Monday, 13/03/2017, 22:57
هاوسێیەتی تورکیا لەگەڵ ئەوروپا، بۆتە هۆکاری دروست بوونی مەترسی لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی، ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئەوروپا. تورکیا , کەی بەرژەوەندییە سیاسیی، نەتەویی و ئابوورییەکانی بخوازێت ئامادەیە ئەوەی لە سووریا، عیراق و کوردستان ئەنجامی دا بەهەمان شێوە لە ئەوروپاش ئەنجامی بدات.
تورکیا، لە نێو کۆمەڵگایی نێو نەتەوەیی بەوە ناسراوە کە دەستێکی باڵای هەبووە لە بە زەبەلاح کردنی داعش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، تێرمیناڵیکی کارا بووە بۆ هاتوچۆی ئەندام و لایەنگری ئەو رێکخراوە توندڕەوە بۆ وڵاتانی عیراق، ئەفغانستان، سووریا و کوردستان. پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەگەر تورکیا بۆی بلوێت هەمان ئەزمون پەیرەو بکات بەرامبەر بە وڵاتانی ئەوروپا.
دەسەڵاتدارانی تورکیا خاوەن عەقڵیەتێکی نەریەتین لە بەریوەبردنی دەسەڵات و مامەڵەکردنیان لەگەڵ دەوروبەر، بڕوایان بە هەڕەشە، تۆقاندن، کوشتن، گرتن هەیە. یاسا و دەستور بە گوێرەی خوازی بەرژەوەندییەکانیان دەستکاری دەکەن. لە دانوساندنە نێو دەوڵەتەکانیش بە ئاسانی پاشگەز دەبنەوە، رێز ناگرن لە دۆکیومێنتی واژۆکراو و هەوڵە دیبولماسییەکان بۆ نمونە، لە یەک دوو ساڵی رابردوو دا لە ئەنجامی نالەباری بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ، کۆچبەرێکی زۆر روویان لە ئەوروپا کرد، زۆربەی ئەو کۆچبەرانە لە وڵاتانی عیراق، سووریا، ئەفغانستان، ئێران و تورکیا بە سنووری تورکیا دا چوون بۆ ئەڵمانیا. ئەو جۆرە کۆچ کردنە بووە هۆکاری دروستبوونی نیگەرانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی لە ئەڵمانیا. ئەم نیگەرانیە تەنیا هۆیەکەی ئەوە نەبوو کە کۆچبەران فشاری ئابووریی لەسەر وڵاتەکەیان دروست دەکەن، بەڵکو مەترسیان لەوەدا بوو کە تورکیا ئەو هەلە بقۆزێتەوە، کارئاسانی بکات بۆ دۆست و لایەنگری داعش و ڕوانەی وڵاتەکانیان بکات. تورکیا ئەو ڕاستییە دەزانێت کە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا لەو خاڵە دەسڵەمێنەوە ، ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە ئیمرۆ لە سەرهەڵدانی دۆخێ پڕ لە هەستیاری نێوان تورکیا و ئەوروپا دا بە تایبەتی لەگەڵ ئەڵمانیا، ئۆردوگان وەکو فشارێک بۆ سەر ئەڵمانیا، هەڕەشە دەکات و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لە پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ لە سەر مەسەلەی کۆچبەران کە ڕیککەوتنەکە بریتی بوو لە سنوور داخستنی تورکیا و رێگری کردنی لە کۆچبەران بۆ ئەڵمانیا لە بری وەرگرتنی پارە.
تورکیا، سوودمەند بووە لە رووی ئابووریی و سیاسیی لە بوونی ژمارەیەکی زۆری تورک لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ نمونە تەنیا لە فرەنسا یەک میلیۆن تورک و لە ئەڵمانیا ٤ میلیۆن تورک هاووڵاتی ئەو دوو وڵاتەن. سەڕەڕای رازی نەبوونی تاکی تورك بە سیستەمی دەسەڵاتی سیاسیی، ئابووریی وڵاتەکەی و هەڵبژاردنی کۆچ کردن بۆ هەندەران، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی تاکی تورک لە هەندەران مێشک و عەقڵیەتی لە ژێر کاردانەوەی بیری نەتەوەیی تورکە، ئاڵا و سنووری جوگرافیای تورکیا هێڵی سوورە لایان، هەرچی ئامرازێک بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنی ئەو دوو شتە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان ئەوە ئەوان بەبێ سێو دوو لێکردن پاڵپشتی لێ دەکەن، بەبێ گوێدانە جۆری سیستەمی سیاسیی، یان پێشێل کردنی مافی ئەو کەمە نەتەوانەی کە لە نێو سنووری تورکیادان.
تورکی هەندەران لەگەڵ سەقامگیر بوونی ژیانی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و هاووڵاتی بوونیان لە هەندەران بە تایبەتی لە ئەوروپا لە هەمان کاتدا بوون بە هێزێکی خەوتوو بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا هەر کاتێک خوازیار بووبن ئەو هێزە مرۆیەیان وەک فشار بەکار هێناوە بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر ئەو وڵاتانە دا.
تورکیا بە درێژایی مێژوو سوودمەند بووە لە بوونی سیستەمی دیموکراتی لە ئەوروپا، توانیویەتی بەبێ گرفت، شەقامەکانی ئەو وڵاتانە وەک پێشانگایەک بەکاربهێنێت بۆ پێشاندانی قەوارەی مرۆیی تورک لەو وڵاتانە، کاردانەوەی ئەو هێزە مرۆیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەوروپا، لە دەستنیشانکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتانە بۆ پۆستە سیاسییە باڵاکانی وەک سەڕۆکاییەتی و پەرلەمان. شان بە شانی ئەوەش تورکیا، وڵاتانی ئەوروپای کردوە بە میبەرێک بۆ گەیاندنی پەیام، ووتاری سیاسیی پڕ لە بەرژەوەندیی ناسیۆنالیستی تورک بە دونیا و تورکی هەندەران. دەسەڵاتدارە سیاسییەکانی تورکیا کە یەک لە دوای یەک دا هاتون توانیویانە تا رادەیەک لەو خاڵانەدا سەرکەوتووبن و سوودمەند بن لە سیستەمی دیموکراتی ئەوروپای هاوسێ.
ئەو دیاردانە، بۆنەتە هۆکاری راکێشانی سەرنجی هاووڵاتیان و سیاسەتمەدارانی ئەوروپا، گەیشتۆتە رادەیەک هەندێک پارت و کاندید هەن پێیان وایە کە پەیرە و کردنی ئەو جۆرە سیاسەتە لەگەڵ کاتدا دەبێتە هۆکاری لە دەستدانی دەستەکەوتە نیشتمایی و نەتەوەییەکان، لە ئەنجامدا دەبن بە کۆیلەی ژێر دەستی سەڕۆکێکی وەک ئۆردوگان و بە ئارەزووی خۆی مەرج بەسەریاند دەسەپێنێت بە تایبەتیش کە هەنوکە ئۆردوگان لە هەوڵی ئەوەدایە لە رێگەی ریفراندۆم دەستوری تورکیا دەستکاری بکات، دەستوری ئەتاتورک بگەرێنێتەوە و دەسەڵاتی گشتی بکەوێتە دەست خۆی. وڵاتانی ئەوروپا سیستەمی دیموکراتی پەیڕەو دەکەن بۆ دەسەڵاتی سیاسیی و بەرێوەبردنی وڵاتەکەیان، بەڵام لە پاڵ ئەوەشذا هەستی نیشتمانیشیان لە نێودا هەیە، پاراستنی کیان، دەستکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەیەکانیشیان بە لاوە گرنگە، هۆڵەندیەکان گوتەیەکیان هەیە و دەڵێن " خوا ئێمەی دروست کردوە، بەڵام ئێمە هۆڵەندامان دروست کردوە". لەو دیدەوە ئەوروپا بە گشتی خەریکە هەڵوێست وردەگرێت بەرامبەر بە تورکیا بۆ نمونە لە رۆژی شەمەی رابردوو دا هۆڵەندا رێگری کرد لە مەولود سەسڤسۆگلیو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ گەشتی بۆ شاری رۆتەردام بە مەبەستی پێشکەش کردنی ووتار. هۆڵەندا تەنیا بەوە نەوەستا بەڵکو رێگری کرد لە فاتیمە بەتول سەیان کایە وەزیری خێزان و کۆمەڵایەتی تورک کە لە ئەڵمانیاوە بە ئۆتۆموبیل هاتبوو بۆ هۆڵەندا بۆ ئەوەی بچێتە باڵوێزخانەی تورکی، پۆلیسی ئەو وڵاتە "بە تول"یان دەستگیر کرد بە فڕۆکەیەکی تایبەت ڕەوانەی تورکیایان کردەوە. ئوردوگان هەڕەشەی لە هۆڵەندا کرد و گوتی " ئەو جۆرە مامەڵەکردنە نرخەکەی گران دەکەوێت بۆ هۆڵەندا".
تورکیا، پێی وایە وڵاتان و نەتەوەکانی ئەوروپا وەک کورد و کوردستان وان، بە ئارەزووی خۆی جەندرمە و میتی تورکی تەراتینیان بێت لە وڵاتەکەیان، هەرچی بکات و بڵیت بەرامبەریان لە ئەنجامدا بۆی بچێتە سەر! لە ئەنجامی ئەو جۆرە لێدوان و هەڵسوکەوتانەی تورکیا بەرامبەر بە نەتەوە و وڵاتانی ناوچەکە زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئەوروپا پێیان وایە ئۆردوگان سنووری خۆی بەزاندوە دەبێت لە رووی ڕاوەستن و وەڵامی بدەنەوە.
ئوردوگان، مەولود و فاتیمە بەتول کەوتونەتە تانە لێدان لە وڵاتانی ئەوروپا و تۆمەتباریان دەکەن کە سیستەمی سیاسیی دەسەڵاتیان سیستەمیی نازی و فاشییە! دادە بەتول، بەهۆی دەرکردنی دڵگران بووە و گوتی لە " هۆڵەندا شتێک نییە ناوی رێزگرتن بێت لە مافی مرۆڤ و سەربەخۆی تاک"! وەک ئەوەی لە وڵاتەکەی خۆی گەلێک رێز گێرابێت لە سەربەخۆی و مافی تاک!. "گیرت وێلدەر" سیاسەتمەداری هۆڵەندی لە وەڵامی بۆ بەتول گوتی "بڕۆ، هەرچی تورکیش هەیە لە هۆڵەندا لەگەڵ خۆتیان بەرەوە بۆ تورکیا، بای بای".
سەرچاوە:
http://www.reuters.com/article/us-turkey-referendum-netherlands-idUSKBN16J0IU
http://www.abc.net.au/news/2017-03-13/geert-wilders-pledges-to-de-islamise-the-netherlands/8348206
https://www.washingtonpost.com/?reload=true
https://www.washingtonpost.com/world/middle_east/turkeys-testy-campaign-overexecutive-presidency-sows-divisions-at-home-and-abroad/2017/03/12/6f329df0-fe98-11e6-9b78-824ccab94435_story.html?tid=pm_world_pop&utm_term=.88e188a59111
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست