کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ریفراندۆم بە "ئا"، بە"نا" لە تورکیا بە کورد چی؟

Sunday, 16/04/2017, 14:24


یەک دەنگی کورد لە باکووری وڵات گرنگە لە دەنگدانی "نا" بۆ گۆڕینی دەستوری تورکیا  بەهۆی ئەوەی : 
یەکەم:
ئەو پارتانەی کە ئەمرۆ رێبەرایەتی شۆڕشی چەکداری کورد دەکەن دژ بە دەسەڵاتدارانی  تورکیا، پەیامیان بۆ کوردیی باکور ئەوەیە، کە "بەشدار بن لەو ڕاپرسییە بە دەنگی "نا" بۆ گۆڕینی دەستوری تورکیا". بەشدار بوونی میللەتی کورد مانای ئەوە دەگەیەنێت کە پاڵپشتی پەیامی ئەو پارتانە دەکەن و بە نوێنەری خۆیان دەستنیشانیان دەکەن، کە ئەمە روویەکی جوان دەبەخشێت بە شۆڕشی کورد لە نێو تورکیا و ناوچکە، وە بۆ چاودێرانی سیاسیی زلهێزەکان لە ناوچەکە دا ئەو هەڵوێستە گرنگە.
دووەم:
میللەتی کورد و پارتە کوردییەکانی باکوور دەیسەلمێنن کە بڕوایان بە دەستورێک نییە کە هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی یەک سەڕۆک کۆ ببێتەوە، وە میللەتی کورد هۆشیارە و بڕوای بە هەڵبژاردن، سیستەمی دەسەڵاتی پەرلەمانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی هەیە.
سێیەم:
ئەگەری سەرکەوتنی ئەو دەستورە مەترسی زیاتر دەکات لەسەر چارەنووسی "ئۆجەلان".
چوارەم:
زلهێزەکان بە تایبەتی ئەوروپا و ئەمریکا پشتیوانی لەو ڕاپرسیە ناکەن. 
پێنجەم:
لە هەمووشی گرنگتر، سەرنەکوتنی ئەو ڕاپرسییە، سەرنەکەوتنی گوتە و ویستی "ئەردوغانە".
سەڕەرای ئەو خاڵانە، هەندێک ڕاستی هەیەکە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت وەکو،
بە دیموکراتی بوونی دەسەڵاتی سیاسیی تورک هەموو کاتێک لە ژیر پرسیاردا بووە. لە نێو کۆمەڵگایی نێو نەتەوەیی و ناوچەکە دا بە تایبەتی لە ئاست رۆشەنبیران، نووسەران و شێکەرەوە کۆمەڵاییەتی و سیاسیەکاندا دەسەڵاتی سیاسیی تورکیا بە دەسەڵاتێکی فاشی ناسراوە نەک بە دەسەڵاتێکی دیموکراتی.
 دەسەڵاتدارانی تورکیا، پروپاگەندەی ئەوە دەکەن کە گوایە تورکیا لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو هەنگاوی باشی ناوە بەرەو بە دیموکراتی بردنی سیستەمیی دەسەڵاتی سیاسیی، لە سێبەری ئەو هانگاوانەدا ئەو وڵاتە لە هەموو بوارەکاندا گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و میللەتی کوردیش  سوودمەند بووە!
لە ڕاپرسی گشتیی لە ١٦/٤/٢٠١٧دا لە تورکیا لەسەر مەسەلەی دەستکاری کردنی چەند بڕگەیەک لە دەستوری تورکیادا بە تایبەتی لە گۆڕینی سیستەمیی دەسەڵاتی سیاسیی لە پەرلەمانی بۆ سیستەمیی دەسەڵاتی سەڕۆکاییەتی،  لێکدانەوە و شێکردنەوەی زۆری بۆ دەکرێت کە گوایە تورکیا تا ئێستا سیستەمیی دەسەڵاتی دیموکراتی بووە!  بە دەستکاری کردنی ئەو بڕگەیە خۆری سیستەمیی سیاسیی دیموکراتیی لەو وڵاتەدا  بەرەو ئاوابوون دەچێت!  لە ئەنجامی ئەو گۆڕانەدا میللەتی کورد زەرەمەند دەبێت!
 ئەزمونی جۆری مامەڵە کردنی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرامبەر بە پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی کورد، سەلماندویەتی کە بڕوابوون بە عەقڵیەتی "کەمالیزم"ی لە چوارچێوە و لە نێو قاوغی سیستەمیی دەسەڵاتی دیموکراتی و بوونی پەرلەماندا لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا حەشار دراوە. بە درێژای مێژووی کۆن و نوێ، لە سەردەمی ئیمپراتۆڕیەتی عوسمانی، ئەتاتورک و تا دەگات بە رەجەب ئەردوغان، پرسی نەتەوەیی کورد بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، میللەتی کورد لە ژێر سایەی یەک بە یەکی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەشی هەر ماڵوێرانی، کوشتن و بڕین بووە.  
لە ژێر دەستور حوکمی پەرلەمانی ئێستای تورکیا, لە مانگی دووی ساڵ ٢٠١٥ دا تورکیا پرۆتۆکۆلێکی واژۆ کرد، لەو پڕۆتۆکۆلەدا هاتبوو کە سوپا مافی ئەوەی هەیە دەسەڵاتدار بێت لە کاتێکدا کە کێشە ناوەخۆیەکان مەترسی دروست بکات لە سەر وڵات، ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی تورکیا. بە گوێرەی مادەی ٣٥ لە یاسای سەربازیی تورکیا، سوپا مافی ئەوەی هەیە کۆماری تورکیا بپارێزێت لە مەترسییە ناوەخۆیەکان! ئاشکرایە کێشەی سەڕەکی ناوەخۆی تورکیا تا ئەمرۆ مەسەلەی کوردە، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە هەڕەشەی دەزانن بۆ سەر لەت بوونی سنووری جوگرافیای تورکیا و بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی کۆماری تورکیا رووبەرووی مەترسیەکی مەزن و لێکترازان دەبێت. دەسەڵاتدارانی تورک چوارچێوەیەکی یاساییان دروست کردوە بۆ بەشداری سوپا دژ بە بزوتنەوە و شۆڕشی کورد بە تایبەتی لە باکووری وڵات. 
لە ژێر سێبەری دەستوری ئێستای تورکیا دا، گوند بە گوند، شار بە شاری باکووری وڵات وێران کراوە، رۆژانە بە دەیان جار فرۆکە و موشەکی تورک کوردستان بۆردومان دەکات و زۆربەی دۆست، لاینگر و ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی زیندانی کردوە.
 لە دەرئەنجامدا، دەردەکەوێت کە خۆماندوو کردن، کات بە فیرۆدان، شەڕکردن لەسەر دەستوری تورکیای ئەمرۆ یان سبەی هیچ بەرهەمێکی نابێت بۆ میللەتی کورد. لە ژێر دەستوری تورکیایی ئەمرۆ و سبەش میللەتی کورد هەر هەمان دۆخی دەبێت و هەر بە ژێر دەستی دمێنێتەوە.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە