یەک مێز لەگەڵیان دا دابنیشین بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و کورد. جگە لەوەش ئەو هێزە لە جەنگی دژ بە داعش دا توانیان سەرنجی نەتەوە و گەلانی دنیا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن،  لایەنگر پەیدا بکەن لە سەر ئاستی شەقام لە وڵاتانی دەرەوە ، ئەو دۆستانە بگەیەننە ئەو بڕوایەی کە هەڵوێستی سەڕۆکەکانیان هەڵبسەنگێنن لە هەڵبژاردنەکان دا بۆ ساغ کردنەوی دەنگیان لە سەر بیناغەی هەڵوێستی ئەو کاندیدانە بەرامبەر بە نەتەوەیی کورد و پرسی.  ئەردوغان ئەم ڕاستییانەی پێ قەبوڵ ناکرێت و بۆی هەرس ناکرێت کە دۆخی کورد لە ناوچەکەدا وەک دۆخی ساڵانی رابردوو نییە، کورد تروسکایەکی لێ وەدەرکەوتووە لە ئاسمانی تاریکی ژێر دەستی دا.
 ئەردوغان لەو بڕوایەدایە کە سیاسەتی زلهێزەکان بە تایبەتی ئەمریکا لەسەر بیناغەی هەستی پڕ لە کین و رقی ئەو سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی پیادە دەکات لە ناوچەکە دا. ئەردوغان وا حاڵییە کە قسەی خۆش و موجامەلەی ترامپ رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەو بە ئارەزووی خۆی بەربێتە گیان میللەتی کورد و جوڵانەوەکەی!  هەر چەندە زۆربەی شێکەرەوە و چاودێرانی سیاسیی پییان وایە قسە شیرینەکەی ترامپ بۆ ئەردوغان تەڵەیە و ئەمریکا خوازیارە لە ئایندەیەکی نزیک دا، سەدام ئاسا ئەردوغان چاڵ بە دەستی خۆی بۆ خۆی هەڵکەنێت!
سەرچاوە:

trump/523362/


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە