کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد و گرفتی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ئەمریکا و رووسیادا

Thursday, 19/01/2017, 19:22


کوردستانی ئیمرۆ، بە قۆناغێکی گرنگی مێژوویدا ڕەتدەبێت، بارودۆخێکی تایبەت هاتۆتە کایەوە لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا، لەو چەند ساڵانەی رابردوودا ناوچەکە گەلێک گۆڕانکاری بەخۆیەوە دیوە کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاردانەوەی هەبووە لەسەر بارودۆخی کوردستان بە تایبەتی جەنگی سووریا و شەڕی داعش دەوری سەڕەکیان هەبووە لە خوڵقاندنی دۆخێکی پڕ هەستیار بۆ جوڵانەوە و پرسی کورد بە تایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای وڵات دا. 
 لە شەڕی سوریا و شەڕی داعشدا، گەلێک زلهێزی جیهانی و ناوچەیی بەشدارن شان بە شانی هێزو گروپی چەکداری پارتەکانی سوریا، تورکیا، ئێران، عیراق و هەرێم. بێ گومان هەر یەکە لەوانە خاوەن ئەجندەیەکی تایبەت بە خۆیەتی لە بەشداری کردن لەو شەڕەدا.
میللەتی کورد، بە شێوەیەکی گشتی بە میللەتێکی بێوەی ناسراوە، هۆی تێگلانی لە شەری دژ بە داعش دا تەنیا بەرەنگاریبوونەوەی هێڕشە ناڕەواکانی ئەو هێزە توندڕەوە ئیسلامییەیە. بە پێچەوانەی زلهێزەکانی ناوچکە و دنیا نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەک  لە سەر نیشتمانی خۆی گوزەران دەکات، هەنوکە شەڕی مانونەمان دەکات، خاوەن بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەییە.  میللەتی کورد لەو شەڕەدا بە پێچەوانەی هێزەکانی تر لە پلان و بەرنامەییدا نییە کە تەماعی دەستدرێژکردنی هەبیت بۆ سەر هیچ وڵاتێک لە وڵاتانی دراوسێ، چاوی لەوە نییە دەسەڵاتەکانی بەرفرەوان بکات، بە زەبری هێز  سوودمەند بێت لە سامانە سروشتییەکانی هیچ نەتەوەیەک، وڵاتێک یان هیچ زلهێزێک.
 نەتەوەیی کورد، پێش جەنگی سووریا و هاتنی داعش بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەدان ساڵە خەبات دەکات وەک میللەتانی دنیا ئاسا خواستی ئەوەبووە کە ببێت بە خاوەن دەوڵەت، سنووری جوگرافیای وڵاتەکەی جیا بکاتەوە تا دەگات بەو سات و کاتە ئەم خواستە هەست، ئامانج و هیوای زۆرینەی سادەی سەر شەقامی کوردییە. دابەش بوونی کۆمەڵگایی کورد، بە سەر کۆمەڵێک حزب، هێز و سەرکردەی ناکۆک بۆتە هۆکاری دروست بوونی ئەوەی کە خواستی سیاسیی زۆرینەی سادەی شەقامی کوردیی نەتوانرێت وەدەست بهێنرێت. هەر یەکە لە پارت و سەرانیان خاوەن ئەجێندای تایبەت بە خۆیانن لە هەمان کاتدا دژ بەیەکن.
لە واقیعی ئیمرۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر یەک لە زلهێزێکی ناوچەیی، هێزی سیاسیی و چەکدارنی ناوچەیی لە هەوڵی ئەوەدان بچنە نێو هاوپەیمانییەتی لەگەڵ زلهێزێکی جیهانی بۆ پتەو کردنی بەرەیەک کە بتوانن بەهۆیەوە بگەن بەو ئامانجەی کە لە ئەجێنداکەیان دا هەیە نمونە، تورکیا زلهێزێکی ناوچەییە خاوەن سوپایەکی بەهێزە کە بە پلەی دووم سوپا دێت بە بەراورد کردن بە وڵاتانی کە ئەندامن لە ناتۆ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عەوداڵی ئەوەیە کە هاوپەیمانییەتی لەگەل زلهێزێکی جیهانی و ناوچەیی دروست بکات بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی، حاڵی حازر لەگەڵ رووسیا و ئیران رێککەوتووە لە هەمان کاتدا هەوڵدەدا لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت بە تەنیا مەرجێک کە ئەمریکا پشت لە کورد بکات.  
زلهێزەکانی دنیا کە ئیمرۆ خاوەن سوپا و ئیمکاناتی ماددی لە رادەبەدەرن، بڕیاردەری یەکەمن لە شەڕی سووریا، دژ بە داعش و دیاریکردنی چارەنووسی میللەتانی ناوچەکەیان لە ژیر دەستە، لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەنێک دەگەرێن بۆ هاوپەیمانییەتی دروست کردن کە بتوانن ئەو لایەنە جێگە متمانەی ئەوان بێت و لەسەر بیناغەی بەرژەوەندیی لەگەڵی ڕێکبکەون. بەڵام زلهێزەکانی دنیا لە ناوچەکە لەگەڵ لایەنە کوردییەکان تووشی سەرلێشێواوی بوونە نازانن کام لا، کام سەرکردە وە کام هێز هەڵگری پەیامی نەتەوەیی کوردە بۆ ئەوەی هەڵیبژێرن بۆ هاوپەیمانییەتی  بەستن، بەهۆی ئەوەی سەرانی پارتە کوردییەکان هەر یەکە بە جیا لەگەڵ زلهێزکی ناوچەیی و جیهانی رێککەوتون بە بوونی ئەجێندای جیاجیا و دژ بە ئەجێنداو بەرژەوەندیی یەکتر.
باشووری کوردستان خاوەن پێنج حزبی سەرەکییە کە بەشدارن لە حکومەتی بنکە فرەواندا. پدک، ینک، گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی، کۆمەڵی ئیسلامیی. جڵەوی سەرکردەکانی ئەو پارتانە بە دەست ئیران و تورکیایە.  یکگرتووی ئیسلامیی، پارتی دیموکراتی کوردستان جڵەویان بەدەست ئۆردوگانە. کۆمەڵ، یەکێتی و گۆڕان جڵەویان بەدەست مەلاکانی ئێرانە.  هەموویان پێکەوە حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە  کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیران، تورکیا و ئەمریکایە. هەر یەکە بە گوێرەی بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی مامەڵە بەو پەیوەندییانە دەکات.
لە رۆژئاوای کوردستان، لە مەیدانەکەدا تەنیا پارتێکی کارێگەر هەیە کە ئەویش پەیەدەیە کە ئیمرۆ هاوپەیمانییەتی هەیە لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگی دژ بە داعش دا. لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هاوپەیمانییەتی لەگەڵ حکومەتی بنکە پەرتەوازە بووی هەرێم هەیە بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم پەیەدە بە دوژمنی خۆیان دەزانن، ئوردوگان بە هاورێی رێگەی تەنگانە هەژماردەکەن! ئامادەن هەموو شتێک بکەن بۆ شکەستپێهێنانی ئەزمونی رۆژئاوای وڵات.
ئەم جۆرە ناتەباییە هێز و حزبە کوردییەکان بۆتە هۆی لە دایکبوونی دۆخێکی کە بۆ هەر دوو زلهێزی جیهانی ئەمریکا و رووسیا قورسە بڕیار و متمانەی یەکلایکەرەوە بدەن لە بەستنی هاوپەیمانییەتی لەگەڵیان.  هەروها ئەو هێز و حزبانە بوونەتە هێز و حزبی لۆکەڵی، هەر یەکیان بە ئەندازە و قەوارە بچووکن و نوێنەراییەتی ٤٠ میلیۆن کورد ناکەن، بەڵکو تەنیا نوێنەرایەتی ئەندام، لایەنگر و دۆستی خۆیان دەکەن، هەروها سنووری جوگرافیای دەسەڵاتیان تەسکە، نەیانتوانیوە دەسەڵاتیان بەسەر هەموو کوردستاندا هەبێت لە ئەنجامی ئەوەدا هیچ لایەکیان بڕواو متمانەی تەواویان بە خۆیان نییە، بێهێز خۆیان دەنوێنن، خاسیەت و سروشتی ڕاڕایان پێوە دیارە، بەگوێرەی رووداوەکان مامەڵە دەکەن نەک بەگوێرەی بوونی پلانێکی تۆکمە و ستراتیژەتێکی دیاریکراوی نزیک، دوور و ئامانجێکی کۆنکریتی و هاوپەیمانەتیەکی سەرکەوتوو. ئەم جۆرە هێزانە ملکەچی هەموو مەرجێکیش دەبن کاتێک بزانن بەرژەوەندیی و کورسیان لە مەترسیدایە.  لە دەرئەنجامی ئەوەدا، ئەوەی ئەمریکا و رووسیا دەیانهەوێت ناتوانن لە رێگەی ئەو جۆرە هێزانە دەستیانبکەوێت، بۆ ئەمریکا و رووسیا ئاسانترە لەگەڵ ئۆردوگان، عەبادی، ئەسەد و ئایەتوڵا رووحانی رێکبکەون، بەهۆی ئەوەی هەر یەک لەوان بە ناوی وڵاتێکی یەکگرتوو و سنوورێکی جوگرافیایی دیاریکراو دەچێتە نێو هاوپەیمانییەتی، ئەرز، ئاو، خاك و سامانە سروشتیەکانی وڵاتەکایان لەسەر بیناغەی بەرژەوەندیی هاوبەش دەخەنە خزمەت ئەو هێزانە نمونە، تورکیا دەرکردنی بنکەی ئینجرەلینک لەسەر خاکی خۆی وەک فشار بۆ سەر ئەمریکا بەکاردەهێنێت، بەڵام لە هاڤرکێی هاوپەیمانیەتی پتەو لەگەل ئەمریکدا لە ناوچکە عیراق، ئوردن، ئیسرائیل ئامادە دەبن لەوەی رێگە بە ئەمریکا بدەن ئەو بنکەیە لە نێو سنووری جوگرافیایی دەسەڵاتیاندا دابمەزرێنن کە دەکات نیو خاکی وڵاتەکەیان. 
پوختەی باس،
ناتەبایی حزب و سەرانی پارتە کوردییەکان تەنیا شەڕی براکوژیان بەرهەم نەهێناوە، بەڵکو بوونەتە هۆی وونکردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پرسی کورد و وەدینەهێنانی خواستی نیشتمانیی و نەتەوەیی زۆرینەی سادە. ئیمرۆ لەو بارودۆخە پڕ هەستیارەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستان دا نەیانتوانیوە بە ئەندازە و قەوارەیەکی بەهێز بچنە نێو هاڤڕکێی بردنەوەی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ زلهێزەکان لە ناوچەکە. میللەتی کورد ئەگەر ئیمڕۆ بیەوێت هاوپەیمانییەتی بەهێز دروست بکات لەگەڵ زلهێزەکانی دنیا، پێش وەخت دەبێت لە دەنگ، رەنگ، قەوارەی مرۆیی و سنووری جوگرافیادا یەکگرتوو بێت، زلهێزەکانی دنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێویستیان بە قەوارەیەکی یەکگرتووی بەهێز هەیە نەک بە هێزی سیاسیی و چەکداری خۆنواندن لە گروپی بچوک بچوکدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە