Tuesday, 23/08/2016, 12:45
زلهێزەکانی دنیا. ئەوروپا، روسیا، چین و ئەمریکا لەسەر ئاستی دنیادا سەنگی تایبەتیان هەیە لە بواری ئابووریی، سیاسیی، سەربازیی، سامانی مرۆیی و پانوبەرینی سنووری جوگرافییان. هەر چوار زلهێز خاوەن سەنگ و گوتەی تایبەتی خۆیانن دەربارەی رووداوەکانی دنیا.
لەسەر ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست دا، چەند وڵاتێک هەن کە بە زلهێزی ناوچەکە هەژماردەکرێن. هەڵسەنگاندنی زلهێزی بوونی ئەو وڵاتانە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە ئەندازە و قەبارەی سوپاکانیان و بەوجۆرە ریزبەند دەکرێن تورکیا، میسر، ئیسرائیل، ئێران و سعودیە.
ئیمرۆ، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی سوریا بووە بە پێشەنگایەک کە هەر یەک لەو هێزە ناوچەییانە و بیانیانە هێز و توانایی سەربازیی، ئابووریی و دەسەڵاتی سیاسیی خۆیانی تیادا دەخەنە روو و هەریەکە لە زۆرانبازێدایە بۆ ئەوەی بتوانێت پشتی ئەویتر لە ئەرز بدات.
زلهێزەکانی، دنیا و ناوچەکە پێویستیان بە یەکتر هەیە، هەر لایەکیان هەوڵدەدات بچێتە نێو هاوپەیمانەتیەک، کە بە گوێرەی پێویست مەرامە سیاسییەکان، بەرژەوەندییە سەربازیی و ئابوورییەکانی بپێکێت.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کە زلهێزەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو بە رووی دەبنەوە کێشەی "دۆزی کورد"ە. بۆ میللەتی کورد، زلهێزەکانی ناوچەکە جگە لە ئیسرائیل ئەوانی تر هەموویان کۆکن لەوەی دژ بە دۆزی کورد و سەربەخۆ بوونی کوردستان بوەستن، ئەم خاڵە داینەمۆی کۆکردنەوەی ئەو زلهێزانەیە لە بەرەیەکدا سەڕەرای بوونی ناکۆکی نێوانیان.
ئەمریکا و رووسیا، دوو زلهێزی سەرەکیین کە ناکۆکی و شەڕی ساردی نێوانیان ڕەگێکی مێژووی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر دوو لا کۆک بوون لە چوونە جەنگ لە یەک بەرەدا دژ بە رێکخراوی توندڕەوی داعش. هێشتا جەنگی دژ بە داعش کۆتای نەهاتوە، ئەو دوو زلهێزە ناکۆکی لە نێوانیاندا سەری هەڵداوە، گوایە رووسیا رازیە سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێت و ئەمریکا بە پێچەوانە!
ئەم دوو بۆچوونە جیاوازە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە رووسیا توشی دوو هەڵوێستی دژ بەیەک بێت وەکو، لە لایەک بجەنگێت دژ بە داعش، لە لایەکی تریشدا لە جەنگدا بێت دژ بەوانەی کە دوژمنایەتی دیمەشق دەکەن وەک میللەتی " کورد" لە رۆژئاوای وڵات. لە کاتێکدا کوردەکان دژ بە داعش لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لە جەنگدان!
چین، هەڵوێستی خۆی یەک لا کردەوە و پشتیوانی لە پۆتین دەکات. پەکین و مۆسکۆ هەوڵەکانیان چر کردوە بۆ ئەوەی بتوانن هاوپەیمانیەتی دروست بکەن لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکە، بۆ ئەو مەبەستە لە تاران و ئەنقەرە نزیک بوونەتەوە. چەند رۆژێک پێش ئێستا پوتین، ئەرزی ئێرانی بەکارهێنا بۆ هێرشە سەربازییەکانی دژ بەو هێزانەی کە لە دژی "بەشار ئەلئەسەد" دەجەنگن لە سوریا.
نزیکبوونەوەی ئێران و تورکیا لە بەرەیەکدا لەگەڵ رووسیا و چین، لە جەنگی سوریا دا، بێ گومان یەکێکە لە و خاڵانەی کە لە سەرتاوە تاران و ئەنقەرە کۆ دەکاتەوە، دژایەتی کردنی "پرسی کورد"ە. تورکیاو ئێران لێدانی "دۆزی کورد" یەکێک بووە لە مەرجەکان کە هەوڵیانداوە بیسەپێنن بە سەر هەر دوو زلهێز، چین و رووسیا.
لابردنی ئەسەد یان مانەوەی هیچ لە کێشەکان ناگۆڕێت. کۆمەڵگای عەرەبی بە هەزاران تاکی وەک ئەسەدی دیکاتاتۆری پەروەردە کردەوە کە بۆ ئەو زلهێزانە ئامادەیە ببێت بە بەدیل. مەسەلەی لابردنی یان لانەبردنی ئەسەد تەنیا بیانویەکە ئەمریکا، رووسیا و چین بەکاری دەهێنن بۆ کوشتنی کات. هەر سێ زلهێز چاوەڕوانن بۆ ئەوەی بزانن لە کۆتای جەنگدا کێ لە مەیدانەکە دەبێت بە پاڵەوانی جەنگ، سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت و کش لە ئەوانی تر دەکات. ئەو کات هەر سێ لایان دەگەن بە رێککەوتن لە سەر جۆری دابەشکردنی دەسەڵات لە ناوچەکەدا، جۆری دابەشکردنی تاڵانی دوای جەنگ و ساغکردنەوەی پشک بە گوێرەی پارسەنگی هێز.
رووسیا و چین، نیگەرانی ئەوەن ئێران لە ئەمریکا نزک بێتەوە، کە ئەمە ببێ بە هۆکاری ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و لە دەرئەنجامدا دەسەڵاتی رووسیاو چین لە ناوچەکەدا لاواز بێت.
پەکین و مۆسکۆ، مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەمریکا دیمەشق بروخێنێت، دواتر ئێران نۆرەی بێت و هەمان چارەنووسی سوریایی هەبێت. لە دەرئەنجامدا بە کەوتنی سوریا و ئێران، ئەمریکا ببێت بە هێزێکی سەرەکیی لە ناوچەکەدا، لەسەر ئاستی دنیاش لە جاران زیاتر هەیمەنەی خۆی بسەپەێنێت و مەرجەکانیشی بە سەر رووسیاو چینیش رەتبکات. لە ناوچەکەدا مۆسکۆ و پەکین بە پلەیەکی نزمتر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت لەلایەن کۆشکی سپی.
کوردستان، بە داخەوە وڵاتێکی کاولکراوە، برسی و ماندووە، قورسە بتوانیت لەو یاریە نێو دەوڵەتیە و لەو جەنگە جیهانیە دا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە جەنگی سوریادا گوتەی هەبێت!
میللەتی کورد لە رۆژئاوای وڵات، لە جەنگی سوریادا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە، بە هیوای ئەوەی کە لە کۆتایدا بتوانێت دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی بەدەست بهێنێت. سەنگی هێزی کورد لەو بەشەی کوردستان بریتیە لە بوونی "ئیرادە" و کۆڵنەدان، لەوە زیاتر کورد لە هاوکێشەکەدا لە رووی ئیمکاناتی مادی نەبوونە.
ئەزمونی باشووری وڵات جۆری ئیدارەی هەرێم لە ماوەی ٢٥ساڵ دا، جۆری مامەڵەی سیاسیی سەرکردە کوردەکانی باشووری وڵات لەگەڵ رووداوە سیاسییەکان، پەیوەندییە دەرەکییەکان و ناوەخۆیەکان، تەشەنە کردنی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی وڵات، بووە هۆی ئەوەی کە ئیمرۆ لەو هاوکێشەیەدا میللەتی کورد پێگەی لاواز بێت.
هەرێم بە فەرمی وەکو "دەوڵەتێکی سەربەخۆ" دانی پێدانەنراوە، خاوەن سوپا، ئابوورییەکی پتەو نییە. کوردستان خاوەن سەرخان و ژێر خانێکی داڕماوە کە لە ئەنجامدا مەترسی ئەوەی لێدەکرێت دووبارە ببێت بە قوربانی رێککەوتنی نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکە و زلهێزەکان سەڕەرای ئەو هەموو نەهامەتیەی کە میللەتی کورد پیایدا ڕەت بوو لە جەنگی سوریا و دژ بە داعش.
سەرچاوە:
http://www.anonews.co/russia-china-iran-alliance/
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست