کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێشنیاری ترامپ و شەڕی شەنگاڵ

Saturday, 04/03/2017, 14:52


ئیدارەی ئۆباما بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دوو ستراتیژی  پەسند کرد لە جۆری بەشداری پێکردنی هێزەکانی لە هەر دوو جەنگی سووریا و جەنگی دژ بە داعش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.  
یەکەم، ئەمریکا هەوڵیدا خۆی دوور بگرێت لە بەشداری پێکردنی هێزی سەربازیی پیادەی ئەمریکی لە شەڕەکاندا، لە بری ئەوە هاوکاری سەربازیی لە چوارچێوەیەکی تەسک کۆ کردەوە کە تەنیا بریتیبوو لە دابین کردنی ئامرازی سەربازیی، ڕاهێنان و مەشقیی سەربازیی بۆ هێزە چەکدارە ناوچەییەکان و شەڕی پیادەی بۆ ئەوان بەجێهێشت، بە تایبەتی لە کوردستان کورد بوو بە کەوا سووری بەر لەشکر.  ئەو بڕیارەی ئەمریکا دوای ئەزمونی بەشداری پێکردنی هێزی سەربازیی پیادەی ئەمریکی بوو لە عیراق دژ بە قاعیدە بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە شارۆچکەی فەلوجە، کە کۆی بەشداری هێزی پیادەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی خۆی لە ١٣٠٠٠هەزار سەرباز دەدا، ٩٥سەربازییان لەو شەڕەدا کوژران و ٥٦٠ کەسیش بریندار بوون، لە کۆتایدا ئەمریکا توانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و هێزەکانی قاعیدە لەو شارۆچکەیە وەدەرنێت بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت.    
دووەم، بە لەبەر چاو گرتن و دڵ ڕاگرتنی تورکیا، ئیدارەی ئۆباما بڕیاری نەدا بە شێوەیەکی چروپڕ کورد بە تایبەتی هێزی یەپەگە چەکدار بکات، بە ئەندازەیەکی بەرز ئامرازی سەربازیی پێشکەوتوی بۆ دابین بکات.  وەک مۆشەک، ئۆتۆمبیلی سەربازیی پتەو، دژە فرۆکە، دژە موشەک  و ئامرازی تری پێشکەوتووی سەربازیی.
ئیمرۆ ئیدارەی ترامپ پێ وایە ئەو جۆرە بەشداری کردنەی ئەمریکا لە جەنگی سووریا دا دژ بە داعش ئامانجەکانی ئەمریکا بە پەلە ناپێکێ بە تایبەتی ئامانجە نزیکەکانی کە بریتیە لە لەناوبردنی هێزی توندڕەوی داعش، بەو هۆیەوە  ئیدارەی تازەی ئەمریکا پێشنیاری ئەوەی کردوە کە  بۆ لەناو بردنی هێزی داعش لە ماوەیەکی کورتدا پێویستە ئەمریکا راستەوخۆ هێزی پیادە بەشداری پێ بکات لە جەنگی سووریا دا، بەو مەبەستە ماوەی مانگێکی داناوە بۆ پسپۆران و راوێژکاری سوپای ئەمریکا کە خوێندوەیان هەبێت بۆ ئەو پێشنیارە و هەڵیسەنگێنن کە تا چ ئاستێک لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی ئەو پێشنیارە بکات بە بڕیار. 
ئەمریکا لە جەنگی سووریادا هەوڵیداوە خۆی دوورە پەرێز بگرێت لە بەکارهێنانی هێزی پیادەی سوپاکەی، یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکان ئەوەیە کە نایەوێت زەرەی گیانییان هەبێت و سەربازیی ئەمریکی خوێنی برژێت بە تایبەتی لە کاتێکدا ئەوان ئۆلتەرۆناتیڤی ئەوەیان لەبەر دەستدایە هێزە چەکدارە ناوچەییەکان بکەن بە قەڵغان. بەشداری پێکردنی هێزی سوپای پیادەی ئەمریکی لە جەنگی سووریا دا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا زەرەی گیانی هەبێت کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە  ئەمریکییەکان توڕە بن لە ئیدارەی ترامپ و لە ئاکامدا کاردانەوەی هەبێت لە هەڵبژاردنەوەی ترامپ بۆ خولی داهاتووی سەڕۆکاییەتی  ئەمریکا. لە لایەکی تر ئەو جۆرە بەشداریە خەرج و تێچووی زیاتر دەبێت کە کاردانەوەی سلبی دەبێت لە سەر ئابووریی ئەمریکا. بەشداری هێزی سەربازیی پیادەی ئەمریکی دژ بە داعش، ئەوە دەگەیەنێ کە سەربازی ئەمریکی لەگەڵ رووسیا، ئێران، تورکیا و ئەسەد بکەوێتە یەک سەنگەر لە کاتێکدا سروشتی ناکۆکییەکانی نێوان رووسیا و ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگی سووریادا خاسیەتێکی تایبەتی هەیە کە لە هەندێک خاڵدا نەگونجاون وەکو رووسیا و ئێران لەگەل مانەوەی "ئەسەد"ن، بەڵام ئەمریکا بە پێچەوانە. تورکیا دوژمنی سەرسەختی کوردە بە تایبەتی دژ بە هێزی یەپەگە بەڵام ئەمریکا بە پێچەوانە لە شەڕی دژ بە داعش لە سووریا هێزی یەپەگە باشترین هاوپەیمانی ئەمریکان وە سەلماندویانە کە رۆڵی سەڕەکییان هەیە لە شەڕەکاندا و کارێگەری بەرچاویان هەبووە بۆ لەناوبردنی داعش. لە ئەنجامدا ئەم جۆرە هەڵوێستە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەمریکا رێگەی لێ وون بێت بۆ پێکانی مەرامە سەربازیی و ئابوورییەکانی لە ناوچەکەدا بە تایبەتی دوای تەواو بوونی جەنگ دژ بە داعش بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوندیی تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران وەک چەند هێڵێکی تەریب دەێت. 
لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە باشترین هەڵبژاردەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هاوکاری کردنی کارای هێزە ناوچەییەکانە بە تایبەتی کورد لە سووریا و هێزی یەپەگە کە ئیمرۆ بە پراکتیک نوێنەراییەتی کوردی رۆژئاوا دەکات. لەو حاڵەتەدا ئەمریکا دەبێت هاوکاری سەربازیی چروپڕی یەپەگە بکات، چەکداری بکات بە باشترین ئامرازی سەربازیی پێشکەوتوو لە رووی تەکنەلۆژیاوە، سەرکەوتنی یەپەگە لەو ئەزمونەدا دەرگای گەلێک هەل بۆ کورد دەخاتە سەر پشت، بە گوتنی ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەمریکا جێگە متمانەیەو دەبێت بە پشتیوانی تا سەر، بەڵام ئیمرۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەتەوەی کوردییان لە جەنگێکدا گلاندوە کە شەڕی داعشە وە ئێران، تورکیا و عیراق وەک گورگی برسی کەڵبەی خۆیان تیژ کردوە، ئەو جۆرە پشتیوانیەی ئەمریکا بۆ کوردی رۆژئاوا زەروریە و پێگەی لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت  کە لە ئاکامدا نەک تەنیا رۆژئاوا سوودمەند دەبێت بەڵکو ئەو هەنگاوە بۆ کۆی پرسی کورد قازانجی دەبێت. 
تورکیا، ئەو ڕاستییە دەزانێت وە لە سروشتی هێزی یەپەگە و پەکەکە گەیشتووە و بۆی دەرکەوتوە کە ئەو دوو هێزە لە ئاست سەرکرداییەتیان وە  لە ئاست بنکرداییەتی جیاوازن لەگەل سەرکرداییەتی و بنکردایەتی پارت و هێزە کوردییەکانی باشوور. تورکیا لە ئێستا و ئایندە یەپەگە و پەکەکە بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێ،  پێی وایە ئەو دوو هێزە لە ئێستاو ئاییندە دا بەرژەوەندییەکانی دەخەنە مەترسی، لەو دیدەوە تورکیا بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدا کە ئەمریکا ئەو دوو هێزە لە ناوچەکەدا پڕ چەک نەکات بۆ ئەو مەبەستە لە دەروازەییەک دەگەڕێت بۆ لێدانی ئەو دوو هێزە و لاتەریب کردنیان. یەکێک لە دەروازەکانی تورکیا "شەنگاڵە" کە دوو رۆژە دەستی پێکردوە شان بە شانی سەرانی هەرێم  بوونەتە چەخماخەی هەڵگیرسانددنی  فیتنەی شەڕی براکوژی. 
ئیمرۆ هەلێکی مێژووی بۆ کورد هاتۆتە پێشێ، بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە لە دەست نەچێت پارتە کوردییەکان پێویستە بە رێگەی گفوگۆی هێمنانە بە سەر جیاوازییەکانی نیوانیان زاڵ بن. شەڕی خۆکوژی مەترسیترین ئامرازە بۆ لێدانی دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان، هێنانە دی خەونی تورکیایی ئەتاتورکە، بەو هۆیەوە سەرانی باشوور دەبێت ژیرانە هەوڵبدەن لە تەڵەی تورکیا خۆیان نەجات بدەن و فریو نەدرێن، دەنا لێپرسراوەیی لەدەستدانی ئەو هەلە میژوویە و شەڕی براکوژی ئیمرۆ لە "شەنگاڵ" دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. 


سەرچاوە



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە