Thursday, 15/12/2016, 7:50
رۆژگار و کۆمەڵگای نوێ لە هەموو وڵاتێک و لە هەر سوچێکی ئەو سەرزەمینەدا بەدیناکرێت. هەر وڵات و نەتەوەییەک خاسییەت، بارودۆخی تایبەت بەخۆی هەیە و هەر یەکە بە قۆناغێکی جیا لە یەکتر تێپەردەبن، کێشەو گرفەتەکانیان لە یەکتر جیاوازان هەر یەکە بۆ چارەسەری گرفتەکانیان پێویستیان بە ئامرازی تایبەتی خۆیان هەیە. کۆمەڵگایی نوێ وەک ئەمریکا، ئەوروپا، رووسیا، چین و یابان نایەنە ریز وڵاتانی دونیایی سێیەم و بە تایبەتی ریز کۆمەڵگایی کورد.
--------------------------------------
چەمکی ئیسلامیی، کرستیانەتی، مەزهەبە جۆراو جۆرەکانی تری ئایینی لە دنیادا لە سەدەکانی رابردوودا بە تایبەتی لە پێش سەدەی نۆزدەهەم دا زەمینەیەکی لە باری هەبووە لە نێو میللەتاندا. بوونی ئەو هەستە لە نێو میللەتاندا هۆکاری ئەوەبووە کە سەرکردەی هەر میللەتێک بە گوێرەی ئەو زەمینە لە بارەی کە هەبووە ئەو چەمکانەیان وەکو ئامرازێک بەکار هێناوە بۆ هاندانی ئەو هەستەی کە لە زۆربەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگادا بدیکراوە بۆ پەیداکردنی لایەنگر لە نێویان بە گروپ کردنیان، دروست کردن و بەهێز کردنی پێگەی جەماوەریی، بەکارهێنانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە تایبەتی ئامانجی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیی و کێشانی نەخشەی جوگرافی بۆ سنووری دەسەڵاتەکانیان و کۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی سنووری دەسەڵاتەکانیان و دیاریکردنی ناسنامە.
لە ناوڕاستی سەدەکانی نۆزدە و سەرەتایی سەدەی بیست چەمکی دینی و مەزهەبی بە شێوەیەکی گشتی لە دنیادا بەرەو کاڵبوونەوە چوو، لە بری ئەوەدا هەستی ناسیۆنالیستی، ئادیۆلۆژیایی حزبی، فەلسەفی و تیۆڕی گەلێک لە فەیلەسوفەکانی وەکو مارکس کران بە خاڵی ناوەند بۆ کۆنترۆڵکردنی جۆری بیرکردنەوەی خەڵک لە لایەن سەرکردەی بزوتنەوە و جوڵانەوەی سیاسیی بە هەمان مەبەستی جاران بۆ بە گروپ کردنیان، دروست کردن و بەهێز کردنی پێگەی جەماوەریی، بەکارهێنانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە تایبەتی ئامانجی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیی ، کێشانی نەخشەی جوگرافیا بۆ سنووری دەسەڵاتەکانیان، کۆنتڕۆڵکردنی سنووری ئابووریی دەسەڵاتەکانیان و دیاریکردنی ناسنامە.
میللەتی کورد، وەک هەر یەکێک لە میللەتانی تری جیهان لە ژێر کارێگەری ئەو گۆڕانکاریەی کە لە دنیادا هاتە پێشێ و بەهۆی سەدان هۆکاری تر، هەستی ناسیۆنالیستی لا لە دایک بوو. هەستی ناسیۆنالیستی لە نێو میللەتی کورددا خۆی لە کورد بوون، کورداییەتی کردن نمایش کرد کە گەڕانە و گەڕان بوو بە دوای دیاریکردنی "ناسنامە"ی نیشتمانیی و نەتەوەیی.
بە پراکتیز کردنی هەستی کورداییەتی، کورد بوون و خوازی دیاریکردنی ناسنامە لەبەر هەر هۆیەک بووبێت زۆر یان کەم بوونی هەبووە لە نێو ناخی تاکەکانی کۆمەڵگایی کورد بە تایبەتی لە نێو نوخبەی بەشداری بووی شۆڕشەکان، جوڵانەوە سیاسییە کوردییەکان دا. ناکرێ بوونی ئەو هەستە لە نێو کۆمەڵگایی کورد دا بخرێتە قاڵبی تاوان و سوکاییەتی پێکردن، ڕاست نییە کە هەندێک نووسەر ناوی بنێنن زلکاوی کورداییەتی! بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی ئەو هەستەی خەڵک بوو کە بوو بە داینەمۆی بزوتنەوە جەماوەریی و سیاسییەکانی میللەتی کورد، فەرامۆش کردنی ئەو دیاردەیە لە مێژووی خەباتی میللەتی کورد دەبێتە هۆکاری بوونی نەتەوەیەکی بێ مێژوو، سڕینەوەی خەبات و ماندوو بوونی کەسە دڵسۆزەکانی پرسی کورد لە رابردوو و ئێستا.
بەهێزی هەستی کورداییەتی، ڕەتکردنەوەی کۆیلایەتی، چەوساندنەوە گیانی بەرەنگاری بوونەوە لە نێو میللەتدا بە تایبەتی لە نێو نوخبە، بووە بە هۆکاری ئەوەی کە میللەتەکە هەوڵی ئەوە بدات لە دەوری سەرکردەیەک کۆبێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی نیشتمانیی و نەتەوەیی بەبێ بەرابەر بیکا بە هێمای بزوتنەوە سیاسیی و جەماوەرییەکان. سەرکردەی پارتەکانی کورد لە باشووری وڵات دا دەرکییان بەو ڕاستییە کردوە و زانیویانە زەمینەیەکی لەباری پڕ لە هەستی ناسیۆنالیستی لە نێو کۆمەڵگادا بە زەقی سەریهەڵداوە، ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە هەوڵیانداوە ئەو هەستە وەکو کەرەستەیەکی خاوی بەردەستیان بەکاربهێنن بەو مەبەستە خۆیان نزیک بکەنەوە لە دڵ و دەروونی تاکی کورد. بە درێژایی تەمەنی پارتە کوردییەکانی باشوور سەرکردەکانیان تەنیا بە ڕەواڵەت و درووشم ئەو چەمکانەیان بەکارهێناوە، بۆ سوود ورگرتن لە توانا، وزە و هێزی تاکی کورد و بۆ بە گروپکردنی ئەو هەستە، بەکارهێنانی وەکو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان. مەرج نییە ئەو هەستە لە حەقیقەتدا لە نێو خود و بیروباوەڕی ئەو سەرکردانەدا هەبووبێت، ئەمەش تاوانەکەی ناکەوێتە ئەستۆی میللەتەکە کە ئەو سەرکردانە بزوتنەوە جەماوەرییەکان و سیاسییەکانیان بە ئاقارێکی تر بردووە بە پێچەوانی خواست، حەزو ئارەزووی سیاسیی میللەت.
لە ئاست خوارەوەی هەموو پارتەکانی باشوور، تاکەکانی بەشداربوو، هەڵگری بیروباوەڕی ناسیۆنالیزمیی بوون یان نیشتمانیی و مارکسی بە درێژای مێژوو لە سونگەی دڵسۆزی و بڕوا بوون بە دوارۆژێکی پرشەنگدار ئامادە بوون خۆیان بەخت بکەن لە پێناو ئەو بیروباوڕانەی کە هەڵیانگرتبوو. تاکی بەشدار بوو لە ئاست خوارەوەی ئەو پارتانەدا بەخوێن مێژووی پڕ لە نەهامەتی میللەتی کوردییان تۆمار کردوە نەک سەرکردە خۆفڕۆشەکانیان. لەبەر ئەو هۆکارە پێویستە رێز لە مێژووی خەبات و بیروباوەڕەکانیان بگرین و کاتی ئەوە هاتووە هێڵێک ڕابکێشرێت لە نێوان هەڵویستە سیاسییە دۆڕاوەکانی سەرکردەکانی باشوور و خەباتی تاکی بەشداربووی شۆڕش و جوڵانەوە سیاسییەکان کە زۆربەیان سەر بە چینی زەحمەتکێش و چەوساوەی نێو کەمەڵگایی کوردیی باشوور بوون بە تایبەتی لە قۆناغی شاخدا.
ئەزمون سەلماندویەتی کە چەمکی ناسیۆنالیزمی گرنگی پێنەدراوە لە لایەن سەرکردەکانی باشوور، وەک تیورێک زانیستییانە کاری لەسەر نەکراوە و نەبووە بە "ئایدۆلۆژیایەک" بۆ پەروەردە کردنی کۆمەڵگا. هەرگیز داخوازییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان نەبووە بە مەرج لە سەر مێزی گفتوگۆی نێوان سەرکردەکان و دوژمنەکانی کورد. لەو دیدەوە ناکرێت بگوترێت چەمکی ناسیۆنالیزمیی بیروباوەڕی کورداییەتی میللەتی کوردیی بەرەو هەڵدێر بردوە. دەبێت بگوترێت خۆپەرستی سەرکردەکان، بڕوانەبوونیان بەو چەمکە، بازرگانی کردنیان بە هەستی میللەت و پرسی کورد، پەروەردە نەکردنی میللەتەکە بۆ گەشەپێدانی ئەو روحیەتە بە ئاراستەی سەربەخۆی، هۆکاری سەڕەکی بوون لە دواخستنی خەباتی میللەتی کورد لە گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی کە ئەویش "ئازاد" ی بوون و دیاریکردنی ناسنامەی نیشتمانیی و نەتەوەیی بوو.
لە دونیایی ئیمرۆدا، هەر وڵاتێک یان نەتەوەییەک دەتوانی پارێزگاری لە ناسنامەی خۆی بکات کاتێک کە لە هاوکێشە جیهانییەکاندا توانیبێتی پێگەی بەهێز دابین بکات وەکو هێزی هزر و فکر، هێزی داهێنەر، هێزی زانستیی، هێزی جەماوەریی، هێزی سیاسیی، هێزی ئابووریی، هێزی سەربازیی و کۆمەڵاییەتی. ئەو وڵاتانەی کە بونەتە زلهێز لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەکەدا بەو پێوەرە ئەو پێگەیەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردوە، بوونەتە بڕیاردەری دیارکردنی چارەنووسی میللەتان و وڵاتانی تری لە خوار خۆیان بە تایبەتی وڵاتانی دنیایی سێیەم. لە واقیعی ئیمرۆ دا میللەتی کورد نەیتوانیوە ببێ بە خاوەن هیچ هێزێک لەمانە، لە دەرئەنجامدا ناسنامەی نیشتمانیی نەتەوەیی کورد مەترسی لەناوچوونی هەیە.
بە دابەش بوونی میللەتی کورد لە نێو گروپی بچووک بە ناوی ئەوەی کە خاوەن زاراوەی جیایە یان خاوەن مەزهەب و دینی جیاجیان وەک ئەوەی کاکەییەکان تەنیا ناسنامەی کاکەیی هەڵبگرن، یان یەزیدییەکان تەنیا ناسنامەی یەزیدی هەڵبگرن، سۆڕانییەکان تەنیا ناسنامەی سۆڕانی هەڵبگرن یان بە هەرێم کردنی کوردستان و دابەش کردنیان لە نێوان باکوور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات و هەر یەکە لەمانە ناسنامەی جیا هەڵبگرێت، ئەم جۆرە بەش بوونە لە دنیای ئیمرۆ دا بۆ میللەتی کورد زەرەرمەندە کاردانەوەی لەسەر یەکریزی میللەت دروست دەکات و لەگەڵ کاتدا کاردانەوەی سلبی دەبیت لە سەر سایکۆلۆژییەتی تاکەکان، لە ئەنجامدا چەند کۆمەڵگایەکی دژ بە یەک دروست دەبێت لە ژێر ناوی جیاجیادا و لە چوارچێوەی سنووری جوگرافیایی وڵاتانی داگیرکەر ، ناوێک و ناسنامەیەک نامێنێت بە ناوی کورد و نیشتمانەکەی کە "کوردستان"ە، نمونە هەنوکە کانتۆنی رۆژئاوای وڵات لە نووسین و ئەدەبیاتدا ناوی کوردستان نییە، بەڵکو پێی دەگوترێت "کانتۆنی رۆژئاوا"، ئەم پێناسەیە لەگەڵ کاتدا دەبێت بە ناسنامەی کوردانی رۆژئاوا و تاکەکانی ئەو بەشە تەنیا هەڵگرتنی لێپرسراوەیی ئەو بەشە بە ئەرکی خۆیان دەزانن و ئەو ناوە دەبێت بە ناسنامەیان. نمونەیەکی تر باشوور ناوی نراوە "هەرێم" . هەروها هەر یەک لەو بەشانە بە جیا و بە ئاسانی دەکەوێتە فەلەکی زلهێزەکانی دنیاو و ناوچەکە لە ئەنجامی نەبوونی هاوکێشەی هێز لە نێوانیاندا ناچار دەبن هەر یەکیان بە جیا بۆ هەموو مەرجێکیان ملکەچ بکات.
لەو سات و کاتەدا کورد توانای دابین کردنی هێزی هزر، فکر، زانستیی، سیاسیی، ئابووریی، سەربازیی نییە، تەنیا هێزێک کە دەتوانێت مسۆگەری بکات بۆ رووبەروو بوونەوەی کۆسپەکان هێزی جەماوەرییە، بەو دابەش بوونە ئەو دەرفەتەش لە دەستدەدا ئەمەیان مەترسیدارترین دیاردەیە لەگەڵ ئەو جۆرە دابەشکردنانەدا سەرهەڵدەدا و لەگەڵ کاتدا زیاتر گەشە دەکات.
لە روانگەی هەندێک دید، لە رۆژگاری ئیمرۆ و کۆمەڵگای نوێدا مەسەلەی کورداییەتی و چەمکی نیشتمانیی و نەتەوەیی وەلامی نییە بۆ گەلێک پرس، ئەم بۆچوونە بۆ هەندێک کۆمەڵگا رەنگە وابێت بەڵام بۆ هەندێکی تر پێچەوانەی ڕاستە، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگای نوێ لە هەموو وڵاتێک و لە هەر سوچێکی ئەو سەرزەمینەدا بەدیناکرێت. هەر وڵات و نەتەوەییەک خاسییەت، بارودۆخی تایبەت بەخۆی هەیە و هەر یەکە بە قۆناغێکی جیا لە یەکتر تێپەردەبن، کێشەو گرفەتەکانیان لە یەکتر جیاوازان هەر یەکە بۆ چارەسەری گرفتەکانیان پێویستیان بە ئامرازی تایبەتی خۆیان هەیە. کۆمەڵگایی نوێ وەک ئەمریکا، ئەوروپا، رووسیا، چین و یابان نایەنە ریز وڵاتانی دونیایی سێیەم و بە تایبەتی ریز کۆمەڵگایی کورد.
کارێگەرترین ئامراز هەنوکە بەدەست میللەتی کورد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەبەردەستدا بێت ئەوەیە کە خۆی رێکبخات لە ژێر یەک ئاڵا و یەک سەرکرداییەتی دڵسۆزی پڕ لە هیمەتی مرۆڤایەتیی و کورداییەتی، بەهێز کردنی فشاری جەماوەریی بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، میللەتی کورد بە پەرتەوازە بوون ناگات بە هیچ و ئاییندەیەکی لە ئیمرۆ خراپتریش چاوەڕوانی دەبێت، لە ئەنجامدا ناسنامەی خۆی بۆ یەکجارەکی لەدەستدەدا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست