کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(باڵی زۆرینە) و (باڵی ناوەند)، خەڵکیش دەڵێت نەخێر (باڵی هێرۆ) و (باڵی کۆسرەت و بەرهەم)

Thursday, 27/10/2016, 10:07


ماوەیەکە لە میدیا حزبی، سێبەر و ئەهلیەکان ناونیشانێکی تازە داریژراوە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی لە سەر پارە و پۆست، ناونیشانەکەش بریتیە لە "باڵی زۆرینە یان دەستڕۆیشتوو، باڵی ناوەندی بڕیار"!؟
ناتەبایی و نەگونجانی نێوان سەرکردایەتیی پارتی، بەهۆی بوونی بەرژەوەندیی شەخسی و مادی لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو تا ئێستا چەند جارێک لە یەکتر جیابوونەتەوە  بەبێ لەبەرچاو گرتن ئەو قۆناغە هەستیارەی، کە بزوتنەوەی رزگاری کورد بە بەرچاوبگرن، زەرورەتی مێژووی و ترسناکیی لەتکردنی هێزی بەرەنگاری بوونەوەی میللەتی کورد دژ بە دوژمنەکانی زیاتر کاریگەریی هەبووە.
لە مێژوویەکی درێژەوە ململانێ ئەو سەرکردانە بۆتە هۆکاری سەڕەکی لە یەکترازانی ئەندام، لایەنگر و دۆستی نێو پارتی تا دەگات بە کاردانەوەی سلبی لەسەر یەکریزی میللەتەکەمان و سەرهەڵدانی شەڕی براکوژی.
بە درێژایی مێژووی تەمەنی پارتی لە هەر جیابوونەوەیەکدا، جەمسەری ململانێکان لەگەڵ خۆیاندا چەند کەسێک لە سەرکردایەتی پارتیان لەگەڵدا بووە بۆ سەنگەر گرتن دژ بە یەکتر.  دوای هەر لێکترازانێک جەمسەرە ناکۆکەکان لە ئەدەبیاتی خۆیاندا ناوێکیان هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی بتوانن لە نێو میللەتدا ئەو لێکترازانە لە ژێر ناونیشانێکدا دابڕێژن بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانیان بەو شێوەیە خۆیان بە میللەت ناساندووە، گوایە ئەمان داوای چاکسازی ڕیشەی دەکەن و لەسەر هەقن، یان مافیان پێشێلکراوە لەوی دیکە جیابوونەتەوە.
بە درێژایی تەمەنی ئەو ناکۆکی و ململانێیانە، "گەل" بە تایبەتی زۆرینەی خەڵکی سادە نەکەوتۆتە ژێر کارێگەری ئەدەبیاتی ئەو سەرکردانە، هەڵنەخەڵەتاوە بەو ناونیشانەی کە سەرکردەکان لە رێگەی نووسەری دەربار و زمانراستەکانیان هەوڵیانداوە ناونیشان بۆ لێکترازانەکان دیاری بکەن. لە هەر لێکترازانێک "گەل" لە لای خۆیەوە بە گوێرەی تێگەیشتن، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی جیابوونەوەکانی ناوێکی هەڵبژاردووە و دایبراندوە بەسەر باڵە لەیەکترازاوەکاندا. ئەزمون لە میژوودا سەلماندویەتی کە ئەو ناوەی لە لایەن "گەل"ەوە هەڵبژێرداروە بۆ ناساندنی باڵەکانی ئەو پارتانە راستگۆیانەتر بووە، وەک لەوەی خۆیان، لەو ناوەی کە جەمسەرە کاراکان، نووسەرە زمانلوسەکانی سەرکردەکان و ئەندازیاری جیابوونەوەکان هەڵیانبژاردوە.
 لە ساڵی ١٩٦٤دا کاتێک تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد و هاورێکانیان گرفتیان هەبوو لەگەڵ بارزانی ناویان لە خۆیان نابوو "جەماعەتی مەکتەبی سیاسی"، لە ژێر ئەو ناونیشانەدا  پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد گوایە ئەوان کۆمەڵێک کەسن و بڕوایان بە سەرکردایەتی خێڵەکی نییە، کۆمەڵێک رۆشەنبیریش بڕوایان بە بوونی حزبێکی سیاسیی هەیە، بارزانی کابرایەکی نەخوێندەوار و ناهۆشیارە و توانای بەرەێوەبردنی حزبی نییە، لە سەڕۆک خێڵێک بەولاوە هیچی تر نییە، جیابوونەوەکەش بنامەیەکی ئایدۆلۆژی عیلمی هەیە!؟. باڵەکەی تریش لە ژێر ناونیشانی "باڵ و رێبازی سەڕۆک بارزان" ی بارزانیان پیرۆر دەکرد باڵەکەی تریان بە خائین لە قەڵەمدەدا، بەڵام خەڵکی سەر شەقام لای خۆیان لە سروشتی ئەو جیابوونەوەیە گەیشتبوون، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی رووداوەکان بۆیان دەرکەوتبوو کە ئەو جیابوونەوەیە هیج بنەمایەکی فیکری نییە، ناکۆکییەکان تەنیا بۆ پارە و دەستکەوتە، ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە "گەل" نەکەوتە ژێر کاردانەوەی ئەدەبیاتی باڵە ناکۆکەکان کە ئەو کات کۆمەڵێک لە نووسەری هەر دوو باڵ ببوون بە زورناژەنی ئەو جۆرە پروپاگەندانە، لە دەرئەنجامدا "گەل" ناوێکی پڕ بە پێستی داڕشت بوو بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو باڵە لە یەکتر  کە ئەویش باڵی "جەلالی و مەلایی"ی بوو و ئەو جۆرە پێناسەیە کەوتە سەر زمانی هەموو خەڵک تا ئیمرۆ.   
لە ساڵی ١٩٦٦دا، کاتێک ناکۆکییەکان قوڵبوونەوە، باڵی جەلالی بەرەی حکومەتی عیراقییان هەڵبژارد، ئەو جارە دووبارە "گەل" بە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی خۆی ناوێکی پڕ بە پێستی تری داڕشت کە ئەویش ووشەی "جاش جەلالی" بوو بۆناساندنی ئەو گروپە چەکدارە. 
دوای ئاشبەتاڵ، پاشماوەی باڵی جەلالی و مەلایی هەر یەکە لە ژێر ناوێکی تردا هاتنەوە مەیدان خۆیان بە "گەل" ناساند یەکیان بە ناوی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" ئەویتریان بە ناوی "قیادە موەقەتە"، دووبارە "گەل" گوتی نەخێر ئەمانە هەر "جەلالی و مەلای"یەکەی جارانن. رۆژگار سەلماندی کە "گەل" راستگۆیانە تر دووبارە ئەو پێناسەیەی بە هەر دوو لادا بەخشی. 
لە کۆتایی هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان کۆمەڵێک سەرکردە لە یەکێتی جیابوونەوە لە ژێر ناوی "حسک، پاسۆک"، بەڵام "گەل" گوتی نەخێر "ئەمانە هەموویان پاشماوەی جەلالی و مەلایین"، دواتر بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ زۆربەی سەرکردەی ئەو باڵانە هەریەکە لە جەلالی و مەلایی نزیک بوونەوەو هەندێکیان دووبارە چوونەوە نێو سەرکردایەتی هەر دوو لا و  هەندێک لە هێزەکانیان تواندەوە لە نێو ئەو دوو هێزەدا و هەندیکی تریان پەرتەوازە کرد. 
لە سەرەتای ساڵی هەشتاکاندا، کۆمەڵە و هێڵی گشتی یەکەتییان پێکهێنابوو، ئەوجارەش "گەل" هاتە دەنگ و گوتی نەخێر ئەمانە هەر جەلالییەکانی ساڵی ١٩٦٦ن. دواتر مێژوو و ئەزمون سەلماندیان کە "گەل" پێناسەی ئەو سەرکردانەی ڕاستر کرد و بە پراکتیک هەموویان سەلماندیان کە جەلالیین هەر دوو باڵ توانرایەوە لە  نێو هێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەڕۆکایەتی تاڵەبانی. 
لە ساڵی ١٩٨٥دا رێکخراوێک لە یەکێتی جیابووە بە ناوی "ئاڵای شۆڕش"، "گەل" گوتی نەخێر ئەمانە هەمان پەروەردەی جەلالیین، دوای ساڵی ١٩٩١ دەرکەوت، کە "گەل" ڕاستر پێناسەی کردن زۆربەی سەرکردایەتی ئەو رێکخراوە چوونە ژێر باڵی یەکێتی و هەندێکیان دووبارە بوون بە پیاوی تاڵەبانی و خێزانی، لایەنگر و دۆستی ئەو رێکخراوە دووبارە لە نێو یەکێتی و دواتر حزبی گۆڕان توانرایەوە.
لە ساڵی دووهەزارەکانەوە دەنگەنارەزاییەکانی نێو یەکێتی ناوێکی تریان لە خۆیان نا "رەگ و ئینجا باڵی رێفۆرم و چاکسازیی" دواتر "بزوتنەوەی گٶڕان". بەڵام "گەل" بە گشتی متمانەی بەو ناونیشانە نەبوو گوتی ئەمانە هەر جەلالیین، دواتر ئەزمون سەلماندی، کە سەرکردەکانی ئەو بزوتنەوەیەش دووبارە چوونە نێو دەسەڵاتی حکومەتی پارتی و بوون بە کۆڵەکەی هەڵگری سیستەمی سیاسیی خێلەکی و خێزان تا دەرکران، دواتر گەڕانەوە نێو باوەشی جەلالیی و دادە هێرۆیان هەڵبژارد. 
ئیمرۆ، سەرکردەکانی یەکێتی، نووسەر، رۆشنبیر، زمانلوسی میدیای سێبەر خەریکە "گەل" چەواشە دەکەن ناونیشانی ئەدەبیان دۆزیتەوە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان هێرۆ و شاناز دژ بە بەرهەم و کۆسرەت"  ناویانناوە " باڵی زۆرینە و باڵی ناوەند"!؟ بەڵام "گەل" هەمدیسان ئەو ناونیشانەی قبوڵ نییە، خەڵکی سەر شەقام و زۆرینەی سادەی نێو میللەتی کورد لە باشووری وڵاتدا، پێناسەیەک و ناونیشانێکی پڕ بە پێستیان بۆ ئەو ناکۆکییە داڕشتوە کە ئەویش " "باڵی هێرۆ و شاناز، باڵی کۆسرەت و بەرهەم" چونکە  روونە بۆ گەل کە ئەمانە بۆچی شەڕیانە، شەڕیانە لەسەر ماڵ وموڵک، سامان و دەرامەتی یەکێتی پێشبڕکێیانە بۆ زیاتر بوون بە پیاوی ماڵی بارزانی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە