کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەرێ ڕێککەوتنی ستراتیژی کۆتایی هاتبوو تا نوێژەن بکرێت!؟

Wednesday, 25/01/2017, 13:50


زۆربەی راگەیاندن و میدیای کوردی، زۆربەی توێژەرەوە و شێکەرەوەی سیاسیی، نووسەر و رۆشەنبیر لە باشووری وڵات دەستیان کردوە بە تەپڵ لێدان و چەواشە کردنی میللەت، ئاماژە بەوە دەکەن کە گوایە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان سەرکرداییەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە سەرکرداییەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووبارە سەری هەڵداوەتەوە و دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم دووبارە بەرەو ففتی ففتی هەنگاو دەنێت! بەهۆی ئەوەوە دەنگی ناڕەزا لە نێو بەشێک لە سەرانی ینک بەدیدەکرێت و تانەو توانج لەو کەسانە دەگرن کە لەگەڵ بارزانی کۆبونەتەوە!. هەندێک لە لێپرسراوانی ینک کەوتونەتە موزایەدەی سیاسیی و گوایە هەڵوێست دەنوێنن!؟ دەیانەوێت بارزانی لا بچێت!؟

پێش هەموو شتێک دەبێت بگوترێت بنەما سەڕەکییەکانی کە ڕێککەوتنی فیفتی فیفتی و  ستراتیژی لەسەر بینا کرا لە سەر دەستی بارزانی و تاڵەبانی گۆڕانی بەسەردا نەهاتوە، تا ئیمرۆ  هەرێم لەسەر هەمان بنەما دەسەڵاتی سیاسیی بەرێوە دەبات کە ئەویش سێ بنەمای سەڕەکییە

 یەکەم،  دابەشکردنی پۆستە باڵاکان و هەستیارەکان لەسەر هەر دوو ئاستی هەرێم و عیراق لە لایەن سەرانی پدک و ینک. پڕ کردنەوەی ئەو پۆستانە بە پلەی یەکەم لەلایەن خزمەکانی تاڵەبانی و بارزانی. لە زەمانی دەسەڵات لە ژێر ناوی ففتی ففتی، ڕێککەوتنی ستراتیژی تا دەگات بە دەسەڵاتی حکومەتی بنکە فرەوان و هەنوکە سەڕۆکی هەرێم مەسعود بارزانی بووە، جێگری کۆسرەت ڕەسول. سەڕۆک وەزیران نێچیر بارزانی بوو، جێگری عیماد ئەحمەد. ماوەیەک هەر بۆ گاڵتە بەرهەم ساڵح بۆ دوو ساڵ گوایە پۆستی نێچیری وەرگرت، بەڵام لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا ئەو داماوە نەوێرابوو داوای ئۆفسی نێجیر بکات، هەر لە ژووری  رسپشن بوو بە بێدەسەڵات.  تەنیا شتێک  لە حکومەتی بنکە فرەواندا گۆرا لابردنی عیماد ئەحمەد بوو و قوباد تاڵەبانی لە شوێنی داندرا. تا ئیمرۆش نێچیر بارزانی هەر لە پۆستی خۆیەتی. پۆستی  ئەمن و ئاسایشی هەرێم تا ئەو چرکەیە لە ژێر دەستی مەسرور بارزانی و لاهور جەنگی یە. سەڕۆکی عیراق لە دوای ئەوەی تاڵەبانی بوو بە مردوی نێو جێگا، مەعسوم جێگەی گرتەوە تا ئەو چرکەیە، هیچ لایەنێک لە نێو هەرێم و حکومەتی بنکەفرەوان نەیانوێراوە داوای پۆستی هەرێم و سەڕۆكکۆماری عیراق بکەن.  
پۆستەکانی تری "بێ دەسەڵاتم، قسەم ناڕوا، کەڕم، کوێرم هیچ نابینم تەنیا پارە نەبێت"، دراوە بە یەکگرتووی ئیسلامیی، کۆمەڵ، گۆڕان تا ڕاونانیان.

دووەم، دابەشکردنی پشک لە پارەی نەوتی دزراوی میللەتی باشوور. لەو دزینەدا میللەت ئاگادارە کە هیچ لایەکیان ڕەحمیان بە نەوتی هەرێم نەکردوە بە گالۆن، تەنەکە، بەرمیل، شاحینە و بۆری بە رێگەی فەرمیی و نافەرمیی دزیویانە و ڕەوانەی "تورکیاو ئێران"یان کردوە، بەڵام بە ویژدانەوە  لە پشکدا هەندێکیان داماون کەمیان بەرکەوتووە!

سێیەم،  پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی هەرێم، بە درێژایی دروست بوونی ئەو هەیکەلە کوردییەی باشوور، لە زەمانی حکومەتی ففتی ففتی، ڕێککەوتنی ستراتیژی، حکومەتی بنکە فرەوان تا دەگات بە حکومەتی بنەکە پەرتەوازە بووی ئیمرۆ، سەرانی پارتەکان لەسەر یەک بنەما ئەو پەیوەندیە بەرێوە دەبن بە تایبەتی لەگەڵ عیراق، تورکیا و ئێران ئەوەیش بنەمای "جاشایەتیە". 
ئیتر با ببڕێتەوە ئەو درۆ و دەلەسەیە، لە دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١وە تا ئیمرۆ، هەموویان پێکەوە لە یەک ئاخوردا دەلەوەڕێن. بە دڵنیایەوە هەر وا دەمینن و رۆژی کۆتایشیان هەر پێکەوە دەبێت.  


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە