Friday, 13/01/2017, 11:42
لە نێو کۆمەڵگەی کوردی، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە کە تورکیا دژی پەکەکەیە، ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە داوا دەکات پەکەکە شەنگاڵ چۆڵ بکات. هەروها پێیان وایە کە بە گوێرەی یاسای نێو دەوڵەتی، دەبێت پەکەکە شەنگاڵ چۆڵ بکات، بەهۆی ئەوەی شەنگاڵ بەشێکە لە خاکی عیراق! ئەم دوو بۆچوونە ڕاستە بەڵام نوقستانە بۆچی؟
یەکەم: هەنوکە یاسا و دەستوری نێو دەوڵەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ژێر هێزی سوپا و چەک دایە. هەموو زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە لە نێو خاکی عیراق و سوریان، بە بێ گوێدانە یاسا و دەستوری نێو دەوڵەتی. سنوورەکان هەڵوەشاون، لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عیراق و سووریادا نەماون. کۆمەڵێک پارت و چەکداری دی لە ژێر ناوی جیاجیادا لە هەر دوو وڵاتدا هەن، هەریەکە دەسەڵاتی بەسەر ناوچەیەک سەپاندوە، خۆی لکاندوە بە زلهێزێکی دنیا و ناوچەکە. جگە لە سوپای فەرمیی وڵاتان، کۆمەڵێک گروپی چەکداری دی تیرۆریست و پیاو کوژ کە لەلایەن زلهێزەکانی دنیاوە لە ناوچەکە پشتیوانی لێدەکرێن، بە تایبەتی گروپی چەکداری سەر بە تورکیا و ئێران لە هەر دوو وڵاتدا هەن. خێرە لەو بارودۆخە جەنجاڵەدا تەنیا دەبێت پەکەکە پابەند بێت بە یاسای نێو دەوڵەتی و قەندیل و شەنگاڵ چۆڵ بکات!؟
دووەم: تورکیا و ئەردوغان، دژی تێکرای میللەتی کوردن، نەک تەنیا پەکەکە، ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە داوای چۆڵکردنی شەنگاڵ و قەندیل دەکات. لە سەرەتای شەڕی سوریادا خواستە سیاسییەکانیی ڕوسیا و تورکیا دژ بە یەک بوون. ڕوسیا پاڵپشتی لە مانەوەی ئەسەد دەکرد، هەموو توانایەکی بۆ خستە گڕ بۆ مانەوەی لە دەسەڵات تاکو ئەمڕۆ، بەڵام بە پێچەوانە، تورکیا داوای لابردنی ئەسەدی دەکرد، لە سەرەتای جەنگ تا رێککەوتنی لەگەڵ ڕوسیا، تورکیا سنووری ئاواڵا کردبوو بۆ ئۆپۆزسیۆنی دژ بە ئەسەد، بە چەک و تەقەمەنی پارە یارمەتی دەدان بۆ لاوازکردنی ئەسەد و رووخاندنی. دوای نزیک بوونەوەی تورکیا لە ڕوسیا، تورکیا ملکەچی مەرجی ڕوسیا بوو، کە نابێت تورکیا یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە ئەسەد بدات و دەبێت سنوور دابخات. لە هەمان کاتدا تورکیا، مەرجی خۆی سەپاند کە ڕوسیا نابێت پشتیوانی لە فیدرالیەت بکات بۆ کورد لە رۆژئاوای وڵات. بۆ ئەو مەبەستە تورکیا، لای گرنگ نەبوو پشت لە ئەمریکا بکات، خۆی بهاوێتە باوەشی ڕوسیا و پەیتا پەیتا هەڕەشەی ئەوە بکات کە بنکەی ئینچرلینک دادەخات بە هۆی ئەوەی ئەمریکا لە هاوپەیمانییەتی دایە لەگەڵ کوردی رۆژئاوا بە تایبەتی "یەپەگە" لە جەنگی دژ بە داعش.
سێیەم: خاڵی هاوبەشی نێوان ئەسەد و ئۆردوگان، ئەوەیە کە کورد ئۆتۆنۆمی وەرنەگرێت، بۆ ئەو مەبەستە هەر دوو لایەن لە هەوڵی ئەوەدان ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی یەپەگەیە لە سووریا هەوڵبدرێت لە ژێر دەسەڵاتیان دەریبهێنن. لە ساڵی ٢٠١٦دا کاتێک ڕوسیا پێشنیاری ئۆتۆنۆمی کرد بۆ کورد لە سووریا، ئەردوغان بە توندی دژی ڕاوەستا، ئەسەد سەرباری بارودۆخی نالەباری خۆی و پارتەکەی، بێ هاورێی بوونی لە ناوچەکەدا ئەو کات کە تەنیا پشتێکی بەهێزی کە هەبوو ڕوسیا بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری کرد و پێشنیاری ڕوسیای ڕەتکردەوە و رایگەیاند کە ئەوە دەبێتە هۆی دابەش بوونی خاکی سووریا. لە هەمان کاتدا، تورکیا بە دەنگی بەرز ڕەتی کردەوە و گوتی رێگە نادات بە دروستبوونی کانتۆنی کوردیی کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا.
چوارەم: لە ئەجێندای تورکیادا مەسەلە تەنیا چۆڵ کردنی شەنگاڵ و قەندیل نییە لەلایەن پەکەکە، بەڵکو مەبەستی چۆڵکردنی قەندیل، شەنگاڵ، ئەفرین، کۆبانێ، مەنبیج، جەزیرە، قامیشلو و تێکچوونی هەیکەلی هەرێمە لە باشوور و تێکچوونی دۆخی گشت شارەکانی باشوور و باکوورە. خاڵی هاوبەشی نیوان ئایەتوڵا، ئەسەد، ئوردوگان و عەبادی رێککەوتنە لەسەر چارەنووسی پرسی کورد لە ناوچەکەدا.
تورکیا، سوریا، ئێران وعیراق، نیگەرانن لە گرتنی شاری ئەلباب، لە سوریا لەلایەن هێزی کوردیی "یەپەگە"، بەهۆی ئەوەی گرتنی ئەو شارە مانای گرێدانەوەی سێ کانتۆنی کوردە عەفرین، کۆبانێ و جەزیرە بە یەکتری. تورکیا مەبەستیەتی ئەلباب، نەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەپەدە، تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەمریکا رێگەی پێبدات بۆ ئەوەی شاری ئەلباب بگرێت و فشار دروست بکات لەسەر ئەمریکا بۆ ئەوەی یەپەگە ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستیانە چۆڵی بکەن. ئەگەر ئەو خواستەی تورکیا نەیەتە دی، تورکیا نیازیەتی بە تەنیا هەوڵی گرتنی شارۆچکەی ئەلباب بدات، دواتر هەوڵی گرتنی شارۆچکەی مەنجەب بدات، لە ئەنجامدا هەرسێک کانتۆنی کورد بروخێنێت لە رۆژئاوا.
پێنجەم: لە بەری عیراقدا، یەڵدرم سەڕۆک وەزیرانی تورکیا، سەردانی عیراقی کرد مەرجی کشانەوەی سوپاکەی لە بەعشیقە بریتی بوو لە داخستنی سنووری عیراق بە ڕووی کورد، یارمەتیی نەدانی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە تورکیا، چۆڵ کردنی قەندیل و شەنگاڵ لە لایەن پەکەکە و گرێبەستە نەوتییەکانی باشوور. بۆ هەمان مەبەست یەڵدرم سەردانی هەرێمی کرد، لەگەڵ سەرانی کوردی باشوور ڕێککەوت کە دەبێت هاوکاری سەربازیی بکەن بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شەنگاڵ و قەندیل، سەرانی کورد لە باشوور، پەیمانی جێبەجێ کردنی خواستەکانی "یەڵدرم" یان دا و لە میدیاکاندا بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆیان راگەیاند کە هاوکاری یەڵدرم دەکەن و ئەگەر پەکەکە شەنگاڵ چۆڵ نەکات ئەوا ئامادەن هێز بەکاربهێنن شان بە شانی سوپای تورکیا.
یەڵدەرم، کاتێک کە لەگەڵ عەبادی ووتەیان لە میدیاکاندا پێشکەش کرد، دەربارەی کۆبونەوە و ڕێککەوتنی نێوانیان، بە دوو قۆڵی جەختیان لە گرنگی پاراستنی یەک پارچەیی عیراق کرد، ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە لە ئەجێندای تورکیادا هەیە هەیکەلی هەریمش لە ناو ببات، بەڵام لە کات و ساتێکی گونجاودا، دوای ئەوەی پەکەکە ئەو ناوچانەی چۆڵ کرد ئینجا نۆڕەی هەرێم دێت.
دەرئەنجامی باس
ئەجێندای تورکیا، ئێران، سووریا وعیراق ئەوەیە کە نەهێڵن کیانێک دروست بێت ناوی "کیانی
کوردی" بێت. چۆڵکردنی شەنگاڵ و قەندیل و ناوچەکانی دی هەڵەیەکی گەورەیە نابێت ئەنجام
بدرێت. کورد دەبێت ئەوجارە لەسەر مێزی گفتوگۆ، مەرجی خۆی هەبێت و فشار دروست بکات.
لە مێژوودا لە هەموو رێککەوتنێکدا کورد، پێداگری نەکردوە ئەوجارە دەبێت کورد پێداگری
بکات و نەکشێتەوە، کشانەوە پاشەکشەی پێگەی جەماوەریی بە دواوە دەبێت، ئاشبەتاڵێکی دی
و نامتمانەیی نائومێدی باڵ دەکێشێت بە سەر میللەتی کورد و لە ئەنجامدا خەڵک
سارد دەبێتەوە لە خەبات کردن و بەردەوام بوون.
سەرچاوە:
http://www.aljazeera.com/news/2016/12/russia-turkey-syria-161228050019245.html
http://www.juancole.com/2016/10/russia-turkey-implications.html
http://www.middleeasteye.net/columns/turkey-russia-syria-putin-erdogan-us-frenemies-1670199042
http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2016/10/turkey-russia-mediates-
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست