ئیمرۆ لە ٣١ی ئابدا گۆڕان، ینک، یکگرتوو و کۆمەڵ سێ دیاری گرانبەهایان پێشکەش بە بارزانی کرد!
Wednesday, 31/08/2016, 12:35
ژمارە "شەش"، بەختیاوەر نییە بۆ میللەتی کورد، لە ساڵی ١٩٩٦،١٩٦٦ دا سەرکردەی بزوتنەوەی کورد و دارودەستەکانیان، دوو هەڵوێستی دۆڕاوی پڕ لە شەرمەزاریی و جاشایەتییان تۆمار کرد. هەڵوێستی ساڵی ١٩٦٦ و١٩٩٦ دوو بران لە یەک دایک و باوکدا بە وجود هاتوون، پەروەردەی دەستی یەک خێزان و قوتابخانەن.
یاد کردنەوەی هێنانی سوپایی عیراقی، دەبابە و زریپۆشی سەدام بۆ ناو شاری هەولێر لە ٣١ئابی ساڵی ١٩٩٦ دا لە لایەن مەسعود بارزانی و دارودەستەکانی، یادکردنەوەیەکی پڕ لە کەموکورت دەبێت ئەگەر ئاماژە بە هەڵوێستی تاڵەبانی و دارودەستەکانی نەکرێت کە لە ساڵی ١٩٦٦دا بوون بە جاش و لە بەکرەجۆ نیشتەجێ بوون.
ئیمرۆ لە ساڵی ٢٠١٦دا لە یادکردنەوەی ٣١ی ئابدا، هەموو سەرکردەی پارتەکان، بە تایبەتی سەرکردەی پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوان بەو بۆنەیە نوتقە لە دەمیان نە هاتۆتە دەرەوە! سەڕەرای ئەو دیاریە لەو رۆژە دا دوو دیاری تری گرانبەها پێشکەش دەکەن بە سەڕۆکیان مەسعود بارزانی.
یەکەم، هەموو ئەندام پەرلەمانەکانیان لە بەغداد یەک دەنگن بۆ پشتیوانی کردن لە هۆشیار زیباری، کە لەسەر دزی بانگی پەرلەمانی عیراق کراوە بۆ موحاسەبە کردنی. ئاشکرایە کە ئەندام پەرلەمانەکانی حزبی ینک، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو لە لایەن سەرکردەی یەکەمی ئەو پارتانە پشتیوانیان لێکراوە بۆ ئەوەی ببن بە پەرلەمانتار کە نرخەکەی بریتیە لە بوون بە میزراحی دەستی سەرکردەی پارتەکانیان، هەڵوێستی ئەو ئەندام پەرلەمانانە هەڵوێستی سەرکردەی پارتەکانیانە نەک هەڵوێستی تاکە کەس.
دووەم، هیچ یەک لە سەرکردەی ینک، گٶڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو ورتە لە دەمیان نەهاتە دەرەوە بەرامبەر بە تیڕۆڕ کردنی رۆژنامەنووس "ویداد حوسێن" لە شاری دهۆک.
بەم جۆرە، سەرکردەی هەر چوار پارت، بەبۆنەی ٣١ئاب پیرۆزبای و دەستخۆشیان لە سەرۆکیان مەسعود بارزانی کرد، سێ دیاریە گرانبەهاکە، لەسەر سینیەکی زێرین پێشکەش بە سەڕۆکی هەرێم کرا، کە دیارییەکان بریتی بوون لە موجەرد بوون لە مۆڕال، پرینسیپ و بەها بەرزەکان کە ئەویش
یەکەم، ورتە نەکردن بە بۆنەی ٣١ی ئاب.
دووەم، پشتیوانی کردن لە هۆشیار زێباری بۆ موحاسەبە نەکردنی لە لایەن پەرلەمانی عیراق و لێنەسەندنەوەی متمانە لێی و مانەوەی لە پۆستەکەی.
سێیەم، خۆ مات کردن لە تیڕۆر کردنی رۆژنامەنووس ویداد حوسێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست