کێری و لەڤارڤۆ، ناسنامەی گەریلا، شەرەڤان و پێشمەرگە دیاری دەکەن!
Sunday, 28/08/2016, 11:46
جۆن کێری وەزریری دەرەوەی ئەمریکا، لەڤارڤۆ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە میدیاکاندا رایانگەیاند کە هەر دوو لایەن گەیشتون بە رێککەوتن لەسەر جۆری چارەسەری جەنگی سووریا و هەوڵدان بۆ سەقامگیر بوونی ئاشتی و ئاسایش. هەنوکە چارەنووسی گەلانی ناوچەکە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی لە ژێر رەحمەتی ئەو دوو زلهێزە دایە، کە هەر دووکیان کۆک بوون لەگەڵ زلهێزی ناوچەکە، تورکیا، ئێران و هەڵوێستی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە کێشەکان بە گشتی و پرسی کورد بە تایبەتی.
روونە کە ئەمریکا و رووسیا پشتیوانی لە یەک پارچەیی خاکی عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا دەکەن بەڵام پشتیوانی لە سەربەخۆی نەتەوەی کورد ناکەن، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی " کوردەکان نابێت ببن بە هۆی ئەوەی سووریا پارچە پارچە بێت". جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەموو لێدوانێکدا جەختی کردۆتەوە لەسەر یەک پارچەی عیراق". بەو پێیە هەر وڵاتە و خاوەن سوپای فەرمیی خۆیەتی، کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت شەرعەیت تەنیا بە مانەوەی سوپای فەرمیی ئەو وڵاتان دەدرێت لە ناوچەکە دوای تەواو بوونی جەنگی سووریا.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی لە عیراق، تورکیا، ئێران و سووریا جگە لە سوپای فەرمی ئەو وڵاتانە، گەلێک هێز و پارتی سیاسیی عیلمانیی و ئیسلامیی هەن کە خاوەن هێزی چەکدارن و بەشدار بوونە لە شەڕو پێکدادان لە ناوچەکەدا، هەر یەکە بە هەڵگرتنی دروشمی تایبەتی بۆ هاندانی هێز و جەماوەرییان بۆ هەڵگرتنی چەک و شەڕ کردن لە بەرەی ئەوان وەکو، ئەلنوسرە، ئەلئیخوان، ئەلئەحرار، ئەلقاعیدە و داعش هیتر.
هەنوکە لە کوردستان دا سێ هێزی چەکداری سەرەکیی کوردیی هەیە کە ئەویش
یەکەم، هێزی پێشمەرگە لە باشوور.
دووەم، هێزی جەکداری شەرەڤانی کورد یەپەگە لە رۆژئاوا،
سێیەم، لە باکوور هێزی چەکداری گەریلای کورد پەکەکە.
تورکیا، ئیران و عیراق لە هەر سێکیان بە یەک ئاست نیگەرانن، سەڕەڕای ئەوەی کە ئەو سێ هێزە لە لایەن سێ سەرکردایەتی جیا ئاراستە دەکرێت و خاوەن بیروباوەڕ هەڵوێستی جیاوازن.
ئەنقەرە، تاران بەغداد،جگە لەوەی کە مەرجی خۆیان سەپاند لە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و رووسیادا لە سوریا، کە پێداگرتن بوو لەوەی کە کورد نابێت ئازاد بێت، شان بە شانی ئەوەش مەرجێکی تریان هەیە کە ئەویش ئەوەیە کە کورد نابێت خاوەن هێزی چەکدار و سوپای ئازاد بێت.
رووسیا و ئەمریکا لە کۆبونەوەی جنێف کە دە کاتژمێری خایاند، هەر دوو پرسیان تاوتوێ کردەوە کە بریتیبووە لە سەربەخۆی کورد و هێزە چەکدارەکانی. ئاماژەکان دەریدەخەن کە لە سەر هەر دوو پرس هاوڕان و رێککەوتوون.
لاڤارڤۆ گوتی " ئێمە لەلایەن هاورێ ئەمریکییەکانمان لیستی ناوی هەموو گروپ و هێزە چەکدارەکانی ناوچەکەمان لایە، کە هەر یەکە پێناسەیەکی پێ دەبخشرێ وە تەنیا پشتیوانی لە سوپای یەکگرتووی سووریا دەکەین. هێزی چەکداری هەیە وەکو هێزی تیرۆریست ناودەنرێت، هەشە وەکو هێزی چەکداری یاخیبووەکان، هێزی چەکداری وڵاتەکەش سوپایە کە شەرعیەتی فەرمیی دەبێت. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا هێزی پێشمەرگە، گەریلا و شەرەڤان بە هەڵسەنگاندنی ئەمریکا و رووسیا کام ناویان پێدەبەخشرێت و چارەنووسیان چی لێ بەسەر دێت.
شەڕەڤان یەپەگە،
هێزیکی چەکدارە خاوەن پێگەی جەماوەریی بە هێزە لە رۆژئاوای کوردستان. ئەو هێزە چەکدارە لە دنیادا ناسراوە، خاوەن ناوبانگێکی ئێجگار باشە لە سەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا. خاوەن شەرەڤانێکی ئێجگار زۆرە لە رەگەزی مێینە کە بۆتە جیگە سەرنجی هەموو دنیا. یەپەگە رۆڵی گرنگیان هەبوو و هەیە لە رووبەروو بوونەوەی شەڕ دژ بە داعش، بە هەزاران هەزار شەهیدیان بەخشیوە. لێپرسراوانی ئەمریکا لە میدیا جیهانییەکاندا بە سەدان جار پەنجەیان بۆ ئازایەتی و قارەمانییەتی ئەو هێزە راکێشاوە، گەیشت بە رادەیەک جلوبەرگی شەرەڤان بوو بە فاشن لە ئەمریکا. ئەمریکییەکان دەیان جار ددانیان بەوەدا ناوە کە باشترین هاوپەیمانیان لە جەنگی دژ بە داعش لە سووریادا هێزی چەکداری یەپەگە بووە و هەمیشە جێگە متمانە بوونە.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئیمرۆ ئەمریکا لە جنێف دانیشتووە لەگەل رووسیادا ئەو هێزە چەکدارە هەڵدەسەنگێنێت چی پێناسەیەکی پێ دەبەخشێت؟ تیرۆریست؟ یاخی بوو؟ یان هێزێکی فەرمیی جێگە متمانە؟
ئوردوگان و وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئەتاتورک، پێداگری دەکەن لەوەی کە هێزی یەپەگە لە یەک تای تەرازوودایە لەگەڵ داعشی تیرۆریست. ئایا ئەمریکا هەموو ئەو هەڵویستە جوانانەی یەپەگە لە یاد دەکات و بە دڵی تورکیا دەکات؟
هەڵوێستی ئەمریکا و رووسیا روونە کە دژ بە سەربەخۆی رۆژئاوای کوردستانن، بەو پێیە بێت دەبێت هەوڵبدەن هێزی یەپەگە ببێت بە بەشێک لە سوپای سووریا وەک چۆن هێزی پێشمەرگە لە عیراق بەشێکن لە سوپای عیراق. وە ئەگەر یاخی بوون لەو بڕیارە دژایەتی ئەو هێزە بکات و هەوڵبدات چەکیان بکات؟
ئەمریکا و رووسیا هەر چی بریارێک بدەن ناتوانن ئەوە لە مێژوودا بسڕنەوە کە یەپەگە توانی تۆماری بکات بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە ئەویش ئەوەیە کە هێزێکن خاوەن ئیرادە، مۆڕاڵ، ئازا و نەبەردن، وە رۆڵی گرنگیان هەبوو لە جەنگ دژ بە داعش دا و لە زیندوو کردنەوەی هەستی مرۆڤایەتی، نیشتمانی و نەتەوەیی.
گەریلا پەکەکە،
هێزێکی چەکدارن لە شۆڕشدان دژ بە رژێمی تورکیا، خاوەن پیگەی سیاسیی و جەماوەرین، سەڕۆکەکەیان لە زیندانییەکی تەنیای. دەجەنگن بۆ وەدەست هێنانی مافی ڕەوای میللەتی کورد لە باکوور.
تورکیا لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا پێداگری لەوە دەکات کە ئەو هێزە لە دنیادا دەبێت وەک گروپێکی تیرۆریستی تێکدەر ناو ببرێن. ئایا جۆن کێری و لەڤارڤۆ کە لە جنێف خەریکی دانی بروانامەی سەربازیین! بە هێزە کوردییەکان! گوی لە تورکیا دەگرن و ئەو هێزە دووبارە بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدەن؟
لەڤارڤۆ و جۆن کێری ئەگەر ئیمرۆ لەژێر هێزی سوپاوە خاوەن ئەوە دەسەڵاتەن و بوون بە هەڵسەنگێنەری پەکەکە و بە گروپی تیرۆریست بیانناسێنن بەڵام ئەو دەسەڵاتەیان نییە ئەوە لە مێژوودا بسڕنەوە کە ئەو هێزە کوردییە رۆڵی گرنگی گێراوە لە داوا کردنی مافی نەتەوەیەکی بیست ملیۆنی ژێر دەست لە تورکیایی دژە کورد و مرۆڤاییەتی.
هێزی پێشمەرگە باشووری کوردستان،
هێزی پێشمەرگە، لە ئاست خوارەوە دا، پێکهاتەی بریتیە لە کوڕی هەژار، زەحمەتکێش، جوتیاری و بێ دەرامەتی میللەتی کورد لە باشوور، زۆربەی هەر زۆریان بۆ بژێوی ژیان بوون بە پێشمەرگە. زۆرن ئەوانەی لە نووسینەکانیاندا بێ حورمەتیان کردوە بەرامبەر بەو هێزە ناو ناتۆڕەیان بۆ هەڵبەستون وەکو میلیشیا، چەکداری بنەماڵە و خێزان دەیان قسەی ناشرینی تر. لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو نووسەرانە ئەوانە بوون کە خاوەن ئیمتیاز مووچە ژیانی پڕ لە ئاسودەیی بوون لە سایەی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم.
لە واقیعی ئیمرۆدا لە باشووری وڵات لە ئاست خوارەوەدا هێزی پێشمەرگە هێزیکی مەغدورە. بە برسیەتی، بەبێ مووچە، بەبێ بوونی ئیمکاناتی سەربازیی پێویست، بەبی جلوبەرگی پێویست شەڕێک یەقە و بەرۆکی گرت کە نەیدەتوانی خۆی لێ بدزێتەوە، لە لایەک هێزێکی وەکو داعش لە ناوچەکەدا بوو کە جگە لە کوشتن دەستدرێژی ناموسیشی دەکردە سەر خیزان و ماڵ و منداڵیان، لە لایەکی تریش دەبوایە گوێڕیەلێ سەرکردایەتیەکی گەندەڵی وەکو سەڕۆکی حزبەکانی باشوور بێت.
ئەو هێزە تا ئیمرۆ لە دەستوری عیراقیدا ئاماژەی پێکراوە کە بەشێکە لە سوپای عیراقی کە ئەمە کار ئاسانیەکە بۆ جۆن کێری و لەڤارڤۆ بۆ دەرکردنی بڕوانامەی سەربازیی بۆ ئەو هێزە! وەکو بەشێک لە سوپای عیراقی بناسرێت، بەڵام بە مەرج کە ئەو هێزانە پارێزگاری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن هەتا ئەگەر داوایان لێکرا شەڕی پکەکە و یەپەگە بکەن لە سنووری رۆژئاواو باکووری، یان شەڕی کورد بکەن لە رۆژهەڵات بۆ راگرتنی دڵی ئێران.
سەرکردایەتی پەکەکە، یەپەگە و پێشمەرگە دەبێت چی بکەن؟
کاتێک ئەمریکا و رووسیا کۆکبن لەسەر مانەوەی میللەتی کورد بە ژێر دەستی، ئەوا گومانی تێدا نییە کە کۆکن لەسەر ئەوەی کە میللەتی کورد نابێت خاوەن هێزی چەکداریش بێت لە ناوچەکەدا. ئیمرۆ بارودۆخێکی پڕ هەستیارە بۆ میللەتی کورد. کە دەبێت سەرکردەکانی کورد ئەوەی دەسەڵاتی ئاراستە کردنی ئەو هێزانەیان هەیە، دیاری کردنی چارەنووسی ئەو هێزانە لە مێژوودا لە ئەستۆی ئەوان دایە. دەبێت لێپرسراوانە و دڵسۆزانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانە بکەن و نەهێڵن بە هیچ جۆرێک ئەو هێزانە پەرەوازە، لێکبترازێن و چەکبکرێن، یان لە نێو سوپای عیراقی، سوری بتاوێنەوە، یان ئەو هێزانە بکەن بە مەقاشی دەستی دوژمنان بۆ پاراستنی کورسی و بەرژەوەندیی خۆیان و شەڕی براکوژییان پێ بکەن. کوردستان ئیمرۆ پێویستی بە سوپایەکی یەکگرتووی کوردیی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە مان و نەمانی خۆیدا بکات، هەوڵبدات گوتە و سەنگی خۆی هەبێت بۆ وەدەست هێنانی مافی ڕەوا، پاریزگاری کردن لە شەرەف، کەرامەت و نەهێشتنی دووبارە بوونەوەی ئەزمونی شەنگاڵ، ئەنفال و هەڵەبجە و ئابروو چوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست