کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسعود بارزانی " خوێنی سوپای عیراقی و پێشمەرگە تێکەڵ بە یەک بووە"!؟

Wednesday, 19/10/2016, 9:06


لە رێککەوتی ١٨/١٠/٢٠١٦ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، کە لە میدیا کوردییەکاندا بڵاو بووەوە، مەسعود بارزانی دەربارەی شەڕی موسڵ رایگەیاند کە " بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا خوێنی سوپای عیراقی و پێشمەرگە تێکەڵ بە یەک دەبن".
پشتکردن لە هێزە کوردییەکانی کە تا ئێستا  ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعش دا، شەرەڤانیان، گەریلایان، ئەندام، لایەنگر و دۆستانیان  لە نێو کۆمەڵگایی نێونەتەوەیی سەلماندیان کە ئەوان بوون بە هەوێنی شکاندنی لووتی هێزی توندڕەوی داعش لە رۆژئاواو، باکوور و باشووری وڵات لە کاتێکدا داعش لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوو. پشتبەستن بە سوپای عیراقی و بارزانی پێوابێت کە پێشمەرگە و سوپای عیراقی خوێنیان تێکەڵ بە یەکبووە و دوارۆژێکی پرشەنگداری بە دواوەیە بۆ میللەتەکەمان، ئەوا ئەو جۆرە پروپاگەندانە لە خۆهەڵخەڵەتاندن و فریودانی میللەت بەولاوە هیچی تری لێشینابێت. 
ئەو دوو خوێنەی کە بارزانی پێی وایە تێکەڵ بە یەکبوونە، ئەزمون بە درێژای مێژوو پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەلماندوە. لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حوکمڕانی عیراقدا کە بە درێژای مێژوو یەک بە دوای یەکدا هاتوون ئەو دوو خوێنە هەموو کاتێک دژ بە یەک بوونە، مەحاڵیشە ئەو دوو خوێنە تێکەڵ بە یەکبن، بتوانن خوێنبدەن بە یەک دڵ، دەروون و  ژیان بدەن بە یەک جەستە.  
سوپای عیراقی، زیاتر لە سەد ساڵە دەستی سوورە بە خوێنی میللەتی کورد. سوپایەکی تێروپڕ بە پارەی نەوتی کوردستان. سوپای عیراقی، داعش ئاسا بەبێ پەیرەو کردنی هیچ خوڕەوشتێکی مرۆڤایەتی، سیاسیی، سەربازیی و یاسایی هیچ کاتێک دەستی نەپاراستووە لە کاولکردنی بست بە بستی کوردستان، کیمیابارانکردنی گەلەکەمان، دەستدرێژی ناموس بۆ سەر میللەتی کورد، فرۆشتنی بە هەزاران ژنی کورد، ناردنی برێکیان بۆ یانەی شەوانی شەقامی ئەهرام لە قاهیرەی پایەتەختی میسر. بەڵگەی زۆر لەبەردەستدایە بۆ سەلەماندنی ئەو ڕاستییانە لە مێژوودا. هەموو سەرکردە کوردەکانی حکومەتی بنەکە فرەوانی پەرتەوازەبووی هەرێم ئەو ڕاستییە دەزانن، بە تایبەتی سەڕۆکی ماوەبەسەرچوو مەسعود بارزانی و سەڕۆکە خۆفرۆشەکانی تری پارتەکانی هەرێم!  
هەنوکە،  بەبێ بوونی مەرجی نیشتمانی و نەتەوەیی شەڕی پێشمەرگە لە پاڵ سوپای عیراقی دژ بە داعش لە شاری موسڵ دا لە بەرژەوەندیی میللەتی کورددا نییە، تەنیا لە بەرژەوەندیی دەستکەوتی سیاسیی، سەربازیی و ئابووریی دوژمنەکانیەتی و پاراستنی خۆشگوزەرانی ژیانی سەرکردە خۆفرۆشەکانی باشوورە.
مەسعود بارزانی، لەهەمان کۆنفرانسی رۆژنامەوانی کە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی چەند پەیامنێرێکی بیانی دایەوە، کە پرسیارەکە بریتیبوو لەوەی کە ئایا کورد ئەو شوێنانەی کە رزگاریان دەکات، دوای تەواو بوونی شەڕ، نابێت بە کێشە؟ بەو مانایەی کە پێشمەرگە ئەو ناوچانە بەجیدەهێڵێت یان ئەو ناوچانەی کە رزگاریان دەکات دوای تەواو بوونی شەڕ ئەو ناوچانە هەر لە  ژێر دەسەڵاتی کورد دەمێنەوە یاخود نا؟ بارزانی فەرمووی"هیچ کێشەیەک نایتە رێگەمان بەهۆی ئەوی ئێمە پێشوەخت رێککەوتوین لەگەڵ هەموو لایانەکان". بەڵام بارزانی ئاماژەی بەوە نەکرد کە لەسەر چی رێککەوتون!؟
مەسعود بارزانی و سەرکردەکانی حکومەتی بنکە پەرتەوازە بوو، میللەتێکی برسی، برینداری تا سەر ئێسقان، میللەتێکی بێ دەوڵەتی ژێر دەستەی ئەموئەویان لە شەڕی داعش ئاڵاندوە و پێشوەخت رێککەوتون لەگەڵ حکومەتی عیراق، تورکیا و زلهێزەکان کە بەشداری کورد لەو شەڕەدا لەسەر بیناغەی چی بووە؟ بەڵام بە ڕاشکاوانە ئەو ڕێککەوتنە بە میللەتی کورد راناگەیەنن، کە ئەمە ئاماژەیەکی روونە کە ئەو رێککەوتنە ئەوەندە دژەبەرژەوەندیی میللەتی کوردە کە بۆتە هۆکاری ئەوەی  بارزانی رووی ئەوەی نەبێت بە ڕاشکاوانە ئەو رێککەوتنە رابگەیەنێت.
ئەو وەڵامەی کە بارزانی خۆی لێدەدزێتەوە دەکرێت بە ئاسانی ئەو وەڵامە دەستبکەوێت بەگوێرەی شێکردنەوەی جۆری رۆماڵکردنی هەواڵەکانی شەڕی شاری "موسڵ" لە لایەن پەیامنێر و ماڵپەڕە بیانییەکان.
لە رێککەوتی ١٨/١٠/٢٠١٦ دا کارلە باب، لە میدیلئیست دەنووسێت " هەندێک بۆچوونی جیا دروست بووە لە راپۆرتەکانی کە دەربارەی  شەڕی موسڵ رووماڵکراون، لەوەی کە بۆچی پێشمەرگە کوردەکان لە رۆژی سێشەمەوە توانیان زیاتر لەو ناوچانە رزگار بکەن کە پێیان ڕاسپاردرابوو. لەو بارەیەوە هەندێک لە لێپرسراوانی هێزی پێشمەرگە رایانگەیاند کە ئەوان بە پەلە ئەو رێگەیانەیان پاكکردۆتەوە بۆ ئەوەی سوپای عیراقی بە تەنیا بتوانێت بچێتە نێو شاری موسڵ".
پێشمەرگەی کورد، بە بێ مووچە، بە برسیەتی و قاتوقڕی رۆڵی سەرەکییان هەیە لە پاک کردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری شاری موسڵ، بەڵام بۆیان نییە ئەو ناوچانەی کە رزگاری دەکەن لە ژێر دەسەڵاتیان بمێنێت. لە دوای شەڕ تەواو بوون، هێزی پێشمەرگە بۆی نییە بچێتە ناو شاری موسڵ. هەر شوێنێک کە رزگار دەکرێت دەسەڵاتی سوپای عیراقی جێگەی دەسەڵاتی داعش دەگرێتەوە. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە  ئایا سەرکردەکانی کورد بۆ خوێنی پێشمەرگە لە شەرێکدا بە هەدەردەدەن کە هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانیی، نەتوەیی، سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی نییە بۆ میللەتی کورد!؟
 لە بەرواری ١٩/١٠/٢٠٠١٦ دا مارتن چولۆی پەیانمنێری رۆژنامەی گاردیانی بریتانی لە ناوچەکانی موسڵ و نزیک بەرەکانی جەنگ دەنوسێت " پیاوێکی بەتەمنم دیت گوتی دوێنی سوپای عیراقی گوندی عادیلەیان رزگار ، بەڵام ئیمرۆ داعش هێرشی بۆ کرد و سوپای عیراقی ڕاونا، کە ئەمە چاوەڕوان نەکراو بوو لە هەمان کاتیشدا هێمایەکی باشی نەنواند. لە دووەم رۆژی شەڕی موسڵدا ئەو شەڕەی کە دەگوتریت کۆتایەکەی یان عیراقیکی یەکگرتوە یان عێراقێکێ دابەشکراوە کەچی شەڕەکە بێسەروبەری پێوە دیارە. هێرشە زەمینیەکانی کە لایەن هێزە کوردییەکان و سوپای عیراقی  ئەنجامدراوە هەر دوو لا پێیان وایە ئەوەی دەبوایە ئەنجامبدرێت ئەنجمادراوە و ٢٣ گوندیان لە دەستی داعش رزگار کردەوە. پێشمەرگە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە پاک کردنەوەی ناوچەکان لە داعش، هەنوکە پێشمەرگە سەرقاڵی ئەوەن کە ئەو ناوچانەی رزگاریان کردوە لە داعش، ڕادەستی سوپای عیراقی بکەن. تەنیا سوپای عیراقی بۆی هەیە بەرەو قوڵایی موسل هێزەکانی بجولێنێت". 
شەڕی موسڵ بۆ داعش، شەرێکی یەکلایکەرەوەیە. کە ئەمە هۆکارێکە داعش هەوڵبدات هەموو هێز و توانایەکی بخاتە گڕ بۆ ئەو شەرە. داعش لەو شەڕەدا هەوڵدەدات ئەوانەی پێشڕەوی شەڕەکە دەکەن ئەو کاسانە بن کە بە شێوەیەکی پرۆفیشیناڵ لە رووی سەربازیەوە راهێنانیان پێکراوە. هەروها ئەو کەسانەی کە مێشکیان پڕ کراوە لە بڕواکانی داعش و دوارۆژی مانونەمانیان بەو هێزەوە بەندە، سەڕەرای ئەوانەش ئەو لایەنگرانەیان کە بڕواین بە خۆکوژی و خۆ تەقاندنەوە هەیە لەو شەڕانەدا زیاتر بەکاردەهێندرێن.  لەدەرئەنجامدا پێشبینی دەکرێت کە ئەو شەڕە قورستر بێت لە شەڕەکانی تر. 
 بێهێزی سوپای عیراق، نەبوونی متمانە بەو سوپایە لە هەموو روویەکەوە، 
یەکەم, لە رووی تەکنیکی و سەربازیی. 
دووەم، لە یەک نەگرتووی ئەو هێزە.
سێیەم، پێکهاتەی ئەو سوپایە بریتیە لە بەعسەیە قین لە دڵەکان کە ئەفسەر و دەستڕۆیشتووەکانی کۆنی بەعس ئێستاش لە نیو ئەو هێزەدا پێگەیان بەهێزە.
چوارەم،  لە بوونی لایەنگر و دۆستێکی ئێجگار زۆری رێکخراوی توندڕەوی داعش لە نێو سوپای عیراقی.
پێنجەم، لە بوونی مێژوویەکی پڕ دۆڕاوی ئەو سوپایە بەرامبەر بە جەنگی دژ بە داعش.
شەشەم، لە بوونی مێژوویەکی پڕ لە شەرمەزاری سوپای عیراقی بەرامبەر بە میللەتی کورد.
حەوتەم: لە جۆری پەروەردەی  ئەو سوپایە.
سەرەڕای هەموو ئەوانە  لەو شەڕەدا پێگەی سەڕۆکایەتی کردن پێشکەش بە سوپای عیراقی کراوە. ئەمریکا و هاوپەیمانانی، ئێران و حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک بوون بە کۆڵەکەی هەڵگرتنی بیناغەی سەرکەوتنی ئەو سوپایە لە جەنگی دژ بە داعش لە شاری موسڵ دا. 
لە دەرئەنجامدا ئەو واقعیە ئەوە دەگەیەنێت کە سوپای عیراقی دوای رزگارکردنی شاری موسڵ، دەکرێت بە هێمای سەرکەوتن، دەبێت بە خاوەن دەسەڵات لە نێو ئەو شارەدا و بەهایەک بۆ خۆی دەگەرێنێتەوە کە دەمێکە ئەو سوپایە ئەو بەهایەی لە دەستداوە. سەڕەرای ئەوەی کورد و  هێزی پێشمەرگە بەشداری کارایان هەبووە لەو هێرشە سەربازییە و قوربانی زۆریانداوە،  بەڵام پێشمەرگە  هێزیکی لاوەکی لۆکەڵی دەمێنێتەوە دەبێت گوێرایەڵی سوپای عیراقی بیت.   لە رێککەوتی ١٧/١٠/٢٠١٦دا بی.بی.سی دەنوسێت " مایکل فالۆن سکرتێری وەزیری بەرگری بریتانی گوتی" ئار.ئەی. ئێف یارمەتی و پشتیوانی سوپای عیراقی داوە لە خۆ بونیاتنانەوە، هەروها بەردەوام دەبێت لە یارمەتی و پشتیوانی سوپای عیراقی لە گێرانی رۆڵی قیادی لە شەڕ دژ بە داعشدا. 

سەرچاوە:

http://www.bbc.com/news/world-middle-east-37679325


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە