کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان لە نێوان تەمەنێکی کورت و هەڵەی زۆردا

Friday, 25/11/2016, 11:03


چوار ساڵی یەکەمی تەمەنی بزوتنەوەی گۆڕان قۆناغی زێرینی ئەو بزوتنەوەیە بوو. لەو چوار ساڵەدا توانی تا ڕادەیەکی سەرکەوتوو دەنگە نارەزاییەکانی نێو ریزەکانی یەکێتی، نێو میللەتی باشوور لە خۆ بگرێت و لە نێو قەوارەیەکی سیاسییدا کۆیان بکاتەوە، بەرنامە و ستراتیژێکی سیاسیشی بۆ دابرێژێت، ببێت بە خاوەن میدیای زەبەلاح و بارەگایەکی ئاشکرا لە سەر گردی زەرگەتە لە ناوەڕاستی شاری سلێمانی دابنێت.
ئەم جۆرە دەرکەوتنە، بوونی بۆشایی سیاسیی، نەبوونی کەسایەتییەکی دیار بوو،  بۆ سەرکردایەتی کردنی دەنگە نارەزاییەکانی نێو میللەتی باشوور, زەمینەیەکی لەباری رەخساند بۆ  پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە، کۆبوونەوەی دەنگە نارەزاییەکان، دانی متمانە و بەستنەوەی هیوایی سیاسیی خەڵک بوو بەو بزوتنەوەیە. لە دەرئەنجامدا ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە ئەو بزوتنەوەییە بەشێوەیەکی ناسروشت، بێ پلانێکی تۆکمە، بێ خۆماندووکردن بە دروست کردنی شانەی رێکخستن، پەروەردە کردنی ئەندام ، لایەنگرانی پەل و پۆ بخاتە نێو جەماوەر بە تایبەتی نێو جەماوەریی یەکێتیی و ناوچەکانی سەر بە پارێزگای شاری سلێمانی ژێر دەسەڵاتی هێرۆ تاڵەبانی.
 لە سێ چوار ساڵی رابردوودا سەرانی حزبی گۆڕان لە تەمەنێکی کورتدا گەلێک بڕیاری سیاسیی هەڵەیاندا، کە گەلێک هەڵوێستی سیاسیی هەڵەی بەدوای خۆیدا هێنا و کاردانەوەی خراپی هەبوو لە سەر ئەو حزبە وەکو:
یەکەم: بە بڕوابوون بە سەرکەوتنی سیاسەتی "مار و پەیژە" چەند کەسانێکیان لە دەرەوەی وڵات هێنایەوە بە خێرایی مووشەک کردیانن بە ئەندام پەرلەمان! بە قسەکەری فەرمیی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە! بوون بە راوێژکاری یەکەمی رێکخەری گشتی حزبی گۆڕان. دواتر هەر بە خێرایی مووشەک ئەو کەسانە بایانداوە بۆ نێو پارتی بە هەمان پەیرەوکردنی سیاسەتی "مار و پەیژە" لە سەڕۆکی ماوە بەسەرچوو نزیک بوونەوەو بوون بە راوێژکار؟! 
دووەم: پشتکردن لە جەماوەری خۆپیشاندەر لە شاری سلێمانی لە ١٧ی شوبات. چوونە نێو دەسەڵاتێک کە تا ئەو رۆژەی بڕیاریاندا ئەو هەنگاوە بهاوێژن لە هەموو میدیا و ئەدەبیاتی حزبیان دانیان بەوەدا نابوو دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم دەسەڵاتێکی بنەمەڵەیی و خێزانییە کە لەلاین بنەماڵەی بارزانی و ماڵی تاڵەبانی دەستی بە سەردا گیراوە! کاتێک کە چوونە نێو دەسەڵات هەر زوو پەیمانی شەقامیکی ئارامییان دا بە سەڕۆکی هەرێم و سەرانی یەکێتی لە شاری سلێمانی. دوای چوونە نێو دەسەڵات، وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکانیان گوێ خۆیان خەواند بەرامبەر بەوەی لە هەرێم چی دەگوزەرێت لە دزی، تاڵان، کارەساتی شەنگاڵ، تێڕۆر کردنی دەنگی ئازاد، دزینی نەوت بگرە بە هەزاران ناعەدالەتی کە لەو هەرێمەدا دەگوزەرێت و گوزەرا. 
سێیەم: وەزیرێک ئەندام پەرلەمانێکی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی نەنواند و بەردەوام بوون لە کار و پشتیوانی حکومەتی گەندەڵی بنکە بنەماڵەو خێزان، سەڕەڕای ئەوەش پەیتا پەیتا ئەندام و وەزیرەکانیان بە دیاری و سەوقات دەچوون بۆ لای بنەماڵەی بارزانی، نمونە لە رۆژی لە دایکبوونی نێچیرەوان بارزانی وەزیری دارایی گۆڕان "ڕێباز حمەی حەملان" تابلۆیەکی کردە دیاری بۆ نێچیرەوان بارزانی!
چوارەم: لە ساڵی ٢٠١٥دا لە کۆبونەوەیەکدا بە ئامادە بوونی "برێت مەکۆک" و نوێنەر و نەندامی هەرپێنج پارتی بەشدار بووی حکومەتی بنکە پەرتەوازە بوو، رازیبوون بە دانانەوەی سەڕۆکی ماوە بەسەر چوو، لەو کۆبونەوەیەدا نوێنەری گۆڕان هەڵوێستی نەنواندبوو و کۆبونەوەکەی بەجێنەهێشتبوو! ئەنجامی کۆبونەوەکە درێژ کردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی سەڕۆکی ماوە بەسەرچوو بوو! بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو هەڵوێستە پەرلەمانتارانی گۆڕان و ینک کەوتنە دروستکردنی پەشێوی و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک! کە گوایە بە رێگەی پەرلەمان رێگری لەو بڕیارە دەکەن کە شەوی رابردوو هەموو لایەکیان کۆک بوون لەسەری! سەڕەرای ئەوانە سەرانی گۆڕان هەر رازیبوون لە دەسەڵات نەکشێنەوە تا دەرکران! لە ئەنجامدا سەرانی گۆڕان نەتوانیان شەقامیکی بێ دەنگ برەخسێنن بۆ ماڵی تاڵەبانیی و بارزانیی وە نە توانیان لە دەسەڵاتدا بن!
پێنجەم: دوای دەرکردنی گۆڕان لە حکومەت، رێکخەری گشتی گۆڕان رووی لە بریتانیا کرد، بۆ ماوەیەکی درێژ دەنگی نەبوو، لە بریتانیاش چەند جارێک لەگەڵ " شاناز و لەتیف"ی هاوسەری، کۆببوەوە کە گوایە یاری بە کارتەکان دەکات! دوای گەڕانەوەی رێکخەری گشتی بزوتنەوە، یەکەم هەنگاوی ئەوەبوو کە لەگەڵ هێرۆ رێککەوت! میدیای هەر دوو لا کەوتنە زۆرنا ژەنین و جاردانی ئەو رێککەوتنە نیوەناچلیە لەگەڵ باڵی "هێرۆ"ی نێو یەکیتی. هێڕشەکانی داعش لەگەرمەیدا بوو هێرۆ، نەوشێروان، شاناز و دارودەستەکانیان لە کەبابخواردن بوون لە شاری سلێمانی! گوایە سیاسەت دەکەن و بە نەدارەکانیان رادەگەینن کە هەر دوو لا ئەوەندە نێوانیان خۆشە! موو بە نێوانیانەوە ناچێ، وە هەر دوو لا هەموو ئەو جنێو و بێ رێزیکردنەی کە بەرامبەر بە یەکیان کرد بوو لە چەند ساڵێکی رابردوودا لە یادیان چۆتەوە و رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و ینک، بە خواردنی کەباب و ماستاو کۆتایی پێهات!
رێککەوتنی نێوان نەوشێروان و هێرۆ چووە ژێر ناوی رێککەوتنی دەباشان! رێککەوتنی ستراتیژی نێوان بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانیش هەر بەردەوامیی هەبوو. دواتر دەرکەوت کەباب و ماستاو کارێگەری نەبوو لە سەرکەوتنی رێککەوتنی نێوان نەوشێروان و هێرۆ وە رێککەوتنی ستراتیژی هەر بە برا گەورەیی مایەوە!
شەشەم، بۆ ماوەی چەند مانگێکە لە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانی مامۆستایان بەردەوامی هەیە، وەکو نارەزایی دەربڕین دژ بە بڕیاری "پاشەکەوت کردنی موچە". رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ دەنگ لە بریتانیا دانیشتوە و بزوتنەوەکەشی خۆی لەو خۆپیشاندانە بێ دەنگ کردبوو، تا یەک دوو هەفتە لەوەپێش، دواتر هاتە دەنگ و دروشمی "بەرەو بەغداد"یان هەڵگرت، کە ئەم جۆرە دروشمە لە دۆڕان بەولاوە هیچی تری لێ شین نابیت. 
 ئەم هەڵویستە لاوازانە و ئەنجامەکانی بوو بە جێگە سەرنجی سیاسەتمەدارن، چاودێرانی سیاسیی، رۆشەنبیر و نووسەران بە تایبەتی و خەڵکی سەرشەقامی کوردیی بە گشتی. خەڵک کاتێک کە بەراوردی توانای سەرانی پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە پەرتەوازە بووی هەرێمیان دەکرد، وا حاڵی بوون کە توانای رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گٶڕان لە بواری سیاسیی، ئاستی خوێندەواریی و هۆشیاری، رۆشەنبیریی و فیکریی، توانای خوێندنەوەی بۆ رووداوەکان، شێکردنەوە و پێشبینیە سیاسییەکاندا لە ئاستێکی باشتر بێت، لەو دیدەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە لە یاری سەر مێزی سیاسیی لە ئاست هەرێم و بەغداد، لە بەکارهێنانی کارتەکاندا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان براوە بێت و نەکەوێتە تەڵە!
 کاتێک هەڵسەنگاندان و شێکردنەوە بۆ ئەو هەڵە سیاسییانەی گۆڕان دەکرێت هەوڵی دۆزینەوەی هۆکاری ئەو هەڵانە دەدرێت، مرۆڤ تووشی وونبوون دەبێت کە هۆی ئەو هەڵوێستە دۆڕاوانەی ئەو بزوتنەوەیە بگەرێنێتەوە بۆ چی؟ ئایا ئەو هەنگاوانە نەزانی رێکخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە بوو؟ ئایا نەزانی ئەو نەبوو بەڵام کەوتە ژێر کارێگەری دەوروبەری؟ وەیان بە مەبەست و ڕێککەوتن بووە!؟ یان بۆ دەستکەوتی مادیی بووە؟ وە یان هیچیان نییە و تەنیا کەوتۆتە تەڵەی یاریکەرەکان!؟ بەڵام ئەوە رێگەی تێناچێت کە ئەوانی تر یاریزانتر بن لەم!؟ ئاخۆ نهێنی ئەو هەموو هەڵوێستە لاوازە دەبێت چی بێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە