گەلۆ، ئاخۆ نهێنی پاراستنی کورد لە لایەن فەرخە ئەتاتورکەکان چی بێت؟
Monday, 26/12/2016, 10:36
* نهێنی رێکەوتنی تورکیا و پارتیی ئاشکرا دەبێت:
*یەکێک لەو خاڵە نهێنیانەی نێوان بنەماڵەی بارزانی و ئۆردوغان، تێچوونی ئەو پارانەیە، کە بۆردومانی قەندیل و گەریلاکان دەکات.
---------------------------------
لە مانگی یازدەی ساڵی ٢٠١٣دا، رێککەوتنێک لە نێوان نێچیرەوان بارزانی و ئۆردوگان واژۆ کرا. لەو کاتەوە ئەو رێککەوتنە لە میدیا جیهانییەکانیش بە "رێککەوتنی نهێنی نێوان هەرێم و تورکیا ناسراوە"، بە هۆی ئەوەی کە دەقی ئەو رێککەوتنە تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە.
کە پرسیار ئاراستەی لێپرسراوانی حکومەتی پەرتەوازە بوو دەکرێت، روونکردنەوەیان بۆ ئەو رێککەوتنە ئەوەیە کە گوایە لەگەڵ تورکیایی دژە کورد و مرۆڤایەتی تەنیا رێککەوتنی ئابووریی واژۆ کراوە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ لە بواری بازرگانی نەوت و گازە وە رێککەوتنەکەش لە سێزدە خاڵ پێکهاتووە!
رێککەوتنێک کە لە سێزدە خاڵ پێکهاتبێت، بۆ لێپرسراوانی حکومەتی پەرتەوازە بوو، سەڕۆک وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەکان و دارایی، ووتەبێژی حکومەتی هەرێم و چەند لێپرسراوێکی تر تەنیا ئاماژە بە دوو خاڵی رێککەوتنەکە دەدەن ئەویش رێککەوتنی بازرگانی نەوت و گازە!؟ پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەی یازدە خاڵەکەی تر چیە کە ئەم دوو هێزە نا هاوسەنگە لە سەری کۆکن؟ لە وەڵامدا هەمان لێپرسراوان ئاماژە بەوە دەکەن کە گوایە خاڵێکیان بریتیە لەوەی کە لە کاتی دروستبوونی مەترسی ئەمنی! ئەو دوو هێزە هاوکاری یەکتر دەبن!
مەزنترین مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا 'تورکیا" خۆیەتی. ئاخۆ گەلۆ، نهێنی پاراستنی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی فەرخە ئەتاتورکەکان دەبێ چی بێت؟ کە وا رێککەوتنی لەسەر واژۆ کرابێت و ئەنجامەکەی بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد بێت!؟
تورکیا خاوەن سوپا، دەزگای هەواڵگری میت، بە سەدان گروپی چەکداری مافیا و پیاو کوژە، ئایا چی پێویستی بە هەرێم هەیە بیپارێزێت لە کاتێکدا هەرێم لە توانایدا نەبوو تەنیا پارێزگاری لە "شەنگاڵ" بکات!
هەرێم، تەنیا دوو شتی پێدەکرێت بۆ تورکیا کە گومانی تێدا نییە کە هەر دووکی مەرجی تورکیایە لە رێککەوتنی مانگی یازدەی ساڵی ٢٠١٣ دا،
یەکەم، دژایەتی کردنی پەکەکە، کانتۆنی رۆژئاوا، جاش ناونووسکردن و سەرکوت کردنی بزوتنەوەی رزگاری نیشتمانی نەتەوەیی کورد.
دووەم، دزینی سەروەت و سامانی نەتەوەیی کورد، خستنە نێو خەزینەی تورکیا، بەکارهێنانی بۆ هێڕشە سەربازییەکانی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە و بۆردومان کردنی خەڵکی سیڤیلی باشووری کوردستان. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە بڕگەی هەرە سەڕەکی رێککەوتنی نێوان تورکیا و هەرێم ئەوەیە کە ئەو فرۆکانەی لە ئەنقەرەوە لە باڵە فركێ دەدەن بەرەو کوردستان بۆ بۆردومان کردنی قەندیل و ناوچەکانی تری باشووری کوردستان، پارە و خەرجو مەخارجی لە پارەی نەوتی هەرێم دەدرێت بە تورکیا. بۆیە لێپرسراوانی هەرێم دەبێ بزانن ئەو قەسپەی کە لەگەڵ تورکیادا دەیخۆن، دەنکەکەی وا لە گیرفانی میللەتە!
سەرچاوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست