Monday, 23/01/2017, 10:12
ترامپ، سەڕۆکی ئەمریکا لە یەکەم هەنگاو دا ددانینا کە جۆری پەیرەو کردنی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆتە هۆکاری بەهێزبوونی ئێران لە ناوچەکەدا. بەگوێرەی گەلێک سەرچاوەی میدیایی ئەمریکی و دنیا کە ئامەژەیان پێ کردوە، ترامپ بڕیاری داوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا دا بچێتەوە بە تایبەتی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ ئێران. هەروها ترامپ، بڕیاریداوە پشتیوانی لە بەهێزکردنی چەند وڵاتێک بکات دژ بە ئێران.
ڕاوبۆچوونی سەڕۆکی تازەی ئەمریکا دەربارەی ئەوەی کە بەهێزبوونی ئێران لە ناوچەکەدا ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕەستدا، بۆچوونێکە بنەمایەکی پتەوەی هەیە، لە پانزە ساڵی رابردوودا جۆری ئاراستە کردنی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە دەریدەخا کە ئێران سوودمەندترین ولات بووە و پێگەی زیاتر بەهێز بووە بە بەراورد کردن لەگەڵ جاران.
لە سەرتای هەشتاکندا لە دەستپێکردنی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عیراق و ئیران زلهێزەکانی دنیا بە تایبەتی رووسیا، ئەمریکا و ئەوروپا پشتیوانیان لە بەهێز کردنی "سەدام" کرد دژ بە ئێران، بەڵام لە سەرەتای نەوەتەکان، بە تایبەتی دوای ئەوەی سوپای عیراق هەڵیکوتایە سەر کوێت تا ئەو ساتە سیاسەتەکانی ئەمریکا گۆڕانی بەسەردا هات لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا، بەبێ دەنگی بوو بە هۆکاری بەهێزبوونی زیاتری ئێران لە ناوچەکەدا. ئەگەری پەیرەو کردنی ئەو جۆرە سیاسەتانە دوور نییە مەبەست بەهێزکردنی تاران قەڵای شیعە مەزهەب بووبێت بەرامبەر بە تورکیایی قەڵایی سوننە مەزهەب.
لە دوو هەزارەکان، دوای ئەوەی ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا لە شەڕی دژ بە عیراق، پاش روخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەمریکا نەیتوانی کیانی عیراقێکی بەهێزی سەقامگیر بەرهەم بهێنێت لە هەموو بوارەکاندا، هەروها تێچووی جەنگ کاردانەوەی خراپی هەبوو بەسەر ئابووریی ئەمریکا ئەمە لە کاتیکدا بوو بەهۆی گەلێ هۆی تر ئابووریی ئەمریکا دارمابوو لە دوو هەزارەکان وڵاتەکە توشی ریسێشن هاتبوو. لەدەرئەنجامی ئەو ئەزمونە سەرنەکەوتووە ئیدارەی ئەمریکا ئەو کات نەیدەویست هەمان ئەزمون دووبارە بکات و لەگەڵ ئێران بچێتە جەنگ، ئەمە یەکێک لە هۆکارە سەڕکییەکان بوو کە ئێران قۆستیەوە، وەک ئاگری بنکا لە ژێرەوە دەستی کرد بەکارکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی.
ئێران، لەو ماوە مێژوویە دیاری کراوەدا بەبێ ماندووبوون، تێچووی ئابووریی و سەربازیی، ئەمریکا دوو دوژمنی سەڕەکی ئەو وڵاتەی لەناوبرد لە ناوچەکەدا کە ئەویش "سەدام" لە عیراق و "تاڵیبان" وەکو رێکخراوێکی ئیسلامیی سونە مەزهەب لە ئەفغانستان بوو. ئەو کات ئیران دەستێکی باڵای هەبوو لە یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ لە ناوبردنی سەڕۆکەکانی ئەو رێکخراوە ئیسلامییە سونی مەزهەبە.
لە سەر ئاستی ناوەخۆ بەهێزبوونی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەرژەوەندیی میللەتانی ئێران و دارودراوسێکانی ئەو وڵاتە دا نەبوو. دوای بەهێز بوونی دەسەڵاتدارانی ئێران رێژەی سەرکوت کردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە نێو ئێرانیەکان لە هەڵکشان بوو، رێژەی لە سێدارەدان و هێڕشی سەربازیی بۆ سەر کوردستانیش لە زیاد بووندا بوو، بار ئابووری نەگونجاو بەهۆی گرنگی دانی ئێران بە چەک، تەقەمەنی و سەرگرتنی پرۆژەی دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی کە تێچووی خەیاڵی بۆ تەرخان کرابوو لە بودجەی ئێران.
لەسەر ئاستی دەرەوەدا، بەهێز بوونی ئێران هەلی رەخساند بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کە ماف بدەن بەخۆیان تێکەڵاوی کاروباری نێو وڵاتانی دراوسێ ببن و خۆیان بە بڕیاردەری چارەنووسی ئەوان هەژمار بکەن. دەسەڵاتدارنی ئێران، لە هەر وڵاتێکی دراوسێ هەوڵیاندا پارتی دەسەڵاتدار، کەساییەتی دەسەڵاتدار، پارت و کەساییەتی دەسەڵاتداری نێو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانە بە خۆیان ببەستن و بەکاریان بهێنن دژ بە یەک بۆ پێکانی بەرژەوەندیی و سەپاندنی مەرجیان.
ئێران لە لبنان و سوریا لە حزبوڵا نزیک بوو، لە ساڵی ٢٠٠٦ وە دەستی کرد بە یارمەتیدانی ماددی و سەربازیی ئەو رێکخراوە ئیسلامییە، ئاراستە کردنی بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی.
دوای رووخانی سەدام واتە دوای ساڵی ٢٠٠٣، تاران بوو بە برا گەورە، بڕیاردەر لە چارەنووسی بەغداد، بڕیار بەدەستی یەکەم لە دیاری کردنی سەڕۆک کۆماری عیراق بە رێگەی هەڵبژاردن!؟ هیچ سەڕۆک کۆمارێکی عیراق دەستبەکار نەبوو بەبێ ڕەزامەندی مەلاکانی تاران وە ببێ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە دەستبەکار بێت. ئێران کەی ئارەزووی کردبێت بە هەزاران کەسی هێناوەتە سەر شەقامی شارەکانی عیراق دژ بەو سەڕۆکانەی کە خۆی پشتیوانی لێکردون، بە مەبەستی راگرتنتی بەڵانسی هێز و نەهێشتنی زەبەلاح بوونی هێزێکی عیراقی کە سنووری جوگرافیای لەگەڵ ئێران دا جووتە و ئەمریکا تیایدا باڵا دەستە.
ئێران، لە باشووری کوردستان دا توانی کۆنترۆڵی تەواوی سەرکردەی حزبە کوردییەکان بکات، مەرج و خوازە سیاسییەکانی بەسەریاند بسەپێنێت وەکو، لێپرسراو و سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق. لێپرسراو و سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. لێپرسراو و سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی. ئێران جگە لەوەی لە نەوتی هەرێم سوودمەند بوو، توانی بە رێگەی ئەو پارتانە حزبی دیموکراتی ئێران لە کار و خەبات ئێجگار سسست بکات، بە سەدان ئەندام و لایەنگری ئەو پارتە و بە دەیان ئەندامی پەکەکە لە شارەکانی باشوور تیڕۆڕ بکات. هەر کاتێکیش ئارەزووی بووبێت کوردستانی داوەتە بەر تۆپان.
ئەفغانستان، ئێران لە سەرەتادا یارمەتی دەرێکی بەهێزی ئەمریکا بوو بۆ لێدانی رێکخراوی تالیبان، بەڵام دوای سەرهەڵدانی داعش ئێران دەستی کرد بە پەیوەندیی دروستکردن لەگەڵ ئەو رێکخراوە ئیسلامیی سیاسیی سونی مەزهەبە کە دژ بە ئەمریکان. ئێران پشتیوانی کردلە رێکخراوی حەماس لە گازە و هویتس لە یەمەن.
دوای تێکچوونی بارودۆخی سوریا و سەرهەڵدانی داعش، ئێران یەکێک بووە لە زلهێزەکانی ناوچەک کە بەشدار بووە لە دروست کردنی گروپی چەکداری نافەرمیی و بەشداری پێکردنیان لە جەنگ لە سوریا و عیراق. ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەل زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە هەموو کاتێک لایەنێکی بەهێز بووە کە توانیویەتی مەرجی خۆی بسەپێنێت، ئامانج و بەرژەوەندییەکانی بپێکێت.
لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ئیدارەی ئۆبامە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەمریکا و ئێران ڕیککەوتنی ئەتۆمیان واژۆ کرد. بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە بریتی نەبوون لە خاڵی کۆنکرێتی کە ئیتر نەهێڵن پرۆسەی بەرهەمهێاننی ئەتۆمی قەدەغە و یاسخ بکرێت لە ئێران، بەڵکو رێککەوتنەکە سست کردنی ئەو پرۆسەیە بوو، کە بۆ ئێران ئەمە دەستەکەوتێکی مەزن بوو، ئەو کات ئێران بە خۆشحاڵیەوە بانگەوازی ئەو ڕێککەوتنەی کرد.
ترامپ ئیمرۆ پێوایە ئەو جۆرە رێککەوتنە لەگەڵ ئێران هەڵەیەکی مێژووی بووە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژهەڵاتدا نییە. بەڵام هەندێک پێیان وایە کە ترامپ و تیمەکەی پێش گرتنە دەستی دەسەڵات دژ بە ئیران بوونە و پێیان وابووە کە "داعش" هیچ شتێک نییە تەنیا دروستکەری دەستی ئێران نەبێت، وە ئەوەی داعش لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدا لە بەرژەوەندیی ئێرانە. ئێران یارمەتی مادیی گروپی چەکداری عیراقی دەدا، وە لە نێو سوریادا یارمەتیدانی ئێران بۆ حکومەتی ئەسەد گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.
دەرئەنجامی باس،
لە ئەنجامی بەهێز بوونی ئێران لە ناوچەکە تێوەگلانی لە زۆربەی کێشە ناوەخۆیەکانی وڵاتانی دراوسێ، ئیمرۆ سەڕۆکی نوێی ئەمریکا دەیهەوێت بەربەستێک دروست بکات لەبەردەم زیاتر بە زەبەلاح بوونی ئێران یان لاوزکردنی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری داوە هەندێک وڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێز بکات دژ بە ئێران، ئەم گۆڕانکاریە لە روویەکەوە باشە کە ئێران پشتیوانی لێ ناکرێت کە یەکێکە لە دوژمنە سەڕەکییەکانی میللەتی کورد، بەڵام لە ناوچەکەدا نەتەوەی کورد دوژمنی زۆرە بگرە لەوانەی لە دەسەڵاتدان و لە نیو ئەوانەی کە خاوەن پارت و گروپی چەکداری نافەرمیین و دیار نییە کە ترامپ بڕیاریداوە یارمەتی کام وڵات بدات لە دژ ئێران.
لە کۆتایی ئیدارەی ئۆباما و سەرەتای ئیدارەی ترامپ، کورد تا ئێستا هیچ ئامانجێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی نەپێکاوە، ئایا لە ئیمرۆ بەدواوە، پارتە کوردییەکان و سەرکردەکانیان پێشبینیان بۆ رووداوە داهاتووەکان چی دەبێت؟ ئایا پێشوەخت هیچ پلان و بەرنامەی ئامادەی دارێژراویان هەیە لە ئەگەری گۆڕانی هەڵویستە سیاسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دا و بەتایبەتی بەرامبەر بە میللەتی کورد و دوژمنەکانی؟
سەرچاوە:
http://www.salon.com/2017/01/21/trump-team-is-threatening-world-security-by-escalating-with-iran_partner/
http://www.jpost.com/Israel-News/Politics-And-Diplomacy/After-Trump-inauguration-Netanyahu-wastes-no-time-putting-Iran-back-on-agenda-479169
https://www.nytimes.com/2015/07/15/world/middleeast/middle-east-allies-see-heightened-peril-in-newly-empowered-tehran.html?action=click&contentCollection=Middle%20East&module=RelatedCoverage®ion=EndOfArticle&pgtype=article
http://www.aljazeera.com/indepth/opinion/2017/01/trouble-trump-iran-north-korea-palestine-china-170120104539164.html
http://www.salon.com/2017/01/21/trump-team-is-threatening-world-security-by-escalating-with-iran_partner/
http://www.theatlantic.com/international/archive/2016/03/iran-nuclear-deal-israel/472767/
http://www.aljazeera.com/indepth/opinion/2017/01/trouble-trump-iran-north-korea-palestine-china-170120104539164.html
https://www.thenews.com.pk/print/125150-The-Talibans-Iran-connection
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست